فوئاد حسێن دانوستان بۆ مانەوەی خۆی دەكات

Draw Media

2020-04-04 21:13:13



 راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لەدوو هێڵەوە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ پارتی، لەگەڵ یەكێتیش هێڵێكی كردوەتەوە، لایەنەكانی تری هەرێمی كوردستان جگە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی فوئاد حسێنی وەزیری دارایی، هیچ بەرچاوڕونییەكیان نییە، شەڕی ئێران‌و ئەمریكا لە دانانی عەدنان زورفی لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا ماڵی شیعەی پەرتكردووە، رەنگە كوردیش بەبێ كێشەی لێی دەرنەچێت، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری دانوستانی لایەنە كوردییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بڵاودەكاتەوە.  

سەرەتای قۆناغێكی نوێ
كەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم عەدنان زورفیدا ماوە بۆ ئەوەی كابینەی حكومەتەكەی بخاتەبەردەم پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە.
زورفی لەسەر پشكی پێكهاتەی شیعەكان راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمە نەریتێكە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە لە 2003وە لە عێراق داكەوتووە، پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت لە دەستی كەسێكی شیعەمەزهەبدا بێت.
زورفی شیعەیەكی جیاوازە، ئەو لە بری ئێران وەلائی بۆ ئەمریكا هەیە، دەوترێت ئەمریكا پشتیوانی بەهێزی لێدەكات‌و دەیەوێت حكومەتەكەی سەركەوێت، ئەمە وایكردووە زورفی بەلوتبەرزییەوە مامەڵە بكات، ئەوانەی لە نزیكەوە دەیناسن دەڵێن ئێستا تەنانەت ئامادە نییە وەڵامی نامە‌و پەیوەندی تەلەفۆنی هەموو كەسێك لەناو توێژی سیاسی عێراقدا بداتەوە.
لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانییەوە ناو ماڵی شیعە لە عێراق بەتەواوەتی پەرتەوازە بوو، ئەمە قۆناغی دوای "حاجی قاسم"ە، نەبوونی كۆدەنگی لەناو شیعەكان بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران وایكرد دواجارو بۆ یەكەمجار ئەمریكییەكان بەشێوەیەكی بەهێزتر داخڵی هاوكێشەی سیاسی عێراق ببن، تاران ناتوانێت لایەنە شیعەكان یەكبخات، بەڵام واشنتۆن بۆ سەرخستنی عەدنان زورفی، لایەنگرانی خۆی لە عێراق لەوانە محەمەد حەلبوسی سوننەمەزهەبی سەرۆكی پەرلەمان‌و هاوپەیمانە كوردەكان‌و هەندێك لە شیعە دۆستەكانیشی یەكخستووە، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی سیاسی نوێ دەبێت لە عێراق ئەگەر ئێران خۆی كۆنەكاتەوە.

زورفی‌و شیعەكان
شیعەكان لەسەر عەدنان زورفی ناكۆكن، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، پشتیوانی لە زورفی دەكەن، شیعەكانی تر یاخود ئەوانەی ناویان لێنراوە "ولائییەكان"‌و بەتەواوەتی پشتیوانی لە ئێران دەكەن، زورفی بە كاندیدی "دەزگای هەواڵگری ئەمریكا" ناودەبەن‌و بەتوندی لەدژی راوەستاونەتەوە، ناڕێكی ناوماڵی شیعە وایكردووە هێشتا پێكهاتەكانی تر بەتەواوەتی متمانەیان بە دۆخەكە نییە‌و ناتوانن بەشێوەیەكی راستەوخۆ دانوستان لەگەڵ زورفی دەستپێبكەن، بەڵام سەرباری ئەمەش ئەوانەی بەدۆستەكانی ئەمریكا ناسراون، تاڕادەیەك قسەی خۆیان لەگەڵ زورفی بڕیوەتەوە.
ئیسماعیل قائانی كە شوێنی قاسم سولەیمانی وەكو فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پڕكردوەتەوە، لەدوای دەستبەكاربوونیەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ یەكەمینجار سەردانی عێراقی كرد، قائانی هاتبوو بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە رێبكخاتەوە، ئەوەی بە ئاشكرا وتی‌و ویستی لە ژورە تاریكەكان بچێتە دەرەوە ئەوە بوو كە "ئێران قایل نییە بەوەی عەدنان زورفی ببێت بە سەرۆك وەزیرانی عێراق"، بەڵام ئەوەی كە نەیوت ئەوەیە، رەنگە ئێران لە پشتەوە زۆر كێشەی لەگەڵ دانانی زورفیدا نەبێت، بەتایبەتی ئەگەر حكومەتەكەی زورفی وەكو ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە بۆ ماوەی یەك ساڵ بەردەوام بێت‌و سەرباری ئەوە تاران بە دانانی وەزیرە وەلائییەكانی خۆی لە عێراق، حكومەتەكەی زورفی ئابلۆقە بدات تا ئەوكاتەی یەكساڵی تەمەنی خۆی تەواو دەكات‌و بارگە‌و بنەی خۆی دەپێچێتەوە‌و دەڕوات، بەڵام ئاڵنگارییە گەورەكە بۆ تاران ئەوەیە بۆ یەكەمینجارە لە عێراقی دوای سەددامدا واشنتۆن دەستی باڵای هەیە لە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی شیعەمەزهەبدا، ئێرانییەكان ترسیان هەیە ئەمە ببێت بە پێشینەیەكی خراپ‌و دۆسیەی عێراقیان لەدەست دەربچێت‌و بەغداد بۆ ئەمریكییەكان چۆڵ بكەن.
میدیای فەرمی ئێران بەمدواییە یەكێك لە بەڵگەنامە دزەكراوەكانی سایتی ویكیلیكسی بڵاوكردەوە تایبەت بە عەدنان زورفی كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی دەستبەكاربوونی زورفی وەكو پارێزگاری نەجەف، بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامەیە زورفییان تۆمەتباركرد بەوەی "پیاوی ئەمریكایە".
زورفی لەو سەردەمەی كە پارێزگاری نەجەف بووە، شەڕی لەدژی میلیشیاكانی سوپای مەهدی كردووە كە سەربە موقتەدا سەدر بوون، شیعە وەلائییەكان بەردەوام ئەمە بەبیری موقتەدا سەدردا دەهێننەوە بۆ ئەوەی دەست لە پاڵپشتیكردنی زورفی هەڵگرێت، بەڵام سەدر هێشتا بەروون‌و راشكاوی دژایەتی خۆی بۆ زورفی رانەگەیاندووە‌و پاڵپشتی دەكات.
ئەمڕۆ هەشت گروپی چەكداری شیعە لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا هەڕەشەیان كرد هێرشبكەنەسەر هێزەكانی ئەمریكا، عەدنان زورفیشیان وەكو كاندیدی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ناوبردو‌و هۆشدارییان بە پەرلەمانتاراندا دەنگ بە كابینەكەی نەدەن، ئەمانە گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران بوون.

سوننەكان‌و عەدنان زورفی
لەدوای هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی بووە بە ژمارەیەكی گەورەی ناو پێكهاتەی سوننەكان، حەلبوسی پێگەكەی وەكو سەرۆكی پەرلەمان‌و توانا داراییە بەهێزەكەی لە خزمەتی سیاسەتەكانی خۆیدا بەكاردەهێنێت، ئەو پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ كورد هەیە، یەكێك لەوانە بوو كە توانی شكست بە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی پێشووی عێراق بهێنێت، ئەو بەپێچەوانەی سەركردەكانی تری سوننە لەدوای روخانی سەددامەوە، زیاتر بەلای كورددا شكاوەتەوە‌و دەیەوێت كورد بەكاربهێنێت بۆ راستكردنەوەی پێگەی سوننە لە عێراق، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لێكتێگەیشتنێكی كرد‌و حكومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی لەباربرد، لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیشدا پەیوەندی توندوتۆڵی هەیە‌و ماڵێكیشی لە سلێمانی هەیە.
حەلبوسی لەوانەیە پاڵپشتی لە عەدنان زورفی دەكات‌و دەیەوێت كابینەكەی سەركەوێت، حەلبوسی‌و بەرهەم ساڵح، دوو دوانەی سەرۆكایەتین لە عێراق كە ئێرانییەكان پێیانوایە یەكلابونەتەوە بۆ ئەمریكا، لەحاڵێكدا هەردووكیان بەرلەوەی پۆستەكانیان وەربگرن بەڵێنی ئەوەیان بە ئێرانییەكان دابوو پشتیوانی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكەن، ئێرانییەكان پێیانوایە هەردووكیان بەڵێنەكەی خۆیان شكاندووە، بەڵام ئیتر ئەمە عێراقی دوای "حاجی قاسم"ە‌و هاوكێشەكان لە گۆڕانكاریدان.

كورد لە كابینەی زورفیدا
عەدنان زورفی كاندیدی راسپێدراوی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، لە سەرەتاوە پارتی دیموكراتی كوردستان بە دوردونگی تەماشای كاندیدكردنی زورفی كرد، چونكە لەلایەك كاندیدی بەرهەم ساڵح بوو، لەلایەكی تریش ناوماڵی شیعە كۆدەنگ نەبوون لەسەر كاندیدكردنی.
زورفی لەدوو رێگەوە خۆی گەیاندە ناو دڵی پارتی، لەلایەك لەرێگەی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە هێڵێكی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوە‌و لەلایەكی تر لەڕێگەی فوئاد حسێنی كۆنەدۆستی خۆی، هێڵێكی تری پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی رێكخست.
ئێستا فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرایەتی كورد دانوستان لەگەڵ زورفی دەكات، بە ئاشكرا دووجار لەگەڵ زورفی كۆبووەتەوە، بەڵام ژمارەی گفتوگۆ نائاشكراكانی نازانرێت، لەم سەرەتاوە فوئاد حسێن زەمانەتی ئەوەی لە عەدنان زورفی وەرگرتووە خۆی لە پۆستی وەزارەتی دارایدا بمێنێتەوە، واتە فوئاد حسێن بەر لە كورد، دانوستانی بۆ خۆی كردووە‌و خۆی زامن كردووە.
زورفی تاڕادەیەك پارتی مسۆگەر كردووە، بەمدواییە لەرێگەی محەمەد حەلبوسی‌و نوێنەرێكی یەكێتییەوە لە بەغداد هێڵێكی پەیوەندی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی كردەوە، لاهور شێخ جەنگی بەدۆستەكانی ئەمریكا لەناو یەكێتی تەماشا دەكرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هاوسەرۆكەكەی تر كە بافڵ تاڵەبانییە بەدۆستی ئێرانییەكان ئەژماردەكرێت‌و تاران دەتوانێت كاریگەری لەسەر دابنێت، هێشتا سەرەتای گەمەكەیە، بەڵام رەنگە لە كۆتایدا زورفی یەكێتی بەسەر دووبەرەی لاهور‌و بافڵدا دابەشبكات.
لاهور شێخ جەنگی كە ئێستا دانوستانی لەگەڵ زورفیدا دەستپێكردووە، دەیەوێت ئەمجارە یەكێتی بەجیا بچێتە ناو دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە، هەندێك لە یەكێتییەكان دەڵێن لە دانوستانەكانی پێشوودا مەسعود بارزانی خۆی كردووە بە خاوەنی دەستكەوتەكان، لەكاتێكدا ئەوانیش پاڵپشت بوون.
بەڵام رەنگە ئەمریكییەكان لەدوا ساتەكاندا یەكێتی‌و پارتی لەسەر پشتیوانی لە عەدنان زورفی یەكبخەن، هەڵبەت ئەگەر ئێرانییەكان پێشوەختە كاری خۆیان لەسەر بەشەكەی تری یەكێتی نەكردبێت.
لەنێوەندی پارتی‌و یەكێتیدا، پارتە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان دۆشداماون، چاوەڕوانی یەكلابونەوەی هەڵوێستەكان دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا فوئاد حسێن بە تەلەفۆن قسەی كردووە لەگەڵ جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و لەبری عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كە ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە، هاوكات قسەی لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كردووە، وردەكاری ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نازانرێت، بەڵام ئەوەی كە دەزانرێت ئەوەیە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان پەیوەندیداربوون بە دۆسیەی عەدنان زورفی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق.
جەمال كۆچەری ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) وتی:" ئەو وەفدەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی دروستكراوە وەكو خۆی ماوە‌و یەكگرتوو دەیەوێت لەچوارچێوەی وەفدی لایەنە كوردستانییەكان بەشداری دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی بكات".
بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی سەرباری ئەوەی هەندێك لە نوێنەرەكانیان لە پەرلەمانی عێراق دژی ئەوەبوون لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بەشداری دانوستان بكەن، بەڵام دواجار حزبەكانیان بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بەشداری دانوستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی كرد، چاوەڕوان دەكرێت بۆ دانوستان لەگەڵ عەدنان زورفی هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە.
زورفی دركی بەوە كردووە، هەندێك لە نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق پابەند نابن بە بڕیاری سیاسی وەفدی لایەنە كوردییەكان، بۆیە بەپێی زانیارییەكانی (درەو) هەوڵیداوە هێڵێكی دانوستان لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە ناڕازییانە بكاتەوە‌و ئەوانیش بخاتە ناو بازنەكەی خۆیەوە، بەڵام تائیستا بەهۆی دۆحی كوروناوە هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەگەڵدا نەكردوون.
لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بڕیاری پارتە سیاسییەكانی خۆیاندا، هەندێك لە نوێنەرانی كورد بەتایبەتی لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هەروەها پەرلەمانتارە جیابووەوەكانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرگەردان بوون‌و دەیانەوێت لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومەتەكەی دەنگ بە كابینەكەی زورفی بدەن یاخود رەتی بكەنەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand