سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

null

دیدێك سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانی سیاسی ئێستای هه‌رێم

بڵاوکراوەتەوە لە : 18 تشرینی دووەم 2026

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

د. هەردی مێد- پاریس

 

له‌م كورته‌ بابه‌ته‌دا ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌ سه‌ر دوو كێشه‌ی سه‌ره‌كی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی سیاسه‌تكردن له‌ كوردستانی باشور بكه‌م، كه‌ به‌ ڕای من له‌وانه‌یه‌ زه‌مینه‌سازی بۆ تێگه‌یشتنێكی به‌رفراوانتر بۆ ئه‌و په‌شێوییه‌ سیاسی و ده‌ستگاییه‌ی له‌ هه‌رێم دروستبووه بكه‌ن. 

سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی یه‌كه‌م، پێموایه‌ گه‌مه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێم هێشتا ڕێساكانی پته‌و و دیارنین. له‌ هه‌لومه‌رجێكی وادا ئایا ده‌توانین سیاسه‌ت به‌ بێ ڕێسا بكه‌ین ؟ گه‌مه‌ی سیاسی وه‌ك هه‌ر گه‌مه‌یه‌كی دی پێیوستی به‌ ڕێسا هه‌یه‌، هاوتا كۆده‌نگی له‌ سه‌ر ڕێساكه‌.

ده‌رباره‌ی كێشه‌ی‌ دووه‌م، كه‌ به‌ دیدی من ماكی سه‌رهه‌ڵدانی دۆخی ئێستایه‌: ڕوونه‌دان یان به‌رپانه‌بوونی په‌ڕینه‌وه‌یه‌ له‌ ماڵ و لۆژیكی ماڵه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و بونیادی ده‌وڵه‌ت. پێموایه‌ سیاسه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی باشور به‌ ته‌واو‌ی له‌ نێو ماڵه‌كاندا قه‌تیسبووه‌ و توانای به‌ ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی و داهێنانی لۆژیك و نۆرمی تایبه‌ت به‌ خۆی نییه‌. ئایا لۆژیكی ماڵ ڕێگه‌ به‌ سه‌رهه‌ڵدانی لۆژیكی گشتی (پۆپلیك) ده‌دات ؟ به‌رژه‌وه‌ندی ماڵ (واته‌ تایبه‌ت) و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی (واته‌ گه‌ردوونی) ده‌توانن به‌ یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن ؟

 

له‌ خواره‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ردوو ئه‌م كێشه‌یه‌ تاوێك ده‌وه‌ستم و هه‌وڵده‌ده‌م چه‌ند سه‌ره‌داو و توخمه‌ وڵامێك پێشنیار بكه‌م.

 

كێشه‌ی یه‌كه‌م، سیاسه‌ت وه‌ك گه‌مه‌

یه‌كێك له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌ت كه‌ له‌ زمانی ئینگلیزی به‌ Politics ناوده‌برێت، به‌ كوردیش ده‌شێت به‌ <سیاسه‌تبازی> پێناسه‌ی بكه‌ین، بریتیه‌ له‌ ململانێ، پارسه‌نگی هێز و خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌ش یان به‌‌ ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن، كه‌ باوترین و تاكه‌ ڕێگایه‌ له‌ سیسته‌می دیمۆكراسی، یان به‌ یارمه‌تی كۆده‌تا و شۆڕش له‌ هه‌لومه‌رجی نادیمۆكراسی. سیاسه‌تبازی هه‌موو ئه‌و چالاكی و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ پێناو فراوانكردنی نفوز، به‌ده‌ستهێنان سه‌رمایه‌ی ماددی و ناماددی، به‌ ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات، تد ده‌نێنرێن. 

وه‌ك هه‌ر گه‌مه‌یكی دی، گه‌مه‌ی سیاسیش پێویستی به‌ ڕێسایه‌. له‌ راستیدا، سیاسه‌ت ئه‌و كاته‌ مومكین و جێی گه‌مه‌ و كردنه‌‌ كه‌ ڕێسا و نۆرمی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌بێ و په‌یوه‌ندی نێوان ململانێكه‌ران له‌ لایه‌ك و له‌ لایه‌كی دیش شێوازی ململانێكه‌ دیاری بكات. بۆ نمونه‌، كێ ده‌توانێت گه‌مه‌ی تۆپتۆپێن بكات، به‌ بێ ڕێساكانی ئه‌م گه‌مه‌یه‌؟ به‌ بێ ناوبژیوان؟ كێ ده‌توانێت گه‌مه‌ی دۆمینه‌، تاوڵه‌، كۆنكان، تد بكات به‌ بێ ڕێزگرتن له‌و ڕێسایانه‌ی هه‌ر یه‌ك له‌ گه‌مانه‌ ڕێكده‌خات و بونیاد و چوارچێوه‌ی یاریكه‌ و شێوازی كردنی پێناسه‌ ده‌كات؟

هه‌ر یه‌ك له‌م گه‌مانه‌، تا ئه‌و كاته‌ گه‌مه‌ن، كه‌ یاریكه‌ران به‌ پێی ڕێساكه‌ی گه‌مه‌كه‌ یاریكه‌‌ بكه‌ن و ڕێزی لێبگرن. ئه‌و كاته‌ی یه‌كێك له‌ گه‌مه‌كه‌ران فێل ده‌كات، پێشیلی ڕێساكه‌ ده‌كات، دۆخێك ده‌خوڵقێت كه‌ تێدا یان‌ یاریكه‌ران گه‌مه‌كه‌‌ به‌ جێده‌هێڵن، یان به‌ تۆڕه‌یی و له‌یه‌كترازان كۆتایی پێده‌هێنن. 

گه‌مه‌ی سیاسیش پێیویستی به‌ ڕێسا هه‌یه‌، به‌ڵام گرنگی و قورسایی ئه‌م ڕێسایانه‌ له‌ نێو خودی ڕێساكاندا نین، به‌ڵكو وابه‌سته‌ی ڕێز و كۆده‌نگی گه‌مه‌كه‌رانن. ده‌بێت ئه‌وانه‌ی گه‌مه‌ی سیاسی ده‌كه‌ن، به‌شداری پێشبڕكێ هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن، ده‌چنه‌ نێو گه‌مه‌ی هاوپه‌یمانیه‌وه‌، له‌ سه‌ر كۆی ڕێساكان كۆك بن. بۆ نمونه‌، دۆڕاو، قبوڵی دۆراوی خۆی بكات. براوه‌، قبوڵی هاوپه‌یمانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بكات...

به‌ دیدی من، گه‌وره‌ترین كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوونی كۆده‌نگیه‌ له‌ سه‌ر ڕێساكانی گه‌مه‌ی سیاسه‌ت، هاوتا پێشێلكردنی به‌رده‌وامی. بۆ نمونه‌، هه‌ڵبژاردن نه‌ ڕێگه‌ی گه‌شتنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌، نه‌ ئامرازی گۆڕینی. ئه‌و ڕێسا و نۆرمانه‌ی ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ده‌بن، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ون.  زۆری یان كه‌می ژماره‌ی كورسی فاكته‌ری بنه‌بڕ نییه‌، نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتن و دۆڕاویش نییه‌. له‌ لایه‌كی دی، نه‌بوونی ئاڵوێر له‌ ده‌سه‌ڵات، بوون و ئاماده‌یی هێزی ئۆپۆزیسیۆن بێمانا ده‌كات، ڕێگه‌ی مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیشی كوێرده‌كاته‌وه‌. كه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆران، نمونه‌یه‌كی گرنگ و ماناداری ئه‌م دۆخه‌یه‌ كه‌ تێدا له‌ به‌رده‌م نه‌بوونی ئه‌گه‌ری ده‌ستاوده‌تسكردنی ده‌سه‌ڵات، ورده‌ ورده‌ ده‌پۆكێته‌وه‌. 

بێگومان، ئه‌وه‌ی ڕێسا بۆ سیاسه‌ت دیاری ده‌كات، چاودێری ڕێزلێگرتنی ده‌كات، هاوتا مسۆگه‌ری به‌رده‌وامی ڕێساكان ده‌كات، ده‌ستگاكانن. كام ده‌ستگا؟ مه‌به‌ست له‌ ده‌ستگای باڵایه‌، په‌رله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی، ده‌ستور... واته‌ باڵاتر له‌ گه‌مه‌كه‌رانی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتدارتر له‌وان، به‌ شێوه‌یه‌ك توانای سه‌پاندنی ده‌رئه‌نجامی دوماهیی هه‌ر پێشبڕكێ و زۆرانبازیه‌كیان هه‌بێت. ڕێسای گه‌مه‌ی سیاسی، ڕاسته‌ به‌رهه‌می دانوساندنی به‌رده‌وامی گه‌مه‌كه‌رانه‌، به‌رهه‌می پارسه‌نگی هێز و ستراتیژی هه‌ریه‌ك له‌ مانه‌، به‌ڵام به‌ نۆرمبوون و پاراستنیان ته‌نها به‌ ده‌ستگایه‌كی باڵا و فه‌رماڕه‌وا مه‌یسه‌ر ده‌بێت. 

له‌ هه‌رێم ئه‌م ده‌ستگایه‌، بوونی نییه‌. نه‌ په‌رله‌مان، نه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له‌ خودی گه‌مه‌كه‌ به‌ده‌رنین و به‌شێكن له‌ گره‌وی گه‌مه‌كه‌، نه‌ك شوێن و گۆڕه‌پانی گه‌مه‌كه‌. 

 

كێشه‌ی دووه‌م، لۆژیك ماڵ

 

كۆمه‌لگه‌ی كوردی، وه‌ك زۆر كۆمه‌لگه‌ی دی، كۆمه‌ڵگه‌ی ماڵه‌، به‌ فه‌ره‌نسی Société à maisons. له‌م كۆمه‌ڵگایانه‌، ماڵ له‌ ئه‌ندامه‌كانی ناوی باڵاتره‌. كه‌رامه‌تی ماڵ، شه‌ره‌فی، ناووناوبانگی، تاكه‌كانی نێوی ده‌ڕه‌تێنن. باوك ده‌مرێت، جێگره‌وه‌ی ده‌مرێت، به‌ڵام ماڵ نامرێت. بۆیه‌ به‌رده‌وامی ماڵ، به‌ره‌باب، پشت، گره‌وی سه‌ره‌كی و خه‌باتی له‌ پێشینه‌یه‌. چۆن  و به‌ چی به‌رده‌وامی ماڵ مه‌یسه‌ر ده‌بێت؟ كۆمه‌ڵێ ستراتیژ مسۆگه‌ری به‌ر‌ده‌وامی ماڵ ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش : ژنوژنخوازی، نه‌وه‌خستنه‌وه‌ یان خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه‌، په‌روه‌رده‌ و فێركردن، كه‌ڵه‌كه‌كردنی سه‌رمایه‌ و داهات، پاراستنی میرات و مسۆگه‌ری سه‌لامه‌تی دابه‌شكردنی، تد. به‌ كورتی هه‌موو ئه‌م ستراتیژانه‌ به‌رده‌وامی ماڵ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن. به‌ڵام، له‌ هه‌موویان گرنگتر ستراتیژی خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك نه‌بوونی كوڕ، وجاغكوێرییه‌، كۆتایی و پچڕانی نه‌سله‌. بۆیه‌، ستراتیژی هاوسه‌رگیری، گه‌وره‌ترین خه‌م و خه‌باته‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ و به‌رده‌وامی دان به‌ ماڵ.

 

له‌ نێوان ئه‌م ماڵانه‌، گه‌وره‌ ماڵ هه‌ن، واته‌ ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارتر و خاوه‌ن نفوزی مرۆیی، ده‌ستگایی، حزبی و ئابورین‌ وه‌ك نمونه‌ی ماڵی بارزانی، هه‌روه‌ها ماڵی تاڵه‌بانی. گه‌ر یه‌كه‌میان، ته‌مه‌نی ١٥٠ ساڵێكه‌، دووه‌همیان ته‌نها١٠ ساڵێكه‌. خه‌باتی له‌ پێشینه‌ی هه‌ریه‌ك له‌م دوو ماڵه‌، خۆبه‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها هاوسه‌نگی هێزی ناوه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ئه‌م هاوسه‌نگییه‌ به‌ به‌رده‌وامی كار له‌ هاوسه‌نگی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، واته‌ له‌ هاوسه‌نگی كایه‌ی سیاسی ده‌كات. به‌ مانایه‌كی دی، كۆی هاوسه‌نگی كایه‌ی سیاسی، هاوتا هاوسه‌نگی پانتایی ده‌ستگاكان، وابه‌سته‌و و ملكه‌چی هاوسه‌نگی نێو ئه‌م دوو ماڵه‌ن. 

ڕێسای گه‌مه‌ی سیاسی، ڕه‌وتی هاوپه‌یمانی، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و بونیادنانی ده‌ستگا، هه‌موویان له‌ نێو ئه‌م ماڵانه‌، به‌ پێ به‌رژه‌وه‌ندی و ته‌ناهی ناوه‌وه‌ی ئه‌م مالانه‌، به‌ڕێوده‌برێن. به‌ كورتی، هه‌موو چالاكی و هه‌نگاوێكی سیاسی و ده‌ستگایی ده‌سته‌مۆ و به‌ بارمته‌گیراوی هاوسه‌نگی نێو ئه‌م ماڵانه‌ن. ئه‌م ماڵانه‌ ڕێگه‌ به‌ هیچ جوڵه‌ و بزاوتێك ناده‌ن گه‌ر مه‌ترسی بۆ هاوسه‌نگی ناوه‌وه‌یان و ته‌بایی ناوخۆییان دروست بكات. 

ئه‌م دوو ماڵه‌ ڕێگه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ده‌ستگاكان ده‌گرن، و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیان نییه‌ ده‌ستگاكان یان حكومه‌ت بببن به‌ شوێنی كه‌ڵه‌كه‌بوونی سه‌رمایه‌ ماددی و ڕه‌مزییه‌كان. بۆ ئه‌مان، ماڵ ده‌بێت كانگای سه‌رمایه‌ و دڵی ده‌سه‌ڵات بێت. له‌ لایه‌كی دیش، ماڵ ڕێگه‌ له‌ جیابوونه‌وه‌ی داهاتی ماڵ و داهاتی گشت ده‌گرێت، نایه‌ڵێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، هیچ پرۆژه‌، هیچ بونیاد، یان دامه‌زراوه‌یه‌كی  خه‌سڵه‌ت گه‌ردوونی دروست ببێت. 

 

له‌م كۆمه‌ڵگه‌ی ماڵ، سنوری داهاتی تایبه‌ت و داهاتی گشتی دیار نییه‌، یان سنورێكی لاواز و به‌رده‌وام به‌زێنراوه‌. له‌ راستیدا، لۆژیكی ماڵ نایه‌ڵێت به‌های گشتی و موڵكی گشتی (Public) دروست بێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ كوردستان، نه‌ میدیای گشتی هه‌ن، نه‌ ئابوری گشتی، نه‌ داهاتی گشتی...تد. ئه‌م دۆخه‌ نایه‌ڵێت هۆشیاری گشتیش دروست بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئاگایی گوند له‌ به‌رانبه‌ر ئاگایی شار، ئاگایی گه‌ڕه‌ك له‌ به‌رانبه‌ر ئاگایی ناوه‌ندی شار، ئاگایی شار له‌ به‌رانبه‌ر ئاگایی شار  دروست ده‌كات و نایه‌ڵێت له‌م زنجیره‌ په‌یوه‌ندیه‌شدا هۆشیاری باڵا و به‌زێنه‌ری سنوری گوند، گه‌ڕه‌ك یان شار سه‌رهه‌ڵبدات. 

 

 

له‌ كۆتاییدا، كێشه‌ی هه‌نوكه‌یی ئێمه‌ له‌ باشور، هه‌ر به‌ ته‌نها نه‌بوون یان ناڕوونی ڕێساكانی گه‌مه‌ی سیاسی نین، به‌ڵكو نه‌بوونی كۆده‌نگی و سازان له‌ سه‌ر ئه‌م ڕێسایانه‌، هاوتا نه‌بوونی هیچ زه‌مانێك بۆ ڕێزلێگرتن و پێشێلنه‌كردنیان. له‌ لایه‌كی دیش، كه‌ به‌ رای من كێشه‌ی سه‌ره‌كیه‌كه‌یه‌‌، لۆژیكی ماڵه‌، ماڵ نایه‌ڵێت هیچ په‌یوه‌ندی، یان ڕه‌ده‌ڵ و به‌ده‌ڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی یان ئابوری سه‌رهه‌ڵبدات، گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌ر هاوسه‌نگی ناوه‌وه‌ی، هاوتا ته‌ناهی و یه‌كگرتووی دروست بكات. له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی ماڵ، هه‌موو شتێك ده‌بێت به‌ بارمه‌ته‌ و ده‌كرێت به‌ قوربانی به‌رده‌وامی ماڵ و مسۆگه‌ری مانه‌وه‌ی. 

null

داهاتی گشتی (نەوتی و نانەوتی) عێراق لە (8) مانگی یەکەمی 2026

null

خۆداپۆشین بە قەیران

ئەمانەش ببینە

زیاتر ببینە
null

داگیرکردنی شوێن، لەناوبردنی یادەوەریی شار

null

کاتێک حیزب لە نیشتمان گەورەتر دەبێت و حیزب دەبێتە سنووری نیشتمان

null

تەمبەڵی عەقڵی و کۆمەڵگای جنێو!

null

ئێزدییەکان، یادەوەریی هاوبەش‌و داهاتوی یەکبونی نەتەوەیی کورد