سێ سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق

Draw Media

2020-05-30 08:29:02



توێژینەوە: د. عابد خالید ڕەسووڵ
" ئاسۆی بەردەوامبوونی پرۆسەی بەفیدراڵیكردنی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا لێڵ و تەماوییە، ئەمە جگە لەوەی كە دەركەوتنی كورد و هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەری سەرەكیی هەڵسووڕاندن و بەرگریكردن لەم پڕۆسەیە، جۆرێك لە لاوەكیبوون و تاك ڕەهەندیی بە ئامانجەكانی پڕۆسەكە بەخشیوە، بە جۆرێك لای زۆرێك لە هێز و پێكهاتەكانی تر و عێراقی فیدراڵی وەك ئامرازێكی هەلپەرستانەی كورد بۆ بە لاوازی هێشتنەوەی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا سەیر دەكرێت" ئەمە بەشێكە لە توێژینەوەیەكی ئەكادیمی كە لەلایەن د. عابد خالیدەوە نوسراوەو لە ژمارەی یەكەمی  گۆڤاری (ئاییندە ناسی)دا بڵاوكراوەتەوە، كە دوو مانگ جارێك لە لایەن “سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی” دەردەچێت.
د. عابد خالید لە توێژنەوەكەیدا سێ سیناریۆ بۆ داهاتووی عێراق دەخاتە روو:
سیناریۆی یەكەم: وا پێشبینی دەكات كە تاكە ڕێگەچارە بۆ چارەسەركردنی گرفتە ئیتنی و مەزهەبییەكانی عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەوڵەتە بۆ  دوو دەوڵەت یان زیاتر، لەسەر بنەمای نەتەوەیی (كورد و عەرەب)، یان نەتەوەیی و مەزهەبی (كورد و سوننە و شیعە).   سیناریۆی دووەم: وا پێشبینی دەكات كە وردە وردە حكومەتی ناوەندی بەرەو بەهێزبوونەوە بڕوات، بە شێوەیەك كە بتوانێت بەتەواوی كۆنترۆڵی سەربەخۆیی دیفاكتۆی هەرێمی كوردستان بكات، بەمەش عێراق جارێكی تر بۆ فۆڕمی دەوڵەتی یونیتاری بگەڕێتەوە و ئەو ئەزموونە فیدراڵییە ناكامڵەی كە ئێستا هەیە، بەتەواوی شكست بهێنێت.
سیناریۆی سێیەم: لە سایەی نەبووی زەمینەی تەواو بۆ بەدیهاتنی هەردوو سیناریۆی پێشوو، وا پێشبینی دەكرێت كە باشترین سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق بریتی بێت لە دەستگرتن بەو بژاردەی فیدراڵییانەوە، لە پێناو بەرقەراركردنی سەقامگیریی زیاتر و لێبڕان بۆ باشكردنی ژیانی هاوڵاتییان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی وڵات.

 

دەقی توێژینەوەكە

پێشەکی
بەگشتی وڵاتان بە دوو فۆڕم ڕێک خراون، یەکەمیان (دەوڵەتی موەحد – Unitary State)ە، کە تیایدا یەک حکومەت کاروبارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەڕێوە دەبات، زۆربەی وڵاتانی جیهانیش لەم فۆڕمەن. بەڵام دووەمیان (دەوڵەتی ئیتیحادی - State Federal)ە، کە تیاید دوو ئاست لە حکومەت هەیە و هەریەکەیان بەپێی دەستوور بەشێک لە کاروبارەکان بەڕێوە دەبەن، لە ئێستا تەنها نزیکەی (٢٥) دەوڵەت لەم فۆڕمەن. ئامانج لە بونیادنانی دەوڵەتیش بە شێوەی فیدراڵی، بە پلەی یەکەم گونجاوییەتی بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا فرەییەکان لە ڕووی ئیتنی و کولتوورییەوە، هەروەها بۆ ئەو وڵاتانەش گونجاوە کە قەبارەیان گەورەیە یان ژمارەی دانیشتووانیان زۆرە. وڵاتی عێراقیش لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣، هەلی دووبارە بونیادنانەوی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی بۆ ڕەخسا، بە ئامانجی تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە حوکمی مەرکەزیی ستەمکاری ئەتنی و مەزهەبی. ئامانج لەم توێژینەوەیەوە، هەوڵدانە بۆ پێشبینیکردنی ئایندەی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، هەوڵ بۆ وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێک دەدات، وەک: ئایا تا چ ڕادەیەک تایبەتمەندی و بنەماکانی پڕۆسەی بەفیدراڵیکردن لە عێراقدا چەسپیوە؟ گرفتەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە چین؟ داهاتووی ئەم پڕۆسەیە بە چی دەگات؟ ئەی گرنگترین سیناریۆکانی ئایندەی چین؟


تەوەری یەکەم: چەمکی دەوڵەتی فیدراڵی و تایبەتمەندییەکانی
لە پێناو دۆزینەوەی گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی فیدراڵیزم لە عێراق و وێناکردنی ئایندەی ئەم جێبەجێکردنە، پێویستە سەرەتا تێگەیشتنێکی گشتی سەبارەت بە چەمکی فیدراڵیزم لە ڕووی پێناسە و گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بخەینە ڕوو، بەم شێوەیە:
یەکەم: پێناسەی دەوڵەتی فیدراڵی
لە ڕووی زانستییەوە، زانایان و توێژەرانی هەردوو بواری یاسای دەستووری و زانستی سیاسەت، پێناسەی زۆر و جۆراوجۆریان بۆ دەوڵەتی فیدراڵی کردووە، ئەمەش بەپێی جیاوازیی ئاڕاستەی بیرکردنەوەیان، کە بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو ئاڕاستەدا:
ئاڕاستەی یەکەم: لە پێناسەکردنی دەوڵەتی فیدراڵیدا، زیاتر پێداگری لەسەر ئەو ڕێکخستنە دەستووری و پێکهاتە دامەزراوەییانە دەکاتەوە کە دەکرێت لە بونیادنانی ئەم جۆرە دەوڵەتەدا بەرجەستە بکرێن. بۆیە دەبینین "مارسیل پریلۆ" وا پێناسەی دەکات کە بریتییە لە: "یەکێتیی چەند دەوڵەتێک، کە لە هەندێک بواردا ملکەچە بۆ یەک دەسەڵاتی ناوەندی (حکومەتی فیدراڵی) و لە هەندێک بواری تردا سەربەخۆییەکی دەستووری و کارگێڕی و دادوەریی تا ڕادەیەک فراوانی تایبەت بە خۆیان هەیە (دەسەڵاتی هەرێم و دەوڵەتە یەکگرتووە ئەندامەکانی ناو یەکێتییە)( )." لای "ولیام هـ. ڕایکەر"، دەوڵەتی فیدراڵی: "ئەو ڕێکخستنە سیاسییەیە کە تیایدا چالاکییەکانی حکومەت دابەش کراوە لەنێوان حکومەتی هەرێمەکان و حکومەتی ناوەندیدا، بە شێوەیەک کە هەر جۆرێک لەو حکومەتانە بەشێک لە چالاکیی پێ بدرێت کە تیایدا بڕیاری کۆتایی دروست بکات( )." لای "د. حەمید حەنوون خالد"یش بریتییە لە: "یەکگرتنێکی یاسایی، کە لەسەر بنەمای بەڵگەنامەیەکی دەستووری پێک دەهێنرێت و تیایدا هەر دەوڵەتێکی ئەندام ملکەچە بۆ ئەحكامەکانی ئەو دەستوورە کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی ئەم دەوڵەتانە و حکومەتی یەکێتییەکە ڕێک دەخات، هەروەها ئەو دەسەڵاتانەش کە هەر لایەک لەو حکومەتانە دەتوانن پیادەی بکەن؛ دیاری دەکات( )."
ئاڕاستەی دووەم: لە پێناسەکردنی دەوڵەتی فیدراڵیدا، زیاتر جەخت لەو بنەمایانە دەکاتەوە کە لەسەریان دروست بووە. بۆیە دەبینین "ئەلبێرت دایسی" وا پێناسەی دەوڵەتی فیدراڵی دەکات، کە بریتییە لەو: "ڕێکخستنە سیاسییەی کە ئامانج لێی، سازاندن بێت لەنێوان یەکێتیی نیشتمان و پاراستنی مافی هەرێمەکان( )." لای "جاك باگنار": "کڵێشەیەکی ڕێکخستنە، کە هەوڵ بۆ سازاندن لەنێوان فرەیی و یەکێتی لە چوارچێوەی چەمکی ڕێزگرتنی هەریەک لەوەی دی دەدات( )." لای "دانیال ج. ئیلیازەر"یش، دەوڵەتی فیدراڵی بریتییە لە: "دابەشکردنی بنچینەییانەی دەسەڵات لەنێوان چەند ناوەندێکی فرەدا...، نەک گواستنەی دەسەڵات لە یەک ناوەندەوە یان لە دڵی هەرەمێکەوە( )."
کەواتە وەک دەبینین هەر یەکێک لەم دوو ئاڕاستەیە جەخت لە ڕەهەندێکی چەمکی فیدراڵیزم دەکەنەوە، ئاڕاستەی یەکەم ڕەهەندە بەرجەستەبوونە دەستووری و دامەزراوەییەکانی ڕەچاو دەکات، بەڵام ئاڕاستەی دووەم ڕەهەندە تیۆری و بنەماکانی وەبەرچاو دەگرن، بۆیە ناکرێت پێناسەکانی هیچ کام لەم دوو ئاڕاستەیە لە پێناسەکانی ئاڕاستەکەی تر بە باشتر بزانین. جا لێرەدا بۆ یەکخستنی تێگەیشتنی هەردوو ئاڕاستەکە، ڕەنگە گونجاو بێت پەنا بۆ ئەو جیاکارییە ببەین کە هەریەک لە "ڕۆناڵد واتس" و "دۆگڵاس فێرنێ"، هاوڕا لەگەڵ "ئێلیازەر"، لەنێوان هەرسێ چەمکی "Federalism" و "Federal System" و "Federation"دا کردوویانه( )، کە هەر چەندە زۆربەی جار بە چەمکی هاوواتا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هەریەکە واتای تایبەت بە خۆی هەیە.
چەمکی (Federalism – فیدراڵیزم - الفدرالیە): ئاماژەیە بۆ ئەو تیۆرە سیاسییەی کە پاساو بۆ بنچینە فەلسەفییەکانی یەکخستنی دوو بنەمای دژبەیەک دەهێنێتەوە، کە بریتین لە (بنەمای حوکمڕانیی هاوبەش - الحكم المشترك - Self-rule) و (بنەمای خۆبەڕێوەبردن - الحكم الژاتی - Shared-rule)، لە هەر ڕێکخستنێکی سیاسیدا کە هەوڵ بۆ هێنانەدیی "بەشداری" و "سەربەخۆیی" دەدات لە یەک کاتدا( ). کەواتە فیدراڵیزم، بەم واتایە ڕێبازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجییە، وەک ڕێبازی لیبراڵیزم و سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزم، بەڵام پیچەوانەی ئەم ڕێبازانە کە سەرەتا لە ئەورووپا و بەتایبەتییش لەدوای شۆڕشی فەڕەنسی دەرکەوتن. ڕێبازی فیدراڵیزم بنەماکانی لەو بیروڕایانەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەدوای شۆڕشی ئەمەریکی، دامەزرێنەرانی دەستووری وڵاتە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1787 پشتیان پێی بەستبوو( ).
چەمکی (Federal System - سستمی فیدراڵی - النڤام الفدرالی): ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێکخستنە سیاسییەی کە یەکخستنی بۆ هەردوو بنەما و ڕەگەزی "حوکمڕانی هاوبەش" و "خۆبەڕێوەبردن" کردووە. بەمەش سستمی فیدراڵی تەنها دەوڵەتە فیدراڵییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کۆی ئەو دەوڵەتە یونیتارییانەش(Unitary State) دەگرێتەوە کە جۆرێک لە (ناناوەندێتی - اللامركزیە - Decentralization) پێشکەتوویان هەیە، وەک فەڕەنسا و ئیتاڵیا و بەریتانیا، ئەمە سەرەڕای هەموو ئەو ڕێکخستنە سیاسییە بان نیشتمانییانەی کە جۆرێک لە تەرتیباتی فیدراڵییان هەیە، یەکێتیی ئەوروپا( ).
هەر چی چەمکی "Federation"ە: ئاماژەیە بۆ (دەوڵەتی فیدراڵی – الدولە الفدرالیە)، وەک جۆرێکی دیاریکراو لە جۆرەکانی سیستمی فیدراڵی، بەتایبەتییش بەو جۆرەی کە بۆ یەکەم جار وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1789 لەسەری دروست بوو( )، دواتر چەندین دەوڵەتی تر لەدوای وڵاتە یەکگرتووەکان وەک نموونە، تەقلیدی ئەم جۆرە دەوڵەتە لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە تا ناوەڕاستی سەدەی بیست دروست بوون، وەک: سویسرا، كەنەدا، ئوستورالیا، ئەڵمانیا و نەمسا. لەدوای ئەمانیش، تا ئێستا چەندین دەوڵەتی تر دروست بوون کە بە فیدراڵی دادەنرێن، یان لە دەوڵەتی یونیتارییە و بەرەو دەوڵەتی فیداڵیبوون ڕۆیشتوون، وەک: هیندسان، پاكستان، مالیزیا، ئیسپانیا، ڕووسیا، بەلجیكا، نێجیریا، کۆمۆرۆس، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، مەكسیك، ئەرجەنتین، بەڕازیل و فەنزویلا( ).
کەواتە "سیستمی فیدراڵی" لە ئەنجامی جێبەجێکردنی کردارییانەی بنەماکانی ڕێبازی "فیدراڵیزم"ەوە دروست بووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەپێی کات و شوێن، جۆر و شێوازی هەمەچەشنی هەبووە، "دەوڵەتی فیدراڵی"یش جۆرێکە لەو جۆرانەی "سیستمی فیدراڵی". بۆیە مەرج نییە هەموو سیستمێکی فیدراڵی بە دەوڵەتی فیدراڵی دابنرێت، چونکە دەوڵەتی فیدراڵی چەند تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە کە هەمیشە لە هەموو سیستمە فیدراڵییەکاندا نییە، بەڵام پێویستە بپرسین ئاخۆ ئەو تایبەتمەندییانە چین؟


دووەم: تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی
هەر چەندە زانایان سەبارەت بە دیاریکردنی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی ڕای جیاوازیان هەیە( )، بەڵام بە ڕای "جۆرج ئەندرسۆن" و "واتس" ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوە وا دادەنرێن کە سیستمی هەر وڵاتێک بکەن بە فیدراڵی، بەم شێوەیە( ):
- بوونی دوو ئاست لە حکومەت، یەکێکیان بۆ هەموو وڵاتەکە کە پێی دەوترێت "حکومەتی فیدراڵی" یان "ناوەندی"، ئەوی تر بۆ یەکە پێکهێنەرەکانی ئەو وڵاتە (حکومەتی هەرێمەكان)، بە شێوەیەک هەر ئاستێک دامەزراوەی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری)ی خۆی هەبێت، دەسەڵاتدارانی هەر حكومەتەش پەیوەندیی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆیاندا هەبێت.
- بوونی دەستوورێکی نووسراوی جامد، بە شێوەیەک ئەو دەق و بڕگانەی کە کاریگەرییان لەسەر پێگەی هەرێمەکان هەیە، بەبێ ڕەزامەندیی هەرێمەکان شیاوی هەموارکردن نەبن.
- دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت لە ڕێگای دەستوورەوە، بەتایبەت تەرخانکردنی دەسەڵاتی دارایی پێویست بۆ هەر ئاستێک، لە پێناو زامنكرنی بڕێک سەربەخۆیی ڕاستەقینە بۆ هەریەکان.
- بوونی چەند ڕێکار و ئامرازێک، لە پێناو پێدانی سەنگی زیاتر بە هەرێمە بچووکەکان، وەک ئەنجوومەنی دووەم لە پەرلەمانی فیدراڵیدا، کە دەشێت تێیدا نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و دەنگیان بە شێوەیەک دیاری بکرێت، بۆ نموونە هەر هەرێمێک دوو نوێنەری هەبێت، بەبێ ڕەچاوکردنی قەبارە و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمەکان، کە ئەمەش بوار دەدات كە هەرێمە بچووکەکان لە کاتی پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار و سیاسەتە فیدراڵییەکاندا ڕۆڵ و قورساییەکی تا ڕادەیەک نزیکیان لە هەرێمە گەورەکان هەبێت.
- بوونی چەند دەزگا و ڕێکارێک بۆ یەکاڵاکردنەوەی ناكۆكییه دەستوورییەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی دووەمی پەرلەمانی فیداڵی، یان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم).
- بوونی چەند ڕێکار و دەزگایەک بۆ ڕاییکردنی پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک دەزگا سەربەخۆکان و لیژنە وەزارییە نێوان فیدراڵی و هەرێمییە هاوبەشەکان و ئەنجوومەنی دووەم لە پەرلەمانی فیدراڵی.
هەر چەندە ئەم تایبەتمەندییانە بە بڕ و ئاستی جیاجیا لە وڵاتە فیدراڵییەکاندا هەن، بەڵام وەک "ئەندرسۆن" دەڵێت، گرنگترین تایبەتمەندیی دەوڵەتی فیدراڵی ئەوەیە کە: "دوو ئاست لە حکومەتی هەیە، کە هەریەکەیان بەپێی دەستوور دامەزراون و هەریەکەشیان بڕێک سەربەخۆیی ڕاستەقینەی خۆی هەیە و حکومەتی هەر ئاستێکیش بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەرامەبەر جەماوەری دەنگدەرانی خۆیدا بەرپرسیارە( )."
کەواتە بەگشتی تایبەتمەندییەکانی "دەوڵەتی فیدراڵی" بریتین لە: بوونی دوو ئاست لە حکومەت، دابەشکردنی دەستووری دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکەدا، لەگەڵ بوونی چوارچێوەیەک بۆ سەربەخۆ بەڕێوەبردنی هەر ئاستێکیان لەلایەن خۆیەوە، زامنکردنی ڕای هەرێمەکان لە بڕیارە فیدراڵییەکاندا لە ڕێگای ئەنجوومەنی دووەمی پەرلەمانی فیداڵییەوە، بوونی دەستوورێکی نووسراوی جامد، بوونی دادگایەکی فیدراڵی بۆ یەکاڵاکردنەوەی ناكۆكییەکان لەنێوان حکومەتەکانی هەردوو ئاستەکە، بوونی هاوکاری لەنێوان حکومەتەکان لەو بوارانەدا کە بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان هەیە.
لە ئەنجامدا ئەم تایبەتمەندییانە بریتین لەو پێوەرانەی کە دەکرێت لە ڕێگایانەوە بڕیار بدرێت کە ئاخۆ چ سیستمێکی فیدراڵی بە "Federation" یان (Federal State - دەوڵەتی فیدراڵی) دادەنرێت( )، بە شێوەیەک هەر کاتێک ئەگەر کۆی یان زۆربەی ئەم تایبەتمەندییانە لە سیستمێکی فیدراڵیدا هەبوون، ئەوا ئەو سیستمە بە "دەوڵەتی فیدراڵی" دابنرێت. بۆیە چەمکی "دەوڵەتی فیدراڵی"، سنوورێکی زۆر بەرتەسکتری لە چەمکی "سیستمی فیدراڵی" هەیە، چونکە ئەمیان هەموو ئەو دەوڵەت و ڕێکخستنە سیاسییانە لەخۆی دەگرێت کە هەموو یان هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵییان هەیە، لەبەر ئەوەی بوونی ئەم تایبەتمەندییانە؛ بیرۆکەی یەکخستنی هەردوو ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش" و "خودبەڕێوەبردن" بەرجەستە دەکەن. هەموو دەوڵەتێکی فیدراڵییش لەسەر ئەم دوو ڕەگەزە بونیاد دەنرێت و بە بوونی هەردووکیشیان بیرۆکەی سازان و ڕێككەوتن پێک دەهێنرێت، بەپێی پلە و ڕادەی زاڵبوونی هەر ڕەگەزێکیشیان بەسەر ئەوی تریاندا، جۆرەکانی سیستمی فیدراڵیی هەمەچەشن کە گرنگترینیان بریتین لە: (دەوڵەتی یونیتاریی لامەركەزی، دەوڵەتی فیدراڵی، دەوڵەتی كونفیدراڵی). بۆیە بە بڕوای ئێمە، بنچینەی جیاکردنەوە لەنێوان "دەوڵەتی فیدراڵی" وەک جۆرێک لە جۆرەکانی سیستمی فیدراڵی لەگەڵ جۆرەکانی تری ئەم سیستمە، بریتییە لە ڕادەی سازان و گونجاندن لەنێوان هەردوو ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش" و خودبەڕێوەبردن"دا، بە شێوەیەک ئەگەر ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش" بەسەر ڕەگەزی "خودبەڕێوەبردن"دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فیدراڵییەکە جۆری "دەوڵەتی یونیتاریی لامەركەزی" وەردەگرێت. خۆ ئەگەر هاوسەنگی لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا هەبوو، ئەوا سیستمە فیدراڵییەکە جۆری "دەوڵەتی فیدراڵی" وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر ڕەگەزی "خودبەڕێوەبردن" بەسەر ڕەگەزی "حوكمڕانیی هاوبەش"دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فیدراڵییەکە جۆری "دەوڵەتی كونفیدراڵی" وەردەگرێت.
لە کۆتایی ئەم تەوەرەدا، سەبارەت بە بابەتی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدەین لە تەوەرەکانی داهاتوودا گرفتەکانی بەردەم هەبوونی ئەم تایبەتمەندی و بنەمایانە لە پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا و ئایندەی ئەم پڕۆسەیە بخەینە ڕوو.
تەوەری دووەم: گرفتەکانی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی
بەر لە خستنەڕووی گرفتەکانی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی، پێویستە سەرەتا باس لە چۆنێتیی بەگەڕخستنی ئەو پڕۆسەیە بکەین، بەم شێوەیە:


یەکەم: پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی
لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣، لەلای زۆربەی هێزە عێراقییە ڕێکخراو و ناڕێکخراوەکان و هێزە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان)، قەناعەتی باو ئەوە بوو کە پێویستە بونیادناوەی دەوڵەتی عێراق لەسەر چەندین بنەما بێت کە بتوانێت کۆی جێکەوتە خراپەکانی دەیان ساڵی پێشوو لە حوکمڕانیی دیکتاتۆریی مەرکەزیی سەرکوتکەر و ستەمکاری نەتەوەیی و مەزهەبی ساڕێژ بکات، لەم چوارچێوەیەشدا باشترین بژاردە لای زۆربەی ئەو هێزە ناوخۆیی و دەرەکییانە ئەوە بوو کە عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی فرەیی خاوەن سیستمێکی حوکمڕانیی دیموکراسیی پەرلەمانیی لامەرکەزی بونیاد بنرێتەوە( ).
لە ڕاستییشدا لەو کاتەدا چانسی بونیادناوەنەی عێراق لەسەر ئەم بنەمایانە (فیدڕاڵی - دیموکراسی - پەرلەمانی) زۆر ئەستەم نەبوو، بەتایبەت دوای هەڵوەشاندنەوەی زۆربەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی پێشوو (سوپا، دەزگای ئەمن، وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و...)( ). هەر بۆیە لە ساڵانی سەرەتادا پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق بەم ئاڕاستەیە بەڕێوە دەچوو، بەتایبەت لە ئاستی پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی هەردوو حکومەتی کاتی و ئینتقالیدا کە چەند وەزارەتێکی (وەک: مافی مرۆڤ و کاروباری ژنان و ژینگە) پێک هێنران، لەپاڵ بووژاندنەوەی دەزگا لامەکەزییە خۆجییەکان و چالاکبوونەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئازاد، بە شێوەیەک وا چاوەڕوان دەکرا کە چیدی عێراق لەسەرپێیە بۆ دەربازبوون لە جێکەوتەکانی سێ دەیە لە ڕژێمی ستەمکاری پێشوو و چوار دەیە لە ڕژێمی پاشایەتیی لاواز( ). لەسەر ئاستی پڕۆسەی دەستووریش، هەر لەو ماوە سەرەتاییەدا دوو دەستوور بۆ بەیاساییکردنی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق لەسەر ئەو بنەمایانە (فیدڕاڵی - دیموکراسی - پەرلەمانی) نووسران، کە یەکەمیان "یاسای بەڕێوەبردنی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە" بوو، کە بە "دەستووری کاتیی ساڵی ٢٠٠٤"یش ناسراوە، دووەمیشیان "دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥" بوو کە بە "دەستووری هەمیشەیی" و "دەستووری فیدراڵی"یش ناسراوە.
هەر لەبەر ئەمە "دەستووری کاتیی ٢٠٠٤"، لە دەقەکانی سەرەتایدا جەختی لەوە کردەوە کە: "سیستمی حوكم لە عێراق دەبێت سیستمێکی کۆماری، فیدراڵی، دیموكراسی و فرەیی بێت. دەبێت دەسەڵاتەكانیش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتە خۆجێییەكانی هەرێم و پاریزگا و شارەوانی و یەکە ناوچەییەکان دابەش بکرێت. ئەم سیستمە فیدراڵییەش لەسەر بنچینەی جوگرافی و پەیوەندییە مێژووییەكان و لێكجیاکردنەوەی دەسەڵاتەكان دەبێت، نەك لەسەر بنچینەی ئەسڵ و تایەفە و نەژاد و ئیتنی و نەتەوە یان مەزهەب( )." ئەمجا ئەم دەستوورە لە چەندین دەقی تریدا پێداگری لەسەر پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکدی و داننان بە هەڵبژاردن و سەروەریی یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پشتگیریکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و ئازادیی ڕادەربرین و میدیا کردووە( )، ئەمەش بە بڕوای توێژەران هەنگاوی گەورە و ئەرێنی بوون بۆ بەفیدراڵیکردنی عێراق و بەدیموکراسیکردنی سیستمە حوکمڕانییە نوێیەکەی( )، بەتایبەت کە بەو دەقانە دەیخواست دەوڵەتێک بونیاد بنێت کە تیایدا بۆ بەرژەوەندیی هەرێم و ناوچە خۆجێییەکان، ناوەند لاواز بێت، بۆ باش بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایەکی فرەیی مەدەنیی ئازاد؛ دەسەڵات کۆتکراو بێت( ).
بە هەمان ئاڕاستە، دەستووری فیدراڵیی ٢٠٠٥، لە یەکەمین دەقیدا جەختی لەوە کردەوە کە: "کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، ڕژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، نوێنەرایەتیی(پەرلەمانی)، دیموکراسییە، ئەم دەستوورەش یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت( )." ئەمجا ئەمیش لە چەندین دەقی تریدا پێداگریی لەسەر زامنکردن و پاراستنی مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکان و دەسەڵاتی گەل و هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەروەریی یاسای و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و ئازادیی ڕادەربرین و میدیا و ڕۆژنامەگەری کردووە. بۆیە ئەم دەستوورە بە بڕوای توێژەران، وەرچەرخانێکی گەورە بوو نەک لە عێراقدا، بەڵکوو لە کۆی ناوچەکەشدا، بەتایبەت کە بەپێی پێوەرە باوەکانی حوکمڕانی لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکاندا، زۆربەی توانا و سەرچاوە دارایی و ماددییەکانی دەوڵەت لە چنگی حکومەتی ناوەندیدا جێگیر کراوە، هەر لە بواری بەرگریی دەرەکی و ئاسایشی ناوخۆوە تا ژێرخانی ئابووری و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستی و بەڵکوو دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش( ). کەچی دەستووری ٢٠٠٥، لە پێناو ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەی ڕژێمێکی مەرکەزیی دەسەڵاتخوازی ستەمکار، زۆربەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندیی لە هەردوو بواری دەرەکی و بەرگریدا سنووردار کردووە( )، بەڵام بوارەکانی ژێرخانی ئابووری و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستیی کردووەتە دەسەڵاتی هاوبەشی حکومەتی ناوەندی و حکومەتە ناناوەندییەکانی (هەرێم و پارێزگان). هەر چی بوارەکانی ترە، ئەوا بۆ دەسەڵاتی فراوانی حکومەتی هەرێم و پارێزگاکان بەجێ هێڵراوە، کە هاوکات هەرێمەکان مافی دانانی دەستووری تایبەت بە خۆیان و بوونی دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادورییان بۆ خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆی خۆیان هەیە، تەنانەت حکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی بەسەر هێزی ناوخۆیی هەرێمەکانیشدا نییە، بەڵکوو توانای سەپاندنی باجی بەسەر هەرێمەکانیشدا نییە ئەگەر هەرێمەکان قایل نەبوون، ناشتوانێت بەتەنها کەرتی نەوت بەڕێوە ببات، زیاتر لەمەش لە بوارە هاوبەشەکاندا یاسا فیدراڵییەکان پەیوەستن بە ناکۆکنەبوون لەگەڵ یاسای هەرێمەکان، خۆگەر ناکۆکیش بن، ئەوا پێشینەیی بۆ یاسای هەرێمەکان دەبێت( ).
بەڵام پێچەوانەی ئەم دەقە دەستوورییە مژدەبەخشانە، وردە وردە پڕۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا گرفتی گەورەی هاتە ڕێ، بە شێوەیەک زۆربەی ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە تەوەری پێشوودا بۆ دەوڵەتی فیدراڵی خستمانە ڕوو، زەمینەی چەسپاندنیان لە عێراقدا لاواز و ناسازە. بەم شێوەیەی کە لە بڕگەی داهاتوودا باسی دەکەین.

دووەم: گرفتەکانی بەردەم جێگیرکردنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا
لێرەدا دەتوانین گرنگترین ئەو گرفتانە بە هەمان ئەو ڕیزبەندییەی لە تەوەری پیشوودا ئاماژەمان بۆیان کرد، بخەینە ڕوو. بەم شێوەیە:
١. سەبارەتی بە تایبەتمەندیی یەکەم و سەرەکی کە بریتییە لە بوونی دوو ئاست لە حکومەت، هەر چەندە دەستووری عێراقی؛ ڕاشکاوانە مافی داوە بە هەر پارێزگایەک یان زیاتر کە "هەرێم" دروست بکەن( )، بە پێچەوانەی ئەوەی لە سەرەتادا پێشبینی دەکرا کە عێراق لەسەر بنەمای (نەتەوە و پارێزگاکان) ببێتە شانزە هەرێم (کوردستان و هەریەک لە پانزە پارێزگاکە)، یان لەسەر بنەمای (نەتەوەیی و جوگرافی) ببێتە پێنج یان شەش هەرێم (کوردستان، بەغداد، كەركووك، باشوور، ناوەڕاست و فوڕاتی ناوەڕاست)، یان لەسەر بنەمای (نەتەوەیی و مەزهەبی) ببێتە سێ هەرێم (کوردی و سوننی و شیعی)، یان لانی کەم لەسەر بنەمای نەتەوەیی ببێتە دوو هەرێم (کوردی و عەرەبی)( )، کەچی تا ئێستا جگە لە (هەرێمی کوردستان) کە مێژووی ڕاگەیاندنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢، هیچ هەرێمێکی تر لە سایەی دەستووری ٢٠٠٥دا دروست نەبووە، هەر چەندە چەندین داواکاری لەلایەن چەندین پاریزگاوە بۆ دروستکردنی هەرێم هەبووە، بەڵام لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەتوندی ڕێگریی لێ کراوە، جا ئەو ڕێگرییە هەندێک جار بە بیانووی یاسایی بووە (وەک: بەسڕە و میسان و زیقار)، یان بە ترساندن و سەرکوتکردن بووە (وەک: دیاله)، یان بە بەڵێنی چەواشەکارانە بووە (وەک: ڕومادی و موسڵ)( ). ڕەنگە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم گرفتە ئەوە بێت کە هەر لە سەرەتاوە، جگە لە "کورد" و چەند هێز و کەسایەتییەکی عێراقیی لیبراڵ و عەلمانیی کەم، هیچ کام لە هێزەکانی تری (شیعە و سوننە) لەگەڵ بەفیدراڵیکردنی دەوڵەتی عێراق نەبوون، بەڵکوو هەندێکیان بەتوندی دژی بوون، وەک زۆربەی هێزە سوننییەکان کە بە مقاوەمە ناسرابوون، هەروەها صەدرییەکان و تورکمانەکان( ). بە بڕوای زۆربەی شارەزایانی فیدراڵی و دەستوورناسان، هەمیشە لەو دەوڵەتە فیدراڵییانەدا کە ژمارەی هەرێمەکان کەمە، ئەگەری زاڵبوونی حکومەتی ناوەندی زۆرە، ئەمەش دواجار یان بە ئاڕاستەی لاوازبوونی بونیادی فیدراڵیی ئەو دەوڵەتە دەڕوات، یاخود بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی ئەو دەوڵەتە سەر دەکێشێت( ). کەواتە هەر لە سەرەتاوە تایبەتمەندیی یەکەمی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا کە بوونی دوو ئاست لە حکومەتە، لەبەردەم گرفتی گەورەدا بووە.
٢. سەبارەت بە تایبەتمەندیی دووەمی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی کە بوونی دەستوورێکی نووسراوی جامدە، ڕاستە تا ئێستا لە عێراقدا ئەم تایبەتمەندییە وا دەردەکەوێت کە پتەوە، چونکە تا ئیستا هیچ هەموارێک لە دەستووری فیدراڵیی ٢٠٠٥دا نەکراوە، بەڵام هەمیشە ئەم دەستوورە یان دووچاری پێشێلکردنی گەورە بووە، بەتایبەت لە بواری بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و سەروەریی یاسا و لامەرکەزیی خۆجێیی پارێزگاکاندا، یان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی تانەلێدان، بانگەشەکردن و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یان هەموارکردنی بە ئاڕاستەی سڕینەوەی بنەما (فیدراڵی و دیموکراسی و پەرلەمانی)یەکەی بووە، گوایە ئەم بنەمایانە سەرچاوەی بە لاوازی مانەوەی دەوڵەتی عێراقن، بەتایبەت لەلای هەندێک لە هێزە شیعییە باڵادەست و خاوەن میلیشیاکان، ئەمە جگە لەوەی کە ئێستا خواستی هەموارکردنی دەستوور و گۆڕینی سیستمەکەی بۆ سەرۆکایەتی و کاڵکردنەوەی لامەرکەزیەتی پارێزگاکان تیایدا وەک یەکێک لە داواکاریی خۆپیشاندانەکانی تشرین خراوەتە ڕوو( ).
- سەبارەت بە تایبەتمەندیی سێیەم کە بریتییە لە دابەشکردنی دەستووریانەی دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، هەر چەندە وەک پێشتر وتمان دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ ئەم دابەشکردنەی کردووە، بەڵام لە لایەک بە هۆی قایلنەبوونی حکومەتی ناوەندی بە دەستبەرداربوونی ئەو دەسەڵاتانەی کە پێش ٢٠٠٣ هەیبووە و لە لایەکیش بە هۆی ئاڵۆزیی دەقە دەستوورییەکان خۆیان، بەتایبەت سەبارەت بە (نەوت و گاز و داهات)، کێشە و ملاملانێی زۆر لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتە خۆجێییەکان دروست بووە، بەتایبەت لەگەڵ "هەرێمی کوردستان" کە چەندین دۆسیەی جێی ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە وەک (کێشەی نەوت و گاز، بەشەبودجەی هەرێم، خەرجکردنی مووچە و پێدانی چەک بە پێشمەرگە، ناوچە جێناکۆکەکان، نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە...)( )، بەڵکوو قووڵبوونەوەی ئەم ململانێیە هەندێک جار عێراقی بەرەو کەناری لێکهەڵوەشانەوە یان پێکدادانی سەربازی لەگەڵ هەرێم بردووە، وەک ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ هەرێم لە ٢٥/٩/٢٠١٧ و لەشکرکێشیی زۆرەملێی عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکان لە ١٦/١٠/٢٠١٧. ئەمە جگە لەوەی کە هەمیشە حکومەتی ناوەند پابەند نەبووە بە تەرخانکردنی دەسەڵاتی دارایی پێویست بۆ یەکە خۆجێییەکان، بەتایبەت پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق( )، بەڵکوو نەک لە ڕووی داراییەوە، لە ڕووی کارگێڕییشەوە وەک حکومەتی ناوەندی هەتا ئێستا بەرامبەر ئەو یەکانە وەک حکومەتێکی مەرکەزیی توند هەڵسوکەوت دەکات، کاتێک وەک کاردانەوەیەکی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی تشرین؛ ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاکانی هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش سەربەخۆیی ئەو یەکانەی تەواو لاواز کردووە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
- سەبارەت بە بوونی ئەنجوومەنی دووەم لە پەرلەمانی فیدراڵیدا، وەک ئامرازێک بۆ پێدانی سەنگی زیاتر بە هەرێم و یەکە خۆجێییەکان، هەر چەندە ئەم دەزگایە کە ناوی "ئەنجوومەنی فیدراڵی"یە دەبوو بەپێی دەستوور لە خولی دووەمی ئەنجوومەنی نوێنەراندا بەر لە ٢٠١٤ پێک بهێنرێت، بەڵام تا ئێستا پێک نەهێنراوە، ئەمە جگە لەوەی کە دەبوو ئەنجوومەنەکە بە دەقی دەستوور ڕێک بخرێت، نەک بۆ یاسای ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران بەجێ بهێڵرێت( )، هەموو ئەمانەش گرفتی گەورەن لە بونیادی فیدراڵیی عێراقدا، کە تێستا پێویستیی فەراهەمکردنی ڕەگەزەکانی نوێنەرایەتی و دیموکراتی و هاوکاری تیایدا فەرامۆش کراون.
- بەڵام سەبارەت بە داگای باڵای فیدراڵی، زۆربەی کات ئەم دەزگایە لە یەکلاکردنەوەی ناكۆكییه دەستوورییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان یان ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکان؛ نادیار و کەم ڕۆڵە، ئەمە جگە لەوەی لە یەکلاکردنەی زۆرێک لە کێشە سیاسییەکاندا بە لایەنگری هێزە باڵادەستەکان تۆمەتبار کراوە، وەک بابەتی دیاریکردنی کوتلەی گەورە لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە کاتی پێکهێنانی حکومەتدا لە ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤دا. وێڕای ئەمەش لە ئێستادا ئەگەری پەککەوتنی ئەم دادگایەش هەیە، بە هۆی ئەو ناکۆکییەی لەسەر چۆنێتیی دامەزراندنی ئەندامی نوێ بۆ دادگاکە دروست بووە دوای خانەنشینبوونی یەکێک لە ئەندامەکانی، لە کاتێکدا نیصابی کۆبوونەوەکانی دادگاکە بەبێ ئامادەبوونی کۆی ئەندامانی؛ بە نایاسایی دادەنرێت. هەموو ئەمانەش ئەوە دەسەلمێنن کە ئاشووب و گرفتی گەورە لەبەردەم سەروەریی یاسا و ئامرازە دادوەرییەکان لە بونیادی فیدراڵیی عێراقدا هەیە( ).
- هەر چی سەبارەت بە بوونی ڕێکار و ئامرازە بۆ ڕاییکردنی پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەکرێ ئاماژە بۆ ڕەوانەکردی چەندین شاندی دانوستان لەنێوان هەردوو لا و بوونی لیژنەی هاوبەش لە هەندێک بواردا بکرێت، بەڵام بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوانیان تا ئێستا و چارەسەرنەکردنیان و بەڵکوو بەچەقبەستنی هەندێکیشیان، بەڵگەی ئەوەن کە ئەم ڕێکار و ئامرازانە لە بونیادی فیدراڵیی عێراقدا ناکارن.
لە کۆتایی ئەم تەوەرەدا، دەبینین سەرجەم تایبەتمەندییەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا لاواز و پڕ گرفتی گەورەن، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەوەی کە دەستووری ٢٠٠٥ نەخشەسازیی بۆ کردووە، بەتەواوی یان لانی کەم هەندێکیشی لە واقیعدا بوونی هەیە، بەڵکوو وەک هەندێک لە توێژەران دەڵێن، عێراق لەدوای بەرکاربوونی دەستوورەوە بە پڕۆسەی بەفیدراڵیکردن و بەناناوەندێتیکردن و بەدیموکراسیکردنێکی هاوسەنگدا نەڕۆیشتووە، بە شێوەیەک کە دەسەڵات وردە وردە لە ناوەندەوە بۆ دەزگای هەڵبژێردراو لە هەرێم و پارێزگاکان بگوازرێتەوە، بەڵکوو ئەو دەسەڵاته لە ئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا کەوتە دەستی چەندین هێزی حیزبیی ناوچەیی و تائیفیی خاوەن هەژموون و بەرژەوەندیی بەرتەسک( )، کە قایل نین بەئاسانی دەستبەرداری ئەو دەسەڵاتە بن بۆ دەزگا دەستووری و هەڵبژێردراوەکان، بەڵکوو زۆرێک لەم هێزانە لە سایەی گەندەڵی و پشتیوانیی دەرەکیدا تا بێت توانای دارایی و چەکدارییان لەسەر حسابی دەوڵەت زیاد دەکات، ئەمەش هەر لە زووەوە پێشبینیی ئەوەی لێ دەکرا کە ببێتە لەمپەری گەورە لەبەردەم ئایندەی بەردەوامبوونی پڕۆسەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵیی خاوەن سیستمێکی دیموکراسی.


تەوەری سێیەم: ئایندەی بەفیدراڵیکردنەی دەوڵەتی عێراقی
لەم تەوەرەدا هەوڵ دەدەین لە دوو ئاستدا پێشبینییەکان بۆ ئایندەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق بخەینە ڕوو، کە یەکەمیان بەپێی ئەو تیۆرانەیە کە بۆ بونیادنای فیدراڵی لە هەر دەوڵەتێکدا شرۆڤە کراوە، دووەمیشیان لە ڕێی ئەو سیناریۆیانەوە کە دەشێت بۆ ئایندەی پڕۆسەکە پێشبینی بکرێن، بەم شێوەیە:
یەکەم: ئایندەی عێراق بەپێی تیۆرەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی
بەگشتی توێژەران سێ ئاڕاستەی تیۆریی سەرەکییان بۆ داڕشتنەوەی پەیکەر و سەرلەنوێ بونیادنانەی دەوڵەتێک لەسەر بنەما و تایبەتمەندییەکانی فیدراڵی خستوەتە ڕوو، کە دەتوانین لە سایەی هەریەکەیاندا پێشبینی بۆ ئایندەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی بکەین، بەم شێوەیە( ):  
تیۆرە ئایدیاڵییە: کە باوەڕیان وایە ڕادەی توانای جێگیرکردنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی بەندە بە ڕادەی بەهێزیی ئەو بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆجیا و بەها هزرییانەی کە لەنێو سەرکردە و گرووپ و هێز و لایەنە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا پاساو بۆ بەفیدراڵیکردنی وڵات و سوودەکانی ناناوەندێتیی حوکم دەهێنێتەوە و پشتیوانیی جێبەجێکردنی بنەماکانی دەکەن، واتە زەمینەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی بریتییە لە بەهێزیی ئایدۆلۆجیای "فیدراڵیزم" لە کۆمەڵگادا. لە دیارترین لایەنگرانی ئەم تیۆرانە، "مایکل بەرگیز"ە. سەبارەت بە ئایندەی بەفیدراڵیکردنی عێراق، لە ڕوانگەی ئەم تێۆرانەوە ناتوانین تەواو گەشبین بین، لەبەر ئەوە هەروەک پێشتر وتمان جگە لە "کورد" و چەند هێز و کەسایەتییەکی کەم، هێزەکانی تر لە (شیعە و سوننە) نەک لەگەڵ بەفیدراڵیکردنی عێراق نەبوون، بەڵکوو بەتوندی دژایەتییشیان کردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا بە هۆی لاوازیی توانای حوکمڕانانی هەرێمی کوردستانەوە، خەریکە وردە وردە بیرۆکەی فیدراڵیزم لەناو بەشێک لە چینوتوێژە جیاوازەکانی کورددا ڕەونەقی لەدەست دەدات.
تیۆرە کولتووری- ئەتنییەکان: کە باوەڕەیان وایە زۆربەی کات کۆمەڵگا فرەییە دابەشبووەکان لە ڕووی کولتووری و ئەتنییەوە، ئارەزووی جێبەجێکردنی تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی دەکەن. واتە زەمینەی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی، بریتییە لە بوونی کۆمەڵگایەکی فرەیی لە ڕووی کولتووری و ئەتنییەوە، یان لانی کەم بوونی جۆرێک لە لایەنگری ناوچەگەری و جیاخوازی لەناو گرووپ یان ناوچە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا. دیارترین لایەنگری ئەم تیڕوانینە، "مایکن ئۆمباخ"ە. بۆ ئایندەی بەفیدراڵیکردنی عێراقیش، لە ڕوانگەی ئەم تێۆرانەوە، ڕەنگە تا ڕادەیەک بۆ دەرکەوتن و بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای جیاوازی پێکهاتەی کولتووری و ئەتنی لە ناوچەکانی تری عێراق جۆرێک ئومێد هەبێت، بەڵام سەبارەت بە پێکهاتەکانی تر (سوننە، شیعە، تورکمان و پێکهاتەکانی تر)، هیچ ئاماژەیەکی ئەوتۆ نییە، جگە لە هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی "هەرێمک لە ناوچە سوننینشینەکان" کە تا ئێستا ئەگەرێکی لاوازە( ).
تیۆرەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی: کە باوەڕیان وایە بەفیدراڵیکردنی وڵاتێک، بەرئەنجامی پڕۆسەیەکی ڕێککەوتن و سازشی بەردەوامە لەنێوان ناوەند و یەکە خۆجێییەکاندا (هەرێمەکان)، بە شێوەیەک کە نە ناوەند ئەوەندە بەهێز دەبێت کە بەتەواوی کۆنترۆڵی سەربەخۆیی ڕێژەیی هەرێمەکان بکات، نە هەرێمەکانیش ئەوەندە بەهێز دەبن کە لە ناوەند جیا ببنەوە. دیارترین لایەنگرانی ئەم تیۆرانە، "ولیام هـ. ڕایکەر"ە. هەر چی تایبەت بە ئایندەی بەفیدراڵیکردنی عێراقیشە، لە ڕوانگەی ئەم تیۆرانەوە، ڕەنگە دووبارە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان کە هەر لە سەرەتای بونیادنانەوەی عێراقەوە لەدوای ٢٠٠٣ و بە درێژایی پڕۆسەی دانانی دەستووری عێراق و ئەمجا پیادەکردنی هەندێک لەو دەسەڵاتانەی کە لەم دەستوورەدا بەتەنها یان بە هاوبەش لەگەڵ ناوەنددا پێی دراوە، لە بواری (پێشمەرگە و نەوت و نوێنەرایەتیی دەرەوە و گومرگ و خاڵە سنوورییەکان...)، جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنی بەردەوام لەنێوان هێزە کوردییەکان و هێزە باڵادەستەکانی عێراق لە ناوەند هەبووبێت، کە دەشێت لە ئایندەدا زامنی بەردەوامبوونی هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی بەفیدراڵیکردنی دەوڵەتی عێراق بکات، بەڵام سەبارەت بە هێزەکانی تر، ئەگەر جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنیش هەبووبێت لەگەڵ ناوەند (بەتایبەت لەلایەن سوننە و تورکمان و ئەوانی تر)، ئەوا هیچ کات ئەمە بۆ بەفیدراڵیکردنی عێراق و دروستکردنی هەرێمی تر نەبووە، بەڵکوو حکومەتی ناوەند تا ئێستا ئامادەی هیچ جۆرە سازشکردنێک نەبووە لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی کە خواستی بەهەرێمبوونیان هەبووە.
کەواتە وەک دەبینین بەپێی پێگەی هەرسێ ئاڕاستە تیۆرییەکەی سەرەوە، ئاسۆی بەردەوامبوونی پڕۆسەی بەفیدراڵیکردنی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا لێڵ و تەماوییە، ئەمە جگە لەوەی کە دەرکەوتنی کورد و هەرێمی کوردستان وەک کاراکتەری سەرەکیی هەڵسووڕاندن و بەرگریکردن لەم پڕۆسەیە، جۆرێک لە لاوەکیبوون و تاک ڕەهەندیی بە ئامانجەکانی پڕۆسەیە بەخشیوە، بە جۆرێک لای زۆرێک لە هێز و پێکهاتەکانی تر و عێراقی فیدراڵی وەک ئامرازێکی هەلپەرستانەی کورد بۆ بە لاوازی هێشتنەوەی دەوڵەتی عێراق لە ئایندەدا سەیر دەکرێت.

 یەکەم: سیناریۆکانی ئایندەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی
لە سایەی ئەو گرفتانەی کە لەبەردەم جێبەجێکردنی تایبەتمەندییەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراقدا هەن، بەو شێوەیەی کە لە تەوەری پێشوودا خستمانە ڕوو، دەتوانین پێشبینیی سێ سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق بکەین. بەم شێوەیە:
سیناریۆی یەکەم: وا پێشبینی دەکات کە تاکە ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی گرفتە ئیتنی و مەزهەبییەکانی عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەوڵەتە بۆ  دوو دەوڵەت یان زیاتر، لەسەر بنەمای نەتەوەیی (کورد و عەرەب)، یان نەتەوەیی و مەزهەبی (کورد و سوننە و شیعە). پاساوی لایەنگرانی ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە عێراق دەوڵەتێکی دەستکردی سەردەمی کۆڵۆنیاڵییە، تا ئێستا نەتوانراوە پایەکانی دەوڵەتبوونی تیا بەرجەستە ببێت، ئەمە جگە لەوەی هەندێک لە پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بەتایبەت "کورد"، هەمیشە خواستی جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی لە عێراق هەبووە و لەگەڵ ڕوودانی هەر قەیران و ململانێیەکی تونددا لەگەڵ ناوەند؛ بەئاشکرا ئەم خواستەی خستووەتە ڕوو، کە دواهەمین جاریان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو لە ساڵی ٢٠١٧. بەڵام ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیە زۆر دوورە، چونکە جگە لەوەی لە ناوخۆدا زۆربەی هێزە عێراقییە عەرەبەکان بە سوننە و شیعەوە دژین، هاوکات هێزە نێودەوڵەتییەکانی دەرەوەش لەگەڵ پاراستنی یەکێتیی عێراق و مانەوین وەک یەک دەوڵەت.


سیناریۆی دووەم: وا پێشبینی دەکات کە وردە وردە حکومەتی ناوەندی بەرەو بەهێزبوونەوە بڕوات، بە شێوەیەک کە بتوانێت بەتەواوی کۆنترۆڵی سەربەخۆیی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان بکات، بەمەش عێراق جارێکی تر بۆ فۆڕمی دەوڵەتی یونیتاری بگەڕێتەوە و ئەو ئەزموونە فیدراڵییە ناکامڵەی کە ئێستا هەیە، بەتەواوی شکست بهێنێت. پاساوی ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە زۆربەی کات حکومەتی ناوەندی ئامادەی جێبەجێکردنی بەشێک لەو بنەمایانەی نییە کە دەستوور بۆ بەفیدراڵیکردنی عێراق دایڕشتوون، وەک داننان بە سەربەخۆیی دارایی هەرێم و پاریزگاکان و ڕێگەنەدان بە دروستبوونی هەرێمی تر و دەستبەردارنەبوونی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و ناوچە خۆجێییەکان و پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی دووەمی یاسادانان... ئەمە جگە لە چارەسەرنەکردنی یەکجارەکیی ئەو ناکۆکییانەی کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە سایەی دەقەکانی دەستووردا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیبوو، هەر لە کێشەی نەوت و گاز و بەشەبودجە و داهات و خاڵە سنوورییەکانەوە تا کێشەی پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان و نوێنەرایەتیی دەرەوە...
سیناریۆی سێیەم: لە سایەی نەبووی زەمینەی تەواو بۆ بەدیهاتنی هەردوو سیناریۆی پێشوو، وا پێشبینی دەکرێت کە باشترین سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق بریتی بێت لە دەستگرتن بەو بژاردەی فیدراڵییانەوە، لە پێناو بەرقەرارکردنی سەقامگیریی زیاتر و لێبڕان بۆ باشکردنی ژیانی هاوڵاتییان و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی وڵات. هەڵبەت ئەمەش بەوە دەکرێت کە هەموو لایەک، لە پێکهاتە ئەتنی و ئایینی و مەزهەبی و هێز و لایەنه فەرمی و نافەرمییەکان، چ لەسەر ئاستی حکومەتی ناوەندی و چ لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە خۆجێییەکانی تر، ئامادەیی تەواویان بۆ جێبەجێکردنی زۆربەی تایبەتمەندییەکانی فیدراڵی و پابەندبوون بە دەستووری ئێستای عێراقەوە هەبێت، بەتایبەت لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە کە ئامادەیی ئەم بۆ دەستبەرداربوونی دەسەڵاتی زیاتر و قبووڵکردنی هاوبەشی لە دەسەڵاتەکانی و داننان بە سەربەخۆبوونی زیاتری کارگێڕیی دارایی یەکە خۆجێییەکانی خوارەوە، کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەهێزکردنی پایەکانی فیدراڵی لە عێراقدا و ڕەخساندنی هەلی گونجاو بۆ سەرکەوتنی.
ئەنجام
هەر چەندە وا دەخوازرا لە سایەی ئەو بنەما و ئامراز و دامەزراوە فیدراڵییانەی کە هەردوو دەستووری ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ لەخۆیان گرتبوون، سەرلەنوێ فۆڕمی دەوڵەتی عێراق بە شێوازی فیدراڵی بونیاد بنرێتەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ١٥ ساڵ بەسەر کارپێکردنی دوای دەستووریاندا، هێشتا پڕۆسەی بونیادنانی ئەو بنەمایانە ڕووبەڕووی چەندین کۆسپی گەورە بوون، بە شێوەیەک کۆی تایبەتمەندییەکانی بەفیدراڵیکردنی عێراق دووچاری چەندین گرفتی جۆراوجۆر بوون، بە شێوەیەک بەپێی هیچ تیۆرێک لە تیۆرەکانی بونیادنانی دەوڵەتی فیدراڵی پێشبینی ناکرێت ئایندەی بونیادنانەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی سەرکەوتوو بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەم ئایندەیە بە ڕووی سێ سیناریۆدا کراوە بێت، کە یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەی عێراق و پارچەپارچەبوونیەتی بۆ چەند دەوڵەتێک، دووەمیان شکستخواردنی بەفیدراڵیکردن و گەڕانەوەیە بۆ فۆڕمی دەوڵەتی یونیتاری، سێیەمیشیان دەستگرتنە بە فۆڕمی فیدراڵیی ئێستا و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی، ئەوا هەمیشە سیناریۆی سێیەم؛ زەمینەی جێبەجێبوونی بەردەستترە لە دوو سیناریۆکەی تر.    

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

([1]) نقلا عن: عصام سليمان (1991)، الفيدرالية والمجتمعات التعددية ولبنان، بيروت: دار العلم للملايين، 1991، ص40.

([1]) William H. Riker(1975), “Federalism” in: Handbook of Political Science 5: Governmental Institutions and Processes, 175, pp 93–172.

([1]) حميد حنون خالد (2010)، مبادئ القانون الدستوري وتطور النظام السياسي في العراق، بغداد: مكتبة السنهورى، ص48.

([1]) نقلا عن: د.محمد عبد المعز نصر، في النظريات والنظم السياسية، بيروت: دار النهضة العربية، 1973، ص475.

([1]) باغنر، جاك (2002)، الدولة...مغامرة غير اكيدة، ترجمة: نورالدين اللباد، القاهرة: مكتبة مدبولي، ص128.

([1]) Daniel J. Elazar, “Contrasting Unitary and Federal Systems”, in: International Political Science Review, Vol.18, no.3, July/1997, p239.

([1]) See: Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism, Tuscaloosa, University of Alabama Press, 1987, p6; Douglas V. Verney, Federalism, Federative Systems, and Federations, in: Publius - The Journal of Federalism, Vol.25, No.2, Oxford University Press, Spring 1995, p81; Ronald L. Watts, Federalism, Federal Political Systems and Federations, in: Annual Review of Political Science, Vol.1. No.1, Kingston, IIGR in McGill-Queen’s University, June 1998, p.117.

([1]) Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism,  op. cit., p.5.

([1]) Douglas V. Verney, op. cit., p81.

([1]) Daniel Judah Elazar , Exploring Federalism, op. cit., pp8-9. Ronald L. Watts, op. cit., p120.

([1]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121.

([1]) Ronald L. Watts, op. cit., pp122-123.

([1]) بۆ زانیاریى زیاتر سەبارەت بەو ڕا جیاوازانە، بڕوانە: اندرسون، جورج (2007)، مقدمة عن الفيدرالية: ماهي الفيدرالية؟ وكيف تنجح حول العالم؟، ترجمة: مها تكلا، كندا: منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص ص2-4؛ شورش حسن عمر(2009)، خصائص النظام الفيدرالي في العراق - دراسة تحليلية مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص29-37؛ عادل زغبوب، الدولة الاتحادية: مفهومها – تحليلها – مستقبلها، لبنان: دار المسيرة، ص ص36-37.

([1]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص ص٢-٣؛ رونالد ل. واتس (2006)، الانظمة الفدرالية، ترجمة: غالي برهومة وآخرین، اوتاوا، منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص١٦.

([1]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص٤.

([1]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121.

([1]) عابد خالد رسول (2012)، الحقوق السياسية في الدساتير العراقية - دراسة تحليلية مقارنة على ضوء المتغيرات السياسية، السليمانية، مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص367-368.

([1]) امر سلطة الائتلاف المؤقتة حل الكيانات العراقية، رقم (٢)، في ٢٣/٥/٢٠٠٣.

([1])الجنابي، ميثم (2004)، العراق ومعاصرة المستقبل، دارالمدى للثقافة والنشر، ص7.

[1]))  یاساى بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە(2004)، مادەى٤.

[1]))  هەمان سەرچاوە، مادەکانى١٠-٢٣ و ٥٢-٥٧.

([1]) سيار الجميل (16/آذار/2004)، "الدستور العراق - التوافقات والتباينات بين الواقع والرؤية والتطبيق"، صحيفة الزمان، العدد 1758.

([1]) جاسم المطير (20/٣/2004)، "قانون إدارة الدولة وسيلة أولى لتأسيس الحكم الأفضل"، الحوار المتمدن، العدد 779،  http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=16085&r=0، (متاح: 28/3/2020).

[1])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەی 1.

([1]) مورو، جوناثان (2005)، "العملية الدستورية العراقية (٢): فرصة ضائعة"، معهد السلام الأمريكي، تقرير خاص رقم ١٥٥، ص ص٣-٤ وص٥٣، https://www.usip.org/sites/default/files/sr155_arabic.pdf.

[1])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەکانى ١١٠-١٢١.

[1])) هەمان سەرچاوە.

[1])) هەمان سەرچاوە، مادەى 119.

([1]) محمد أحمد محمود (2010)، "تعدیل الدستور: دراسة في ضوء الدستور العراقي لعام 2005"، بغداد: الدائرە الاعلامیە-مجلس التواب، ص ص٩١-٩٢.

([1]) عابد خالد رسول (2013)، المجلس التشريعي الثاني في الدولة الفيدرالية - دراسة مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص39.

([1]) عبدالحسين شعبان (2006)، "تضاريس الخريطة السياسية العراقية"، مجلة المستقبل العربي، بیروت: مركز دراسات الوحدة العربية، السنة 29، العدد 333، ص ص64-68.

([1]) لطيف مصطفى امين (2006)، الفيدرالية وافاق نجاحها في العراق، السليمانية: دار سردم، ، ص ص45-٦١.

([1]) حمزة مصطفى (3/11/2019)، دعوات لتحويل النظام من برلماني إلى رئاسي في العراق، جریدە الشرق الاوسط، العدد ١٤٩٥٠.

([1]) م. د. حازم صباح احميد، "النظام الاتحادي(الفدرالي) في العراق تحديات الحاضر وآفاق المستقبل"، مجلة جامعة تكريت للعلوم القانونية والسياسية، المجلد١، السنة 5، العدد11، ص ص ٣٠٥-٣٠٧.

([1]) المصدر نفسه، ص٣٠٧.

([1]) براون، ناثان (2006)، ملاحظات تحليلية حول الدستور، من: مأزق الدستور: نقد وتحليل، بغداد–بيروت، معهد الدراسات الاستراتيجية، ص ص٤٥-46.

([1]) مجلس القضاء الأعلى (١٢/٢/٢٠٢٠)، "فوضى القضاء الدستوري"، https://www.hjc.iq/view.6449/، (متاح: 4/4/2020).

([1]) مورو، مصدرالسابق، ص4.

([1])Ziblatt, Daniel(2008), Structuring the State: The Formation of Italy and Germany and the Puzzle of Federalism, Princeton University Press, 2008, pp4-6.

([1]) کۆمەڵێک توێژەر (2020)، ئایندەی عێراق و هەرێم لە گێژاوی پرسە هەنووکەییەکاندا، ڕانانی ئایندەیی ژمارە (١)، سلێمانی: سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى، ل ل١١-١٢.

گۆڤاری ئایندەناسی، گۆڤارێكە گرنگی بە توێژینەوە ستراتیژی و ئایندەییەكان دەدات، دوو مانگ جارێك لە لایەن “سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی” دەردەچێت. ژمارەی یەكەمی ئەم گۆڤارە لە ئایاری ٢٠٢٠دا کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand