ئێران ئامادەكاری بۆ روبەڕووبونەوە دەكات

Draw Media

2023-03-09 10:33:31



راپۆرت: درەو
چەند هەفتەیەكە عێراق‌و هەرێمی كوردستان جموجوڵی دیپلۆماسی چڕ بەخۆوە دەبینن، قسەوباس لەبارەی ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران لەلایەن ئەمریكا‌و ئیسرائیلەوە گەرمە، ئایا ئەمە تەنیا بۆ فشارە لەسەر ئێران یاخود ئەگەرێكی جدییە؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 

چڕبونەوەی جوڵە دیپلۆماسی‌و سەربازییەكان
چەند هەفتەیەكە جموجوڵی بەرپرسانی دیپلۆماسی‌و سەربازی لەناوچەكە چڕبوەتەوە، عێراق‌و هەرێمی كوردستان بێبەش نین لەم جوڵانە. 
قسەوباس لەبارەی ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران لەلایەن ئیسرائیل‌و ئەمریكاوە گەرمە. دوای ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بە بنبەست گەیشتن‌و رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كەوتە حاڵەتی مردنی سەرجێگا، دەوترێت ئیسرائیل‌و ئەمریكا دەیانەوێت هەندێك گورزی سەربازی لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران بوەشێنن. 

بەڵگەكانی روودانی هێرشی سەربازی
ئەوانەی ئەم چەند هەفتەیە بە گەرمی باس لە ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران دەكەن، چەند بەڵگەیە بۆ ئەگەری روودانی ئەم هێرشە دەخەنەڕوو، لەوانە: 
•    مردنی ئەگەری زیندووكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەنێوان ئێران‌و وڵاتانی خۆرئاوا بەدیاریكراویش ئەمریكا. 
•    دۆزینەوەی سامپڵی یۆرانیۆنی پیتێنراو لە وێستگەی (فردو)ی ئێراندا بەرێژەی 84%، شارەزایان وای لێدەدەنەوە ئێران ئێستا لە دروستكردنی بۆمی ئەتۆمی نزیكبوەتەوە‌و تەنیا رێژەی 6%ی ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە بەرنامەیەكی ئاشتیانەوە بكات بە بەرنامەیەكی سەربازی.
•    شكستهێنانی سەردانەكەی ئەمدواییەی رفاییل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ تاران.
•    كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی ئیسرائیل‌و هەوڵەكانی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ هەناردەكردنی قەیرانە ناوخۆییەكانی ئیسرائیل بۆ دەرەوە لەرێگەی هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئێراندا. 
•    سەردانی (مارك میلی) سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی هێزەكانی ئەمریكا‌و (لوید ئۆستن) وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ ئیسرائیل‌و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست (وەزیری بەرگری ئەمریكا سەردانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیشی كرد). 
•    مانۆڕە سەربازییەكانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریكا‌و ئیسرائیل.
•    هەڵمەتی میدیایی رێكخراوی ئیسرائیل دژی ئێران‌و پاڵپشتیكردنی ئەمریكا لەم هەڵمەتە، بە نمونە: ناتانیاهۆ رایگەیاند" تەنیا كردەوەیەكی سەربازی باوەڕپێكراو دەتوانێت رێگری لە وڵاتە سەركەشەكان بكات لەوەی پەرە بە چەكی ئەتۆمی بدەن"، دواتر بەرپرسێكی باڵای دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل "مۆساد" وتی: ئیسرائیل لەبەردەم قۆناغێكی چارەنوسسازدایە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی ئێراندا. هەر لەم كاتەدا بوو كە (تۆم نیدس) باڵیۆزی ئەمریكا لە ئیسرائیل ئاماژەی بەوەكرد" ئیدارەی بایدن رێگری لە هیچ جوڵەیەكی سەربازی ئیسرائیل دژی ئێران ناكات‌و پاڵپشتی لێدەكات"، ئەم لێدوانە سەرباری هەستیارییەكەی لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە رەتنەكرایەوە، ئەمە پاڵ قسەكانی (كولین كال) یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەكەی لەبارەی ئەوەی ئێران دەتوانێت لەماوەی 12 رۆژدا بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات، ئەوەی جێگەی سەرەنج بوو لەم قسانەدا، پێشتر (كولین كال) خۆی یەكێك لەو بەرپرسانەی ئەمریكا بوو كە پاڵپشتی لە زیندوكردنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دەكرد وەكو هەوڵێك بۆ كۆنترۆڵكردنی هەوڵەكانی ئێران لە دەستڕاگەیشتن بە چەكی ئەتۆمی.
•    بەشداریكردنی بەرپرسانی ئەمریكی لە چەند كۆبونەوەیەكی ئەمنیدا لە ریازی پایتەختی سعودیە سەبارەت بە هەڕەشەكانی ئێران. 
•    هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە سیستمی پێشكەوتووی بەرگری ئاسمانیی روسیا (ئێس 400)، سەرباری ئەوەی بەكارخستنی ئەم سیستەمە لانی كەم پێویستی دوو ساڵ هەیە. 
•    تێوەگلانی ئێران لە جەنگی ئۆكراینا‌و پێدانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان‌و كەلوپەلی سەربازی بە روسیا لەم جەنگەدا. 
•    خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران‌و فراوانبوونی بازنەی ناڕەزایەتییەكان لەو وڵاتە.
•    شكستهێنانی هەوڵەكانی ئەمدواییەی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی نێوان تاران‌و سعودیە، ئێرانییەكان قایل بوون بەوەی گەڕی شەشەمی گفتوگۆكانیان لەگەڵ سعودیە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە لە بەغداد دەستپێبكەنەوە، بەڵام سعودیە هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.

ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەكات   
لەگەڵ گەرمبوونی دەنگوباسەكان لەبارەی ئەگەری روودانی گورزی سەربازی، ئێرانییەكانیش كەوتونەتە خۆیان، بەپێی هەواڵێك  كە بەمدواییە رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویكردوەتەوە، ئێران سەرجەم باڵیۆزەكانی خۆی لە وڵاتانی دراوسێ ئاگاداركردوەتەوە لەوەی پەیامێك بە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە بگەیەنن، كرۆكی پەیامەكە ئەوەیە" هەر وڵاتێك رێگە بدات خاك‌و ئاو و ئاسمانی لەلایەن ئەمریكاو ئیسرائیلەوە بەكاربهێنرێت بۆ هەر جوڵەیەك دژی ئێران، تاران وەڵامی راستەوخۆی دەبێت".
بەپێی قسەی رۆژنامەكە، هاوكات ئێران دەیەوێت لەڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسراوە پەیامێكیش بۆ واشنتۆن بنێرێت، ناوەڕۆكی پەیامەكە ئەوەیە" هەر هێرشێكی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەبێ گڵۆپی سەوزی ئەمریكا روونادات، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێگەو هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە دەبن بە ئامانجی رەوای تاران".
لەپاڵ ئەمەدا، بەگوێرەی هەواڵێك كە كەناڵی (الجزیرە)ی  قەتەری لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئێرانەوە بڵاویكردوەتەوە" ئێران لەڕێگەی وڵاتێكی ئەوروپییەوە دۆسیەیەكی بۆ ئیسرائیل ناردووە كە وێنەو نەخشەی تایبەتی سەرجەم ئەمباری چەكە ئەتۆمی‌و بایۆلۆژی‌و كیمیاوییەكانی ئیسرائیل لەخۆدەگرێت".
سەرچاوەكە وتویەتی" سەرجەم وێنەكان لەسەر زەوییەوە گیراون نەك لە ئاسمانەوە، ئیسرائیل پێشتر شوێنی ئەمباری چەكە ستراتیژییەكانی گۆڕیوە، بەڵام ئەو دۆسیەیەی كە ئێران بۆ تەلئەبیبی ناردووە، وێنەی نوێی ئەو شوێنانە لەخۆدەگرێت".
لە پەیامەكەیدا بۆ ئیسرائیل، ئێران جەختی لەسەر ئەوە كردووە، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت جەنگ دژی ئێران هەڵبگیرسێنێت، ئەو ئەمبارو دامەزراوانە دەبن بە ئامانجی تاران. 
  
ئەوانەی ئەگەری سەربازی رەتدەكەنەوە
لەبەرامبەردا هەندێك لە چاودێران ئەو راپۆرتانە رەتدەكەنەوە كە باس لە ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی سنوردا لە ئێران دەكەن، ئەمانەش بۆ ئەم بۆچونەیان پشت بە هەندێك بەڵگە دەبەستن، لەوانە: 
•    رێككەوتنە ئەتۆمییەكە هێشتا نەمردووە، زیاتر لە بەرپرسێكی ئەمریكی لەنێویشیاندا جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا جەختیان لەوە كردووە رێككەوتنەكە نەمردووە. 
•    پرسی دۆزینەوەی سامپڵی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 84% لە ئێران، لەنێوان ئێران‌و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم چارەسەركراوە، ئەمەش دوای ئەوەی دەركەوت رەنگە ئەم جۆرە لە رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بەبێ مەبەستیش هەر رووبدات، ئەمە لە بەیاننامەی كۆتایی سەردانەكەی گرۆسیدا بۆ  تاران جەختی لەسەر كراوەتەوە‌و بەواتای ئەوەدێت سەردانەكەی شكستی نەهێناوە، بەتایبەتیش كە  گرۆسی دوای گەڕانەوەی بۆ ڤیەننا جەختی لەسەر ئەوە  كردووە سەردانەكەی بۆ تاران سەردانێكی بنیادنەرانە بووە. 
•     سەبارەت بە پلانی ناردنە دەرەوەی كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی ئیسرائیل لەلایەن ناتانیاهۆوە لەرێگەی هەڵگیرساندنی شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەگەرێكی دوورە، چونكە زیاتر لە 20 ساڵە ناتانیاهۆ هەڕەشەی لێدانی ئێران دەكات‌و  هیچی نەكردووە، ناتانیاهۆ ناتوانێت لەبەر خۆی، سەرچڵی بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە بكات، بەتایبەتیش كە ئێران لەرێگەی هاوپەیمانەكانییەوە لە سنورەكانی ئیسرائیلدا جێگیر بووە. 
•    چڕبوونەوەی كۆبونەوەی نێوان بەرپرسانی ئەمریكی‌و ئیسرائیلی شتێكی نوێ نییە‌و ئەوەی بەمدواییە روودەدات تەنیا مەبەست لێی دروستكردنی فشارە لەسەر تاران بۆ ئەوەی لە دانوستانە ئەتۆمییەكەدا سازشی پێبكرێت، بەبەڵگەی ئەوەی ئەگەر ئەمریكییەكان بەنیازی وەشاندنی گورزی سەربازی بووبن تائێستا چاوەڕوانیان نەدەكرد‌و ئەو هەموو كاتەیان لە دانوستاندا لەگەڵ ئێرانییەكان بەسەر نەدەبرد. 
•     ئەمریكا ئێستا لەناو جەنگی ئۆكراینادا نقوم بووە، نایەوێت دەرگای جەنگێكی نوێ لەگەڵ ئێران بەڕووی خۆیدا بكاتەوە، كە رەنگە لەلایەكەوە جەنگەكە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە‌و لەلایەكی ترەوە دەرگای بەڕووی ئەوەدا بكاتەوە (چین)یش سەروەریی خۆی بەسەر (تایوان)دا بەسەپێنێت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand