درەو:
رۆژنامەی (Daily Express)ی بەریتانی راپۆرتێكی بەدواداچوونی كردووە لەسەر دەستگیركردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و دەڵێت: ئەوان سەرەڕای ئەوەی دوو هاوڵاتی بەریتانین و هاوكاربوون لە كوژرانی ئوسامە بن لادن بەڵام لە ئێستادا لە زیندانن و فەرامۆشكراون.
لە دەقی راپۆرتەكەی (Daily Express)ی بەریتانیدا هاتووە:
خانەوادەی پیاوێکی بەریتانی کە یارمەتیدەر بووە لە كوژرانی ئوسامە بن لادن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دوای زیندانیکردنی لە عێراق، لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە پشتگوێ خراوە. لاهوور تاڵەبانی (٥١ ساڵ)، کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لەندەن گەورە بووە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا هەڵیانکوتایە سەر بارەگاو ماڵەكەی دەستگیر کرا.
لاهوور لە مانگی تشرینی یەکەمدا سزادرا، بە تۆمەتی ئەوەی لەگەڵ حزبەکەی خۆیدا (بەرەی گەل) پیلانگێڕیی کردووە بۆ ئەنجامدانی کودەتا دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دەسەڵاتداره لە ناوچەی سلێمانی لە کوردستان. ئەو و براکەی، پولاد (٤٨ ساڵ)، دوای ئەوەی خانەوادەكەیان لە سەردەمی دەسەڵاتی دڕندانەی سەدام حسیندا لە عێراق هەڵاتن، لە بەریتانیا گەورە بوون.
ئەو دوو برایە لە ساڵانی ٢٠٠٠ەکاندا گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لە تەنیشت هێزەکانی بەریتانیا و ئەمریکاوە یارمەتیی شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بدەن. لاهووری باوکی سێ منداڵ، کە برازای جەلال تاڵەبانی سەرۆککۆماری پێشووی عێراقە، سەرکردایەتیی گرووپی دژەتیرۆری (CTG) دەکرد کە هاوکاریی لەگەڵ سی ئای ئەی (CIA) و ئێم ئای سێکس (MI6) دەکرد بۆ لەناوبردنی توندڕەوە ئیسلامییەکان.
ئەو وەک کەسێک دەناسرێت کە کكەسێكی گرنگی دەستگیركردووە کە نامەیەکی لەلایەن سەرکردەی بەناوبانگی قاعیدە، ئوسامە بن لادنەوە بۆ سەرۆکی پێشووی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە لە عێراق پێ بووە. بەرپرسێکی ئەمریکی دواتر بە ئاژانسی ئەسۆشێیتد پریس وت کە دەستگیرکردنی ئەو پەیامبەرە «تاکە کلیلی سەرەکی بووە» بۆ دۆزینەوە و کوشتنی بن لادن لە حەشارگەکەی خۆیدا لە پاکستان لە ساڵی ٢٠١١دا.
خزمێکی نزیکی لاهوور کە لە لەندەن دەژی ڕایگەیاند کە خێزانەکە هەست دەکەن لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکان و وەزارەتی دەرەوەوە پشتگوێ خراون. ئەوان ئەو سزایەی بەسەریاندا سەپێنراوە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن مۆرکێکی سیاسی پێوەیە. ئەو گوتی: «لاهوور و پولاد هاووڵاتیی بەریتانین، و ئەوان یارمەتیی بەریتانیا و ئەمریکایان دا بۆ تێکشکاندنی داعش، کە یەکێک بوو لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان بۆ سەر ئاشتی لە سەردەمی مۆدێرندا.»
«لاهوور دەورێکی سەرەکی هەبوو لە دەستگیرکردنی پەیامبەرێك کە لەلایەن ئوسامە بن لادنەوە نێردراببوو، و ئەو زانیارییەی گەیاندە دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا و ئەمریکا. ئەو نامەیە یارمەتیی ئەمریکییەکانی دا تاوەکو بن لادن بدۆزنەوە.»
«ئەو یارمەتیی ڕۆژئاوای دا لە ڕاگرتنی یەکێک لە بەناوبانگترین تیرۆریستەکانی مێژوو، و ئێستا ئەو لە زینداندایە لەسەر تۆمەتێكی گاڵتەجاڕی.»
لاهوور لە دوای جێهێشتنی دەزگای دژەتیرۆرەوە، تێیدا لە نزیکەوە لەگەڵ هەواڵگریی بەریتانیا و ئەمریکا لەوانەش MI6 کارى کردووە، لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە رووی سیاسییەوە چالاک بووە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا، حزبی بەرەی گەڵی دامەزراند، بە مەبەستی ڕکابەریکردنی حزبی دەسەڵاتداری یەکێتی. ئەو هەروەها هاندەرێکی سەرسەختی یانەی لێڤەرپوولە و ناسراوە بەوەی یارمەتیی بونیادنانی «ئانفێڵدی عێراق»ی داوە لە یاریگای نەورۆز لە سلێمانی، کە یانەکەی خۆی (نەورۆز) تێیدا بە ڕەنگی سووری هاوشێوەی لێڤەرپوول یاری دەکات.
خێزانەکەی تۆمەتەکانی ئاراستەکراو بۆ سەر خۆی و براکەی ڕەت دەکەنەوە، کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو پیلانی گێڕاوە بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی، بافڵ تاڵەبانی، کە سەرۆکایەتیی یەکێتی دەکات و پێشتر لەلەندەن كاریكردووەو کوڕی سەرۆکی پێشووی عێراق جەلال تاڵەبانییە.
دەسەڵاتدارانی یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە لاهوور و پولاد دوای ئەوە دەستگیر کراون کە لە ٢٣ی ئابی ساڵی ڕابردوودا خۆیان ڕادەستی فەرمانێکی دادوەری نەکرد كە تۆمەتی كۆدەتاو پلانگێڕییان روبەروكرابووەوە، باس لەوە دەکرێت کە چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان لە هەردوو لا گیانیان لەدەست دا و ٥١ کەسیش بریندار بوون لە پێکدادانێکی چەکداریدا کە دڕۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) و چەکی قورسی تێدا بەکارهات.
هەردوویان (لاهور و پۆڵاد) لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو رووداوەدا ڕووبەڕووی تۆمەتی تری کوشتن دەبنەوە کاتێک لە مانگی کانوونی یەکەمدا دەگەڕێنەوە دادگا. خانەوادەی لاهوور و پولاد دەڵێن براکان لەلایەن هێزێکی سەربازییەوە هێرشیان کرابووە سەر و ناچار بوون بەرگری لە ماڵەکەیان بکەن.
