چۆن راگواستنی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا راگیرا؟

Draw Media

2022-06-16 13:45:52



 درەو:
راپۆرتی:BBC

چۆن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی توانای راگرتنی بڕیاری راگواستنی پەنابەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا هەبوو؟

دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوا ساتەکاندا توانی گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بوەستێنێت، پەرلەمانتارەکانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە توندی نیگەرانبوون کە دادگایەک بارەگاکەی لە دەرەوەی ولاتەکەیدا بێت بتوانێت گەشتێکی ئاسمانی بەریتانیا بوەستێنێت، بە تایبەت لە دوای ئەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هاتۆتە دەرەوە، ئەمە یەکەم جاریش نییە ئەو دادگایە لە لایەن بەرپرس و سیاسییەکانی بەریتانیاوە هێرشی دەکرێتە سەر، کەواتە چیرۆکەکە چۆنە؟

دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی چییە؟
دادگایەکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی (1959) دامەزراوە، بارەگاکەیە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە، دادگاکە سەر بە یەکێتی ئەوروپا نییە، لە ژمارەیەک دادوەر پێکدێت کە یەکسانن بە ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی ئەندامن لە ئەنجومەنی ئەوروپی،جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ناسراو بە (میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ)یان پەسەندکردووە، دادوەرەکان بە سیفەتی کەسی ئەندامن لە دادگاکەو نوێنەرایەتی ولاتەکانیان ناکەن.

ئەنجومەنی ئەورپی چییە؟
ئەنجومەنی ئەوروپی گەورەترین رێکخراوی مافی مرۆڤە لە ئەوروپا، ژمارەی ئەندامەکانی (46) دەوڵەتە، لە ناویاندا (27) دەوڵەتیان ئەندامی یەکێتی ئەوروپان، ساڵی (1949) بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی ئەوروپا و جەختکردنەوە لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، تەنانەت لە ساڵی (1943) پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم،وینستۆن چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا پێشنیاری دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ئەوروپی کرد تا زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەو وێرانکارییانەی حکومەتی نازی بکەن کە کۆنترۆڵی ئەڵمانیای کردبوو، هەوڵی فراوانبوون و بڵاو کردنەوەی فاشییەتی دەدا لە هەمو کیشوەری ئەوروپادا، ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتی دەرکردنی یاسای نییە، بەڵام توانای فشارکردنی لە پێناو جێبەجێکردنی هەندێک لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان هەیە کە ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەسەر هەندێک پرسی دیاریکراو پێیگەیشتوون.

میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ چییە؟
ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە کە تەنیا ئەندامانی ئەنجومەنی ئەوروپا مافی بەشداریکردنیان هەیە. ئەم میساقە دادگای دامەزراند، بەو پێیەی شێوازی کارکردنی ڕێکدەخات و لیستی ماف و زەمانەتەکان لەخۆدەگرێت کە وڵاتانی ئەندام بەڵێنیان داوە پابەندبن پێیەوەی.

تایبەتمەندییەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای چییە؟
ئەم دادگایە هەوڵی جێبەجێکردنی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەدات، ئەرکە سەرەکییەکەی دڵنیابوونە لە لەوەی دەوڵەتەکانی ئەندام رێزدەگرن لە ماف و زەمانەتەکانی لە میساقەکەدا هاتووە.
ئەم کارەش لە رێگەی ئەو سکاڵایانەی (پێی دەوترێت "داواکاری") لە لایەن تاکەکانەوە پێشکەشیان کراوە ئەنجام دەدات، یان هەندێک جار دەوڵەتێکی ئەندام یان زیاتر پێشێلکاریان بەرامبەر ماف و زەمانەتەکان کردووە.
بڕیارەکانی دادگاکە پابەندکەرن واتە دەبێت دەوڵەتاکانی ئەندام پابەند بن پێیانەوە، دادگاکە سەدان داواکاری سەیرکردووە لە رۆژی دامەزراندنییەوە،هەندێک جار بڕیارەکانی یاساو رێکارە کارگێرییەکانی لە هەندێک وڵات گۆڕیوە.

ئەو مافانە چین میساقی ئەوروپی دەیانپارێزێت؟
میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەم مافانە دەپارێزێت:
•  مافی ژیانکردن
•  مافی دادگایەکی دادپەروەرانە لە پرسە مەدەنی و تاوانکارییەکاندا
•  مافی رێزگرتن لە ژیانی تایبەت و خێزانی
•  مافی رادەربڕین
•  مافی بیرو ویژدان و ئایین
•  مافی چارەسەری کاریگەر
•  مافی بەهرەمەندبوون لە موڵکوماڵی تایبەت بەشێوەیەکی پارێزراو


میساقی ئەوروپی چی قەدەغە دەکات؟
•  ئەشکەنجەو مامەڵەو سزای نامرۆڤانەو سوکایەتی پێکردن
•  زیندانیکردنی نایاسایی
•  جیاکاری نێوان خەڵک لەبەهرەمەند بوون بە ماف و ئازادییەکان کە لە میساقەکەدا هاتووە
•  دەرکردنی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەندام یان رێگەگرتن لە هاتنەناوەوە
•  سزای سێدارە
•  دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەوانەی هاونیشتمانی نین
کێ مافی پێشکەشکردنی داوای هەیە بۆ دادگا؟
پێویست ناکات ئەو کەسەی داوایەک پێشکەشی دادگاکە دەکات هاوڵاتی یەکێک لە وڵاتانی ئەندام بێت، بەڵام دەبیت پێشێلکارییەکە لە لایەن یەکێ لە وڵاتانی ئەندامەوە لە دژی کەسێک لەسەر خاکەکەی ئەنجامدرابێت، ئەوەی داواکە پێشکەش دەکات دەبێت تاکێک یان پێکهاتەیەک، کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەک بێت،پێویستە قوربانی راستەوخۆی ئەو پێشێلکارییە بێت،سکاڵاکە نابێت گشتی بێت، لە دژی یاسایەک یان جێبەجێکردنی بێت، سکاڵاکە دەبێت لە دژی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک بێت کە میساقەکەیان ئیمزا کردووە، (نابێت لە دژی کەسێک یان دەستەیەکی تایبەت بێت).
دادگاکە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی دادوەری کە دەوڵەتێکی ئەندام دەریکردووە یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتێکی ئەندامی نییە.

بۆچی دادگاکە لە بەریتانیا مشتومڕی دروستکردووە؟
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە بۆتە هۆی توڕەی حکومەتی بەریتانیا، بۆ نمونە ساڵی (2012) دادگاکە رایگەیاند ناکرێت ئەبو قەتادە، دەستەراستی ئوسامە بن لادن رێبەری تەنزیمی قاعدە رادەستی ئوردن بکرێتەوە بە تۆمەتی تیرۆر،چونکە لەوێ ناتوانرێت دادپەروەرانە حوکمی لەسەر بدرێت، بە پێی رای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی. 
لە هەمان ساڵدا، دادگا هەڕەشەی لە بەریتانیا کرد، بەهۆی پابەند نەبوون بە بڕیاری دادوەر سەبارەت بە پێدانی مافی دەنگدانی زیندانییان.
لەم دواییەشدا، دادگا بڕیاری راگرتنی گواستنەوەی هاوڵاتییەکی عێراقی بۆ رواندا بۆ سێ حەفتە راگرت، لە دوای بڕیاری کۆتایی دادگاکانی بەریتانیا لە تانەکەی بۆ بڕیاری گواستنەوەی، ئەمە لە کاتێکدا بوو دادگای باڵای لەندەن بڕیاریدا کە دەکرێت لە روانداوە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا ئەگەر تانەکەی سەرکەوتوو بوو، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی رایگەیاند، میکانیزمیكی یاسایی نییە تا جێبەجێی بکەین و زامنی گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە بکات لە وڵاتێکی ئەفریقییەوە.
لەم ماوەیەی دواییدا، پەرلەمانتاران و ئەندامانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، داوای کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو دەکەن لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی و میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ.
سەرۆکوەزیرانی پێشوو (دەیڤید کامیرۆن) دژی داوای ئەندامانی حزبەکەی بۆ هاتنەوە دەرەوە لە ئەنجومەنی ئەوروپی وەستایەوە، بەڵام پێیوابوو کە پێویستە گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ئەنجامبدرێت، چونکە بە پێی بۆچوونی ئەو هەڵەیە دادگاکە پێچەوانەی دەسەڵاتی پەرلەمانی بەریتانیا بێت.
بەڵام بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەرگای بە کراوەیی بەجێهێشت بۆ گریمانەی کشانەوەی لە میساقەکە تا ئاسانکاری بکرێت بۆ گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە.

هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ؟
بەریتانیا یەکەم دەوڵەت بوو لە ساڵی (1951) میساقەکەی پەسەندکرد، لە چوارچێوەی یاساکانی بەریتانیا پارێزگاری لێدەکرا بە پێی یاسای مافەکانی مرۆڤی ساڵی (1998) کە رێگەی دەدا لە دادگاکانی بەریتانیا ئەو مافانەی لە میساقەکەدا هاتووە جێبەجێبکرێت.
بەڵام حکومەت بەڵێنیدا دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ و گۆڕینی بە یاسایەکی تر، ئەمەش دوای بەڵێنی پارتی پارێزگاران بەچاکسازی یاساکانی مافی مرۆڤ دێت لە بەرنامەی هەڵبژاردنیاندا بۆ ساڵی (2019).
حکومەت دەڵێت، گۆڕانکارییە پێشنیارکراوەکان ئازادی رادەربڕین بەهێزدەکات، رۆڵی پەرلەمان دەخاتەوە پێگەی باڵای بڕیاردان، بەڵام ئۆپسزیۆن وایدەبینن کە چوارچێوە بۆ تایبەتمەندی و ئازادییەکان دروستدەکات و بوارێکی زیاتر دەدات بە حکومەت بۆ چاودێری هاوڵاتیان.


 لە بی بی سی وەرگیراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand