خەڵک لە داخی حکومەت سەرچڵی بە تەندروستی خۆیانەوە دەکەن

Draw Media

2020-06-01 21:10:26



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت

لە ئەمریكاو بەریتانیا حكومەت یارمەتی بزنسی بچوك و سەرمایەداران دەدات و دەستیان دەگرێت تاوەكو لەسەردەمی كەرەنتینەدا ئابورییەكەیان نەڕوخێت، لە هەرێمی كوردستان دۆخەكە پێچەوانە بووەتەوە، سەرمایەداران دەستی حكومەتیان گرتووەو یارمەتی دەدەن بۆ ئەوەی لەم قەیرانەدا نەكەوێت، لە بەریتانیا حكومەت (80%)ی داهات بۆ ئەو كەسانە دەگەڕێنێتەوە كە بەهۆی كەرەنتینەوە كارەكانیان لەدەستداوە، لە ئەمریكاش دەوڵەت هەفتانە (600) دۆلاریان دەداتێ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان حكومەت هیچ پرۆژەیەكی بۆ پاڵپشتی ئەو كەسانە نییە پرۆژەی بچوكیان هەیەو دەیەوێت پابەندیش بن بە كەرەنتینەو داخستی بازاڕو راگرتنی كارەكانیان، سەباری ئەمە موچەی فەرمانبەران چارەنوسی نادیارە، ئەگەرچی لەڕووی بونیادی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە زۆر لەیەكتر دورن، بەڵام (درەو) لەم راپۆرتەدا بەراوردكارییەك دەكات لەنێوان دۆخی كەرەنتینە لە كوردستان و ئەمریكاو بەریتانیا.

کەرەنتینەی دووەم
بەهۆی زیادبوونی ژمارەی ئەوانەی دوچاری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ "کۆڤید-١٩" بوون، جارێکی تر حکومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندو کەرەنتینەی بەکۆمەڵی خەڵکی دەستپێکرد.
راگەیاندنی قۆناغێکی نوێی کەرەنتینە لە هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ دواکەوتنی وادەی دابەشکردنی موچەی موچەخۆران و ئەو قەیرانە داراییە سەختەی کە حکومەت بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی تێیکەوتووە.
بەرلەوەی کەرەنتینەی دووەم رابگەیەنێت، لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، مەسرور بارزانی وتی: حکومەت ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارەو سەرباری ئەوەش هیچ پاشەکەوت و یەدەگێکی نییە.
کەرەنتینەی دووەم لەگەڵ هەواڵی مایەپوچبوونی حکومەت دەستیپێکرد، رەنگە کەرەنتینەکەی هەرێمی کوردستان یەکێک بێت لە خراپترین دۆخەکانی کەرەنتینە لە جیهاندا.
سەرباری ئەوەی زۆرێک لە خەڵکی لە مەترسی گەورەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێگەیشتوون، بەڵام فەراهەم نەکردنی دۆخی گونجاو بۆ کەرەنتینەکردنی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە، وایکردووە زۆر کەس سەرچڵی بە تەندروستی خۆیانەوە بکەن.

کەرەنتینە لە بەریتانیا
دۆخەکە لە وڵاتێکی وەکو بەریتانیا زۆر جیاوازە، بەریتانییەکان ئەمرۆژانە  ساتەکانیان لەسەردەمی کۆرۆناو کەرەنتینەدا بە باشی بەڕێدەکەن، چێژ دەبین لە پشوودان و مانەوە لەماڵەوە، دورکەوتنەوە لە کارگەو کاری بەردەوام کە تێیدا مرۆڤ وەکو ئامێری لێهاتبوو.
پشكۆ حەمە فەرەج یەکێک لەو کوردانەیە کە بەم ساڵانەی دوایی رووی لە بەریتانیا کردووەو لەوێ لەگەڵ هاوسەرو منداڵەکەیدا ژیان بەسەردەبات.
پشکۆ کە خۆی نوسەرو چاودێری سیاسییە، لەبارەی دۆخی کەرەنتینە لە بەریتانیا بە (درەو)ی وت:" بەهۆی كەرەنتینەوە ئەوانەی كە لە ماڵەوەن، هەموویان (80%)ی موچەكانیان بۆ دابینكراوە، بەكەرتی تایبەت و حكومیشەوە.
پشکۆ دەڵێ: لە بەریتانیا ئەگەر كرێكارێك پێشترو بەر لەقۆناغی کەرەنتینەو لەکاتی کارکردنیدا بڕی (هەزار پاوەن)ی وەرگرتبێت، ئێستا کە کارناکات و لەماڵەوە لە کەرەنتینەدا پشوو دەدات بڕی (٨٠٠ پاوەن) وەردەگرێت، بەبێ ئەوەی هیچ كارێك بكات.
پشکۆ یەکێک لەو کەسانەیە کە بەهاوبەشی کاری خۆیان هەیە، بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە ئێستا کارەکەی راگرتووەو سودمەند بوو لەو پاڵپشتییەی کە حکومەت پێشکەشی هاوڵاتیانی دەکات بۆ دەربازبوون لەقەیرانەکە.
"لە بەریتانیا ئەوانەی كار بۆخۆیان دەكەن و بزنسی بچوکیان هەیە ژمارەیان زیاتر لە (٥ ملیۆن) كەسە، ئەم توێژە کە لەم کاتی کەرەنتینەدا کارەکانیان راوەستاوەو زیانیان پێگەیشتووە، حکومەت بڕیاریداوە قەرەبوویان بکاتەوە، قەرەبوەکەش ئەوەیە حکومەت رێژەی ٨٠٪ی ئەو داهاتەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە کە بەر لە کەرەنتینە لە کارەکانیان دەستیان کەوتووە".
حکومەت لە بەریتانیا لەکاتی کەرەنتینەدا خەرجیەکانی زیادکردووەو کەم نەبوەتەوە، پارەی تایبەت بە پاڵپشتی منداڵان کە مانگانە (٣٨٠ پاوەند)ە بۆ هەر منداڵێک وەکو خۆی ماوەتەوەو خێزانەکان سودمەند دەبن لێی، سەرباری ئەمە هەموو بزنسێكی بچوك وەكو کاری دوكانداریی و چێشتخانەو سەرتاشخانەکان، حكومەت لەکاتی کەرەنتینەدا (١٠ هەزار) پاوەندی وەکو پاڵپشتی پێداون و چانسێکیشی خستوەتە بەردەمیان بۆ سودمەندبوون لە بڕی (هەزار بۆ ٥٠ هەزار) پاوەند وەکو قەرز، لایەنی باشی قەرزەکە ئەوەیە هیچ سودێکی ناچێتەسەر لە ماوەی ساڵێكداو ئەوانەی وەریدەگرن دواتر بەپێی ئەو داهاتەی دەستیان دەکەوێت دەیگەڕێننەوە بۆ حکومەت، ئەمانە هەمووی بۆ ئەوەیە کارو کەسابەتی خەڵک نەکەوێت.
بەپێی قسەی پشکۆ حەمەفەرەج، لە قۆناغی یەكەمدا، (٧ هەزار) سمۆڵ بزنس هەریەكەیان بەبڕی (١٠ هەزار) پاوەند سودمەندبوون لە قەرزەکەی حکومەت، بەهای ئەو پارەیەی کە حکومەت بە قەرز داویەتی بە خاوەن بزنسە بچوکەکان تەنیا لە ئینگلاند رێژەکەی گەیشتووەتە نزیكەی (٧ ملیار) پاوەن.
لە بەریتانیا حكومەت زیاتر لە (٣٥٠ ملیارد) پاوەنی تەرخانكردووە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانی كۆرۆنا، سەرباری ئەمە خاوەن موڵکەکان ناتوانن فشار لە کرێچییەکانیان بکەن بۆ پێدانی کرێی مانگانە، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ خەڵکەو وتویەتی" ئێمەتان لە پشتە".
خەڵک بەمشێوەیە لە بەریتانیا رۆژانی کەرەنتینە بەڕێدەکات.

کەرەنتینە لە ئەمریکا
لە ویلایەتە یەکگرتووەکانیش، ئیدارەی دەوڵەت بڕی (٢ ترلیۆن) دۆلاری تەرخانکردووە بۆ روبەڕووبونەوەی کۆرۆنا.
یەحیا بەرزنجی رۆژنامەنووس کە چەند ساڵێکە کوردستانی بەجێهێشتووەو لە واشنتۆنی پایتەخت دەژی، لەبارەی دۆخی کەرەنتینە لە ئەمریکا قسەی بۆ (درەو) کردو وتی:" هەموو ئەو کەسانە کە پێشتر تاکس- باجیان داوە، ئێستا کە بەهۆی کەرەنتینەوە بێکاربوون، دەوڵەت بۆ هەر کەسێک بڕی (هەزارو ٢٠٠ دۆلار)ی پێداون، ئەم پارەیە لەدوای کەرەنتینەوە یەکجار دابەشکراوەو بڕیار بەمزوانە جارێکی دابەش بکرێتەوە".
سەرباری ئەمە، هەرکەسێک کە بەهۆی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا کارەکەی لەدەستداوە، هەفتانە بڕی (٦٠٠ دۆلار) دەخرێتە سەر ژمارە بانكییەكەی، کۆی گشتی ئەم پارەیە مانگانە دەكاتە (٢ هەزارو ٤٠٠) دۆلار، بەم پارەیە خەڵکی دەتوانن خەرجی کرێ خانوو و کارەباو پێداویستییەکانی بژێوییان دابین بکەن.
لە ئەمریکا دەوڵەت پاڵپشتی لە بزنسی بچوک دەکات بۆ ئەوەی نەکەوێت، ئەوانەی  ئەم جۆرە کارانەیان هەیە، وەکو پاڵپشتی بۆ خۆڕاگرییان لەم قەیرانەدا، دەوڵەت هەریەکەیان بڕی (١٠ هەزار) دۆلاریان پێدەدات.
لە فەرهەنگی سیاسی ئەمریکادا حکومەت پێی دەوترێت "ئیدارە"، ئیدارەی ئەمریکا بۆ پاراستنی خەڵک لە لێکەوتەکانی قەیرانی کۆرۆنا چەندین رێوشوێنی تری گرتوەتەبەر، لەوانە بانکەکان ئاگادارکردەوەوە لەوەی نابێت لەم کاتەدا کە خەڵک کارناکەم، ناچار بکرێن بە پێدانەوەی ئەو قەرزانەی کە لەسەریانە.

کەرەنتینە لە هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان حکومەت هیچ بڕە پارەیەکی دیاریکراوی بۆ روبەڕووی قەیرانی کۆرۆنا رانەگەیاندووە، لەسەرەتای قەیرانەکەوە خەزێنەی دارایی حکومەت مایەپوچ بووە.
لە بەریتانیاو ئەمریکا حکومەت چاودێری سەرمایەداران و خاوەن کارەکان دەکات و دەستیان دەگرێت تاوەکو لەم قەیرانەدا نەکەون، لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، لە سەرەتای قەیرانی کۆرۆنا سەرمایەداران بڕی (٢٠ ملیۆن) دۆلاریان کۆکردەوەو دەستی حکومەتیان گرت تاوەکو نەکەوێت، سەرباری ئەمە حکومەت بۆ دابینکردنی موچەیەک بەر لە جەژنی رەمەزان بۆ موجەخۆران، قەرزی لەسەرمایەداران کرد.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هەرێم لە وتارێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە باسی لەوەکرد، رێژەی ٨٠٪ی داهاتی حکومەت بۆ موچەی موچەخۆرانە، موچەخۆرانیش خۆیان رێژەی ٢٠٪ی کۆی دانیشتوانی هەرێم پێکدەهێنن، بەپێی ئەم هاوکێشەیە کە ئێستا حکومەت ناتوانێت موچە لەکاتی خۆیدا بۆ موچەخۆران دابین بکات، رێژەی ٢٠٪ی خەڵکی کوردستان بژێوی ژیانیان مەترسی لەسەرە، ٨٠٪ی تری خەڵکیش کە پشتیان بە کارکردن لە کەرتی تایبەتی و بزنسی بچوک لە نمونەی دوکانداری و کاری تر بەستووە، ئێستا بەهۆی راوەستانی کارکانیانەوە سەرچاوەی بژێوییان لە دەستدەدەن.
حکومەتی هەرێم هیچ پاڵپشتییەکی دارایی دیاریکراوی بۆ ئەو کەسانە نیە کە لە کەرتی گشتیدا کارناکەن و خۆیان پرۆژەی بچوکیان هەیە، ئەم توێژە زەرەرمەندی سەرەکی قەیرانی کۆرۆناو کەرەنتینەن.
تاکە پاڵپشتییەکی کردەیی حکومەت بۆ خەڵک لە کاتی کەرەنتینەدا، کڕینی سەلەی خۆراک و دابەشکردنیەتی بەسەر خەڵکانی کەمدەرامەتدا، ئەمەش لەو پارەیە جێبەجێ دەکرێت کە سەرمایەداران لە هەڵمەتێکدا بۆ حکومەتیان کۆکردەوەو بڕەکەی (٢٠ ملیۆن) دۆلار بوو، (١٠ ملیۆن) دۆلاری بۆ وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و (١٠ ملیۆن) دۆلارەکەی تری بۆ وەزارەتی تەندروستی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand