پێویستە هەرێم بپارێزرێت

Draw Media

2023-03-27 12:38:30



د. كامەران مەنتك

هەرێمی كوردستان دەستكەوتی خەڵكی كوردستانەو لەدەرفەتێكی مێژوویی هەستیارداو لە ئەنجامی گۆڕانكاری لەهاوسەنگی هێزی جیهانی و راگەیاندنی سیستەمی تاكجەمسەری هاتۆتە ئارا، ئەگەرچی خەریكە ئەو ژینگە جیهانی و نێودەوڵەتییەی، كە بنەمایەكی سەرەكی بوو بۆ ئەو لەدایكبوونە، گۆڕانكاری ریشەیی بەسەردا دێت وەك دەرهاویشتیەكیش بۆ ئەم گۆڕانكارییانە رۆژ بە رۆژ مەترسییەكان لەسەر هەرێم زۆرترو چڕتر دەبنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا مەترسی سەرەكی لەسەر ئەو قەوارەیە، ئەو دوو بنەماڵەیەیە، كە زۆر نابەرپرسانەو خۆپەرستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستكەوتەی خەڵكی كوردستان دەكەن، هەڵوێستی نەرێنی ئەو دوو بنەماڵەیە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی رابردوودا، هاوكات ئەو شەڕە راگەیاندنەی لەلایەن دوژمنانی كوردەوە دژی ئەو هەرێمە بەڕێوە دەچێت، دۆخێكی هێندە ناتەندروستی دروست كردووە، كە خەڵك دژایەتیكردنی ئەو دەسەڵاتە نابەرپرسەو مانەوەی ئەو هەرێمە تێكەڵ بكات.

بەشێكی زۆری خەڵك تەنیا لەپێناو ئەوەی لەو دەسەڵاتە رزگاریان بێت، خۆزگە بە نەمانی ئەو هەرێمە دەخوازن! كە ئەمە كارەساتێكەو پێویستە راستبكرێتەوە، خەڵكی كوردستان دەبێت لەوە تێبگەن، ئەو هەرێمە وەك قەوارەیەكی یاسایی موڵكی ئەوان و هەموو كوردێكەو دەبێت بپارێزرێت، نابێت بەهۆی چەند تاوانبارێكەوە، كە ئەگەر بچوكترین دەرفەت بڕەخسێت، دەخرێنە بەردەم دادگاكان و سزای رەوای خۆیان وەردەگرن. هەندێك شكست هەیە، شكستی كوردە، وەك ئاماژەی پێكرا، ناكرێت لە ئەنجامی رق لێبوونەوە لەو دەسەڵاتە، ئاهەنگی بۆ بگێردرێت، لەوانە مەسەلەی نەوت، ئەگەرچی ئێستا نابەرپرسیارانە بۆ بەرژەوەندی كەسی و بنەماڵەیی سودی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوە موڵكی كوردەو خەڵكی كوردستان دەبێت خۆی ئەو هەڵانە راستبكاتەوە، نەك چاوەڕوان بكات بەغدا لەرێگەی گەمەیەكی هەرێمییەوە دەست بەسەر ئەو نەوتەدا بگرێت، ئەگەر مەسەلە گەندەڵی بێت، ئەوا لە قۆناغی ئێستادا دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا ئەگەر لەدەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم گەندەڵتر نەبێت، ئەوا هیچی كەمتر نییە، دەست بەسەرداگرتنەوەی نەوت لەلایەن كۆمەڵێك گەندەڵگارو داگیركاری تر، چارەسەر نییە، چارەسەر ئەوەیە خەڵكی كوردستان متمانە بەخۆی پەیدا بكاتەوە، كە لە زۆر رێگاوە ئەو متمانەیە تێكشكێنراوە، بۆئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە دروستبكات و گۆڕانكاری ریشەیی لە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم بێنێتە دی، كە رەنگ بێت ئێستا ئەو دۆخە لە هەموو كاتێك لەبارتر بێت، بۆیە هەڵبژاردنی ئایندە دەبێتە وەك دەرفەتێك سەیربكرێت بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان، ئەمە ئالنگارییەكی گەورەیە، بەڵام دەرەفەتێكی زێڕینیشە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری چاوەڕوانكراو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand