دەسەڵاتی نەرمی چینی

Draw Media

2022-12-08 07:06:59



سه‌ردار عه‌زیز

یەک دوو هەفتەی ڕابوردوو کارم لە سەر پەیوەندی نێوان چین و کوردستان کرد، بۆم دەرکەوت دەسەڵاتی نەرمی چینی زۆر بە چڕی لە ناوچەکە لە گەشەدایە. بۆیە بڕیارمدا بۆ کۆنفرانسی داهاتوو لە قوتابخانەی ئابوری لەندەن LSE، بابەتێکی تایبەت بە دەسەڵاتی نەرمی چینی لە کوردستان پێشکەش بکەم.

هەمومان دەزانین دەسەڵاتی نەرم، چەمکێکی پاش جەنگی ساردە. وەک چەمکی کۆتایی مێژوو، دەرئەنجامی باڵادەستبونی ئەمریکا بوو لە دونیادا. دەکرێت بە کورتی بڵێین کاتێک هێزێک سەرکەوتووە، بەهێزە، دەوڵەمەندە، ئەوا ئەم سیفەتانەی دەبێتە مایەی ئەوەی کە سەرنجی ئەوانی تر بۆخۆی ڕابکێشت و لە بری بەکارهێنانی زەبر بتوانێت بە سەرنجڕاکێشان ئەوەی دەیەوێت بە دەستی بهێنێت. ئێمە دەزانین کە پێناسەی دەسەڵات بریتییە لە وەهاکردن لە ئەوی تر کە بە جۆرێک ڕەفتار بکات کە لە سودی تۆ بێت، بەبێ هەستکردن بە ناچاری و سوخرە. دیارە بێگومان بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە دەزگاو ئامرازی زۆر پێویستە، لە پەیوەست بە ئەمریکاوە هەمشە ناوی هۆلیودو کاڵا زاڵەکانی ئەمریکا دەهێنرێت.

بەڵام چین تێڕوانینی بۆ دەسەڵات نەرم، تەواو هاوشێوەی پێناسەکەی جۆزێف نای نیە [جۆزێف نای لە ساڵی ١٩٩٠ لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرس، لێکۆڵینەوەیەکی بەناوی دەسەڵاتی نەرم نوسی کە بوو بە بنەما بۆ هاتنە ئارای ئەم دیدو بوارە نوێیە]. بەڵکو چین وەکو مارییا ڕیپنیکۆڤا، لە کتێبێکی تایبەت بە دەسەڵاتی نەرمی چینی، بڕوای وەهایە کە چینییەکان وەها دەبینن کە پەیوەندییەکی ژیانیی لەنێوان دەسەڵاتی نەرم و دەسەڵاتی ڕەقدا هەیە. ئەمەش وەها دەکات کە چینییەکان ڕەق و نەرم تێکەڵ بکەن لە میانەی هەوڵیان بۆ سەرنجڕاکێشان.

لێرەدا چەمکێکی تر کە ڕەنگە هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی فراوانتر تێبگەین لە پرسەکە ئەویش چەمکی گەشەیە بەتایبەت وەک بەدیلێک بۆ دیموکراسیی. گەشە یان دیڤیلۆپمێنت چەمکێکی ئاڵۆزە، لەسەردەمی جەنگی سارددا ئەمریکا برەوی پێدەدا، بەڵام ئێستا چین برەوی پێدەدا. لەسەردەمی شەڕی سارددا، لای ئەمریکاییەکان گەشە بە مانای ئەوە دەهات کە چۆن هەندێک چاکسازیی بکرێت کە هەژاران کەمێک سودمەند بن بەڵام دەوڵەمەندان هیچ زیانمەند نەبن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان بەرەو سۆشیالیزم نەچن.

بەڵام لای چین ئامانج لە چەمکی گەشە ئەوەیە کە کۆمەڵگاکان دەکرێت بەرەو پێش بچن، ژێرخان بونیادبنرێت، ئابوری باش بێت بەبێ ئەوەی دیموکراسی پێویست بێت. بەم پێیە گەشە جیاکردنەوەی سیاسەتە لە ئابوری، بایەخدانە بە ئابوری، بە سەپاندنی جۆرێکی تایبەت لە سیاسەت.

[چەمکی گەشە لەلایەن چەند ناوەندو زانکۆی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان زۆر برەوی پێدەدرێت، بە وردی نازانم ئایا دیدیان لە چینییەکانەوە نزیکە یان لە ئەمریکییەکانەوە، یان هیچ کامیان یان تێکەڵە؟]

وەک چۆن ئەمریکاییەکان ئامانجیان لە گەشە ئەوەبوو کە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتداندا دروست بکەن بۆ ڕێگریی لە سۆڤیەت، چین بە هەمان شێوە ئامانجی ئەوەیە کە چۆن پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا دروست بکات بە دوورگرتن لە مۆدێلی ئەمریکی.

توێژی حوکمڕانی هەرێم لە پەیوەست بەم پرسەوە لە دۆخێکی نامورتاحدان، لە کاتێکدا چین و مۆدێلەکەیان پێباشە، بەڵام نە چین هێندە بایەخ دەدات و نە دەتوانن دەستبەرداری پشتیوانی و خیتابی ئەمریکی ببن.

پرسی ئەوەی ئایا چین و ئەمریکا دەتوانن لە هەمان پانتاییدا پێکەوە کار بکەن، پرسێکی جیهانییەو زۆر دیدی جیاواز هەیە دەربارەیان. لێرەدا تەنها ئاماژە بە دوو ناوی زل دەدەم، جۆن میرشمایەر کە بڕوای وەهایە لەکاتی گرژبونی پەیوەندی نێوان چین و ئەمریکا، ئەوا وڵاتانی تر دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە. هەروەها جۆن ئیکیربێری بڕوای وەهایە کە دەکرێت دۆخی هەژەمونیەتی جوتەیی بێتە ئاراوە، چین لە بواری ئابوری و ئەمریکا لە بواری ئاسایش، وەک کۆریای باشور هەوڵی بۆ دەدات. بەڵام بە خوێندنەوەی دواین ڕاپۆرتی پەنتاگۆن بۆ کۆنگریس دەربارەی چین، وەها دەردەکەوێت دیدی مێرشمایەر واقیعی تربێت.

ئەم دۆخە پرسی دەسەڵاتی نەرمی چینی ئاڵۆز دەکات. چین لە بواری میدیا، کۆمەڵگای مەدەنی، زانکۆ بەتایبەتی کار لە سەر دروستکردنی پەیوەندیی و کردنەوەی ناوەندو گۆشە و ئەکادیمیا دەکاتەوە. زانکۆ بوارێکە کە لە چەندین لاوە چینییەکان دەتوانن سودی لێببینن، بەتایبەتی بە تێکەڵکردنی کۆمەڵێک بوار، وەک تەکنەلۆجیای باڵا، دەرفەتی کار، دروستکردنی وێناو ڕاکێشانی عەقڵ. لەم روانگەیەوەیە دەبینین کە کۆمپانیای هواوی زۆر چالاکە لە کوردستان. لەگەڵ هواویدا پرسی داتاو ژیریی دەستکردن و پەیوەندیی و تەکنەلۆجیای باڵا دێتە ئاراوە. هەموو ئەم بوارانە بواری هەستیارن لە داهاتوودا. بەڵام چین لە کوردستان و عێراقدا لە پانتاییەکی تایبەتدا هەڵسوکەوت دەکات. عێراق پانتاییەکی بریندارە بۆ ئەمریکا، ئەو جێگایەیە کە خەونی ئەمریکی تیایدا مرد. چین دەیەوێت لەسەر ئەم بوارە سەرمایەگوزاری بکات. لێرەدا بەهای دیموکراسی و گەشە وەک دوو چەمکی جەنگیی باشتر ڕون دەبێتەوە. ڕەنگە باشوری عێراق زیاتر گونجاوبێت بۆ ئەم بوارە، بەتایبەتی بە بوونی ڕۆڵی ئێران لە پرسەکەدا.

بەڵام لە کوردستان چین لە ئاستی جەماوەریدا هێشتا وەک سەرچاوەی کاڵای هەرزان ناسراوە، نەک وەک زلهێزێکی جیهانی، ئەمەش پێگەی وەک هەیبەت و بەهێزیی کەمدەکات کە کاریگەریی هەیە لەسەر سروشتی دەسەڵاتی نەرمی چینی.

لە پەیوەست بەم بوارە قسەم لەگەڵ لێکۆڵەر شاژین چای کرد، کە کار لە سەر دەسەڵاتی نەرمی چینی دەکات لە کەنداو، ئەو پێی وابوو، چین خاوەنی ئایدەلۆژیا نیە، هیچ ئایدەلۆژیایەکی نیە هەناردەی دەرەوەی بکات، خیتابیشی وەهایە کە وەها باشترە هەر کەسەو کەلتورو ژیاری خۆی بژی بەڵام لە پەیوەندیدابین. ئەمەشە چینییەکان فۆکەسی زۆر لەسەر چەمکی شارستانیەت دەکەنەوە. بەڵام لەڕاستیدا من هاوڕای ئەو نەبووم.

ڕەنگە چین وەک سەردەمی ماو خاوەن ئایدەلۆژیا نەبێت. بەڵام ئەوە تەنها یەکێکە لە دەرکەوتەکانی ئایدەلۆژیا. [دیارە ماویزمی کوردی یەکێکە لە سەرچاوەکانی دەسەڵاتی نەرم]. بەڵام چینی ئەمڕۆ خاوەن ئایدەلۆژیایە، دەکرێت بوترێت، جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئابوری، بەزلهێزبونی چین، نمایشکردنی چین وەک مۆدێلێک و هەوڵدان بۆ ڕاکشانی سەرنج، ڕاکشانی خەڵکانی تایبەت لە بواری تایبەتدا بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی چینی بۆ خەڵکی خۆیان، هەموو ئەمانە پێکەوە دەبنە چەپکێک لە دیدو کردار کە پێکەوە ئایدەلۆژیایەک دادەڕێژن. بۆ نمونە کەسێک کە لەگەڵ چینیەکاندا کار دەکات پێی گوتم، چینییەکان هەرگیز باس لە مافی کوردو پەیوەندی کوردستان و هەرێم و دیموکراسی و ئەم بوارانە ناکەن. کەواتە، بە وردی پلانڕێژی ئەوە دەکەن کە چی دەبێت باس بکرێت و چی دەبێت خەفە بکرێت [فۆکۆتان لە بیرە].

هەرچی دەربارەی کاریگەریی ماویزمی کوردییە بە پەیوەست بە دەسەڵاتی نەرمەوە بوارێکی پڕ چێژە، بەڵام خانەی بیر بە گونجاوی نازانێت، بۆیە زیاتر بۆ LSE کاری لەسەر دەکەم. ماویزم دیاردەیەکی جیهانی بوو. جولیا لۆڤیل، کتێبێکی تایبەتی قەبەی لەمبارەوە نوسیوە بەناوی ماویزم مێژوییەکی جیهانیی. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ماویزمی کوردی بەشێکی ڕاستەوخۆی بزوتنەوە ماویزمەکانی دونیا نەبوو، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ لە باڵێکی بچوکی ماویزمی ئێرانییەوە بە کورد دەگات. ئەم دەستی دووبونە، ئاستی تێگەیشتن و پەیوەندی زۆر سنوردارکردووە. بەڵام ماویزم پاشان دەبێتە بنەمایەک کە یەکێتی ببێتە هێزی سەرەکی لە پەیوەندی بە چینەوە. جەلال تاڵەبانی پەیوەندییەکی فەنتازمەگۆریی لەگەڵ ئەم پرسەدا هەبووە. مەبەستم لە چەمکی فەنتازمەگۆریا ئەوەیە کە تێکەڵەیەک بووە لە واقیع و خەون و ناواقیع. پاشان ئەم پەیوەندییە دەگۆڕێت بۆ سەرسام بوون بە ئەزمونی چینی، بە تایبەتی لە بواری ژێرخاندا. [جێگای ئاماژەپێدانە یەکەم گرێبەست کۆمپانیا چینیەکان لە ناوچه‌ی یەکێتی وەریدەگرن، ڕێگای دوکان-سلێمانی و تونێلی هەیبە سوڵتانە، لە هەردووکیاندا شکست دەهێنن].

قەیرانی گەورەی دەسەڵاتی نەرمی چینی ئەوەیە کە چین ناتوانیت ببێت بە دۆست و هاوڕێی هیچ گەلێک. چین پەیوەندییەکی یەک لایەنەی هەیە. هەرگیز خەم و پێداویستی و ترسی ئەوانی تر بە هێند وەرناگرێت. هەرچەندە جەخت لە سەر بوونی پەیوەندی دەکاتەوە، بەڵام لایەنەکەی تر ناتوانێت هێندە کاریگەری هەبێت لەسەر بڕیارو ڕەفتاری چینی. چین کۆمەڵگایەک و سیستەمێکی داخراوە، کوردستان تیایدا لە نزمترین ئاستی بیروکراتی مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. ئەمەش وەها دەکات پەیوەندی چین و کوردستان و دەسەڵاتی نەرمی چینی هەمیشە وەک پەیوەندییەکی ڕووکەش بمێنێتەوە. لەکاتێکدا زۆر کورد ڕەنگە حەزی پێبکەن بەڵام هەرگیز پەیوەندییەکی دوو لایەنە نابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand