ئێستا كاتی چاكسازیی ریشەییە

Draw Media

2020-04-25 17:20:36



راپۆرت: فازڵ حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەرلەوەی دەست بۆ موچەی فەرمانبەران ببات، چەندین بژاردەی تری لەبەردەمدایە كە لەرێگەیانەوە دەتوانێت داهاتێكی زۆر بۆ حكومەت‌و دابینكردنی موچە كۆبكاتەوە، ئەو ناونیشانی "چاكسازیی" خستوەتەسەر كابینەكەی، ئەم قەیرانە دەرفەتی ئەوەی پێدەدات بەبێ سڵەمینەوە چاكسازییە ریشەییەكان جێبەجێ بكات‌و خۆی لەو قەیرانە كوشندەیە رزگاربكات كە بەمیراتیی لە (17 ساڵ) حوكمڕانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بۆی ماوەتەوە.

بەپێی بەدواداچونێكی (درەو) چەند بژاردەیەكی خێرای چاكسازی هەن ئەگەر مەسرور بارزانی دەستیان بۆ ببات، لەماوەیەكی دیاریكراودا دەتوانێت بڕی (400 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەت كۆبكاتەوەو ناچار نەبێت دەست بۆ موچەی موچەخۆران ببات.

 

هەموان باسی دەكەن جگە لە مەسرور بارزانی 
حكومەتی هەرێمی كوردستان روبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت بوەتەوە، هەموان (میدیای ناوخۆ‌و دەرەوە) باسی قەیرانە نوێیەكەی هەرێم دەكەن، بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی تائێستا هیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە بۆ رایگشتی‌و خەڵكی كوردستان نەكردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە وەكو سەرۆكی حكومەت دەستبەركاربوو بەڵێنیدا "راستگۆ‌و شەفاف" بێت لەگەڵ خەڵكدا.
ئێستا جارێكی تر حكومەت هاتوەتەوە سەر پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران یاخود دواخستنی وادەی دابەشكردنی موچە لە (30 رۆژەوە بۆ 60 رۆژ)، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كابینەی مەسرور بارزانی بۆ كۆكردنەوەی داهاتەكانی جگە لە دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران، هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەستدایە ؟
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بەر لە دەستبردن بۆ موچەی موچەخۆران، كابینەی مەسرور بارزانی زیاتر لە رێگەیەكی لەبەردەستدایە داهاتیان لێوە كۆبكاتەوە‌و بەجۆرێك لە جۆرەكانی گوڕی قەیرانە داراییەكە كەمتربكاتەوە.

رێگاكانی كۆكردنەوەی داهات
بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە چایرۆسی كۆرۆنا، ماوەی دوو مانگە داهاتی ناوخۆی هەرێم كەمیكردووە، كە یەكێكە لەسەرچاوەكانی دارایی حكومەت، بەپێی قسەی بەرپرسان لەم دوو مانگەدا داهاتی ناوخۆ مانگانە لە (270 ملیار) دینارەوە بۆ (80 ملیار) دینار كەمیكردووە، هەندێكیش زیاتر دەڕۆن دەڵێن داهاتی ناوخۆ نزیكبووەتەوە لە سفر.
داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو سەرچاوانەی دارایی حكومەت كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خۆی لە بنەڕەتەوە بەدەست ناشەفافیەت‌و خراپی ئیدارەدانەوە ناڵاندویەتی، مەسرور بارزانی لەڕێگەی رێكخستنەوەی ئەم كەرتە گرنگەوە دەتوانێت سەرچاوەی دارایی داهاتی ناوخۆ زیاتر بكات، بەڵام چۆن ؟

خاڵە سنورییەكان
خاڵە سنورییەكان یەكێكن لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی ناوخۆ، لەم كەرتەدا بەپێێ‌ بەدواداچوونەكانی (درەو) مانگ هەبووە (7 هەزار) لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كۆمپانیا‌و سەرمایەدارو هەندێك خەڵك كراوە، ئەمە بەچەند رێگایەك كراوە، هەندێكجار بە لێبوردنی تایبەتی بەرپرسان لە حكومەت، هەندێكجار بە سودوەرگرتن بە یاسای وەبەرهێنان، یاخود لەژێر ناوی پرۆژەی خێرخوازی‌و پاڵپشتیكردن لە كاری بازرگانیی، ئەم لێخۆشبوونە گومرگییانە بڕەكانیان جیاوازەو لە (هەزار دۆلار)ەوە دەستپێدەكات بۆ (3 هەزار) دۆلارو سەروتریش، كۆی گشتی ئەم لێخۆشبونە گومرگییانە بە تێكڕا بۆ یەك مانگە بەهاكەی بە (20 ملیۆن) دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەم بڕە پارەیە رۆیشتووە‌و نەگەڕاوەتەوە بۆسەر داهاتی وەزارەتی دارایی.
رەنگە كابینەی مەسرور بارزانی دوجار لەژێر فشاری قەیرانی داراییدا هەستی بە بەفیڕۆچوونی ئەم بڕە پارەیەی مانگانە كردبێت، بۆیە حكومەتی بە نوسراوی ژمارە (2949) لە رۆژی 23/4/2020 لێخۆشبونە گومرگییەكانی راگرت، بەڵام كەی ؟ كاتێك ئیتر دۆخەكە لە دەست دەرچووە.
سەرباری لێخۆشبوونی گومرگی، هەر لە خاڵە سنورییەكان چەندێك كاروبار هەن كە زیانیان بە دارایی حكومەت گەیاندووە‌و لەبەرامبەردا كۆمەڵێك خەڵكی حزبی‌و دەستڕۆیشتوییان لەسەر سامانی گشتی دەوڵەمەندكردووە.
لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمدا (12) كۆمپانیا بەناوی جیاجیاوە كاردەكەن، مانگانە قازانجی ئەم كۆمپانیایانە دەگاتە (50 ملیۆن) دۆلار، لە حاڵێكدا حكومەت بەو ژمارە زۆرەی كارمەندەوە كە هەیەتی خۆی لە توانایدایە كاری ئەم كۆمپانیایانە بكات‌و داهاتەكەی بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی.
بۆ نمونە ئێستا كۆمپانیای پاكژكردنەوەی (تعقیم) لە خاڵە سنورییەكاندا هەن، ئەم كۆمپانیایانە بۆ (تعقیم)كردنی هەر ئۆتۆمبیلێك بڕی (10 دۆلار) وەردەگرن، بۆ مانگێك داهاتی ئەم كۆمپانیایانە دەگاتە (450 هەزار) دۆلار، لەم داهاتە كۆمپانیاكان 15% بە حكومەت دەدەن.
دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" لە ماوەی  چوار مانگی رابردوودا تەنها داهاتی مەرزی پەروەێزخان (80 ملیار) دینار بووە، مانگانە بەهۆی قاچاخشێتییەوە لە مەرزەكان (30 بۆ 40 ملیۆن) دۆلار زیان بەر داهاتی حكومەتی هەرێم دەكەوێت".


باجی كۆمپانیاكان
لە وڵاتانی جیهان وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتە، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەوەی پشت بە فرۆشتنی نەوت بەستراوە وەكو سەرچاوەی سەرەكی داهات، ئەم كەرتە گرنگەی سەرچاوەی داهات پشتگوێ خراوە.
لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم بەمدواییە وردە وردە هەموو كەرتە گشتییەكان رادەستی كۆمپانیاكان‌و كەرتی تایبەت دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا پرسی وەرگرتن‌و رێكخستنەوەی باجەكان وەكو خۆیەتی‌و گۆڕانكارییەكی وەهای تێدا نەكراوە كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە خێراییەی كە ئەمساڵانەی دوایی لە ژمارەی كۆمپانیاكاندا رویداوە.
بەپێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان ئێستا بە بیانی و خۆماڵییەوە (29 هەزار و 400) كۆمپانیا لە هەرێمدا هەن، لەم ژمارەیە (4 هەزارو 100) كۆمپانیا بیانین‌و ئەوانەی تر ناوخۆین.
وەرگرتنی باج لە كوردستان زیاتر لەسەر پرۆژە بچوكەكان جێبەجێدەكرێت وەكو دوكان‌و كۆمپانیا بچوكەكان، بەڵام كۆمپانیا گەورەكان زۆرجار خۆیان لە پێدانی باج دەدزینەوە یاخود لەلایەن بەرپرسانی حزبیی‌و حكومەتەوە لێخۆشبونیان بۆ دەكرێت.
بۆ نمونە كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان بەخشراون لە باج، ئەمە لەژێر ناوی هاندانیان بۆ كاركردن لە كەرتی نەوتدا هەرێمدا، لێخۆشبوونی باجی كۆمپانیانی نەوت ساڵانە بە نزیكەی (90 ملیۆن) دۆلار ئەژماردەكرێت كە ئەمەش زیانێكە بەر داهاتی حكومەت كەوتووە.
سەرباری كۆمپانیای جۆراوجۆر لە بوارەكان، بەمدواییەش لە هەرێمی كوردستان دروستكردنی كۆمپانیای (سكیوریتی) سەریهەڵداوە، بەپێی زانیارییەكان ئێستا لە هەرێم (63) كۆمپانیای سكیوریتی هەیە، ئەم كۆمپانیایانە زۆربەیان باج بە حكومەت نادەن، سەرباری ئەمانە وەزارەتی ناوخۆ (63 هەزار) یەكەی پاسەوانیی هەیە‌و مانگانە موچەیان بۆ دابین دەكات، ئەمانەش قورساییان لەسەر سەرچاوەی داهاتی حكومەت دروستكردووە. 
سەرباری خاڵە سنورییەكان‌و باج، ئەمدواییە بەهۆی داخستنی فەرمانگەكانی حكومەت لەچوارچێوەی رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، حكومەت ئەو داهاتەی لەدەستداوە كە لە باج‌و كاروباری فەرمانگەكانی دەستی دەكەوت، ئەم بوارەش هەندێك پێویستی بە رێكخستنەوەی زیاتر هەیە ئەگەر حكومەت بیەوێت سەرچاوەی داهاتەكانی زیاتر بكات. 

داهاتی نەوت
كاتێك هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەرەكی داهاتی خۆی بەستەوە بە فرۆشی نەوتەوە، رەنگە بەرپرسان بیریان لەوەنەكردبێتەوە ئەم كاڵایە رۆژێك لە رۆژانی دوچاری قەیرانی شكانی نرخ دەبێتەوە، ئاخر زەمەنێك‌و تائێستا نەوت وەكو "زێڕی رەش" ناودەبرێت.
لە ساڵی 2014وە هەرێم بەتەواوەتی داهاتی خۆی رادەستی فرۆشی نەوت كرد‌و لەپێناوەشدا قوربانی دا بە بەشە بودجەی خۆی لە بەغداد كە تائەوكات مانگە (ترلیۆنێك‌و 200 ملیار) دیناربوو.
لەوكاتەوە كە حكومەتی هەرێم بۆ داهات بەشێوەیەكی سەرەكی پشتی بە فرۆشتنی نەوت بەستووە، دوجار نرخی نەوت لە جیهاندا دوچاری داڕمان هاتووە، جارێك ساڵی 2014و دوای دەركەوتنی رێكخراوی داعش، ئەمجارەش هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جیهاندا.
بەپێی راپۆرتێكی نهێنی تیمی حكومەت كە بەمدواییە ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت كراوە‌و كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، لەدوای دابەزینی نرخی نەوتەوە، ئێستا مانگانە لە فرۆشی نەوت (60 ملیۆن) دۆلار دەمێنێتەوە‌و دەدرێت بە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران، ئەمە لەكاتێكدایە بەر لە داڕمانی نرخی ئەم داهاتە مانگانە (295 ملیۆن) دۆلار بووە‌و رادەستی وەزارەتی دارایی كراوە (داهاتی نەوت لە هەموو حاڵەكاندا زیاتر بووە لەو پارەیەی كە بەناوی داهاتەوە رادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت، ئەمە ئەو بەشە نادیارە نەوتە كە بەردەوام باسدەكرێت).
بژاردەی بەردەم حكومەتی هەرێم لە زەمەنی داڕمانی نرخی نەوتدا ئەوەیە نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات‌و لەبەرامبەردا پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق وەربگرێت، ئەمە ئێستا پێشنیازێكە كە كابینەی مەسرور بارزانی دوای بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی ئابوری، دەگەڕێتەوە بۆسەری‌و تاوتوێی دەكات.
خۆ ئەگەر كابینەی مەسرور بارزانی لەسەر رادەستكردنی تەواوەتی نەوت لەگەڵ بەغداد نەگەیشتە رێككەوتن، هێشتا حكومەت هەندێك بژاردەی تری لەبەردەستدایە كە دەتوانێت بەهۆیانەوە داهاتی ئەو نەوتە زیاتر بكات كە خۆی دەیفرۆشێت، چۆن ؟
ئێستا مانگانە (100 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت دەڕوات بۆ سێ بوار:
•    كۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوت
•    كۆمپانیاكانی گواستنەوەی نەوت
•    كۆمپانیاكانی سكیوریتی نەوت ( لەكاتێكدا حكومەت خۆی دوو لیوای پاسەوانی نەوت‌و گاز هەیە‌و مانگانە موچەیان بۆ دابین دەكات).
رێكخستنەوەی ئەم خەرجییانە، بڕێكی زۆر داهاتی فرۆشی نەوت بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە.
سەرباری ئەمە رێكخستنەوە‌و شەفافكردنی كەرتی نەوت دەتوانێت سەرچاوەی داهاتی زیاتر بۆ حكومەت دابین بكات، هەرێمی كوردستان چووەتە سەر نەخشەی وڵاتانی فرۆشیاری نەوت لە جیهاندا بەڵام هێشتا نەیتوانیوە پێداویستی سوتەمەنی لە ناوخۆ دابین بكات، كاڵا كاتێك هەناردەی دەرەوە دەكرێت كە پێداویستی ناوخۆی پڕكردبێتەوە، بەڵام هەرێم بەنزین لە ئێران‌و توركیا‌و ئیماراتەوە هاوردە دەكات، بۆ نەوتی سپیی ماڵانیش چاوی لە دەستی بەغداد، ئەم قەیرانە داراییە نوێیە دەرفەتی ئەوە بە حكومەت دەدات بیر لەوە بكاتەوە لەبری هاوردەكردنی بەنزین‌و نەوتی سپی لە دەرەوە، لەناوخۆدا خۆی بەرهەمی بهێنێت.
حكومەتی هەرێم ئەگەرچی ناتوانێت هەموو ئەو نەوتەی كە بەرهەمی دەهێنێت لە بازاڕی ناوخۆدا ساغ بكاتەوە، بەڵام لەم قەیرانەدا بژاردەی ئەوەی لەبەردەستدایە رۆژانە زیاتر لە (100 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو لە پاڵاوگەكانی ناوخۆ ساغ بكاتەوە‌و بەنزین‌و گازوایل و نەوتی سپی لێ بەرهەم بهێنێت، بەپێی خەمڵاندنی دڵشاد شەعبان پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەگەر ئەم (100 هەزار) بەرمیل نەوتەی رۆژانە لەناوخۆدا ساغ بكرێتەوە، مانگانە حكومەتی هەرێم (130 ملیۆن) دۆلار داهاتی دەستدەكەوێت.
چاكسازیكردن لە كەرتی نەوتدا سەرباری ئەوەی داهاتی حكومەت زیاتر دەكات، جۆرێكیش لە متمانە بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنە بیانییەكانی نەوت دەگەڕێنێتەوە، كە بەمدواییە دڵیان بە كاركردن لە هەرێمی كوردستان ساردبوەتەوە‌و هەندێكیان دەستیان كردووە بە فرۆشتنی پشكەكانیان، كۆمپانیاكانی نەوت نیگەرانن لەوەی هەركاتێك حكومەتی هەرێم دوچاری قەیرانی دارایی دەبێتەوە سەرەتا دەست بۆ راگرتنی شایستە داراییەكان‌و دواخستنی پێدانەوەی قەرزەكانی ئەوان دەبات.
هەرێمی كوردستان سەرباری نەوت، خاوەنی غازی سروشتییە، غاز سەرچاوەكەی زۆربەی دەكەوێتە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتییەوە، كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی كاری بەرهەمهێنان‌و فرۆشتنی غازەكە دەكات، بەڵام گواستنەوەی غازەكە بۆ ناو شارەكان دراوە بە كۆمپانیا ناوخۆییەكان‌و بەمدواییە كاری ئەم كۆمپانیایانەهەندێك گرژی لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا دروستكرد، رێكخستنەوەی ئەم كەرتەش لەسەر بنەمایەكی ئابوری، رەنگە هەندێك داهاتی زیاتر بۆ حكومەت بگەڕێنێتەوە.

قەرزی كۆمپانیاكان
بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بۆ چاكسازیكردن پەسەندكرد، ئەمە بە یەكەم هەوڵی جددی بەئاڕاستەی چاكسازیكردن ئەژماردەكرێت، هەرچەندە یاساكە نەگەیشتوەتە ئاستی چاكسازییەكی بەرفراوان كە هەموو كەرتەكان بگرێتەوە، بەڵام لەلایەن كابینەی مەسرور بارزانییەوە وەكو بناغەیەك بە ئاڕاستەی چاكسازی وێنا دەكرێت، لەم یاسایەدا بە بڕگەیەك حكومەت ناچاركراوە ئەو قەرزانە لە كۆمپانیا‌و سەرمایەداران وەربگرێتەوە كە پێشتر پێیداون.
وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای یاساكەی پەرلەمان لە رۆژی 28/1/2020دا رێنمایی دیاریكرد، تێدا ماوەی سێ مانگی دیاریكرد بۆ ئەوەی كۆمپانیا‌و سەرمایەداران قەرزەكانیان بگەڕێننەوە بۆ حكومەت، بەپێی فەرمانەكە ئێستا قەرزارەكان كەمتر لە هەفتەیەك مۆڵەتیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پارەكان بۆ حكومەت بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت دەتوانێت دەست بەسەر ئەو موڵك‌و ماڵانەدا بگرێت كە وەكو بارمتە (رهن) بۆ وەرگرتنی قەرز لای حكومەت دایانناوە، چ وەرگرتنەوەی قەرزەكان، چ دەستگیرتن بەسەر بارمتەی كۆمپانیاكان لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەگەر بڕیارەكە وەزارەتی دارایی وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت حكومەت لەم زەمەنی قەیرانەدا هەندێك داهاتی بۆ دەگەڕێتەوە.
لەنێوان ساڵانی (2007 بۆ 2011) كاتێك ئابوری كوردستان بوژانەوەی بەخۆوە دەبینی (واتە بەرلەوەی بەغداد بەشەبودجەی هەرێم ببڕێت) كۆمپانیاو بازرگانەكان لەڕێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرت. كۆی قەرزەكە (751 ملیار) دینارەو بە جیاوازی ئەو سودەی چوەتە سەری لە ئێستادا گەیشتوەتە زیاتر لە (یەك ترلیۆن) دینار، رێژەی سودی قەرزەكە كە حكومەت لەسەر كۆمپانیا‌و سەرمایەدارەكان دایناوە لە (3% بۆ 11%) دەستپێدەكات. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، نزیكەی (150) كۆمپانیا‌و سەرمایەدار سودمەندبوون لە وەرگرتنی ئەو قەرزەی حكومەت كە لەبنەڕەتەوە بۆ مەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بووە بە هاوڵاتیان.

یاسای چاكسازی لە موچەدا
یاسای چاكسازی كە لە پەرلەمان دەرچووە، بەشێكیشی تایبەت كراوە بە چاكسازی لە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان‌و رێكخستنەوەی موچەی خانەنشینی كەسوكاری شەهیدان‌و زیندانییە سیاسییەكان، ئەم یاسایە دوای پەسەندكردنی تائێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێكردنی پێشبینی دەكرێت بڕی نزیكەی (20 ملیار) دینار هات بۆ حكومەت بگەڕێنێتەوە.

حكومەت چۆن خۆی لە قەیرانەكە رزگار دەكات ؟
ئەوەی لەم راپۆرتەدا باسكرا، هەندێك رێوشوێنن كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردوون‌و دەكرێت حكومەت بەر لەوەی بیر لە دەستكاریكردنی موچەی موچەخۆران بكاتەوە، پەنایان بۆ ببات بۆ زیادكردنی سەرچاوەكانی داهاتی خۆی.
فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمیش وەكو كەسێكی شارەزای بوارەكە هەندێك رێگەی پێشنیازكردووە بۆ حكومەت تاوەكو بتوانێت لەم قەیرانەدا سودیان لێ ببێنێت، كە ئەمانەن:
•    پێویستە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت دابنیشێت‌و هەوڵ بدات دانەوەی مستەحەقاتی كۆمپانیاكان هەندێك دوابخات تا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوەو ئەوانیش ئامادەن ئەو كارە بكەن، چونكە دۆخی ئابوری لە ‌جیهان تێكچووەو نرخی نەوت دابەزیوە. 
•    پێویستە حكومەت فشاری زیاتر لە گومرگەكان بكات، تاوەكو هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە بۆ كاركردن‌و هەموو داهاتەكە بۆ وەزارەتی دارایی بگەڕێننەوە. 
•    حكومەتی هەرێم زەویی زۆری هەیەو زۆر گەورەن، بەهای هەندێكیان ڕەنگە بگاتە ملیارێك دۆلار، ئەوانە بفرۆشن لە ڕێگەی موزایەدەی ڕاستەوخۆوە، چونكە دۆخی ئابووری باش نییە و لەجیاتی ئەوەی ئەو زەویانە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەران بفرۆشرێن بۆ خەرجیی حكومەت. . ناكرێت زەویەكی باش بە بەلاش بدرێتە وەبەرهێنەر (لە بەغداد پێشتر ئەم هەنگاوە جێبەجێكراوە).
•    پێویستە حكومەت بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە بۆ ئەوەی ئەم دوو سێ مانگەی داهاتوو بتوانێ دۆخەكە بەئاسانی تێ پەڕێنێت، جگە لەوەش، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەغدا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەبێ كێشە بەشی خۆی وەرگرێت.

قەیران وەكو میراتێكی بەجێماو
قەیرانی دارایی‌و ناشەفافی سەرچاوەكانی داهات لە هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمی كوردستاندا، ئەو پێش ئەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرگرێت، ماوەی (17 ساڵ) سەرۆكی حكومەت بووە، مەسرور بارزانی ماوەی (9 مانگ)ە دەستبەكاربووە، سەرباری ئەوەی نێچیرڤان‌و مەسرور هەردوكیان لەناو یەك مەنزومەی خێزانیدان، بەڵام بەرپرسیارێتی (17 ساڵ) سەرۆكایەتی حكومەت بەراورد ناكرێت بە (9 مانگ).
مەسرور بارزانی خۆشی چەندجارێك لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسلەوەدەكات ئەو قەیرانانەی كە ئێستا دوچاری كابینەكەی بوەتەوە، بە میراتی لە كابینەكانی پێشووەوە بۆی ماوەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی كە بە ئەندازیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە" دادەنرێت، لە كۆتایی تەمەنی (17 ساڵیی) خۆیدا لە پۆستی سەرۆكی حكومەت، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی هەڵگرت، بەوەش گورزێكی بەهێزی لە كەمەری مەسرور بارزانی ئامۆزی دا، كە دوای ئەو پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرت، هەندێك والێكدەدەنەوە ئەو هەنگاوەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە بوو، مەسرور بارزانی دوای خۆی نەتوانێت بەئاسانی دەست بۆ رێكخستنەوەی موچەی فەرمانبەران ببات‌و دەرفەتی ئەوەی نەبێت جارێكی تر پەنا بۆ پاشەكەوتی موچە بباتەوە.
سەرباری ئەمە، نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری ئابوری سەربەخۆی هەرێمی كوردستان بوو، كە ئەو بیرۆكەیە وایكرد بەغداد بەشە بودجە‌و موچەی هەرێم ببڕێت‌و ئەوەی ئێستا هەیە درێژكراوەی ئەو قۆناغە‌و بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانییە، نێچیرڤان لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم دور لە چاوی بەغداد دەستكەوتی ئەوەی دەستكەوت بەتەواوەتی جڵەوی كەرتی نەوت بكات، بەجۆرێك ئێستاشی لەسەربێت كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی حكومەت دەكات هێشتا ئەو هەژمونی بەسەر بواری نەوتدا هەیە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە ئێستا مەسرور بارزانی دەیەوێت بەشێوەیەكی تەواوەتی نەوتی هەرێم رادەستی بەغداد بكات، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە كۆتایی بە دەستڕۆیشتوویی نێچیرڤان بهێنێت.
سەرباری ئەوەی بەشی زۆری ئەو قەیرانانەی كە ئێستا روبەڕووی حكومەت بووەتەوە ریشەیان بۆ كابینەكانی پێشوو دەگەڕێتەوە، بەڵام هیچ بەهانەیەكیش نییە بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی چاكسازییەكی گشتگیر ئەنجامبدات‌و یەكەم ئەزمونی سەرۆكایەتی خۆی لە حكومەت لە شكستهێنان رزگاربكات، بەتایبەتیش كە ناونیشانی چاكسازی لەسەر كابینەكەی داناوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand