قسەیەکی قوباد تاڵەبانی سێ ساڵ لەمەوبەر

Draw Media

2023-04-18 11:13:28



كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا

مانگی هەشتی 2020 لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، چووم بۆ دانیشتنێک لە ماڵەکەی مام جەلال لە دەباشان. قوباد سەرەتای قسەکانی بەوەزعی کابینەی نۆ دەستپێکرد، لەناویاندا ویستی ئاماژەیەکی سەرپێی بدا بە پەیوەندی نێوان خۆی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت.

قوباد وتی: سەرەتای دەسپێکی کابینەی نۆ، منیش وەک زۆر کەسی تر ئومێدم هەبوو ئیشەکان بەجدی بکرێن لەسەر دەستی مەسرور بارزانی. بەڵام وردە وردە ئومێدم نەما چونکە مەسرور توندبوو لەگەڵ ئەوانی تر، کەچی چاوپۆشیی لە خراپەی نزیکەکانی خۆی دەکرد.

پاشان وتی: ئەم پیاوە ئیشکردن لەگەڵیدا زەحمەتە چونکە لە ژیانی سیاسی خۆیدا هەر لە سلکی ئەمنیی و ئیستخباراتیدا بووە. وادەزانێ حوکمڕانی ناو حکومەتیش بریتییە لە ئەمرو ئەوامیری ئیستخباراتیی چ حکومەتێکیش حکومەتی هەرێم کە هەموومان دەزانین لە پێکهاتە ئەساسییەکەی کە دوو زۆنی ئاشکران. من بە نێچیرڤان بارزانیم وت: غەڵەتێکی گەورەتان کرد خێرا مەسرور بارزانیتان بردە هەرەمی حوکمەتەوە، دەبوو لانیکەم چەند ساڵێک لەناو حکومەتدا بوایە ئەوسا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ بدرایە.

قوباد کە کەوتە سەر باسی مەسرور بارزانی، خۆی بۆ نەگیراو زیاتر ڕونیکردەوە بۆ ئامادەبووانی دانیشتنە دۆستانەکەو وتی: بەچیدا زانیم مەسرور ناتوانێ ئیدارەی حکومەتی هەرێم بدات کاتێک مستەفا سەلیمی کوردەکەی ڕۆژهەڵات کە دواتر ئیعدامکرا، مەسرور لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دروستکردو زۆر پەلەی بوو، پێم وت ئەم لیژنەیە سەرکەوتوو نابێ، دەبوو پەلە نەکەی. کەچی بەم قسەیە زۆر توڕەبوو وتی من سەرۆکی حکومەتی هەموو هەرێمی کوردستانم نەک تەنیا هەولێرو دهۆک. وتم دڵنیابە سەرکەوتوو نابێ چونکە هێشتا واقیعەکە بەوجۆرە نییە ئێمە دەمانەوێت. لیژنەکەی سەرۆکی حکومەت دەستی بە ئیشکرد، بەڵام هیچی دەست نەکەوت چونکە من دەمزانی کەس نەگوێی لێدەگرێ نە ئامادەن بچنە ژێر فەرمانەکانیانەوە.

قوباد بە پێکەنینەوە وتی: مستەفا کازمیش خۆی بە سەرۆک وەزیرانی هەموو عێراق دەزانێ.. ئێ ئێمەیش واین!

دواتر ناڕاستەوخۆ وتی: ئێمە بەردەوام دەبین بەس بڕواناکەم تاسەر بڕوات، ئیشکردن لەگەڵ سەرۆکی کابینەی نۆ ئەستەمە چونکە تێگەیشتنی بۆ واقیعەکە نییە.

ئەمەی باسی دەکەم هی نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەرە. ساڵ و نیوێک بوو کابینەی نۆ پێکهێنرا بوو، پێکهاتە سەرەکییەکانی ناوی تەنانەت لە هەرەمەکەیشیدا بەمجۆرە هێنایان تا گەیشتە بنبەست و ئێستا کابینەی نۆ بە دەستێک و قاچێکەوە دەڕوات بەڕێوە، دەست و قاچەکەی تری بایکۆتیان کردووە.

قوباد تاڵەبانی کە ئێستا دەڵێ: بەمجۆرە لەگەڵ مەسرور بارزانیدا هەڵناکەم، سێ ساڵ پێشتر ئەمەی بە ئێمە وت. ئەمە لەکاتێکابوو هێشتا هیچکام لە ڕووداوەکانی هەشتی تەمووزو کوشتنی موراد کانی کوردەیی و هاوکار جاف و فەوج دروستکردن بۆ عەبدوڵڵای کوێخا موبارەک و مەسەلەی رێگری لەناردنی غاز لەسنوری یەکێتی و دنیایەک شتی تر ڕوویان نەدابوو.

لەو دانیشتنەدا هەریەکە لە هاوڕێیانی رۆژنامەنوس: ڕەحمان غەریب..کارزان عوسمان.. سیروان رەشید.. ژووان ئەحمەد سەعید.. سۆران ڕەشید ئامادەبوون و ئێمەیش بە نۆرەی خۆمان، قوبادمان دایە بەرپرسیارو هەندێ لە پرسیارەکانیشمان ئیحراجیان تێدابوو بۆ قوباد بەڵام بەڕاشکاوانە وەڵامی دەدانەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand