دایكی كوژراوەكە ترسی لە بەلاڕێدابردنی كەیسەكە هەیە

Draw Media

2020-04-28 12:39:20



(درەو):
سێ گەنج بەتۆمەتی كوشتنی كچێكی (20) ساڵان لە پۆلیسی سلێمانی دەستبەسەرن، رووداوەكە دوو رۆژ پێش ئێستا روویداوە، پۆلیس لێكۆڵینەوە دەكات، تۆمەتبارەكان قسەی جیاواز دەكەن لەبارەی كوژرانی ئەو كچەوە، دایكی كچەكە سكاڵای هەیە‌و ترسی هەیە دۆسیەكە دابخرێت.

لەبارەی دۆسیەكەوە
كاتژمێر 11ی شەوی 26ی ئەم مانگە واتە بەر لە دوو رۆژ، لە گەڕەكی چوارچرای نوێ لە باشوری شاری سلێمانی، كچێكی تەمەن (20 ساڵان) كوژرا.
ماوەیەك دوای كوژرانی، پۆلیس ئاگاداركرا، تەرمی كوژراوەكە گواسترایەوە، كاتژمێر (1)ی هەمان شەو دووان لە گومانلێكراوانی رووداوەكە خۆیان رادەستی پۆلیس كردو دانیان بەوەدا نا لەكاتی رووداوەكەدا لەوێ بوون، دوێنێ شەو گومانلێكراوی سێیەم دەستگیركرا كە تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەیە.
بەپێی راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتباری رووداوی كوژرانی ئەو كچە (20 ساڵانە) سێ كەسن بەناوەكانی:
•    (ن، أ، ح) لەدایكبووی ١٩٩٣
•    (م، أ، م) لەدایكبوەی ١٩٩٧
•    (ك، أ، م) لەدایكبووی ١٩٩٤ 
ئەم سێ گەنجە ئێستا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون.

چی رویدا ؟
(درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، هەندێك زانیاری لەبارەی چۆنیەتی كوژرانی ئەو كچە دەستكەوتووە.
بەپێی ئەوەی سێ گومانلێكراوەكە لەبەردەم پۆلیس دانیان پێداناوە، ئەو كچە لەگەڵ سێ كوڕی هاوڕێیدا (واتە ئەوانەی ئێستا لە پۆلیس راگیراون) شەوێك بەر لە كوژرانی چونەتە ماڵی (م، ا، م) لە گەڕەكی چوارچرای نوێ، (م، ا، م) خێزاندارە، بەڵام ئەو دوو شەوە خێزانەكەی لەماڵەوە نەبووە.
(م، ا، م) كە تۆمەتباری سەرەكییە لە ئەنجامدانی كوشتنەكەدا، لەبەردەم پۆلیس باسی لەوەكردووە، شەوی یەكەم تاوەكو درەنگانێكی شەو خواردویانەتەوە، بۆیە بەیانی درەنگ‌و لەدەوروبەری كاتژمێر چواری ئێوارەدا لە خەوهەستاون، پاش ئەوەی هەستاون، چوار هاوڕێكە، واتە سێ كوڕەكە‌و كچە كوژراوەكە، دەستیان بە نانخواردن كردووە‌و تا كاتژمێری 11ی شەو كاتەكەیان بەڕێكردووە.
(ه، ز) بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بە فیشەكێك كوژراوە كە بەر لای چەپی سەری كەوتووە، لەبارەی چۆنیەتی كوژرانی ئەو كچەوە، گومانلێكراوانی روداوەكە قسەی جیاواز دەكەن:
•    (ن، أ، ح)‌و (ك، أ، م) كە كاتژمێری (1) شەوی روداوەكە خۆیان رادەستی پۆلیس كردووە دەڵێن: لەكاتی مەستیدا (م، ا، م) دەمانچەكەی هەڵگرتووە‌و بە گاڵتەوە بە كچەكەی وتووە بتكوژم، ئیتر فیشەكێك دەرچووە‌و بەر سەری (ه، ز) كەوتووە‌و كوشتویەتی.
•    (م، ا، م) كە تۆمەتباری سەرەكی روداوەكەیە قسەیەكی تری لەبەردەم پۆلیسدا كردووە‌و وتویەتی: كچەكە واتە (ه، ز) داوای لێكردووە دەمانچەكەی بداتێ بۆ ئەوەی "سناپێكی لەگەڵ بكات"، واتە وێنەی خۆی بگرێت‌و لە "سناپ چات" بڵاوی بكاتەوە، دوای ئەوەی سناپەكەی كردووە، دەمانچەكەی پێداوەتەوە‌و داوای لێكردووە دەمانچەكە پاكبكاتەوە بۆ ئەوەی پەنجەمۆری ئەوی لەسەر دەرنەكەوێت، لەكاتی پاككردنەوەی دەمانچەكەدا نەیزانیوە فیشەك لەپێشەوەیە، بۆیە فشەكێك دەرچووە‌و بەر (ه، ز) كەوتووە. 

دایكی كوژراوەكە سكاڵای هەیە
ئێستا ئەو سێ گەنجە بەتۆمەتی كوشتنی كچێك لە پۆلیس راگیراون، پۆلیس لێكۆڵینەوەی دەستپێكردووە، پەراوی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە لە پۆلیسی گەڕەكی چوارچرای نوێیە، پۆلیس هێشتا ئەنجامی لێكۆڵینەوەی بەرایی رانەگەیاندووە، ئەو دەمانچەیەی كە لەڕووداوەكەدا فیشەكەكەی لێدەرچووە، لەبەردەستی پۆلیسدایە.
بەپێی زانیارییەكان، دایكی كوژراوەكە سكاڵای تۆماركردووە‌و لەبەردەم پۆلیس باسی لەوەكردووە، گومانی هەیە بكوژی كچەكەی ئازادبكرێت بەوپێیەی خەڵكانی دەستڕۆیشتووی لە پشتیوانیان لێ دەكەن.
(ه، ز) كە ئێستا كەیسی كوژرانەكەی لەبەردەم پۆلیسدایە، دانیشتووی گەڕەكی (عەقاری)یە‌و لەگەڵ دایكیدا ژیاوە، باوك‌و دایكی لەیەكتری جیابونەتەوە، باوكی لە ئەوروپا دەژی.
سەرچاوەكانی پۆلیس دەڵێن:" تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی ئەو كچە، پێشینەی بەكارهێنانی چەكی هەیە‌و بەر لە هەشت مانگ كەسێكی نزیكی خۆی برینداركردووە‌و پەڕاوی ئەو رووداوە ئێستاش ماوەو لە نوسینگەی توندوتیژیی گەڕەكی بەكرەجۆیە".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand