رێككەوتننامە یا ملكەچبووننامە!؟

Draw Media

2023-04-05 09:57:35



د. كامەران مەنتك
ئەوەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی سەرۆك وەزیرانی ئێراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی دیبێت، دەربارەی تەسلیمكردنەوەی نەوت بە بەغدا، بەئاسانی ئاماژەی سەركەوتنی لە روخساری سەرۆك وەزیرانی ئێراق و ئاماژەی شكست و دڵەڕاوكێیەكی قوڵی لە روخساری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەخوێندەوە، تەنیا لە ماوەی دوو خولەك پەنجا چركەدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەشتجار سوپاسی ئەملاو ئەولای كرد، لەوانە سێ سوپاسیان بۆ جەنابی سەرۆك وەزیرانی ئێراق بوو، بەپێچەوانەی ئەمە سەرۆك وەزیرانی ئێراق زۆر دیپلۆماسیانە قسەی خۆی كردو راستەوخۆ كەركوكی لە هەرێمی كوردستان جیاكردەوە.
ئەو دڵەڕاوكێیەی سەرۆكی حكومەت نیشانەی ئەو شكستە گەورەیە بوو، كە دوچاری هات، ئەو پەرداخە ژەهر بوو، كە لەژێر فشاری گرتنەوەی بۆرییە نەوتەكانی هەرێم بۆ توركیا خواردییەوە. وەك هەموو جارێكیش هەمدیس ئەو شكستەیان بە سەركەوتن فرۆشتەوە خەڵكی كوردستان، ئەو هەنگاوە پڕ شەرمەزارییەی ئەو رێككەوتنامەیە، كە لەڕاستیدا رێككەوتنامە نەبوو ملكەچكردننامە بوو بۆ فشارەكانی بەغدا، وەك دەستكەوتێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەقەڵەم دا، كە لەڕاستیدا سەرەتای قۆناغێكی نوێیەو حكومەتی ئێراق بەوەندە ناوەستێت و بەردەوام دەبێت لە زیادكردنی فشارەكانی بۆسەر هەرێم، هەرێمیش لە دۆخێكدایە جگە لە تەنازولكردن هیچ رێگەیەكی تری لەبەردەمدا نەماوەتەوە.
سەرباری ئەو ملكەچكردننامەیە دەرفەتی جێبەجێكردنی ئەو ئەو بەناو رێككەوتنامەیە زۆر لاوازە، شەڕی راستەقینە رۆژی پێنج شەممە، كە بڕیارە یەكەم خوێندەوە بۆ پرۆژەیاسای بوجەی ئێراق بخوێنرێتەوە، دەستپێدەكات، لەوێوە هێزە ناسیونالیستەكانی ئێراق، لەپەنای ئازادی و سەربەخۆیی پەرلەمانتارەكانیانەوە شەڕی كورد دەكەن، ئەوان دڵیان بەو ملكەچبوونەی هەولێر ئاو ناخواتەوە دەیانەوێت چەقۆكە تا سەر ئێسقانی شۆڕ بكەنەوە، زۆر بابەتی تر ماوە، كە حكومەتی بەغدا شەڕی لەسەر بكات، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەناردەكرنەوەی نەوتیش رەنگ بێت بەو ئاسانییە نەبێت وەك ئاماژەی بۆ دەكەن، بەڵكو ئەو بابەتە ماوەیەكی درێژتر دەخایەنێت، لەبەرئەوەی دەیانەوێت هەرێم ناچار بكەن تەنازولاتی گەورەتر پێشكەش بكات، بۆیە ئەو ملكەچكردنەی ئەمڕۆی هەرێم، سەرەتای زنجیرە ملكەچكردنێكی ترە، كە هەموویشی لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و بنەڕەتییەكانی كوردە.
دوای نزیكەی سەد ساڵ لەشەڕی بەغدا ئێستا بە شانازییەوە، بەرەو باوەشی بەغدا دەگەڕێنەوە، چۆن شەڕكردن لەگەڵ بەغدایان بە كوردایەتی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردی پێناسە دەكرد، بەهەمان شێوە خۆهاویشتنەوە بۆ باوەشی بەغداش، بە قۆناغێكی تر لە سەركەوتنی نیشتمانی و سەرەتایەكی نوێ بۆ كوردایەتی لە قەڵەم دەدەن، لە هەمووش ناخۆشتر، وایان لە خەڵكی كوردستان كردووە، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لە بەغدا بكات و بە فریادڕەسی لەقەڵەم بدات، ئەو بەغدایەی بە سەدان هەزار رۆڵەی كورد لەشەڕی ئەودا كرایە قوربانی!.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand