رێكخەر لە سویدەوە دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان

Draw Media

2020-05-10 19:35:54



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف 
سبەینێ تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی كۆدەبێتەوە، لە كۆی (67) پۆست كە رێككەوتنی لەسەركردووە، تائێستا گۆڕان تەنیا (5) پۆستی لە كابینەی مەسرور بارزانیدا وەرگرتووە، لەدوای كۆبونەوەكەی 7ی ئایاری پەرلەمانەوە هەندێك ناڕەزایەتی لەناو گۆڕاندا لەبارەی مامەڵەی پارتییەوە دروستبووە، بەڵام هێشتا زۆرینە پشتیوانی ئەوە دەكەن جارێكی تر لەبەر هیچ هۆكارێك پەیوەندییەكان لەگەڵ پارتی تێكنەدەنەوە، رێكخەری زیاتر لە سێ مانگە لە سویدە‌و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەڕێتەوە.

كۆبونەوەیەكی وزاریی
بڕیارە سبەینێ تیمی وزاری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لەگەڵ تیمی وەزیرەكانی پارتیدا كۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی گۆڕان لەو كۆبونەوەیەدا پەیامێكی زارەكی بزوتنەوەی گۆڕان بە تیمی پارتی دەگەیەنن، لەبارەی نیگەرانییەكانیان تایبەت بە هەنگاوەكانی چاكسازی‌و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكومەت لەبارەی چاكسازییەوە.
سەرباری ئەمە بزوتنەوەی گۆڕان تائێستا بەشێكی زۆری پۆستەكانی لە كابینەی مەسرور بارزانیدا پڕنەكردوەتەوە، ئەمە یەكێكی ترە لە نیگەرانییەكانی گۆڕان لە پارتی.
گۆڕان رێككەوتنی بەشداریكردنی لە حكومەت لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كردووە، بەڵام ماوەیەكە لەرێگەی حكومەت‌و وەزیرەكانییەوە پەیامەكانی بۆ پارتی دەنێرێت نەك لەرێگەی مەكتەبی سیاسی پارتییەوە، رەنگە گۆڕان لەوە تێگەیشتبێت هەموو رێگاكان دەچنەوە بانە، واتە دەچنەوە بەردەم مەسرور بارزانی، بۆیە رێگە خێراكەی حكومەتی هەڵبژاردووە.

خانە‌و حكومەت كۆبونەوە
ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان تیمەكەی لە حكومەت كۆبووەوە، مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم یەكێك بوو لەوانەی بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا.
شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، چەند رۆژێك لەمەوبەر لە وتارێكدا نیگەرانی خۆی لە سیاسەتی پارتی راگەیاندو داوایكرد فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان بكشێتەوە.
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن باسی لەوەكرد، بزوتنەوەی گۆڕان تاوتوێی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی‌و بەشداریكردنی لە كابینەی مەسرور بارزانی دەكات.
گۆڕان كە بەشداری حكومەتی كرد، ماوەی ساڵێكی وەكو ئەزمون دیاریكرد بۆ هەڵسەنگاندنی بەشداربوونی لە حكومەتەكە‌و ئەگەری بڕیاردان لەبارەی مانەوە یاخود كشانەوە لە حكومەت، ساڵەكەی گۆڕان ئێستا (9 مانگ)ی تێپەڕیوە‌و بەپێی زانیارییەكانی (درەو) تیمی گۆڕان لە حكومەت‌و شێوازی مامەڵەكردنی مەسرور بارزانی رەزامەندن.
لەناو خانەی راپەڕاندندا كە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای زیاتر لە (9 مانگ) بەشداریكردن لە حكومەت‌و رێككەوتن لەگەڵ پارتی، شەماڵ عەبدولوەفا تاكە كەسە تائێستا بەڕوونی رەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی بگرێت‌و ئەندامەكانی تری خانە بێدەنگن.
بەگشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا زۆرینەیەك قایلن بەرێككەوتنی بەشداری لە حكومەت‌و كەمینەیەك نیگەران‌و ناڕازین.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم یەكێك لەوانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆ خانەی راپەڕاندنی كرد لەگەڵ تیمی گۆڕان لە حكومەت، بەپێی زانیارییەكان وەزیری دارایی زانیاری بە بزوتنەوەكەی داوە لەبارەی دانوستانەكانی تیمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد.
هەندێك لە سەركردەكانی گۆڕان پێشبینی ئەوە دەكەن كابینەی مەسرور بارزانی قەیرانی دارایی تێپەڕێنێت‌و لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بگاتە رێككەوتن.
بەپێچەوانەی رەزامەندی تیمی حكومەتەوە، تیمی گۆڕان لە پەرلەمان، واتە فراكسیۆنی گۆڕان نیگەرانە لە پارتی، بەدیاریكراوی لە روداوەكەی رۆژی 7ی ئەم مانگەی پەرلەمان كە تێیداو لە پرۆسەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتار سۆران عومەر، پارتی، عەلی حەمەساڵح فراكسیۆنی گۆڕانی خستە ناو گەمەكەوە‌و گومانی لەسەر دروستكرد، سەرباری نیگەرانییەكانی عەلی حەمەساڵح، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئامادە نییە لەسەر ئەو بابەتە هیچ پەیامێكی نیگەرانی ئاڕاستەی پارتی بكات.

رێكخەر دەگەڕێتەوە
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی بەڕێوەبچێت، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە ماوەی زیاتر لە سێ مانگە كوردستانی بەجێهیشتووە‌و لە سویدە.
(درەو) زانیویەتی، ئامادەكاری دەكرێت بۆ گەڕانەوەی رێكخەری گشتی لە سویدەوە بۆ كوردستان، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی كە ئەویش ماوەیەك بوو لە دەرەوەی وڵات بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا گیری خواردبوو، دوێنێ گەڕایەوە بۆ كوردستان.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی بۆ عومەر سەید عەلی كردووە پێكەوە بەفڕۆكەكەی ئەو بگەڕێنەوە، بەڵام رێكخەری گشتی گۆڕان رەتیكردوەتەوە.
كۆبونەوەی سبەینێی تیمی گۆڕان لەگەڵ پارتی، لەكاتێكدایە ئێستا پەیوەندییەكانی یەكێتی‌و پارتی بەقۆناغیكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت‌و ماوەی چەند هەفتەیەكە بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە نەیانتوانیوە وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی نێوانیان دیاری بكەن.
بزوتنەوەی گۆڕان بەمدواییە لەڕێگەی وەفدێكەوە سەردانی یەكێتی كرد، دواتر یەكێتی لەرێگەی وەفدێكەوە وەڵامی دایەوە‌و سەردانی مەكۆی سەرەكی گۆڕانی كرد لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی.
(درەو) زانیویەتی، لە پرسی لامەركەزیەتی ئیداری كە ماوەیەكە یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات، گۆڕان رایگەیاندووە، كە پەیوەستە بە رێككەوتنەكەیەوە لەگەڵ پارتی‌و تەنیا لەچوارچێوەی كارنامەی حكومەتدا پشتیوانی لە لامەركەزیی دەكات.
گۆڕان بەپرۆسەیەكی سەختدا تێپەڕی تاوەكو لە كابینەی نۆیەمدا بەشداریكرد، بۆیە نایەوێت بە ئاسانی رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا گومانی لە ناكۆكییەكانی ئێستای یەكێتی لەگەڵ پارتی هەیە‌و پێیوایە ناكۆكییەكی كاتییەوە لەماوەیەكی كورتدا هەردولا دەگەنە رێككەوتن‌و كێشەكانیان چارەسەر دەكەن، بۆیە نایەوێت لەم شەڕەدا بەلای یەكێتیدا بشكێتەوە.
گۆڕان خوازیاری بەڕێوەچوونی كۆبونەوەی سێ قۆڵی-یە لەنێوان هەرسێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت، بەڵام یەكێتی تائێستا وەڵامی ئەم پێشنیازەی نەداوەتەوە.
لە بەغدادیش فراكسیۆنی گۆڕان نیگەرانن لە پارتی، پشكەكانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دابەشكراو گۆڕان بێبەشكرا، تیمی گۆڕان لە بەغداد بەپێچەوانەی تیمەكەیان لە كابینەی مەسرور بارزانی، بەردەوام رەخنە لە سیاسەتەكانی پارتی دەگرن.
جڤاتی نیشتمانی كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، ماوەی سێ مانگە كۆنەبوەتەوە، دواین كۆبونەوەی بۆ هەڵسەنگاندنی ماوەی شەش مانگی بەشداری گۆڕان بوو لە حكومەت، بەبێ هیچ بڕیارێك مانەوەی لە حكومەت پەسەندكرد.

پۆستە پڕنەكراوەكان
ژمارەیەك پۆست هەن كە بەپێی رێككەوتنی نێوان گۆڕان‌و پارتی، گۆڕان (67) پۆستی كە لە كابینەی نوێی حكومەت بەركەوتبوو، بەڵام لەو ژمارەیە تائێستا تەنیا (7) پۆستیان وەرگیراون‌و ئەوانی تر هێشتا پڕنەكراونەتەوە.
ئەو پۆستانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە تائێستا پڕنەكراونەتەوە ئەمانەن: 
•    یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی
•    بریكاری وەزیری كارەبا
•    بریكاری وەزیری شارەوانی
•    (48) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار 
•    دوو ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
•    دوو نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات
•    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە
•    سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان
•    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستەكان  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand