كۆرۆنا لە هەڵكشاندایە 

Draw Media

2020-05-30 21:48:59



راپۆرتى: درەو
درێژەی شەپۆلی یەكەمەو ژمارەكان روو لە هەڵكشانە، ئەگەرچی بۆ ماوەیەك خۆی ونكرد، بەڵام سەختتر دەركەوتەوە، ئەمجارە لەبری ئەوەی تیمە تەندروستییەكان بەدوای توشبووەكان بگەڕێن، توشبوەكان خۆیان لە دەرگای نەخۆشخانەكان دەدەن، ئەمە قۆناغێكی نوێی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە هەرێمی كوردستان كە هەندێك كەس تائێستا بە چاوێكی سیاسییەوە لێی دەڕوانن و ئامادەنین وەكو راستییەكی بێ چەندوچوون وەری بگرن.

بۆچی كۆرنا دەركەوتەوە ؟
بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پێش هەموو وڵاتان سەركەوتنیان بەسەر كۆرۆنادا راگەیاند، ئەمە سەركەوتنی تەواوەتی نەبوو، سەركەوتنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكەو كاریگەرییە نەرێنییەكانی بوو لەسەر كەمی ژمارەی توشبوان لە هەرێم بەبەراورد بە زۆر ناوچەی تر لە جیهان، بەڵام ڤایرۆسەكە جارێكی تر دەركەوتەوە، هەندێك كۆرۆنای ئەمجارە بە كۆرۆنایەكی جیاوازو قورستر ناودەبەن، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە ئەمجارە لەناو توشبووەكاندا كەسانی گەنج هەن و دۆخی تەندروستییان خراپە. 
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو)، دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان باسی لەوەكرد" شتێك نیە بەناوی كۆرونای پێشوو و ئێستا، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 ئێستا جیاواز نیە لەگەڵ مانگەكانی پێشوو بەڵكو بەردەوامی و درێژكراوەی شەپۆڵی یەكەمە.
وەزیر دەڵێ:" ژمارەی تووشبووان زیاتر بووەو لە هەڵكشانێكی دیكەدایە لەگەڵ بوونی ژمارەیەك لە نەخۆشەكان بە نیشانەكانی نەخۆشیەكەوە".
وەزیری تەندروستی هۆكاری زیادبوونی ژمارەی توشبووان دەگەڕێنێتەوە بۆ سێ هۆكار:
🔹 زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لە عێراق و شاری بەغداد.
🔹 پابەندنەبوون و بەهەند وەرنەگرتنی رێنماییەكانی خۆپارێزی لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
🔹 بوونی بەركەوتنی زیاتر لەناو كۆمەڵگەو قەرەباڵغی.
لە هەندێك لە وڵاتان لە نمونەی ئەمریكا كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام باسی لێوەدەكات، زیادكردنی ژمارەی پشكنینی رۆژانە بۆ خەڵك بووە هۆی زۆربوونی ژمارەی توشبووان یاخود دۆزینەوەی ژمارەیەكی زیاتر لە توشبووان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ژمارەی پشكنینەكان بەبەراورد بە سەرەتا زیادی نەكردووە كەچی ژمارەی توشبووان روو لە زیادبوونە.

كارەسات رودەدات !
سەرەتای مەترسی دۆخی نوێی كۆرۆنا لە شاری سلێمانییەوە دەركەوت، دكتۆر یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی سلێمانی "تكا" لە هاوڵاتیان دەكات پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن، ئەو دەڵێ:" كارەسات روودەدات دڵنیابن، دۆخەكە مەترسیدارە".
سەرباری ئەم دۆخە نوێیە، پارێزگای سلێمانی نایەوێت جارێكی قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ رابگەیەنێت.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی وتی: ئێمە لەگەڵ قەدەغەی تەواوی هاتوچۆدا نین، چونكە پێمانوایە دوای ئەو قۆناغەی پێشوو، هەموو رێگاكان بۆ ئەوە بوو رێگە لە پەتای كۆرۆنا بگرین، كۆرۆنا بەدوای خۆیدا دوو كاریگەری گەورەیە هێناوە:
🔹 یەكەم: بژێوی و كارو كەسابەتی خەڵكە
🔹 دووەم: داهات و ئابوری دەوڵەتە 
هەردووكیان لەژێر هەڕەشەكی گەورەتردان كە لە كۆرۆنا خۆی مەترسیدارترن. 
ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ لیژنەی باڵای تەندروستی عێراق كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی دەكات بۆ ماوەی (١٤) رۆژ قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆی راگەیاندو لە ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سیاسەتی نوێی روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لە سلێمانی وەكو ئەوەی پارێزگار وەكو سەرۆكی لیژنەی روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا باسی دەكات، لەسەر دوو بنەما راوەستاوە:
🔹 یەكەم: توندكردنەوەی رێكارەكان و چاودێریكردن و پشكنین و بەدواداچونی زیاتر لەلایەن فەرمانگەكانی دەوڵەتەوە، بەتەندروستیشەوە.
🔹 دووەم: بەرزكردنەوەی ئاستی خۆپارێزی هاوڵاتیان كە لە هەمووشتێك گرنگترە، لەلایەك دەبێت هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن، پەیڕەوی رێنماییە تەندروستییەكان بكەن، ئەوی دیكەشی كاری دەمودەزگاكانی دەوڵەتە كە دەبێت ئەو رێكارانە، زۆر توندتر بكەنەوە لەوەی هەیە.


لەماوەی (٢٤) كاتژمێری رابردوودا لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە (31) حاڵەتی نوێی كۆرۆنا تۆماركراوە، ئێستادا لە سلێمانی (116) توشبوی لە نەخۆشخانەكاندان، (١٠) كەسیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرەو پێویستیان بە ئۆكسجینە، توشبویەك دوێنێ گیانی لەدەستداو دۆخی توشبویەكی تریش مەترسیدارە.

پسپۆران چی دەڵێن ؟
دكتۆر زانا حەمید پسپۆڕی بواری كۆرۆنا كە لە سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكەوە لە هەرێمی كوردستان لە هێڵی پێشەوەی شەڕەكەدایە، هۆكاری زیادبوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لە سلێمانی و هەرێمی كوردستان بەگشتی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە" خەڵك متمانەیان بەو هەنگاوانە نەبووە كە پێشتر بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكە گیراونەتەبەرو بارودۆخەكەیان بە هەندوەرنەگرتووە".
دكتۆر زانا كە لە زانكۆی لیڤەرپوڵی بەریتانیا بڕوانامەی دكتۆرای لە كۆرۆنادا بەدەستهێناوە، لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" جاری پێشوو ئێمە خۆمان هەڵگرانی ڤایرۆسەكەمان دەدۆزیەوە، بەڵام ئێستا دڵنیاین ئەگەر بە شێوەی هەڕەمەكی تێست وەربگرین ژمارەیەكی زۆری توشبوو هەیە، تێكەڵی زۆری هەیەو ڤایرۆسەكە چوەتەوە ناو خەڵكەوە".
"جاران ئێمە بەدوایدا دەگەڕاین و سەمپڵمان وەردەگرت و نەماندەهێشت ڤایرۆسەكە بڵاوبێتەوە، ئەوە كاری سەرەكیمان بوو كە سەری گرت و ئەنجامی هەبوو سەركەوتووش بووین، بەڵام ئێستا رەنگە كەسانێك چوبێتنە ئێران یان پارێزگاكانی عێراق و گەڕابێتنەوە، ئەوانە ڤایرۆسەكەیان هێناوەتەوە، بەرپرسیارێتی بڵاوبونەوەكەو مردنی هەر كەسێكیش دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان، ئێستا وەك پێشتر سەرچاوەی ڤایرۆسەكە روون نیە".
سەرباری ئەمانە دكتۆر زانا پێی وایە هێشتا نەگەیشتوینەتەوە ئەوەی بڵێن لە زۆنی مەترسیداین، هێشتا ژمارەكان ئەو ژمارەیە نین كە زۆر مەترسیدار بن، هێشتا ئومێدێك هەیە ئەگەر فریای بكەوین، ئەگەر چوارچێوەیەك بۆ ئەوانە دروست بكەین كە ڤایرۆسەكەیان هێنایەوەو خەڵكی دیكەشیان توش كرد.
جیهان رۆژ لەدوای رۆژ بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دوچاری زیانی گەورەتر دەبێت بەتایبەتی لەڕووی تەندروستی و ئابورییەوە، هەمووان چاویان لەوەیە شارەزایانی تەندروستی هەواڵی دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە كۆڤید-١٩ رابگەیەنن، بەڵام تائێستا ئاسۆی چارەسەر نادیارە.


پرۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ئارام گەڵاڵی بە (درەو)ی رایگەیاند، لە دوو لاوە پێشكەوتن لە روبەڕووبونەوەی كۆرۆنادا رویداوە:
🔹 یەكەم: تێگەیشتن لە سروشتی نەخۆشییەكە ئێستا زۆر چوەتە پێشەوە، لەو ڕووەوە ڤایرۆسەكە چۆن كاریگەریە لەسەر خانەكان دەكات ؟ چۆن لە خانەیەكەوە بۆ خانەیەكی تر بڵاودەبێتەوە ؟، زۆر هەنگاوی باش نراوە، وێنەكە خەریكە روندەبێتەوەو تەمومژی لەسەر لادەچێت.
🔹 دووەم: كۆمەڵێك دەرمان بەشێوەی جیاواز جیاواز، كە یارمەتی خانەكان دەدات بۆ كوشتنی ڤایرۆسەكە، یان كۆكتێلی دەرمانی تر، ئەمانە هەمووی لە تێستدان، تێستەكان بە شێوەیەك دەكەن كە جیاواز بێت لە دەرمانی دیكە، تێستەكان بە قۆناغ قۆناغ دەڕوات، تێستی یەكەم و دووەم و ئینجا تێستی سێیەم، بەڵام بۆ كۆرۆنا دەیانەوێت تێستەكان هەموویان بەیەكەوە بكەن، بەمەرجێك لەسەر سەلامەتی (safety)ى و  كوالیتی دەرمانەكە نەكەوێت.
دكتۆر ئارام گەڵاڵی پێشبینی دەكات تاوەكو كۆتای ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو دەرمانێك بۆ ڤایرۆسی كۆڤید-١٩ بدۆزرێتەوە.

 

كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستانبەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی: 
🔹 ژمارەی توشبوو (606) توشبوو
🔹    ژمارەی چاكبوو (409) چاكبوو
🔹    ژمارەی مردوو (6) كەس
🔹 ژمارەی ماوە لە نەخۆشخانە (191) كەس 
سەرباری زۆربوونی ژمارەی توشبووان، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێت لە هەرێمی كوردستان پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە وەكو سەرەتای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە نییە.
بەهۆی رێوشوێنێ خۆپارێزی لە ڤایرۆسەكە بەتایبەت لە دەروازە سنورییەكان، داهاتی ناوخۆی وەكو سەرچاوەیەكی گرنگی دارایی حكومەت زیانی گەورەی بەركەوت، بەڵام لەڕووی تەندروستییەوە ئەنجامی باشی هەبوو، ئایا حكومەت جارێكی تر لەپێناو تەندروستی گشتیدا باجی بە سەرچاوەی داهاتی ناوخۆ دەدات یاخود لەپێنا خۆپاراستن لە توڕەیی خەڵك و هەڕەشەی خۆپیشاندان لە حاڵی دواكەوتنی موچەدا، نایەوێت جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆسەر رێگاكەی پێشتر ؟ 
سەرچاوە بێلایەنەكانی بواری پزیشكی لە هەرێمی كوردستان كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون جەخت لەسەر راستیی مەترسی ئەم دۆخە نوێیە دەكەن، بەڵام لای زۆر كەس بابەتەكە رەهەندێكی سیاسی بەبەردا كراوەو پێیانوایە قسەكردن لەبارەی زۆربوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا بۆ ترساندنی خەڵكە لە سازدانی هەرجۆرە خۆپیشاندانێكی ناڕەزایەتی دژ بە حكومەت لەم كاتەدا كە كابینەی مەسرور بارزانی دوچاری قەیرانی دارایی بووە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand