گرژیەكانی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی توندتر دەبێت

Draw Media

2023-01-27 18:59:45



 (درەو):
بافڵ تاڵەبانی لە جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی بەگومانە، فشارەكانی بۆسەر "لالەزار" توندتر كردووەتەوە، خستویەتیە بەردەم دوو بژاردە: چونەدەرەوە لە كوردستان یاخود جوڵاندنی هێز بە ئاڕاستەی "لالەزار".
شەوی چوارشەممەی رابردوو هێزێك هەوڵی رفاندنی (رەنج شێخ خالید) ئەفسەرەی سەربازی لە لالەزار، بەڵام لە هەوڵەكەیان سەركەوتوو نەبوون.
شەوی رابردوو هێزێكی دیكەی ئەمنی چووە سەر ماڵی (رێبوار حامید حاجی خالید) فەرماندەی سەربازی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی، بەپێی زانیارییەكان، كەلوپەلی سەربازییان لە ماڵەكەیدا گرتووە، بەڵام نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی دەڵێن" ئەو هێزە كۆمەڵێك بۆمب‌و TNTیان بردووەو وێنەو ڤیدیۆیان گرتووە، دەیانەوێت بە تۆمەتی تیرۆر هەوڵی گرتنی بدەن".
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هۆكاری فشارەكانی ئەمدواییەی بافڵ تاڵەبانی بۆسەر هۆتێل "لالەزار" كە شوێنی نیشتەجێبوونی لایەنگرەكانی لاهور شێخ جەنگییە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ماوەیەكە لاهور شێخ جەنگی جوڵەكانی دەستپێكردووەتەوە لەپێناو وەرگرتنەوەی پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتیی لەڕێگەی دادگاوە لە هەولێرو بەغداد. 
لاهور شێخ جەنگیی دەیەوێت سەرجەم بڕیارەكانی دوای رووداوەكانی (8)ی تەمووزی 2021 هەڵوەشێنێتەوەو دەسەڵاتەكانی وەكو هاوسەرۆكی یەكێتیی وەربگرێتەوە. 
سێشەممەی رابردوو لاهور شێخ جەنگی لەڕێگەی پارێزەرەكانیەوە لە دادگای هەولێر سكاڵایەكی بردەوە، كرۆكی سكاڵاكە ئەوەیە یەكێتی نیشتمانی بەناوی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگییە، سكاڵاكە پۆستی   "هاوسەرۆك"ی بۆ لاهور شێخ جەنگی گەڕاندووەتەوە، لە هەمانكاتدا لەڕێگەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە لاهور شێخ جەنگی لە هەوڵی بردنەوەی سكاڵاكەیەتی، بۆ ئەمەش سێ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی (چەتۆ ساڵح، پەروین كاكە حەمە، سەردار هەركی) لە كۆمسیۆن شایەتییان بۆداوە، لیژنەی پەیوەندیدار لە فەرمانگەی پارت‌و رێكخراوە سیاسییەكان لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی پرۆژەیەكیان گەڵاڵە كردووەو خستویانەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە لە (9) دادوەر پێكهاتوون، بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕیاری كۆتایی لەسەر كەیسەكەی لاهور شێخ جەنگی بدەن.
نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی دەڵێن بڕیارەكە لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی دەردەكرێت‌و نزیكەكانی بافڵ تاڵەبانیش باسلەوە دەكەن بڕیارەكە لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی نابێت.
ئەم جوڵەو هەنگاوانەی لاهور شێخ جەنگی لەكاتێكدایە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەوپەڕی خراپیدایە، هەرچەندە بڕیارە سبەی پارتی‌و یەكێتی كۆبنەوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی نابێت‌و تەنیا بۆ هێوركردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەكانە كە داوا دەكەن یەكێتی‌و پارتی كۆببنەوە.
پارتی گومانی لە بافڵ تاڵەبانییە، پێیوایە لەڕێگەی بەغدادوە هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ تا لە پرسی بودجەو نەوت و غازدا پشكی پارێزگای سلێمانی جێ بكاتەوە، بافڵ تاڵەبانی‌و یەكێتیش ئومێدێكیان نەماوە بتوانن لەگەڵ پارتی رێكبكەون.
بافڵ تاڵەبانی گومانی لە جوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی هەیە، بەتایبەتیش میدیاكانی نزیك دەباشان لاهور شێخ جەنگی تۆمەتبار دەكەن بەوەی لە مەسرور بارزانی نزیكبووەتەوە‌و پێكەوە فشارەكانیان لەسەر دەباشان زیاتر كردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە دوو رۆژی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی تری بۆ لاهور شێخ جەنگی ناردووە، كرۆكی پەیامەكە ئەوەیە وڵات جێبهێڵێت، ئەگەر نا هێز دەچێتە سەر "لالەزار".
پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو هەفتەیەكی سەخت بێت بۆ كێشەكانی نێوان لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی، چونكە لەلایەكەوە تا رۆژی سێشەممەی داهاتوو پرسی سكاڵاكانی لاهور شێخ جەنگی لە هەولێرو بەغداد یەكلادەكرێنەوە، لەلایەكی تریش بافڵ تاڵەبانی فشارەكانی لەسەر لاهور شێخ جەنگی تونددەكاتەوەو چاوەڕوان دەكرێت هێزی زیاتر بجوڵێنێت لە دژی "لالەزار".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand