سیاسەت لە پشتی دەزگا خێرخوازییەکانەوە

Draw Media

2020-04-10 20:53:52



راپۆرتی: فازڵ حەمە رەفعەت – محەمەد رەئوف
رێكخراوە خێرخوازییەكان لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی هەموو بوارەكانی تر دابەشبوون بەسەر پارتە سیاسیەكاندا، سەرچاوەی داهاتی ئەم رێكخراوانە ناڕونەو ماوە لەدوای ماوە لەكاتی قەیرانەكاندا دەردەكەون، سەرباری زۆری ژمارەیان ئەم رێكخراوە خێرخوازیانە نەیانتوانیوە دەستكاری ژمارەی رێژەی هەژاری بكەن لەهەرێمی كوردستان.  

كاری خێرخوازی لە هەرێمی كوردستان 

بەم دواییە نوسراوێكی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئاشكرا بوو كە تیایدا داوا لە رێكخراوی (  UNHCR) دەكات، هاوكاری و یارمەتیەكانی لە رێگەی رێكخراوی (دەزگای خێرخوازی بارزانی)ەوە بگەیەنێتە هەرێمی كوردستان، ئەمە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندی سیاسی هەرێمی كوردستانیش كاردانەوەی لێكەوتەوە، وا لێكدرایەوە، وەزیری ناوخۆ كە خۆی سەربە پارتیە دەیەوێت، كارە خێرخوازییەكانی سەردەمی كۆرۆنا بكات بخاتە خزمەتی حزبەكەیەوە.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی رێكخراوی خێرخوازی هەن دەستی باڵاو سەرچاوەی دارایی بەهێزیان هەیە، ئەمانە رێكخراوی سەربەخۆ نین و حزبە سیاسیەكان لە پشتیانەوە راوەستاون،ئەمە وای كردووە كە خەڵكی متمانەیان بەم رێكخراوە خێرخوازیانە نەبێت، 
لە هەرێمی كوردستان دەزگایەكی خێرخوازی یەكگرتوو نیەكە خەڵكی بە متمانەوە كۆمەكەكەی ئەوەوە بگەیەننە هاوڵاتیانی كەمدەرامەت، ئەو رێكخراوە كە لەناو گۆڕەپانەكەدان و زیاتر دەركەوتوون و باسی كارەكانی خۆیان دەكەن سەرباری زۆری ژمارەیان بەڵام نەیانتوانیوە، كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی رێژەی هەژاری و نەداری و دەستباری حكومەت بن جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزارییەكان، بۆیە زۆرجار وا لێك دەدرێت و كە كارەكانیان وەك هەڵكمەتی هەڵبژاردن و  كاری حزبی لێكدەدرێتەوە.

رێكخراوە خێرخوازیەكان كامانەن

دەزگای خێرخوازیی بارزانی
ئەم دەزگایە وەكو خۆی دەڵێ" دەزگایەكی ناحكومیی و ناسیاسی و قازانج نەویستە"، ساڵی 2005 لە هەولێر دامەزراوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگاكەیە.
بەپێی قسەی خۆی، سەنتەری پرۆژە خێرخوازییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مرۆڤە)و لەهەر كۆمەڵگەو سنوورێكی جوگرافیدا مرۆڤەكان پێویستیان بە هاوكاری مرۆیی هەبێ لە هەر سێكتەرێك دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئەركی خۆی دەزانێت هاوكارییان پێشكەش بكات‌.
ئەم دەزگایە مۆڵەتی كاركردنی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەچوارچێوەی رێكخراوە ناحكومیەكان وەرگرتووەو ساڵی ۲۰۱٦ دا لە ئەمریكا مۆڵەتی كاركردنی وەرگرتووە.
بەپێی قسەی خۆی، دەزگاكە سنوری كاركردنی سنوری كوردستان و عێراقی تێپەڕاندووەو لە وڵاتانی (توركیا- سوریا- یۆنان- سربیا…) كاریكردووە.
سەرچاوەی دارایی دەزگاكە روون نییە، بەڵام،خۆی دەڵێ" بۆ ئەنجامدانی پرۆژەكان پشت بە هاوبەش و سپۆنسەرەكانی دەبەستێت كە رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و كۆمپانیا ناوخۆییەكانی كوردستان و عێراقن".
بارەگای سەرەكی دەزگاكە له هەولێرە، بەڵام ئۆفیسی لە چەندین ناوچە هەیە لەوانە لە (دهۆك، هەولێر، سلێمانی، كەركووك، شنگال، نەینەوا، گەرمیان)، نوێنەرایەتیشی هەیە لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

دەزگای مرۆیی مام
ئەم دەزگایە سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو بەپێی زانیارییەكان لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی رۆڵی سەرەكی لە دروستكردنیدا هەبووە.
ئەم رێكخراوە چەند هەفتەیەكە دەستبەكاربووەو فەلاح سەلاح سەرۆكایەتی دەكات كە یەكێكە لە كادیرە دیارەكانی یەكێتی لەسنوری كەركوك.
هێڵی كاركردنی رێكخراوەكەو بواری كارەكانی هێشتا روون نییەو تائێستا بواری كارەكانی خۆی دەبینێتەوە لە پێشكەشكردنی كۆمەكی تەندروستی بە ناوەندە تەندروستیەكان، رێكخراوەكە دەستپێشخەرییەكیشی بەناوی "پەلەچارە" راگەیاندووە، پەلەچارە خزمەتگوزارییەكی تەندروستی دەزگاكەیە كە خەڵك دەتوانن پەیوەندی پێوەبكەن و ژمارەیەك پزیشك وەڵامی پەیوەندییەكان دەدەنەوەو لەبارەی نەخۆشییەكانەوە راوێژیان پێدەكرێت.
دروستكردنی دەزگایەكی خێرخوازی بەناوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی لەبەرامبەر دەزگای خێرخوازی بارزانی-یە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی كۆچكردوو مستەفا بارزانی دامەزرێنەری پارتەكەوە دروستیكردووە.

دەزگای روانگە
ئەم دەزگایە لە ساڵی ۲۰۱۳وە دەستی بەكاركردن كردووە، لەلایەن ئیدرس نێچیرڤان بارزانییەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەم رێكخراوە خۆی وەكو رێكخراویێكی "ناحكومیی" پێناسە دەكات، بەڵام بەردەوام بەهۆی نێچیرڤان بارزانییەوە پێگەی بەهێزی لەناو حكومەتدا هەبووە.
وەكو خۆی دەڵێت ئەركی سەرەكی ئەم رێكخراوە بریتییە لە:
🔹 هێنانەدی جیهانێك كە هەموو تاكێك دەستیبگات بە پەروەردەیەكی جۆری باش.
🔹 پەرەدان بەو سەكۆیانەی كە لاوان دەتوانن تواناكانی خۆیانی تێدا تاقی بكەنەوە.
بەگشتی وەكو خۆی دیاریكردووە، دەزگای روانگە لە چوار بواری سەرەكیدا كاردەكات كە بریتین لە (پەروەردە، لاوان، ژینگە، كەسانی لێقەوماو).
ئەم رێكخراوە هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوەتەسەر هێڵی كاری خێرخوازی، لەكاتێكدا ئەم رێكخراوە پێشتر تەنیا لەڕێگەی ڤێستیڤاڵێكەوە ناسراوە كە تێیدا لاوانی بەهرەمەندی خەڵات كردووە.
سەرچاوەی دارایی ئەم رێكخراوە ناڕوونە.

رێباز فاون دەیشن
رێباز فاوندەیشن، كە رێكخراوێكی خێرخوازییەو  لە ساڵی (2007) وەك دامەزراوەیەكی ناحكومی لە بەریتانیا دامەزراوە، بەناوی كۆچكردوو ( رێباز كۆسرەت رەسوڵ) درووست كراوە كە كوڕی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێیتەوە( رێباز  كۆسرەت رەسوڵ) ناونراوە و ئێستا لەلایەن (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە سەرپەرشتی دەكرێت. 
رێكخراوی رێباز فاون دەیشن لەم بوارانەدا كاردەكات:
🔹   پەروەردەو خوێندنی باڵا
🔹    تەندروستی
🔹     مرۆیی   
وەك لە پەیجی رەسمی خۆیان بڵاویان كردۆتەوە، ئەم رێكخراوە وەك دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی لە بەرێوەبەرێتی رێكخراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوی تۆماركراوە,
وەك زۆرێك لە رێكخراوەكانی دیكە ئەم رێكخراوەش لە سەردەمی دەركەوتنی كۆرۆنادا سەرقاڵی كاری خێرخوازیەو بەپێی راگەیەنراوێكی كە لە 28/3/2020 بڵاویان كردۆتەوە " خواردن بەسەر شەش هەزار خێزانی كەمدەرامەت و هەژار و كەمئەندام و كەسوكاری شەهید لە كوردستان دابەش دەكەن"

 
دەزگای خێرخوازی شەهید عەتا
ئەم دەزگایە بەناوی (عەتا محەمەد حاجی مەحمود) كوڕی محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستانەوە ناونراوە كە ساڵی ۲۰۱٤ لە شەڕی دژ بە داعش لە سنوری كەركوك شەهید بوو.
كوڕێكی محەمەد حاجی مەحمود بەناوی (رێبین) سەرۆكی دەزگاكەیە.
بارەگای رێكخراوەكە لە گەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانییە.
بەپێی ئەوەی لە سایتی رەسمی رێكخراوەكەدا بڵاوكراوەتەوە ئامانجی دەزگاكە كە" دەزگایەكی مرۆیەو هەڵگری پەیامی مرۆڤایەتی گەورەیە بۆ دروست كردنی پەیوەندی دۆستانە و مرۆڤانە لەگەڵ ئەو خێزانە بەڕێزانەی كە پێویستیان بە هاوكاری هەیە بە بێ جیاوازی ئاین و نەتەوەو ڕەگەز و زمان." و كار دەكات بۆ:
🔹    خزمەتكردنی كەس وكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خانەوادەی سەربەزی هێزەكانی پێشمەرگە
🔹   كەرتەكانی خوێندن وتەندروستی
🔹   گەشەپێدانی ئاستی هۆشیاری گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵگا
سەرچاوەی داهاتی رێكخراوەكە ناڕوونە.
ئەم دەزگایە لەدوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاتر رۆڵی دەركەوتووەو كارو چالاكییەكانی دەبینرێت.
 لە نوێترین چالاكی ئەم رێكخراوە لە رۆژی 6/4/2020دابووە كە هاوكارییان گەیاندوەتە (100) خێزانی كەمدەرامەتی قەزای سەید سادق.

رابیتەی ئیسلامی كورد
ئەم رێكخراوە ساڵی ۱۹۸۸ لە توركیا لەلایەن كۆمەڵە كەسایەتییەكی ئیسلامی كوردەوە بە سەرۆكایەتی دكتۆر عەلی قەرەداغی دروستكراوە.
هەمان ساڵ رێكخراوەكە وەكو رێكخراوێكی خێرخوازی مرۆڤدوست لە ئەڵمانیا مۆڵەتی وەرگرتووەو دواتر لقی لە وڵاتانی (سوید، بەریتانیا، ئەڵمانیا) كردوەتەوە.
رێكخراوەكە لە نیوەی یەكەمی ساڵی ۱۹۹۲وە لە ناو هەرێمی كوردستان دەستی بەكاركردن كردووەو لقی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك و كەركوك كردوەتەوەو مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، ساڵی ۲۰۰٥ رێكخراوەكە مۆڵەتی كاركردنی لە حكومەتی عێراقیش وەرگرتووە.
رابیتەی ئیسلامی كورد یەكەم رێكخراوی خێرخوازیی كوردییە دوای كشانەوەی سوپای عێراق لە كوردستان، كە لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا له ساڵانی شەڕی ناوخۆیی حزبەكاندا، رۆڵی گرنگی هەبوو لە ئەنجامدانی پرۆژە خێرخوازییەكان.
بەهۆی ئەوەی رێكخراوەكە زیاتر لە ژێر هەژموونی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستاندا بوو، هەرزوو كەوتە ژێرفشاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
رێكخراوەكە تۆمەتباردەكرا بەوەی زیاتر كارەكانی لە دروستكردنی مزگەوتدا چڕكردوەتەوە، سەرباری ئەمە گومان لەسەر سەرچاوە داراییەكەی دروستدەكرا.
وردەكاری سەرچاوەی دارایی رێكخراوەكە روون نییە، بەڵام بەپێی ئەوەی پێشتر بەرپرسانی رێكخراوەكە خۆیان باسیانكردووە، لەسەردەمێكدا كۆمەكیان لە خەڵكی خێرخواز لە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی وەرگرتووە.
دوای ئەو رەخنانەی كە ئاڕاستەی دەكرا، ئەم رێكخراوە بواری كاركردنی فراوانكرد بۆ دروستكردنی قوتابخانەو بنكەی تەندروستی و پرۆژەی ئاو، ئەمە لە پاڵ یارمەتیدانی خەڵكانی هەژارو كەمدەرامەت، ئەم رێكخراوە تائێستا ماوەو بەردەوامە لە كاركردن، بەڵام چیتر وەكو نەوەدەكانی سەدەی رابردوو ناو و پێگەی لە گۆڕەپانەكەدا نەماوە، ئەمە رەنگە بەشێكی پەیوەندی بە لەدەستدانی سەرچاوە داراییەكانییەوە بێت و بەشێكی تر پەیوەندی بە بوژانەوەی دۆخی ئابوری هەرێمی كوردستانەوە هەبێت.

دەزگای خێرخوازی بەخشین
ئەم دەزگایە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، بارەگای سەرەكی لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانییە.
ئەم دەزگایە سەرباری پێدانی كۆمەك بەخەڵكی كەمدەرامەت، نەخۆشخانەیەكیشی بەناوی "بەخشین"وە لە سلێمانی هەیە، نەخۆشخانەكە بەهۆی خزمەتگوزارییەكانی و هەرزانی نرخ ناوبانگێكی باشی لەناو خەڵكدا هەیە، بەمدواییە بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی هەندێك كێشەیان بۆ كاری نەخۆشخانەكە دروستكرد، بەڵام بەهەوڵێكی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ لەڕێگەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ئێستای یەكێتییەوە نەخۆشخانەكە لە داخستن رزگاركرا.
سەرباری كارە باشەكانی، بەهۆی ئەوەی ئەم دەزگایە سەربە كۆمەڵی ئیسلامییە، زۆرجار بە چاوی گومانەوە لەكارەكانی دەڕوانرێت.
سەرچاوەی سەرەكی داهاتی دەزگاكە كۆكردنەوەی خێرو زەكاتە لە خەڵكانی دەوڵەمەند.

کارەکانی شاسوار عەبدولواحید

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرباری ئەوەی کە هیچ دەزگایەکی دیاریکراوی تایبەت بە کاری خێرخوازی دروستنەکردووە، بەڵام ماوە لەدوای ماوەو لەکاتی قەیرانەکاندا جێگە دەستی خۆی لەو بوارەدا دەردەخات. کارەکانی شاسوار زیاتر وەکو کێبرکێیە لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکان و بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی روون و بێ پەردەیە، ئەو لەو رێگەیەوە دەیەوێت بڵێ من لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا لە حکومەت خێراترم، ئەوانەی شاسوار ئەنجامی داون هیچیان پرۆژەی ستراتیژی و درێژخایەن نین، سەرباری ئەوە بەکارهێنانیان لە ڕووی میدیاییەوە بۆ خزمەتکردن بە پرۆژە سیاسییەکەی، لە بایەخی مرۆیی کارەکانی کەمکردوەتەوە.

خێرخوازان
سەرباری ئەم رێكخراوانە لە هەرێمی كوردستان چەندین كەسایەتی و سەرمایەداری دیكە لە دەرەوەی حزبە سیاسیەكان كارەكانی خۆیان دەكەن ئەمانە ئەو كەسانەن كە ئارەزووی كاری خێرخوازیان هەیە، ئەمانە بەشێكی زۆریان بۆ خەڵكی ناسراو نین بەو پێیەی كە دەزگای راگەیاندنیان نیەو كە بانگەشە بۆ كارە خێرخوازیەكانیان بكات، زیاتر ئەمانە وەك ئارەزوویەكی ئایینی یان حەزێكی كۆمەڵایەتی ئەم كارانە دەكەن. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand