سعوودیە لە ناوچەی کەنداو یەمەن،  تورکیا لە ناوچەی قەوقازو سوریا...

Draw Media

2023-01-21 19:08:04



سەروەت هەڵەبجەیی
سعوودیە و تورکیا بە دوو وڵاتی دژبەر و ڕکابەری ئێران هەژمار دەکرێن، ڕەنگە بوترێت کە تورکیا پەیوەندی لە گەڵ ئێران هەیە، بەڵام کۆی ڕووداوەکان و دیوی پشتەوەیان پیشان دەدات کە تورکیا وەک دژبەرێکی ئێران لە ناوچەیە هەڵسووکەوت دەکات تا وەک وڵاتێکی هاوبەش یان تەنانەت ڕکابەر. ئەگەرچی هەندێک دۆسیەی وەک کورد ئەم دوو وڵاتە لە هەندێک قۆناغدا پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەردەمێک مەلیک عەبدوڵڵای شای سعوودیە لە چاوپێکەوتنی باراک ئۆباما سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، ئێرانی وەک سەری مارەکە پێناسە دەکرد کە دەبێت پان بکرێتەوە. بەڵام ئەمڕۆ هەلومەرجی ناوچەکە گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە و ئەو مارەی کە تەنگی بە ئێران هەڵچنیوە دوو سەری هەیە، سەرێکی لە سعوودیە و ئەو سەری دیکەی لە تورکیایە. ئەم دوو وڵاتە بە هاوپەیمانییەکانی خۆیان وەک مەقەسێک لە بەرامبەر ئێران دەردەکەون. ئەگەرچی دۆسیەی کوژرانی جەمال خاشقچی لە ئیستەنبووڵ تا ڕادەیەک گرژیی خستە پەیوەندییەکانی نێوانیان بەڵام دواتر ئەنکەرە و ڕیاز بەوە گەیشتن کە دەبێت واز لەم ئاڵۆزییە بێنن و جارێکی دیکە پەیوەندییەکانیان نزیک کردەوە تا پرۆژەی کۆنتڕۆڵکردنی ئێران تەواو بکرێت.

سعوودیە وەک گەورە وەبەرهێنەرێکی نەوت، پێگە ئیسلامییەکەی و برا گەورەی وڵاتانی عەرەبی ڕۆڵی گرنگی لە پێکهێنانی هاوپەیمانییە ناوچەییەکاندا هەیە.
سعوودیە وەک ڕابردوو ئەو وڵاتە نییە کە تەنیا گوێڕایەڵی زلهێزەکانی وەک ئەمریکا بێت. کاریگەری نەوتیش لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا گۆڕاوە. سعوودیەی سەردەمی بن سەلمان هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی وەک کاراکتەرێکی سەربەخۆی جیهانی دەدات. ئەمڕۆ شێخە حوشترسوارەکانی سعوودیە لە سەر ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان لێدەخوڕن و نەوتیان تەنیا بۆ فرۆشتن نییە بەڵکوو بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری کەڵکی لێ وەردەگرن.
سعوودیە لە ئێستادا تەنیا پشت بە ئەمریکا نابەستێت، بە واتایەکی دیکە سەرجەم هێلکەکانی ناخاتە سەبەتەی ئەمریکاوە، بەڵکوو لە گەڵ زلهێزەکانی دیکەش دان و سانی هەیە.
ئەم وڵاتە لەم چەشنەسیاسەتەی هەیە کە تەنیا یاری بە یەک کارت نەکات، بەڵکوو کۆمەڵە کارتێک بۆ یاریکردن بە دەستەوە دەگرێت، لە سەر ئەم جۆرە مامەڵەیە کە چین و ڕووسیا هاتوونەتە گۆڕەپانی یارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. ئەگەر ئەمریکا ئەمڕۆ هەوڵی هاوپەیمانی لە دژی چین و ڕووسیا دەدات، بەڵام لە ڕوانگەی هاوپەیمانێکی وەک سعوودیەوە چین و ڕووسیا دوژمن نین.
سعوودیە بۆ داهاتووی خۆی دوو بنەمای خستووەتە سیاسەتی دەرەوەی، یەکەم ئەوەی کە نەوتەکەیان بە نرخی دڵخوازی خۆیان دەفرۆشن و پارەکەشی لە پێناو گەشە و پێشکەوتن بە کار دێنن، ئەمەش بۆ دواڕۆژی وڵات و خەڵکەکەیان زۆر باشە و دووەم جۆربەجۆرکردنی سیاسەتی دەرەوەیان.
سەبارەت بە تورکیاش پێویستە بوترێت کە ئەنکەرە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ ئاڵۆز کردووە، ئەمەش بە هەندێک پرۆژەی وەک گاپ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سیاسەتی سفرکردنی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ لای تورکیا باوی نەماوە.
ئەم سیاسەتەی تورکیا لە ناوچەی قەوقاز ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە و ئامانجی سەرەکیشی ئێرانە. لەم سیاسەتەی تورکیا چەند ئامانجێک بوونی هەیە. یەکەم گوشار خستنە سەر ئەرمینیا تا باس لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان نەکەن و لەو بوارەدا کێشە بۆ تورکیا نەخوڵقێنن. دووەم، بەهێزکردنی کۆماری ئازەربایجان تا لەو ڕێگایەوە ڕاستەوخۆ دەستی بە باکور و دەریای خەزەر بگات. سێهەم گەمارۆدانی ئێران لە ڕێگای داخستنی ڕێڕەوی زەنگزۆر کە بە واتای بڕینی پەیوەندی ئێرانە لە گەڵ ئەورووپا.

سعوودیە و تورکیا وەک دوو هێزی ناوچەکە دەیانەوێت بە هەر شێوازێک کاریگەری و شوێن دەستی خۆیان زیاتر بکەن. ئەگەرچی ئەم دوو وڵاتە هێزێکی زۆر گەورە نین بەڵام بە هۆی پەیوەندییەکانیانەوە لە گەڵ زلهێزەکان دەتوانن سیاسەتی تایبەت بە خۆیان ببەنە پێشەوە. ئەوان تەنیا سەر بە یەک جەمسەر نین و هەوڵ دەدەن یاری بە جەمسەرە جیاجیاکانەوە بکەن، ئەوان هەوڵ دەدەن هەم بەرژەوەندییەکانی خۆیان دابین بکەن و هەم هاوسەنگییەک لە بەرژەوەندی زلهێزەکانی دیکەشدا مسۆگەر بکەن.

ئەم دوو وڵاتە هەوڵ دەدەن هەرێمێکی پارێزراو لە ناوچەی دەرەوەی نزیک لە خۆیان پێناسە بکەن، تورکیا لە ناوچەی قەوقاز و سوریا و ناوچەکانی نزیکی دیکە، سعوودیەش لە ناوچەی کەنداو و یەمەن. هەرچەندە لە هەندێک دۆسیەی وەک کوژرانی خاشقچی تا ڕادەیەک پەیوەندییەکانیان ئاڵۆز بووە بەڵام هاوبەشی لە بەرژەوەندییەکان وایکردووە کە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان کۆنتڕۆڵ بکەن، ئێستا بەرەی سعوودیە و تورکیا بووەتە دژبەرێکی ئێران لە ناوچەکە.
ئەم بەرەیە تەنیا هەوڵی پەراوێزخستنی ئێران نادەن بەڵکوو هەوڵ دەدەن بە گەمارۆدانی ئەم وڵاتە ڕۆڵ و کاریگەری تاران لە ناوچەکە لە ناو ببەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand