عەفرین لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەڵمانیادا

Draw Media

2018-03-23 18:37:04




ژمارەیەك لە رۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەڵمانیا  بەیاخیان بە پرسی داگیركردنی كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانیاوە داوە و تیشكیان خستوەتەسەر بەتاڵانبردن و ئەشكەنجەدانی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو شارە و رەخنەشیان لە توركیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا و هەتا حكومەتی ئەڵمانیاش گرتووە.
رۆژنامەی هایلبرۆ نیر شتیمە نوسیوێتی :" ئەرۆدغان زۆر بێ‌ شەرمانە دۆخی هاوبەشی لە گەڵ ناتۆ و دەستەوستانی وڵاتانی رۆژئاوا دەقۆزێتەوە و لەگەڵ میلیشیا ئیسلامییەكاندا كە دوژمنی ئاشكرای پەیمانی ناتۆن، لەبەرئەوە دۆناڵد ترەمپ لەسەر حەقە كاتێك هۆشداریدەدا لەوەی كە توركیا هەڕەشە لە ئامانجێكی هاوبەش دەات كە خۆی لە لەناوبردنی یەكجارەكی داعشدا دەبینَتەوە، بەڵام ئەنكەرە روبەڕوبونەوەی هێزە  گەورەكانی خۆرئاوا بە كورتی "  لەراستیدا پێویستە  هاوبەشێكی لەم شێوەیە  لە ناتۆ دەربكرێت".
گۆڤاری " دێرشپیگڵ" لەسەر سایتە ئەلیكترۆنییەكەی  رەخنەی لە میلیشیا هاوپەیمانەكانی ئەردۆغان گرتووە كە بە " سوپای سوریای ئازاد" ناودەبرێن و نوسیوێتی:" سوپای توركیا لە شەڕیدا بەرامبەر بە كورد هاوپەیمانی لەگەڵ چەكدارە هەڵگەڕاوە سورییە ئیسلامییەكاندا كردووە و لە ژێر ئاڵای سوپای سوریای ئازاددا جموجوڵ دەكەن و لە راستیدا ئەمە هاوپەیمانێتی میلیشیاكانە و ئەم سوپایە نە سورییە و نە ئازادیشە، سوپای سوریای ئازاد بوەتە  ئامرازێك بەدەستی  توركەكانەوە و بە فەرمانی ئەردۆغان  ئێستا شەڕ لە دژی رژێمی ئەسەد ناكەن، بەڵكو شەڕ لەدژی یەكینەكانی پاراستی گەلی كورد دەكەن و بەمشێوەیە چەكدارەكانی سوپای سوریای ئازاد بە پارێزگاری تانكی لیۆپاردی ئەڵمانیی دەجوڵێن و پرۆسەی تاڵانكردن و تێكدان لە شەقامەكانی عەفریندا جێبەجێ دەكەن.. ئەوان هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و دوكان و بازاڕەكان و هەموو شتێك دەبەن كە دەكەوێتە بەر دەستیان لە خۆراك و ئامێری ئەلیكترۆنی و ماتۆڕ و پایسكیل و تراكتۆر و جلوبەرگ."
" دێر شپیگڵ"  نوسیوێتی:" لە عەفرین هاوپەیمانێتییەكی  نێوان نەتەوەپەرستە توركەكان و چەكدارانی ئیسلامی  زاڵە، سەربازانی توركیا لەسەر دیوارەكان وشەی " توركیا" دەنوسن و سڵاوی گورگی خۆڵەمێشی تایبەت بە راستڕەوە توندڕەوەكان لە یەكتر دەكەن، و چەكدارەكانی میلیشیاكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش پەنجەی تەوحید بەرزدەكەنەوە كە لە ساڵانی رابردوودا بوەتە سیمبوڵی سەلەفییەكان، دوای وردبوونەوە لە دیمەنەكانی عەفرین دەردەكەوێت كە شارەكە نەكەوتوەتە دەست رێكخراوی داعش، بەڵكو سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی داگیریان كردووە.
رۆژنامەی " شڤیشبە تسایتۆنگ"یش رەخنەی لە سوپای سوریای ئازاد گرتووە و نوسیوێتی:" سوپای سوریای ئازاد كە رۆژێك لە ململانێتی سوریادا هاوبەشی ئەوروپا بووە، تێكەڵەیەكە كاردانەوەكانی پێشینی ناكرێت و لە رادیكاڵ و جیهادییەكان پێكهاتووە و مەسیحیی و ئێزدییەكان ترسیان لە سوپای سوریای ئازاد هەیە و بە هەزارانیان لە عەفرین هەڵدێن.. بەلای حكومەتی توركیاوە  گرنگ نییە  كەی سوپای سوریای ئازاد لە كۆنترۆڵی دەردەچێت یاخود نا چونكە ئەو ئامانجی خۆی پێ بەدی هێناون،  هاتنەناوەی سوپای توركیا بۆ عەفرین ناكۆكە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتییدا و حكومەتی ئەڵمانیاش بێ دەنگی هەڵبژاردووە، ئەوەی جێگەی داخە كە سەركێشی دەكات و خۆی لە ململانێی دیپلۆماتییەوە دەئاڵێنێت كاتێك خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی بكات و  كاتێك هاوڵاتیانی ئەڵمانیا بەهۆكار مەبەستدار روبەڕووی دەستگیركردن دەبنەوە  فشاری رای گشتی بە پلەیەك بەهێزدەبێت كە حكومەتی ئەڵمانیا ناچار دەكات دەست بە جموجوڵ بكات، بەڵام لەم كارەساتە مرۆییەدا بەرلین بێ دەنگی هەڵبژاردووە، چونكە لە كۆتاییدا توركیا موشتەرییەكی وەفاداری چەكی ئەڵمانییە و بەمدواییە رەزامەندی دەربڕدرا لەسەر هەناردەكردنی چەك بە بەهای 14 ملیۆن یۆرۆ بۆ توركیا."
رۆژنامەی " فرانكفۆرتەر روندشاو" نوسیوێتی: نوێنەرانی كوردی سوریا هاوپەیمانن لەگەڵ خۆرئاوادا و تاكە هێزی عەلمانیین لە ناوچەكەدا.... لەبەرئەوەی توركیا سیاسەتی شەڕانگێزانەی رانەگرتووە، پێویستە  بەهیچ شێوازێك لە بواری ڤیزادا ئاسانكاری بۆ نەكرێت و یەكێتی گومركی لەگەڵدا فراوان نەكرێت و  چیتر چەكی تر بۆ ئەنكەرە هەناردەنەكرێت.


ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand