عێراق و هەرێم لە ژێر هەرەشەی بە بیابانبووندا

Draw Media

2022-12-01 08:52:03



درەو:
راپۆرتی: فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛
# لەسەر ئاستی عێراق زیاتر (27 ملیۆن) دۆنم زەوی ڕوبەڕووی دیاردەی بە بیابانبوون بوونەتەوە، زیاتر لە (94 ملیۆن) دۆنم زەویش لەبەردەم هەڕەشەی دیاردەکەن.
# لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش نزیکەی (442 هەزار) دۆنم زەوی توشی بە بیابانبوون بوونە، زیاتر لە (536 هەزار) دۆنم زەویش لەبەردەم مەترسی بە بیابانبووندان.
# لە ماوەی ساڵی (2015 - 2020)، جوتیاران بەهۆی نەبونی ئاوی پێویستەوە، دەستیان لە داچاندنی زیاتر لە (7 ملیۆن) دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەڵگرتووە.

ڕوبەری زەوی بە بیابانبوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان
بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاڵپشت بە داتاکانی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2020) لەسەر ئاستی عێراق (27 ملیۆن و 220 هەزار و 361) دۆنم زەوی ڕوبەڕووی دیاردەی بە بیابانبوون بوونەتەوە، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پارێزگای ئەنبار زۆرترین ڕووبەری ڕوبەڕووی دیاردەکە بووتەوەو (7 ملیۆن و 467 هەزارو 920) دۆنمی بە ڕێژەی (27.44%)ی کۆی گشتی بەبیابانبوون گرتوویەتییەوە.
جێگەی ئاماژەیە پارێزگای کەرکوک لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کەمترین ڕێژەی بە بیابانبوون تێیدا ڕوویداوەو تەنها (11 هەزار و 726) دۆنمی بە رێژەی (0.04%) بەر شەپۆلی بەبیابانبوونەکەی عێراق بووتەوە.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش کە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵبجە) دەگرێتەوە، داتاکان پێکەوە هەژمار کراوەو ڕێژەی بە بیابانبوونە تێیاندا (1.62%) بووە بەرامبەر بە (441 هەزار و 798) دۆنم زەوی. تایبەت بە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق (بڕوانە چارتی ژمارە (1) و خشتەی ژمارە (1)) 


ڕوبەری زەوی لە ژێر هەڕەشەی بە بیابانبوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژە بەو ڕووبەرە لە زەوییەکانی عێراق داوە کە لە ژێر هەڕەشەی بە بیابانبووندان، بەجۆرێک لەسەر ئاستی عێراق (94 ملیۆن و 264 هەزار و 400) دۆنم زەوی لە ژێر مەترسی دیاردەی بە بیابانبووندان. 
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پارێزگای ئەنبار زۆرترین ڕووبەری لە مەترسیدان کە بە (45 ملیۆن و 804 هەزارو 400) دۆنمی بە ڕێژەی (48.59%) دەخەمڵێنرێت، کە مەترسی بەبیابانبووندان.
هاوکات پارێزگای بابل لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق کەمترین هەڕەشەی لەسەرە، ئەو زەویانەشی کە لە ژێر کاریگەر هەڕەشەی دیاردەکەن بە (317 هەزار و 202) دۆنم دەخەمڵێنرێت کە بەرامبەرە بە رێژەی (0.34%) لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق.
بەڵام لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە، داتاکان دڵخۆشکەرن بەرامبەر بە قەبارە گەورانەی لە پارێزگاکانی تری عێراق تۆمار کراون، چونکە تەنها (536 هەزار و 86) دۆنم زەوی لەژێر مەترسی دیاردەکەن و بەراورد بە کۆی گشتی مەترسییەکە لەسەر ئاستی عێراق تەنها بە ڕێژەی (0.57%) دەخەمڵێنرێت. تایبەت بە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان (بڕوانە چارتی ژمارە (2) و خشتەی ژمارە (1)).

 

دەستهەڵگرین لە داچاندنی زەوی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی عێراق (2015 – 2020)
جگە لەوەی قەبارەیەکی گەورەی زەوی کشتوکاڵی لە عێراق بە کەڵکی کشتوکاڵ کردن و داچاندن نەماون و ڕوبەڕووی بە بیابانبوون بوونەتەوەو یان لە ژێر کاریگەری دیاردەکەن. هاوکات ڕوبەرێکی بەرفراوانیش لە زەوی کشتووکاڵی لە عێراق بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە داچاندنیان تێدا ناکرێت و بەپێی داتاکان، لە ساڵی (2015) ڕوبەری (1 ملیۆن و 631 هەزار و 341) دۆنم، لە ساڵی (2016) ڕوبەری (545 هەزار و 108) دۆنم، لە ساڵی (2017) ڕوبەری (ملیۆنێک) دۆنم، لە ساڵی (2018) ڕوبەری (2 ملیۆن و 272 هەزار و 692) دۆنم، لە ساڵی (2019) ڕوبەری (540 هەزار) دۆنم و لەساڵی (2020) روبەری (ملیۆنێک و 134 هەزار و 378) دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە عێراق لەلایەن جوتیارانەوە نەکێڵراوەو هیچ بەروبوومێک دانەچێنراوە. بەم پێیەش لە ماوەی ساڵی (2015 - 2020)، جوتیاران بەهۆی نەبونی ئاوی پێویستەوە، دەستیان لە داچاندنی زیاتر لە (7 ملیۆن) دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەڵگرتووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)).

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand