حكومەت چاوێكی لەقاپی بەغداو چاوێكی لەدەستی سەرمایەدارانە

Draw Media

2020-05-13 12:14:27



درەو: 

مەسرور بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرمایەدار کۆبووەتەوەو داوای قەرزی لێکردوون بۆ دابینكردنی موچەو بەشێكی زۆری سەرمایەداران نەچونە بۆ كۆبونەوەكە.
بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست (درەو) کەوتووە، دوێنێ لە شاری هەولێر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرمایەداران كۆبوەتەوە.
(درەو) زانیویەتی، لەو كۆبونەوەیەدا (25) سەرمایەدار ئامادەی بوون، (22) سەرمایەداری هەولێرو دهۆك و (3) سەرمایەداری سلێمانی.
لە کۆبونەوەکەدا مەسرور بارزانی بە سەرمایەدارەکانی راگەیاندووە" حكومەت بە بارودۆخێكی سەختی ئابوریدا تێدەپەڕێت، بۆیە لەم بارودۆخەدا رووی لە ئێوە كردووە".
مەسرور بارزانی داوای لە سەرمایەدارەکان کردووە قەرز بە حکومەت بدەن، سەبارەت بە میكانیزمی قەرزەكە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرۆكی حكومەت هەندێك بانكی دیاریكردووەو داوایکردووە سەرمایەداران بچن لەو بانكانە پارە رابكێشن و بە قەرز بیدەنە حكومەتی هەرێم.
مەسرور بارزانی بەڵێنیداوە لەماوەی (یەك مانگدا) ئەو قەرزانە بۆ سەرمایەدارەکان بگەڕێنێتەوە. 

موچەی کردووە بە نیوە
دوای زیاتر لە (60) رۆژ، حكومەتی هەرێم تەنها موچەی (6) وەزارەتی دابەشكردووە (وەزارەتەكانی ( تەندروستی، پێشمەرگە، ناوخۆ، شەهیدان، دارایی، ئەنجومەنی ئاساییش). 
کابینەی مەسرور بارزانی ماوەی (60 رۆژ جارێك) موچە دابەش دەكات، دەوێت داهاتی نەوت و ناوخۆی دوو مانگ لێكبدات بۆ ئەوەی موچەی مانگێكی موچەخۆرانی پێ دابیین بكات.
•    بەپێی راپۆرتێكی نهێنی ئەنجومەنی وەزیران كە دەست (درەو) كەوتووەو ئاڕاستەی سەرۆكی حكومەتكراوە، پێشنیاز كراوە باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت، بەڵام دابەشكردنی موچە لە (30) رۆژەوە بۆ (45) رۆژیان (60) رۆژ درێژ بكرێتەوە.
•    ئێستا حكومەت ئەو پێشنیازە جێبەجێ دەكات و دابەشكردنی موچە گەیشتوەتە (60) رۆژ.
•    موچەخۆران بە (60) رۆژ تەنها یەك موچە وەردەگرن، واتا لێرەدا (50%)ی موچە وەردەگرن.
•    ئەگەر فەرمانبەرێك مانگانە (500 هەزار) دینار وەربگرێت، ئەوا بۆ ئەو (60) رۆژە یەك جار وەری دەگرێت و بۆ مانگێك دەكاتە (250 هەزار) دینار.
•    لەسەردەمی كابینەی پێشوی حكومەتی هەرێم و پاشەكەوتی موچە، ئەگەر فەرمانبەرێك (500 هەزار) دیناری وەربگرتایە (30%) لە موچەكەی پاشەكەوت دەكرا، بەو پێیەش لەكۆی (500 هەزار) دینار (350 هەزار) دیناری وەردەگرت، واتا ئەو موچەیەی ئێستا دابەش دەكرێت، زۆر زیاتر لە پاشەكەوت لە موچەخۆران دەبڕێت 

داهاتی حكومەت 
ئێستا سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و راگرتنی دەوامەوە كەمیكردووە، بەپێی راپۆرتێكی تایبەتی حكومەتی هەرێم بۆ مانگی نیسان داهاتەكانی حكومەتی هەرێم بەم شێوەیە بووە:
•    60 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت (ئێستا داهاتی نەوت لەو بڕە زیاترە )
•    60 ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆ   (ئێستا داهاتی ناوخۆ لەو بڕە زیاترە)
•    21 ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان
•    هێشتا پارەكەی بەغداد نەگەیشتووە كە ( 441 ملیار) دینارە
•    170 ملیار دینار پارەی ماوەی حكومەت لە بانكدا

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا توانای دابەشكردنی موچەی تەواوی وەزارەتەكانی نیەو دەوێت پێش جەژن موچەكە دابەش بكات، بەڵام ئەگەر بەغداش پارەكە بنێرێت، حكومەت ناتوانێت موچەی تەواوی وەزارەتەكان بدات.
 
موچەو داهاتی هەرێم 
🔹 كۆی موچەی مانگی رابردووی فەرمانبەران ( 898 ملیار و 555 ملیۆن و 100 هەزار دینار) بووە
بەم شێوەیە:
🔹 داهاتی فرۆشی نەوت كە رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت ( 345 ملیار و 203 ملیۆن و 100 هەزار دینار)، ئێستا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە كەمیكردووە، بە پێی نوێترین راپۆرتی دیلۆیت داهاتی نەوت مانگانە (620 ملیۆن) دۆلار بووە كە دەكاتە ( 745 ملیار) دینار، بەڵام حكومەت تەنها (345 ملیار) دیناری داوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە.
🔹 داهاتی ناوخۆ ( 91 ملیار و 232 ملیۆن ) دینار، بەهۆی وەستانی دەوام و كۆرۆناوە كەمی كردووە
🔹 تەمویلی هاوپەیمانان (21 ملیار) دینار
🔹 پارەكەی بەغداد ( 453 ملیار) دینار، بەڵام ( 11ملیارو 880 ملیۆن) دیناری لێدەبڕێت بۆ بانكە بازرگانیەكان، واتا ( 441 ملیارو 120 ملیۆن)دینار لە بەغداوە دەگاتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێم تا ئێستا بڕیاری خەرجكردنی لێنەدراوە و بڕیارە پێش جەژن بریاری خەرجكردنی بدرێت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand