ململانێی قەڵەمڕەوی لە زەمەنی كۆرۆنادا

Draw Media

2020-04-13 19:36:17



راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت
لە ڕووبەرێكی بچوكدا براكان بەرامبەر بەیەكتر راوەستاون‌و دەستیان لەسەر میلی چەكەكانیانە، فڕۆكەكانی توركیاش لە ئاسمانەوە تەماشایان دەكەن، ئەمە ململانێی قەڵەمڕەوییە لەزەمەنی كۆرۆنادا، یەكێتی داوا دەكات لیوای (122) لەناوچەكە جێگیربكرێت، پارتی رەتیدەكاتەوە، پەكەكەش هەڕەشەی شەڕ دەكات، لەم نێوەندەدا خەڵكی ناوچەكە لەڕێگەی ئەنجومەنێكەوە دەیانەوێت مەترسی شەڕ لەناوچەكەیان دوربخەنەوە، ئەمە چیرۆكی (زینی وەرتێ)یە كە ئەم رۆژانە لەپاڵ قەیرانی كۆرۆنادا بووە بە ناونیشانی تەنگژەیەكی نوێ.

زینی وەرتێ لەزەمەنی كۆرۆنادا
زینی وەرتێ.. ناوچەیەك كە ئێستا بووە بە خاڵی گەرمی كۆبونەوەی هێزە چەكبەدەستەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی كرێكارانی كوردستان، لە ئاسمانیشەوە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چاودێری دەكەن.
زینی وەرتێ ناوچەیەكە كە دەكەوێتە نێوان (دۆڵی شاورێ)ی رانیەو (ناحیەی وەرتێ)ی سەربە پارێزگای هەولێر، لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی براكوژی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و جێگیربوونی نەخشەی قەڵەمڕەوی هەردوو حزبەكە، ئەم ناوچەیە كەوتە ژێر كۆنترۆڵی یەكێتی‌و هێزی چەكداری یەكێتی لەو ناوچەیەدا جێگیربوون، ساڵی 2014 كاتێك چەكدارانی "داعش" ئاڕاستەی شەڕیان بەرەو كوردستان گۆڕی، یەكێتی هێزەكانی خۆی لە زینی وەرتێ كشاندەوە‌و رەوانەی بەرەكانی شەڕی كردن دژ بە "داعش"، لەوكاتەوە ئامادەیی سەربازی یەكێتی لە زینی كۆتایی هات.
"داعش" رۆیشت‌و كۆرۆنای بەسەردا هات، كۆتایی مانگی رابردوو بەبەهانەی جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆو رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هێزێكی سەربە لیوا هاوبەشەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە لە سۆرانەوە بەرەو زینی وەرتێ جوڵەی پێكراو جێگیركرا.
سەرباری ئەوەی هێزەكەی وەزارەتی پێشمەرگە هێزی هاوبەشی نێوان پارتی‌و یەكێتییە، بەڵام جێگیركردنی هێزەكە لە زینی وەرتێ هەرزوو یەكێتی نیگەران كرد، بەتایبەتیش كە ساڵانێك دوای شەڕی ناوخۆ ئەم ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی یەكێتیدا بووە، یەكێتی هێزێكی تایبەتی خۆی نارد بۆ ناوچەكە‌و لەبەرامبەر هێزە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە جێگیری كرد.

دڵی قەندیل
هاتنی هێزە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ تەنیا یەكێتی نیگەران نەكرد، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ش نیگەرانە، ئاخر بەلای پەكەكەوە زینی وەرتێ دڵی زیندووی قەندیل‌و ناوچەی "بەرخودان"ە، كۆنترۆڵكردنی زینی وەرتێ لەلایەن هێزێكەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدا بێت بۆ پەكەكە بەواتای پچڕاندنی رێگەی سەرەكی قەندیلە بە هەرێمی شاورێ‌و زنجیرە چیای كاروخ، ئەمە وادەكات لە داهاتوودا گەریلاكان نەتوانن بەئاسانی دەستیان بەناوچەكانی تری قەندیل رابگات.
(درەو) زانیویەتی، پەكەكە پەیامی بۆ یەكێتی ناردووە‌و تێیدا دەڵێ نابێت هێزە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ جێگیر ببن، بەڵام رازین بە جێگیركردنی هێزی یەكێتی لە زینی وەرتێ.

چی دەگوزەرێت ؟
ئێستا لە زینی وەرتێ لە دووری (200)مەتر، سێ هێز بەرامبەر بەیەكتر راوەستاون كە ئەمانەن:
* هێزی فەوجی (1)ی لیوای (7)ی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمە فەوجی هاوبەشی هێزەكانی پارتی‌و یەكێتییە، فەرماندەی فەوجەكە یەكێتییە، بەڵام فەرماندەی لیواكە سەربە پارتییەو جێگرەكەی یەكێتیە.
* فەوجێكی سەربە هێزەكانی (70)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رۆژی شەممەوە لە زینی وەرتێ و لە بارەگاكۆنەكەی خۆیان جێگیركراون.
* پارتی كرێكارانی كوردستانیش (3) گەریلای لەتەنیشت بارەگای هێزە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە‌و هێزەكەی یەكێتی لەناو خێوەتێكدا جێگیركردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) پەكەكە گەریلاكانی ز‌ور لە نزیك هێزەكەی پارتی‌و یەكێتی جێگیركردووە، ئەمە بۆ ئەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زەفەریان پێنەبات.
ئێستا براكان لە زینی وەرتێ بەرامبەر بەیەكتر راوەستاون، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاش لە ئاسمانی ناوچەكەوە تەماشای بارودۆخەكە دەكەن. 

گەڕان بەدوای چارەسەردا
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا هەوڵێك هەبووە بۆ چارەسەری ئەو دۆخەی كە لە زینی وەرتێ دروستبووە، بەڵام هەوڵەكە تائێستا نەگەیشتووەتە چارەسەر.
(درەو) زانیویەتی، مستەفا چاوڕەش فەرماندەی هێزەكانی (70)ی سەربە یەكێتی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی كردووە بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە، وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل)ە كە ئەویش هەر سەربە یەكێتی نیشتمانییە.
پارتی رازی نییە هێزە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لەو ناوچەیە بكشێتەوە، زانیارییەكان باسلەوەدەكەن ئەمە هۆكارەكە بووە كە مستەفا چاوڕەش بە رەزامەندی بەرپرسانی باڵای یەكێتی فەرمانیكردووە بەناردنی هێزێكی یەكێتی بۆ سنورەكە‌و جێگیركردنی لەبەرامبەر هێزە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە.
(درەو) زانیویەتی، یەكێتی پێشنیازی ئەوەی كردووە لەبری لیوای (7)، هێزێكی لیوای (122)ی سەربە هێزەكانی (70)ی یەكێتی لەناوچەكە جێگیربكرێت كە فەرماندەی لیواكە سەربە یەكێتییە، ئەم پێشنیازە تائێستا لەلایەن پارتییەوە پەسەندنەكراوە، بۆیە كێشەكە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە‌و مەترسی پێكدادانیش لەئارادایە.
لەلایەكی ترەوە پەكەكە فشاری هێناوە‌و دەڵێ ئەگەر هێزە هاوبەشەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لە زینی وەرتێ نەكشێتەوە، ئەوان ناچار بە كشانەوەیان دەكەن، ئاخر پەكەكە گومانی هەیە لەوەی لەبنەڕەتەوە ناردنی هێزەكەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە بەفەرمانی پارتی‌و بەپلانی توركیا بوبێت بۆ خنكاندنی قەندیلی گۆڕەپانی "بەرخودانی" گەریلاكان.
پەكەكە ئامادەیی نیشانداوە ئەگەر هێزە هاوبەشەكە لە زینی وەرتێ بكشێتەوە، ئەویش گەریلاكانی بكشێنێتەوە.  

خەڵكی ناوچەكە نیگەرانن
لە سێ رۆژی رابردوودا هەندێك رووداو رویداوە كە بوەتە سەرچاوەی دڵەڕاوكێی خەڵكی ناوچەكە، (درەو) زانیویەتی گەریلاكانی پەكەكە لە لۆفەكانی وەرتێ رێگریان لە فەرماندەی لیوای (7)ی هێزە هاوبەشەكە گرتووە كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەو پێیان وتووە دەبێت ناوچەكە چۆڵ بكەن، لەوێدا فەرماندەی فەوجی یەكی لیوا هاوبەشەكە كە سەربە یەكێتییە كێشەكەی چارەسەركردووەو رێگەی بۆ فەرەماندەی لیواكە كردوەتەوە بڕوات. 
لەلایەكی ترەوە ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ ماوەیەكی زۆر بەسەر ئاسمانی ناوچەكەدا سوڕاونەتەوە، هەموو ئەمانە خەڵكی دەڤەرەكەی نیگەران كردووە. 
(درەو) زانیوەتی، خەڵكی ناوچەكە ئەنجومەنێكیان دروستكردووە
بۆ ئەوەی بچنە لای هێزە هاوبەشەكەو ناڕەزایی خۆیانی پێبگەیەنن لەبارەی ئەوە نایانەوێت لەناوچەكەی ئەواندا گرژی‌و شەڕو ململانێ روبدات‌و ژیانیان بكەوێتە مەترسییەوە.
سەرەتای جێگیركردنی هێزە هاوبەشەكەش، هەندێك لە خەڵكی ناوچەكە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام وەكو ئەوەی باسدەكرێت فەرماندەی لیوای (7) بەڵێنی پێداون هێزەكە بەشێوەیەكی كاتیی لەو ناوچەیە دەمێنێتەوەو كارەكەیان لەچوارچێوەی رێوشوێنەكانی قەدەغەی هاتوچۆو روبەروبوونەوەی كۆرۆنادایە.

هەوڵەكەی نێچیرڤان بارزانی
نوسەرو رۆژنامەنوس رێبوار كەریم وەلی ئەمڕۆ لەوتارێكدا كە لە سایتی (رووداو)دا بڵاویكردەوە، ئاشكرایكرد، خەریكبووە شەڕ لە زینی وەرتێ رووبدات، دەستوەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بارودۆخەكەی راگرتووە.
نوسەر لە وتارەكەیدا هۆشداری دابوو لە هەستیاری بارودۆخی ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی، ماوەیەكی كورت دوای بڵاوبونەوەی وتارەكە، سایتی (رووداو) وتارەكەی لەسەر ماڵپەڕی خۆی سڕییەوە. 
ئەم رۆژانە كە خەڵك بەهۆی كۆرۆناوە لەماڵەكانیاندا كەرەنتینە كراون، لە دەرەوە ململانێی دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە بەردەوامە، یەكێتی سەركردایەتییەكی نوێی هەڵبژاردووە، پارتی تائێستا ئامادە نییە بە فەرمی دان بە سەركردایەتییە نوێیەكەدا بنێت، بەمدواییە خەڵك لە كەرەنتینەی ماڵەكانی خۆیانەوە گوێیان لە شەڕە بەیاننامەی هەردوو دەزگای پاراستنی پارتی‌و زانیاری یەكێتی بوو، ئێستاش ململانێیكە جارێكی تر مەترسی سەرهەڵدانەوەی قەیرانی غاز دروستكردووە، لەولاشەوە حكومەت كە هەردولا تێیدا هاوبەشن، كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەیە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand