پارێزگاری کەرکوک:لە نێوان خەونی حزبی کوردو، خەونی نەتەوەیی نەیارانیدا.

Draw Media

2023-03-26 08:36:23



ئەحمەد عەزیز 
 
1.    کەرکوک هەمیشە گرێکوێرە وناونیشانی ململانێی نێوان لایەنی کورد ودەوڵەتی عێراقی عەرەبی بوە، بە درێژایی مێژوی دەوڵەتی عێراق، بۆ یەکەمین جار لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەر دەستی کورد ڕزگارکرا، لە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١، لە نیسانی ٢٠٠٣ بۆ جارێکی تر کەرکوک خرایەوە ژێر دەسەڵات و ئیدارەی کوردیەوە بە سپۆنسەری ئەمریکا و هاوپەیمانان، سەرەڕای ناڕەزایی وبەرهەڵستکاری ناوچەیی بە تایبەتی تورکیا، ئەمریکا پاس ودەرفەتێکی تری زێڕینیان بەخشیە کورد، تا بە قۆناخ و لە ڕێگای دیفاکتۆ(ئەمری واقیع) ودەستوری عێراقەوە، کەرکوک گرێبداتەوە لە گەڵ هەرێمی کوردستان، لاوازی ودەڵەمەیی دەوڵەتی عێراق و بەهێزی پێگە ودەسەڵاتی کورد لەو سەردەمەدا زۆر لە بار بو، بۆ بە دێهێنانی ئەو ئامانج ودروشمەی (کەرکوک دڵ وقودسی پارتی و یەکێتی)، بەڵام  یەکێتی و پارتی هیچ پلانێکیان نەبو بۆ ئەو مەبەستە، لە جیاتی ئەوەی بەبەرنامە وئامانجێکی کوردستانی ونەتەوەیی بێنە کەرکوکەوە، هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو ودامەزراوەی ئاسایش و پەروەردەی نیشتیمانی، کار کردنی کورد وەک یەک تیم، بە دو دەزگای ئاسایش و هێزی سەربازی و پەروەردەی حزبی یەکێتی وپارتی هاتنە کەرکوکەوە، بە نەفەسێکی حزبی تەسکەوە کاریان کرد و گەڕەکی یەکێتی و پارتیان دروستکرد، ناوچەکانی کەرکوکیان بە سەر نفوسی حزبیدا دابەشکرد، ئەوەندەی خەمی پێگەی حزبی خۆیان بون، ئەوەندە لە خەمی کەرکوک و یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کەرکوک وجێبەجێکردنی مادەی ١٤٠دا نەبون، لە بەغداش ئەو پێگە وپشکانەی بەر کورد کەوتبو، یەکێتی وپارتی بۆ بەرژەوەندی حزبی و کەسی قۆرخیان کردبو، سەرئەنجامی ئەو کار وئاراستەیەی یەکێتی وپارتی بۆ کەرکوک، لە ماوەی ٢٠ ساڵی دەوڵەتی عێراقی نوێ، کە کورد بەشدار وهاوبەشی سەرەکی ئەو دەسەڵاتە بوە، کەمتر لە ٢٠٪ قۆناخی یەکەمی مادەی ١٤٠ جێبەجێکراوە، لە دوا قۆناغیشدا بە هۆی دوانەی ڕیفراندۆم و١٦ ئۆکتۆبەر، سەری کەرکوک و پتر لە ٥١٪ خاکی هەرێمیان خواردو، حاڵ و بار وپێگەی کوردیان گەڕاندەوە سەردەمی پێش ٢٠٠٣، بە هەندێ جیاوازی کەمەوە، کە ئەویش پەیوەندی بە گۆڕانکاریەکان و سەردەمەکەوە هەیە.
2.    ئێستا لە کەرکوک، کورد زۆر پەراوێزو لاواز کراوە، هیچ پێگە وپۆستێکی سەربازی وئەمنی وئیداری ئەوتۆی بە دەستەوە نەماوە، تا بتوانێت بەرگری لە مافە یاسایی ودەستوریەکانی خۆی بکات، کەرکوک لە سایەی ئەحکامی عورفیدا بەڕێوەدەبرێت، واتا عەسکەر حومکی کەرکوک دەکات، ئەنجومەنی پارێزگا، کە زۆرینەی کورد بو هەڵوەشێندرایەوە، سەرجەم پۆستە ئیداریە گرنگەکانی لێ سەندرایەوە و درا بە عەرەب و تورکمان، لە گوندەکانی کەرکوک کار بە عەقدی سەردەمی بەعس دەکرێت و تاپۆی زەوی کورد ناخوات و ڕێگای پێنادرێت زەوی خۆی بکێڵێت، لایەنی تورکمانی و عەرەبی هەر بەوەوە نەوەستاونەتەوە، بەڵکوکار بۆ درێژەدان بەم وەزعەی ئێستای کەرکوک وناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکەن و دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوشدا، کورد هەر بەم لاوازییەی ئێستای بمێنیتەوە، بۆیە لە خەمی ئەوەدان، کە ڕێژەی دەنگی کورد دابگرن بۆ خواروی ٥٠٪ دەنگەکانی کەرکوک، کە کورد لە هێچ هەڵبژاردنێکی ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابوردو، کەمتر لە ٥٠٪ دەنگەکانی کەرکوکی بە دەست نەهێناوە، ئەڵبەتە عەرەب و تورکمان لە سەر بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی وبەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان، یەکیان گرتوە ودژی یاسای هەڵبژاردنی نوێی عێراقن، کە وا بڕێارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا بڕیاری لە سەر بدرێت. 
3.    خوڵاسەی کەلام کورد لە کەوتنی کەرکوک وعەفرین و١٦ی ئۆکتۆبەر، تا ئێستا هیچ دەرس وپەندێکی وەرنەگرتوە، کورد لە کەرکوک خەونی حزبی هەیە، نەک خەونی نەتەوەیی، پێجەوانەی تورکمان عەرەب کە خەونی نەتەوەیان هەیە، یەکێتی و پارتی دور لە گشت بەهایەکی نیشتمانی ونەتەوەیی و بێ گوێدانە بەرژەوەندی وهەستی کورد، تا هەنوکە پەیڕەوی سیاسەتی تەسکی حزبی خۆیان دەکەن، هەر ئەوەشە وای کردوە ماوەی پێنج ساڵە، لە پاش ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە لە بڕی پارێزگارێکی کورد، پارێزگارێکی، کە بەرکەوتەی کوردە، عەرەب بە وەکالەت کەرکوک بەڕێوە دەبات، لەمپەڕ وهۆکاری سەرەکی ئەوەش، کە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دانانرێت، خودی کورد خۆیەتی، پارتی ویەکێتی زۆر ئاسایە بە لایەنەوە عەرەبێک یان تورکمانێک حکومی کەرکوک بکات، وەک ئەوەی ئێستا هەیە، نەک پارێزگارێکی یەکێتی، یان کوردێکی بێ لایەن، پێشم وایە یەکێتی و پارتی تا پاداشت و سزای خۆیان وەرنگرن هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەستمە ئاوڕبدەنەوە وبە خۆیاندا بچنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand