پارتی چەكی زۆرینەی بەكارهێنا

Draw Media

2020-05-07 13:22:28



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا پارتی دژی ئەوە بوو لایەنەكان بەپشتبەستن بە "زۆرینە"ی پەرلەمانیی كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، بەڵام ئەمڕۆ خۆی لە پرسێكی ئاسایدا چەكی زۆرینەی بەكارهێناو بێ گوێدانە ناڕەزایەتی لایەنەكان، پارێزبەندی یاسایی لەسەر پەرلەمانتار (سۆران عومەر) هەڵگرت، لە مێژووی (28) ساڵی رابردووی پەرلەمانتار، ئەمە دووەم حاڵەتی هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران.

پارێزبەندی لە مێژووی پەرلەماندا
پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چوار پەرلەمانتار، لە مێژووی (28 ساڵەی)ی پەرلەماندا، ئەمە دووەم هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندیی یاسایی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، یەكەم هەوڵ لە خولی سێیەمدا بوو لەسەر پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان (پێشەوا كانی وەتمانیی)،.
هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، لە بنەڕەتەوە ئامانج لە بڕیارەكە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی.
سۆران بەمدواییە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی حزبەكەی باسی لەوەكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆمپانیا‌و بانكی تایبەت بەخۆی هەیە، ئەمە مەسرور بارزانی توڕەكرد، لەڕێگەی نوێنەری خۆیەوە لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر سۆران عومەر تۆماركرد.
دوای تۆماركردنی سكاڵا یاساییەكە، فراكسیۆنی پارتی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر  كرد، سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر داوای پارتی هەڵگرتنی پارێزبەندی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانەوە.
لە سەرەتاوە ئامانجی پارتی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر سۆران عومەر، بەڵام پارتی لیستەكەی فراوان كرد‌و چەند ناوێكی تری بۆ زیادكرد، بەمشێوەیە: 
•    ئومێد خۆشناو- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی
•    عەلی حەمەساڵح - سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان
•    شیرین ئەمین- ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان
رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە یەكێتییە، دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، بۆیە دانیشتنی ئەمڕۆی بەجێهێشت بۆ جێگرەكەی (هێمن هەورامی) كە سەربە پارتییە.
هێمن هەورامی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران خستە دەنگدانەوە، زۆرینەی پارتی كە ئامادەی دانیشتنەكە بوون، پارێزبەندییان لەسەر (سۆران عومەر) هەڵگرت‌و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر (ئومێد خۆشناو و عەلی حەمەساڵح‌و شیرن ئەمین) رەتكردەوە. 
پارتی بە دەنگنەدانی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر (عەلی حەمەساڵح) سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان‌و (شیرین ئەمین) ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان، بزوتنەوەی گۆڕان بەگشتی‌و سەرۆكی فراكسیۆنەكەی خستە ژێر پرسیارەوە لەبەردەم رایگشتیدا‌و وەكو هاوپەیمانێكی خۆی بزوتنەوەی گۆڕانی نمایش كرد، ئەمە لەحاڵێكدا بوو فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتی دانیشتنەكەی كردو دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو لەسەر پەرلەمانتاران، رەنگە پارتی بەم هەنگاوە ویستبێتی تۆڵەی بایكۆتكردنەكە لە فراكسیۆنی گۆڕان بكاتەوە‌و لەبەردەم رایگشتیدا پرسیارو گومانی لەسەر دروست بكات، زیادكردنی ناوی عەلی حەمەساڵح بۆ لیستی ئەوانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت لە بنەڕەتەوە بۆ ئەوە بوو بزوتنەوەی گۆڕان بخرێتە ناو تاقیكردنەوەیەكی قورسەوە، ئەگەرنا ئامانجەكەی پارتی هەر لەسەرەتاوە (سۆران عومەر) پەرلەمانتاری كۆمەڵ بوو.

بەرەیەكی نوێ لە پەرلەمان
شەش فراكسیۆنی پەرلەمان بایكۆتی دانیشتی ئەمڕۆ پەرلەمانیان كرد كە بریتی بوون لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، نەوەی نوێ، شیوعی).
دوان لەم لایەنانە بەشدارن لە حكومەتدا كە بریتین لە هەریەكە لە (یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان)، چوار فراكسیۆنەكەی تر لە بنەڕەتەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە كە بریتین لە (، كۆمەڵ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ شیوعی).
ئەوانەی كە بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان، ژمارەیان (53) پەرلەمانتار بوو، لەناو ئەمانەدا (سێ) پەرلەمانتار هەبوون كە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ جیابونەتەوە‌و فراكسیۆنی تایبەت بەخۆیان نییە.
كۆی دەنگی ئەوانەی كە بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیان كرد بەپێی ئەنجامەكانی كۆمسیۆن‌و هەڵبژاردن‌و راپرسی (830 هەزارو 921) دەنگ بوو، واتە هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا ئەو رێژە دەنگەیان بەدەستهێناوە‌و نوێنەرایەتی ئەو دەنگانەیان دەكرد.
بەڵام لەبەرامبەردا زۆرینەكەی پارتی‌و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ ئەو دوو پەرلەمانتارەی تری دەرەوەی پارتی كە بەشداربوون لە دانیشتنەكە، بە تێكڕا نوێنەرایەتی دەنگی (717 هەزارو 448) كەس بوو لە هەرێمی كوردستان.
واتە بەرەی نەیارانی ئەمڕۆی دانیشتنی پەرلەمان، بەپێی دەنگی هەڵبژاردن پتر لە (120 هەزار) دەنگیان لە پارتی‌و هاوپەیمانەكانی زیاتر بوو، بەڵام بەپێی كورسی پەرلەمان پارتی لەوان زیاترە، ئەمە پەیوەندی بە سیستمی هەڵبژاردن‌و بەفیڕۆچوونی دەنگی (ماوە)ی ئەو لایەنانەوە هەیە. 

زۆرینەكەی پارتی لە پەرلەمان
نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی زۆینەی (50+1)ی كۆی گشتی ژمارەی پەرلەمانتاران بەڕێوەدەچێت، واتە لەكۆی (111) پەرلەمانتار دەبێت (56) پەرلەمانتار لە هۆڵی كۆبونەوە ئامادەبن بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، پارتی لەم خولەی پەرلەمانتار بە ئاسانی ئەو زۆرینەیەی زامن كردووە.
پارتی ئێستا خاوەنی (45) كورسییە لە پەرلەمان، (11) كورسی كۆتاكانیش (كەمینەكان) بۆ پارتی یەكلابووەتەوە، پارتی تەنیا بە فراكسیۆنی خۆی‌و كەمینەكان (56) كورسی نیسابی یاسایی مسۆگەر كردووە.
بۆ دانیشتنی ئەمڕۆ جگە لە (11) كورسی پێكهاتەكان، دوو پەرلەمانتاری تریش بەشداربوون كە ئەوانیش بریتی بوون لە هەریەكە لە (باپیر كامەلا)‌و (شادی نەوزاد).
باپیر كامەلا سكرتێری پارتی كرێكاران‌و رەنجدەرانە، بەڵام لە پەرلەمان جگە لە پارتەكەی خۆی، نوێنەرایەتی دوو پارتی تریش دەكات، چونكە لەدواین هەڵبژاردندا، پارتەكەی باپیر كامەلا بە لیستێكی هاوبەش لەگەڵ حزبی سۆسیالیست‌و پارتی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان كە (غەفور مەخموری)ی سەرۆكایەتی دەكات، بەشداری هەڵبژاردنی كرد، باپیر كامەلا شوێنی عەبدوڵای حاجی مەحمودی لە پەرلەمان پڕكردوەتەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود برای محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستە، هەرسێ لایەنەكە پێكەوە لە هەڵبژاردندا یەك كورسییان بردەوە، كورسییەكە بۆ سۆسیالیست بوو، بەڵام دوای ئەوەی عەبدوڵای حاجی مەحمود لە كابینەی نوێی حكومەت پۆستی وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی وەرگرت، كورسییەكەی بۆ باپیر كامەلای هاوپەیمانیی بەجێهێشت.
شادی نەوزاد-یش كە ئەمڕۆ بەشداری كرد لە تەواوكردنی نیسابەكەی پارتی، ئەندانی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، بەڵام لە دەستپێكی خولی ئێستای پەرلەماندا لە فراكسیۆنەكەی جیابووە‌و سەرۆكی جوڵانەوەكەی (شاسوار عەبدولواحید) تۆمەتبار كرد بەوەی لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی سكانداڵی سێكسیەوە هەڕەشەی لێكردووە، شادی بەشداربوو لە تەواوكردنی نیسابی دانیشتنەكە، بەڵام دەنگی بە هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتار سۆران عومەر نەداو پێشوەختە دانیشتنەكەی بەجێهێشت.
نیسابی ئەمڕۆ پارتی (56) كورسی تێپەڕاندو گەیشتە (58) كورسی، ئەمە پەیامێك بوو بۆ فراكسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمان بەوەی، تەنانەت ئەگەر هەموشیان پێكەوە كۆببنەوە، هێشتا ناتوانن بەرامبەر بە پارتی رابوەستن.
ئەمە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە، كە ئەتوانرێت بە "بەهەشتی پارتییەكان" ناوزەند بكرێت، جگە لە زۆرینەی كورسییەكان، پارتی دوو لەسەر سێی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیشی بەدەستەوەیە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان (هێمن هەورامی) پارتییە، سكرتێری پەرلەمان (مونا قەهوەچی) لەسەر پشكی پێكهاتەكان پۆستەكەی وەرگرتووە، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە.

چەكی زۆرینە !
دۆخی ئێستا پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لەگەڵ خولی پێشوودا پێچەوانە بووەتەوە، لە خولی چوارەمدا بەرەی نەیارانی پارتی زۆرینە بوون، پارتی‌و هاوپەیمانەكانە زامنكراوەكانی پێكەوە توانای تەواوكردن یاخود شكاندنی نیسابیان نەبوو.
ئەم بابەتە لە پرسی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و بەدیاریكراویش درێژ نەكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی (مەسعود بارزانی) گەیشتە ترۆپكی خۆی.
رۆژی 23ی حوزەیرانی 2015 یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بوو، هەموار یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی خستە بەرنامەی كاری دانیشتنی پەرلەمانەوە، پارتییەكان كە دەیانزانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هاودەنگەكانی لەو پرسەدا، دەیانەوێت لەو كۆبونەوەیەدا كۆتایی بە ماوەی درێژكراوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بهێنن، هەوڵی شكاندنی نیسابی یاساییان دا، بەشێوازی یاسایی نەیانتوانی رێگری لە دانیشتنی پەرلەمان بكەن، دواجار پەنایان بۆ رێگەچارەی سەربازی بردو رێگرییان كرد لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر.
لەم مەسەلەیەدا پارتییەكان، یوسف محەمەدی سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمان‌و بزوتنەوەی گۆڕانیان تۆمەتبار دەكرد بەوەی سازان‌و تەوافوق‌و رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتیان شكاندووە‌و لە پرسێكی هەستیاردا (سەرۆكایەتییەكەی بارزانی) لەسەر بنەمای زۆرینە‌و كەمینە بڕیاردەدەن.
دوای نزیكەی پێنج ساڵ لەم رووداوە، ئەمڕۆ پارتی خۆی هەمان سیناریۆی دوبارەكردەوە، بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتی زۆرینەی فراكسیۆنەكان، پرسی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر خستە دەنگدانەوە‌و چەكی زۆرینەی بەكارهێنا.

سەرەتایەكی نوێ
زۆرینەكەی ئەمڕۆ پارتی نیشانیدا، پارتی بۆ پرسێكی ئاسایی‌و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێك ئامادەیە زۆرینەی خۆی بەكاربهێنێت‌و پشت لە تەوافوق‌و سازان بكات لەگەڵ هاوبەشەكانی لە حكومەت (یەكێتی‌و گۆڕان)، بۆیە لە پرسە هەستیارەكاندا بەئاسانی ئەم چەكە بەكاردەهێنێت‌و سڵ لە بەرەی نەیارانی لەناو حكومەت‌و لەدەرەوەش ناكاتەوە، لەحاڵێكدا كە دڵنیایە لەوەی لەڕووی یاساییەوە ئەگەر هەموو فراكسیۆنەكانی تری ناو پەرلەمان كۆببنەوە ناتوانن نیسابی یاسایی تەواو بكەن.
ئەمە سەردەمێكی نوێیە، پارتی چوار ساڵی زێڕینی تەمەنی خۆی بەڕێدەكات‌و رەنگە جارێكی تر دوبارە نەبێتەوە. (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، زۆرینەی پەرلەمان‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتی باڵای ئەمنی‌و دەسەڵاتی ئابوری) لە هەرێمی كوردستان بە دەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، هەموو ئەمانە یارمەتی پارتی دەدات بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوانی تر سیاسەتەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەتایبەتیش لە سەردەمێكدا كە بۆ یەكەمجارە كوڕە گەورەی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزب واتە مەسرور بارزانی رۆڵی خۆی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە‌و دەیەوێت بۆ زەمەنێكی زۆر‌و چەندین خولی تر لەم پۆستەدا بمێتێتەوە.
سەرباری ئەمە، لایەنەكانی دەرەوەی پارتی جگەلەوەی لەچوارچێوەیەكی هاوبەشی كاری پەرلەمانیدا كۆنەبونەتەوە‌و ستراتیژێكی هاوبەشیان نییە، هەریەكەشیان لەناوخۆیاندا دابەشبوون بەسەر چەندین ئاڕاستەدا‌و رەوتداو ناكۆكن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand