گرنگی کۆڕەو لە دروستبوونی قەوارەی هەرێم

Draw Media

2023-03-30 15:59:46



ئەردەڵان عەبدوڵا
کاتێ لاپەڕەکانی مێژووی کورد هەڵدەدەینەوە، کۆچ  و ئاوارەبوون بەشێكی گەورە لە مێژوومان داگیر دەکەن، بەڵام کۆڕەوی ساڵی 1991 تەواو جیاواز بوو، لە هەمانکاتیشدا بە یەکێک لە رووداوە گرنگەکانی مێژووی کورد دادەنرێت. ئەم کۆڕەوە، وەکو دێوەزمەیەک وابوو  لە دوای کۆمەڵێک خەونی سەوز و  جوانی خەڵکی کوردستان، کاتێک لە دژی یەکێک لە ستەمکارترین رژێمی ناوچەکە کە ئەویش رژێمی سەدام حسێن بوو، راپەرینێکی جەماوەری کرا، خەڵكی کوردستان بە کۆمەڵێک خەونی گەورەوە باوەشیان بۆ بەهارێکی سەوز و جوان کردەوە، بەو هیوایەی کۆتایی بە قۆناغی ناخۆش و  ترسناکی رژێمی سەدام بهێنێت، بەڵام لە پاشئەوەی ئەم رژێمە لە جەنگە دۆڕاوەکەیدا بەرامبەر بە هاوپەیمانان، هێزەکانی خۆی یەکخستەوە، وەکو گورگی هار بەربووە گیانی گەلانی عیراق، لە باشووردا قەسابخانەی گەورەی بۆ خەڵكی سیڤیلی عیراقی دروست کرد، مێژووی خوێناوی ئەم رژێمەش لە یادەوەریی خەڵكی کوردستاندا هەبوو، کیمیاباران کردن و ئەنفالیش، هەمیشە وەکو دێوەزمەیەک لەیادی خەڵكیدا بوو، بۆیە بڕیاری کۆچی بەکۆمەڵ درا، ئەوەش یەکەمجاربوو، بەشێکی زۆری خەڵكی شار و شارۆچکەکان لە ترسی سەرکوتکردنی رژێمێکی دکتاتۆری وا بەو جۆرە  وڵات بەجێبهێڵن. 
ئەم کۆڕەوە راستە لە رووی ئازار و مەینەتییەکانەوە زۆر ناخۆشبوو، بەڵام وەکو دەڵێن لە پاش شەوەزەنگەوە خۆر هەڵدێت، ئەم کۆڕەوە بووە هۆی جووڵاندنی هەست و سۆزی جیهان بەتایبەتی لە خۆرئاوادا، بە هەوڵ و ماندووبونی کۆمەڵێک دۆستی کورد بەتایبەتی لە فەرەنسا و ئەمریکا، کە هاوکات بەرژەوەندیشیان لەوەدا بوو، ناوچەی دژە فڕین بۆ گەلی کورد دانرا، ئەمەش بووە هۆی لەدایکبوونی یەکەمین قەوارەی کوردی لە کوردستانی عیراقدا.
لەمەشدا دوو دەوڵەت رۆڵی سەرەکییان هەبوو، فەرەنسا بە پلەی یەکەم، دوای ئەویش ئەمریکا. دواتریش لە هاوینی ساڵی 1991 دا دووبارە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دەوروبەری دووبارە راپەرین دروستبوویەوەو هەموو دەزگاکانی رژێمی بەعسیان راماڵی، رژێمیش لەبەر بوونی ناوچەی دژە فڕین نەیتوانی جارێکی تر هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی بگەڕێنێتەوە کوردستان. جێگەی ئاماژەیە لە راپەڕینی دووەمدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزە چەپەکان، رۆڵی سەرەکییان هەبوو لەم راپەڕینەدا.
بەداخەوە زۆرێک لە نەوەی نوی نازانن ئەم هەرێمە چۆن دروستبوو، هەربۆیە گرنگە بزانن بنەمای سەرەکی بوونی ئەو کۆڕەوە گرنگە و ئەو راپەڕینە بوو کە خەڵكی کردی لە دژی ئەو رژێمە بەتایبەتی راپەرینی دووەم، کە لە هاوینی ساڵی 1991 دا کرا. بەداخەوە ئێستا کەم باسی راپەرینی دووەم دەکرێت. 
بەداخەوە ئێستا هەندێک مێژووی ئەم دەڤەرەیان لە بیرچۆتەوە کە چۆن دروستبووە، کاتێکیش ئەمریکا لە دوایین راپۆرتیدا رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرتووە، ئەمەش ئاساییە چونکە ئەم دەسەڵاتەی هەرێم کەموکورتی زۆری هەیە، بەڵام ئەوەی ئاساییی نییە، ئەو کاردانەوە توندەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی بوو. 
پێشتر  گەلی کورد  لە جیهاندا وەکو قوربانی ناسراو بوو، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی هەڵە و کەموکورتی دەسەڵاتی هەرێمەوە بەتایبەتی لە زۆنی زەرد، ئێستا رەخنەی توندمان ئاڕاستە دەکرێت، لەجیاتی ئەوەی بێین بە شێوازی ئیداریی و حوکمڕانی خۆماندا بچینەوە، پەلاماری ئەو دەستانە دەدەین کە رۆژگارێک هاوکارییان کردووین و لە ئەنفال و دووبارە کیمیابارانکردن و کۆڕەو رزگاریان کردین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand