داوای لامەركەزیەتی ئیداری‌و كارگێڕی دەكرێت

Draw Media

2020-04-23 13:08:45



 (درەو):
ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو) دەڵێن لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و دەبێت جێبەجێ بكرێت، فراكسیۆنی پارتی و چەند ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان هۆڵی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگایان جێهێت.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ كۆبووەوە، كۆبونەوەكە بۆ قسەكردن بوو لەسەر دوو تەوەر (دواكەوتنی موچەی موچەخۆران‌و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبار لە خاڵە سنورییەكان).
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە تەوەری قسەكردن لەبارەی دواكەوتنی موچەی موچەخۆرانەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە ناوی (خەدیجە عەبدولجەبار ) وتویەتی لەسەر دواكەوتنی موچە، پێویستە لە حكومەتی فیدراڵی عێراق سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكرێت.
هەر لە گفتوگۆ لەبارەی دواكەوتنی موچە، رێكەوت زەكی لە فراكسیۆنی یەكێتی پێشنیازی زیندوكردنەوەی پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی كردووە‌و ئەمەی وەكو چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا ناوبردووە.
دوای ئەم قسانە، فراكسیۆنی پارتی‌و سێ ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا كشاونەتەوە بەبەهانەی ئەوەی گفتوگۆكان لە تەوەری خۆیان لایانداوە.
بارزان محەمەد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا كە سەربە بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، قسەكردن بۆ هەموو ئەندامان ئازادە، هەروەك چونەدەرەوەی ئەو برادەرانەش لە كۆبونەوەی ئەنجومەن ئازادەو یاساییە، هەرئەندامێكی ئەنجومەن بۆی هەیە لەسەر هەر بابەتێك قسە بكات.
دوای ئەوەی فراكسیۆنی پارتی‌و سێ ئەندامەكەی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆبونەوەكە چونەدەرەوە، كۆبونەوەكە كۆتایی پێهات، بەڵام (درەو) زانیویەتی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردووە كە تێیدا داوای زیندوكردنەوەی پرۆژەی لامەركەزیەتی ئیداری‌و دارایی دەكەن.
(درەو) كۆپییەك لەو نوسراوەی دەستكەوتووە، تێیدا ئاماژە بەوەكراوە"
لامەركەزیی كارگێڕی‌و دارایی‌و دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕی‌و دارایی‌و ئاڕاستەكردنی بۆ بەردەم ئەنجومەنی پارێزگا، خاڵێكی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و ئەنجومەنی پارێزگا پێویستە جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خاڵە بكرێتەوە".
جوڵاندنی پرسی لامەركەزیەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە هاوكاتە لەگەڵ ئەو گرژییانەی كە بەمدواییە لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand