حكومەت بەشی 30%ی موچەخۆران پارەی هەیە

Draw Media

2020-04-24 14:16:04



راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت 
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چانسێكی نوێ تاقیدەكاتەوە، دەیەوێت نەوتی هەرێم بەتەواوەتی رادەستی بەغداد بكات، بەمە لەلایەك كێشەی موچە بۆ هەمیشە لەكۆڵی خۆی بكاتەوە، لەلایەكی تریش دۆسیەی نەوت لەدەستی نێچیرڤان بارزانی دەربهێنێت، ئەمە پێشنیازێكی نوێیە كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت بیخاتە  بەردەم بەغداد.
دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە، ئەگەر بەغداد پارەكە نەنێرێت بۆ ئەم مانگە 30%ی موچەی فەرمانبەرانی پێدابین دەكرێت، بەمەش حكومەت لە ئیفلاسبوون نزیك دەبێـتەوە، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكارییەكەی بڵاودەكاتەوە.

حكومەت لەبەردەم موفلیسبووندا 
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی قوڵی داراییدایە، راگرتنی پارەكەی بەغداو دابەزینی نرخی نەوت‌و داهاتی ناوخۆ، كابینەی مەسرور بارزانی بەتەواوەتی لە ئیفلاسبوون نزیككردوەتەوە.
حكومەتی هەرێم بۆ موچەو خەرجییەكانی تری، مانگانە پێویستی بە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار هەیە، بەڵام بۆ ئەم مانگە تەنها (271 ملیار) دیناری لەبەردەستدایە. 

عێراق پارەكە رادەگرێت ؟
بەپێی نوسراوێك كە رۆژی 1/4/2020 ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاڕاستەی نوسینگەی وەزیری دارایی عێراقی كردووە، داواكراوە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان رابگیرێت كە مانگانە (453 ملیار) دینارە.
ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە نوسراوەكەیدا دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی كە لە 1/1/2020وە وەكو موچەی موچەخۆران، بەغداد دەیدات بە حكومەتی هەرێم:
•    كۆمپانیای سۆمۆ جەختی كردووە، ئەو بڕە نەوتەی خاوەی رێككەوتنی لەسەركراوە بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ساڵی 2019، هەرێمی كوردستان رادەستی نەكردووە.
•    لەسەر ئەو بنەمایە، پێویستە وەزارەتەكەتان (وەزارەتی دارایی) خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم رابگرێت‌و، ئەو بڕە پارەیەش كە دوای تەوابوونی ساڵی دارایی 2019 بۆ هەرێم خەرجكراوە، پێچەوانەی یاسایە‌و دەبێت هەرێم بیگەڕێنێتەوە بۆ بەغداد.
لەوەڵامی ئەم نوسراوەدا، بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، نوسراوێكی ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كردو تێیدا داوای لێكردن نوسراوێكی نوێ ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بكاتەوەو تێیدا فەرمان بكات بە خەرجكردنی پارەكەی هەرێمی كوردستان، چونكە بەوتەی بەشیر حەداد نوسراوەكەی پێشووی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران نایاساییە‌و زیان بە یەكڕیزی نیشتمانی لە عێراق دەگەیەنێت.
دەركردنی بڕیارەكەی ئەمدواییەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ راگرتنی پارەی موچەی هەرێمی كوردستان، لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كابینەی عادل عەبدولمەهدی دواین رۆژەكانی تەمەنی خۆی بەڕێ دەكات.
رێبوار كەریم یەكێك لە پەرلەمانتارە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق دەڵێ:" دەركردنی ئەم بڕیارە فشارێكی سیاسی زۆر ئاشكرای (د.عادل عەبدولمەهدی)یە، چونكە تا چەند رۆژێك لەمەوبەر وای دەزانی چانسی بەردەوامبونی هەیە وەك سەرۆك وەزیران".
رێبوار كەریم ئاماژەی بەوەكرد، عەبدولمەهدی كە زانی چانسی نەماوە، بۆیە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو دوو كاری كرد، یەكێكیان ئەم بڕیارەیەو ئەویتریش راگەیەندراوێكە كە مەبەست لێی ئەوەیە، ئەگەر منیش نەمێنم ئێوە ئەبێ زۆر بەزوویی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پێدەچێت بۆ ئەم مانگە ئەو بڕە پارەیە كە (453 ملیار) دینارە، لە بەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت.
ئێستا هەموو هەوڵێكی حكومەتی هەرێم بۆ ئەوەیە ئەو بڕە پارەیە بۆ ئەم مانگە رەوانە بكرێت، مانگی داهاتوو كابینەی نوێ پێكدێت‌و بەرپرسانی هەرێم چاوەڕوانی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێدراوی نوێی عێراق ناكەن هەوڵی بڕینی پارەكەی هەرێم بدات.

مەسرور بارزانی چانسێكی نوێ تاقیدەكاتەوە
(درەو) زانیویەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، لەڕێگەی ئەو وەفدەی كە چەند رۆژی رابردوو ناردی بۆ بەغداد، بەڕوونی بە بەرپرسانی بەغدادی راگەیاندووە:
•    هەرێم ئامادەیە تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات، واتە كۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم نەك ئەو (250 هەزار) بەرمیلەی كە لە بودجەی 2019دا رێككەوتنی لەسەركرا.
•    بۆ رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد، حكومەتی هەرێم دوو مەرجی داناوە كە ئەمانەن:
یەكەم: بەغداد پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بدات كە مانگانە نزیكەی (950 ملیار) دینار دەبێـت.
دووەم: بەغداد خۆی چارەسەری كێشەی قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت‌و پارەی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، مەسرور بارزانی بەم دەستپێشخەرییە نوێیەی لەگەڵ بەغداد بۆ رادەستكردنی تەواوەتی نەوت بە بەغداد:
•    دەیەوێت بەیەكجاری كێشەی نەبوونی موچەی فەرمانبەران لەكۆڵی حكومەتی هەرێم بكاتەوە‌و دۆسیەكە رادەستی بەغداد بكات‌و چیتر لەحاڵی نەبوونی موچەدا هیچ گلەییەك لە كابینەكەی نەكرێت.
•    لەلایەكی تر مەسرور بارزانی بەم هەنگاوە دەیەوێت بەتەواوەتی دۆسیەی نەوت لە دەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای دەربهێنێت.
مەسرور بارزانی كە یەكەمجارە خۆی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە، لەگەڵ روبەڕووبونەوەی لەگەڵ یەكەم قەیرانی دارایدا، چەندجارێكە لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا باسلەوەدەكات ئەو قەیرانەی ئێستا بەرۆكی كابینەكەی گرتووە، میراتی كابینەكەی پێشووە بۆی بەجێماوە واتە میراتی كابینەكانی (نێچیرڤان بارزانی)یە.
نۆ مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، تائێستا مەسرور بارزانی نەیتوانیوە بەتەواوەتی دۆسیەی نەوت لەدەستی خۆیدا جڵەو بكات، سەرباری ئەمە مەسرور بارزانی‌و پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیان پڕنەكردوەتەوە، شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار ئێستا وەكو نوێنەری سەرۆكی حكومەت بۆ كارەباری وزە بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا دەكات.


"بەغداد موفلیسە"
ساڵی 2016 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی كابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد، دوای گەڕانەوەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" بەغداد موفلیسە، پارەی نیە"، ئەم قسەیە هێشتا لە گوێی خەڵكدا دەزرنگێتەوە، دوای ئەم قسەیە نێچیرڤان بارزانی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانی راگەیاند، ئەوكات‌و تائێستا بەغداد موچەی فەرمانبەرانی بەبێ پاشەكەوت‌و دواكەوتن دابەشدەكات.
بەڵام پێدەچێت كاریگەری قسەكەی نێچیرڤان بارزانی لە ئێستاوە دەربكەوێت، لەدوای دابەزینی نرخی نەوت‌و دەركەوتنی قەیرانی كۆرۆناوە، قاسەكەی بەغدادیش بەرەو "موفلیسبوون" دەڕوات.
موفلیسبوونی ئەمجارەی بەغداد گورزی بەهێز لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، حكومەتی هەرێم بەبێ ئەو  پارەیەی كە مانگانە لە بەغدادەوە بۆی دێت، بەداهاتەكانی خۆی توانای دابینكردنی تەنیا (30%)ی موچەی موچەخۆرانی هەیە.
ئەگەر بەغداد بۆ ئەم مانگە پارەكەی نەنێرێت، ئەوا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتەواوی ئیفلاس دەكات.

داهاتەكانی هەرێم 
سەرچاوەی ئەو داهاتانەی كە ئێستا لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، بۆ موچەی ئەم مانگە ئەم بڕە پارانەن:
•    (170 ملیار) دینار پارەی هەڵگیراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكی (RT)ی هەولێر 
•    (21 ملیار) دیناری پارەی یارمەتی هاوپەیمانان بۆ لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە 
•    (30 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ
•    (50 ملیار) دیناری داهاتی نەوت
(271 ملیار) دینار كۆی گشتی ئەو داهاتەیە كە بۆ ئەم مانگە لەبەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە.
بۆ خەرجی‌و موچە، حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار هەیە، بۆ موچەی ئەم مانگەی موچەخۆران پێویستی بە (893 ملیار) دینارە. 
واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ پارەكەی بەغداد بڕی (779 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت لەو پارەیەدا كە پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچەو خەرجی وەزارەتەكان.
تەنیا لەو پارەیەدا كە پێویستیەتی بۆ دابینكردنی موچە، بۆ ئەم مانگە حكومەتی هەرێم بڕی (622 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، واتا توانای دابینكردنی تەنیا (30%ی)ی پارەی موچەی دەبێت‌و (70%)ی پارەی موچەخۆرانی پێدابین ناكرێت.
ئەو پارەیەی كە مانگانە بەغداد بۆ موچە رەوانەی هەرێمی دەكات (453 ملیار) دینارە، (12 ملیار) دیناری ئەم پارەیە بەرلەوەی بگاتە كوردستان دەچێت بۆ قەرزی بانكە ئەهلییەكان، ئەوەی كە دەمێنێتەوە‌و رەوانەی هەرێم دەكرێت مانگانە بڕی (441 ملیار) دینارە.
ئەگەر ئەم مانگەش بەغداد بڕی ئەو (441 ملیار) دینارە رەوانەی هەرێم بكات، ئەوا كۆی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە (712 ملیار دینار)، لەم حاڵەشدا هێشتا حكومەتی هەرێم بۆ موچەو خەرجی بڕی (338ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت، ئەگەر پارەكەی بەغدادیش بدرێت، هێشتا بۆ دابینكردنی موچەی ئەم مانگە حكومەت بڕی (181 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت.

وەزارەتی دارایی
بەپێی خشتەیەكی وەزارەتی دارایی كە وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە، بۆ موچەی مانگی رابردوو كە موچەی مانگی (2019/12) ئەو داهاتانەی كە لەبەردەستی وەزارەتی دارایدا بووە، بەم شێوەیە بووە:
•    (345 ملیارو 203 ملیۆن) دینار داهاتی فرۆشی نەوت
•    (441 ملیار) دینار تەمویلی بەغداد 
•    (21 ملیار) دینار تەمویلی هاوپەیمانان
•    (91 ملیارو 232 ملیۆن) دینار داهاتی ناوخۆی هەرێم
•    (898 ملیارو 555 ملیۆن) دینار كۆی گشتی داهاتەكان بووە كە دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ خەرجكردنی موچە.
بەپێی راپۆرتێكی نهێنی تیمی ئەنجومەنی وەزیران كە خراوەتە بەردەست سەرۆكی حكومەت‌و وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە، داهاتی خەمڵێنراوی مانگی چوار لە كۆی ( 939) ملیۆن دۆلارەوە بۆ (520 ملیۆن) دۆلار كەمیكردووەو بەم شێوەیەی لێهاتووە:
* داهاتی نەوت: هەرێم رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، داهاتی مانگێكی فرۆشی نەوت بە (20) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، دەكاتە (261 ملیۆن) دۆلار، لەم بڕە:
-    60 ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆزنەفت
-    30 ملیۆن دۆلار بۆ توركیا، ئەمە مافی گواستنەوەی نەوتەكەیە 
-    50 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا 
-    120 ملیۆن دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%) بۆ كۆمپانیای بەرهەمهێن دەچێت، واتە هەرێم لە مانگی (4) تەنها (60 ملیۆن) دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە لە فرۆشی نەوت، (ئێستا كە نرخی نەوت دابەزیوە، ئەم پێشبینییەی تیمەكەی حكومەت كورتتریش دەهێنێت)
-    داهاتی ناوخۆ بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (4) تەنها (60ملیۆن) دۆلار دەبێت، (ئەم داهاتەش بەهۆی رێوشوێنەكانی كۆرۆناوە ئەم داهاتەش كەمترە لەوەی تیمەكەی حكومەت پێشبینی كردووە).
-    ئەگەر بەغداد بۆ مانگی (4) پارە وەكو خۆی بنێرێت (383 ملیۆن) دۆلار.
-    17 ملیۆن دۆلار هاوكاری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی 
-    كۆی گشتی داهاتی خەمڵێنراو بۆ مانگی (4) دەكاتە (520 ملیۆن) دۆلار.
-    ئەگەر بەراوردی داهاتی مانگی (1) بە مانگی (4 ) بكەین، تەنیا لە داهاتەكانی ناوخۆو نەوتدا، حكومەت بڕی (419 ملیۆن) دۆلاری لەدەستداوە.
  
پێشنیاز بۆ موچەی مانگی چوار 
لیژنە باڵاكەی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی كردووە لە مانگی (4)دا كە داهاتی گشتی (520) ملیۆن دۆلار دەبێت (ئەمە ئەگەر پارەكەی بەغدادیشی لەسەر بێت)، بڕی (475 ملیۆن) دۆلاری بۆ موچە تەرخان بكرێت كە خۆی پێویستی بە (755 ملیۆن) دۆلار هەیەو (45 ملیۆن) دۆلاریش بۆ میزانیەی تەشغیلی بێت.
راپۆرتەكە سێ پێشنیازی خستوەتە بەردەم سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی موچە، وا دەردەكەوێت سەرۆكی حكومەتی هەرێم پێشنیازی یەكەمی قبوڵكردووە.
پێشنیازی یەكەم دەڵێ:" بەهیچ شێوەیەك باسی كەمكردنەوەی موچە نەكرێت، چونكە یاسای چاكسازی ئامادە نیەو پارەیەكی زۆریشمان بۆ ناگەڕێتەوەو موچە لە ماوەی (30 )رۆژدا دابەش نەكرێت، بەڵكو (45) رۆژ یان (60) رۆژ جارێك بێت". 


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand