داپیرەم ئەیوت: تڕە کەڵەکە

Draw Media

2023-03-27 10:59:42



سەلام عومەر
چەند رۆژێکە گفتوگۆیەکی نەبڕاوە بەردەوامە دەربارەی ئیدیۆمی "‌‌House of Cards" کە لەناونیشانی بابەتێکی رۆژنامەوانیی (وینسرۆپ رۆجەرز)ەوە وەرگیراوە کە رۆژنامەنوسێکی ئەمریکییە؛ بابەتەکە لە رۆژی ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٣دا لە ماڵپەڕی گۆڤاری فۆرن پۆڵسی (Foreign Policy) بڵاوبۆتەوە. ئەمەش ناونیشانی بابەتەکەیە:"Iraqi Kurdistan‌s House of Cards Is Collapsing".

زمانی شیرینی کوردی لە زۆر رووەوە دەوڵەمەندە، بەتایبەتی ئەگەر بەووردی بە رابردوو و ئێستای ژیانی خەڵکی سادەو گوندنشینی کوردستاندا بچینەوە. گرنگە لە کاتی وەرگێڕاندا بگەڕێنەوە سەر زمانی سادەو سیاقی زمانەوانی کوردی و شێوازی بەکارهێنانی. ئەگەر دوور بڕوانین، یەکێک لە هەرە هەڵە گەورەکانی وەرگێڕان خۆی لە وەرگێڕانی وشە بە وشەدا دەبینێتەوە، ئەوەش رێک ئەو بارەیە بەسەر ئیدیۆمی "‌‌House of Cards" هاتووە.
سەرەتا، فەرهەنگی ئینگلیزیی کامبریج بەمشێوەیە باس لە ئیدیۆمی "‌‌House of Cards" دەکات
ئینگلیزی: 
House of Cards (idiom):  “a complicated organization or plan that is very weak and can easily be destroyed or easily go wrong."
وەرگێڕانی کوردی:
ماڵی کارتەکان (ئیدیۆمە): "دامەزراوەیەک یان پلانێکی ئاڵۆزە، کە زۆر لاوازەو دەکرێت بەئاسانی بڕمێت و بەلاڕێدا بڕوات."
یەکێک لە بنەماکانی وەرگێڕانی ئیدیۆم، خۆلادانە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە، بۆ نمونە، هەرگیز وەرگێڕانی وشە بە وشە بۆ پەندێکی وەک "کەرێک بە پارەی سەهۆڵ بکڕدرێت، هەر ئاو دەیبات" ناکەین، چونکە هیچ مانایەکی لۆژیکی لە وەرگێڕانەکەیدا لە ئینگلیزیدا نادۆزینەوە، بۆیە، ئەگەر کتومت بۆ ئیدیۆمێک لە کوردیدا بگەڕێین بۆ "‌‌House of Cards" بەتایبەت ئەو زاراوەی من پێی دەنوسم ئەوە ئیدیۆمی "تڕە کەڵەک"ی کوردییە. 
مایەی خۆشحاڵییە، چەند ڕۆژنامەنوسێکی تریش پێشنیازی بەکارهێنانی ئەم ئیدیۆمەیان کردبوو، بەڵام من لەبەر بەردەوامبون لەسەر گفتوگۆکردن لەوبارەیەوە، ئەم بابەتەم نوسی.  
لای داپیرەم، یادی بەخێر، "تڕە کەڵەک" ئەمە بوو: دیوارێکی ناڕێک کە بە خڕکە بەرد دروستکراوەو هیچی بەسەر هیچەوە نییە؛ وەستاکەی هیچ خۆی بە بونیادنانییەوە هیلاک نەکردووە؛ هەر بەچاوو لەنزیکەوە سەیری بکەیت دەزانیت ئێستا نا کەمێکی تر دەڕمێت. 
ئێوەش هەست ناکەن ئیشەکەی برادەرانیش لەوە ئەچێت!؟

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand