نەوتی هەرێم لە جانتاكەی ئاشتی هەورامیەوە بۆ خانوەكەی لەندەن

Draw Media

2020-04-26 19:49:42



راپۆرتی: محەمەد رەئوف  - فازڵ حەمە رەفعەت  
ئاشتی هەورامی لەناو خانویەكەوە لە پشت كۆشكی باكینگهامی لەندەنەوە هێشتا وەكو وەزیری سامانە سروشتیەكان، ئیدارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەدات، ژمارەیەك كارمەند و راوێژكاری بیانی لەگەڵدایە، ئێستا كە ئیتر نەوت نازناوی (زێڕی رەش)ی لەدەستداوە، ئاشتی هەورامیش لەناو وەفدەكانی هەرێم بۆ بەغداد ونەو نابینرێت. 

ئاشتی هەورامی..كۆدە نهێنیەكەی نەوت 
ئەم رۆژانە كە هەرێمی كوردستان بەهۆی  دابەزینی نرخی نەوتەوە، جارێكی تر دوچاری قەیرانێكی دارایی نوێ بوەوە، پۆستی وەزارەتی نەوت دوای زیاتر لە نۆ مانگ لە پێكهێنانی حكومەت هێشتا بەتاڵە، پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كە لە  2005 ەوە درووست كراوە لەو كاتەوە تا ئێستا ئەم وەزارەتە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، لە كابینەی نۆیەمیشدا كە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم پۆستە هەر لای پارتی ماوەتەوە بەڵام هێشتا پارتی ئەم پۆستەی پڕنەكردۆتەوە.
لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا كە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان درووست كراوە یەك پیاو ئەم پۆستەی بەرێوەبردووە كە ئەویش ئاشتی هەورامی بووە، ئاشتی هەورامی سەرەتا لە رێگەی بەرهەم ساڵحەوە لە لەندەنەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پێشنیاز كرا بۆ پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، بەڵام دواتر ئاشتی هەورامی بووە یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی 17 ساڵا كابینەی یەك لەدوایی یەكەكانی حكومەت. 
مانەوەی ئاشتی هەورامی بۆ ماوەی 14 ساڵ لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا وای كردووە بەتەواوەتی كۆنترۆڵی كەرتی نەوت بكات لە هەرێمی كوردستان و بەبێ بونی ئەو بەرێوەبردنی وەزارەتەكە ئەستەم بێت، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمدا سەرباری ئەوەی ئاشتی هەورامی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دوورخستەوە، بەڵام پۆستێكی نوێی بۆ داتاشی و كردی بە یاریدەدەری خۆی بۆ كاروباری وزە.
مەسرور بارزانی تا ئێستا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی پڕ نەكردۆتەوە بەڵام بەم دواییە (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای كار بۆ كاروباری نەوتی ووزە، دەهێنێتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، مەسرور بارزانی دەیەوێت پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان رادەستی شێخ باز بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەر لەم كارە مەسرور بارزانی دەیەوێت ئاشتی هەورامی بەتەواوەتی چەك بكات و هەموو سەرەداوەكانی دۆسیەی نەوتی لێوەربگرێتەوە، لەو رێگەیەوە دەستی نێچیرڤان بارزانی بەتەواوەتی لە دۆسیەی نەوتدا ببرێت.


كێ وەزیری سامانە سروشتییەكانە
چەند جارێكە وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رادەستكردنی نەوت و وەرگرتنی بەشە بودجەی هەرێم دەچێتە بەغداد، ئەوەی لەناو وەفدی كوردی لەبەغداد نادیارە وەزیری سامانە سروشتیەكانە، ئەمە بۆهەندێك جێگای تێبێنی و تێڕامانە، چونكە هیچ یەكێك لەوانەی بەناوی هەرێمەوە بۆ گفتوگۆ دەچنە بەغداد نەدەسەڵاتیان بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هەیەو نە ئاگاداری چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دۆسیەی نەوتن لە هەرێمی كوردستان.
بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) هێشتا دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دەستی ئاشتی هەورامیدایە، ئاشتی هەورامی لە لەندەنەوە ئیدارەی دۆسیەی نەوت دەدات و رۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان دەگێڕێت. 
(درەو) زانیویەتی ئاشتی هەورامی لە شاری لەندەن و لە بینایەكدا لە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و لە ناوچەیەكدا لە پشت كۆشكی (باكینگهام) كارەكانی بەڕێوە دەبات و تا ئێستا مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە دەكات، لەو بینایەدا كە ئاشتی هەورامی دەوامی تێدا دەكات ژمارەیەك كارمەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانیشی لەبەردەستدا لەگەڵ ریاوێژكارێك بەناوی ( مایكڵ هاوەرد) كە مانگانە بڕی (40 هەزار) دۆلار موچە وەردەگرێت.
(درەو) زانیویەتی بەم دواییە ئاشتی هەورامی بەشداری لە كۆبونەوەیەكی ئۆنلاینی حكومەتدا كردووە، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی چەند جارێك و بە راشكاوی لەسەر پرسی نەوت رەخنەی توندی ئاراستەی ئاشتی هەورامی كردووە، كە بەرپرسیارێتی بەشێكی لە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانی خستۆتە ئەستۆی ئەو. 

لەبارەی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە
ئاشتی هەورامی لەماوەی 14 ساڵ مانەوەی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا، وەزارەتەكەی لەناو چانتاكەی خۆیدا هەڵگرتبوو، وەزارەت لە كورد لە كوردستان خاوەنی هیچ بیناو بارەگایەكی دیاریكراو نەبوو، كە پەرلەمانتاران و دامەزراوەكانی تری چاودێری لە هەرێمی كوردستان سەردانی بكەن و وردبینی لە بەرێوەبردنی دۆسیەی نەوتدا بكەن.
بەم دواییەو لە كۆتایی سەرۆكایەتیە 17 ساڵیەكەی نێچیرڤان بارزانیدا لە حكومەت، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بو بە خاوەنی یەكەمین بینای خۆی، بیناكە دەكەوێتە نزیك بانكی كوردستانەوە، بەڵام كاتێك نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بە جێهێشت، بیناكەی كرد بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم و جارێكی تر وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی بێماڵ كردەوە. 
ئاشتی هەورامی یەكێك لەوانە بوو كە پشتیوانی لە سیاسەتەكانی پارتی و نێچیرڤان بارزانی دەكرد بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەی سەربەخۆ و دوور لە چاوی بەغداد، كە ناوی لێنرابوو ( ئابوری سەربەخۆ) وەكو هەنگاوی یەكەم بەرەو سەربەخۆیی كوردستان و جیابونەوە لە عێراق پێناسە دەكرا، هەنگاوێك كە دواجار بووە هۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێم كە مانگانە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دیناربوو.
ئێستا كە نرخی نەوت بۆ جارێكی تر دووچاری داڕمان بۆتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بری ئابوری سەربەخۆ ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات لە پێناو گەڕانەوە بۆ زەمەنی زێڕینی بەرلە راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ، بەڵام چ كاتێك، كاتێك كە نەوت نازناوی زێڕی رەشی لەدەستداوەو چیتر لە بازاڕی جیهانیدا ئەو بایەخەی جارانی نەماوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand