ئایا حكومەت دەست بۆ موچەی فەرمانبەران دەبات ؟

Draw Media

2020-03-29 15:39:50



راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمە رەفعەت 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆناوە بۆ دووەمجار لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە، دیمەنی پێكەنینی سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی حكومەت توڕەیی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێنا، (درەو) لەم راپۆرتەدا نهێنی پێكەنینەكە‌و سیناریۆی حكومەت بۆ روبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی‌و دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بڵاودەكاتەوە، ئایا حكومەت موچەی فەرمانبەران كەمدەكاتەوە ؟ یاخود بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكەی پەنا بۆ سیناریۆی تر دەبات ؟

نهێنی پێكەنینەكە !
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیران لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبووەوە، لەدوای دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆروناوە لە هەرێمی كوردستان، ئەمە دووەم كۆبونەوەی حكومەت بوو كە لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەڕێوەبچێت.
ئەنجومەنی وەزیران دیمەنێكی كۆبونەوە ڤیدیۆییەكەی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە، لە دیمەنەكەدا سەرۆكی حكومەت‌و وەزیرو بەشداربوانی كۆبونەوەكە پێدەكەنن، ئەم پێكەنینە هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا خەڵك بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ماڵەكانیاندا كەرەنتینەكراون‌و حكومەتیش دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی دواخستووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، هۆكاری ئەو پێكەنینە سەرۆكی حكومەت‌و وەزیرەكان لە كۆبونەوەكەدا، كە لە دیمەنەكەدا دەردەكەوێت، پەیوەندی بە قسەیەكی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و ئابورییەوە هەبووە، ئاوات شێخ جەناب وتویەتی هەموو ئەو گلەیی‌و رەخنانەی كە بەمدواییە میدیاكان لە حكومەتیان گرتوووە، هەمووی دراوە بەسەر شانی مندا‌و ئێوەی لێ بێبەری كراوە‌و ئێوەش خۆتان لێ بێدەنگ كردووە، ئەم قسەیەی وەزیری دارایی بەشداربوانی ڤیدیۆ كۆنفرانسەكەی خستوەتە پێكەنینەوە.
بەڵام كاردانەوەی توندی خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەبارەت بە دیمەنی پێكەنینەكە، هەندێك لە وەزیرەكانی حكومەتی نیگەران كردووە‌و تێبینییان هەیە لەسەر ئەوەی بۆچی لەو كۆبونەوە دورودرێژەدا كە نزیكەی سێ كاتژمێری خایاندووە، تەنیا ئەو دیمەنە بڵاوكراوەتەوە، كە ئەوەش نیگەرانی‌و توڕەیی خەڵكی بەدوای خۆیدا هێناوە.
(درەو) زانیویەتی، تیمەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بەمەبەست دیمەنی پێكەنینی كۆبونەوەكەیان بۆ رایگشتی بڵاوكردوەتەوە‌و پێیانوابووە ئەو دیمەنە لەم زەمەنی كۆرۆنایەدا ورەی خەڵك بەرزدەكاتەوە‌و چاوەڕوانی ئەوە نەبوون ئەنجامی پێچەوانەیان بۆ بگەڕێتەوە.

پێكەنین لە زەمەنی قەیرانی دارایی‌و كۆرۆنادا
پێكەنینەكەی حكومەت، هاوكات بوو لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییە نوێیەی كە جارێكی تر بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنادا.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەكەی دوێنێدا، قەیرانی دارایی‌و كۆرۆنا تەوەری سەرەكی گفتوگۆی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بووە لەگەڵ وەزیرەكانی.
شێخ باز سەرۆكی كۆمپانیای كار، جارێكی تر بەشداری لە كۆبونەوەكەدا كرد، ئەو ئێستا وەكو نوێنەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری نەوت بەشداری كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەكات، نەوتێك كە ئێستا نرخەكەی لە بازاڕی جیهانیدا شكاوە‌و حكومەتی توشی بێ پارەیەیی كردوەتەوە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەوەی كابینەكەی باجی ئەو كێشە‌و قەیرانانە دەدات كە لە كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە.
مەسرور بارزانی وتویەتی: ئێمە هەشت مانگە دەستبەكاربووین، لەو ماوەیەدا هەشت موچەمان بە موچەخۆران داوە.
بەشداربوانی كۆبونەوە ڤیدیۆییەكە هەموان دانیان بەوەداناوە كە كابینەی نۆیەمی حكومەت، روبەڕووی قەیرانی دارایی بوەتەوە‌و دەبێت سیناریۆی روبەڕووبونەوەی قەیرانەكە ئامادە بكەن.

چۆن روبەڕووی قەیرانی دارایی دەبنەوە ؟
یەكێك لە رێگەچارەكان كە بەمدواییە مەسرور بارزانی لەگەڵ خەڵكانی دەوروبەری خۆیدا تاوتوێی كردووە بۆ روبەڕووبونەوەی قەیرانی دارایی بریتییە لە بڕینی بەشێك لە دەرماڵەی موچەخۆران، مەسرور بارزانی گەڕانەوە بۆ سەردەمی پاشەكەوتی موچە بەتەواوەتی رەتدەكاتەوە، بەڵام دەیەوێت لەڕێگەی بڕینی بەشێك لە دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە بەجۆرێك لە دەستكارییەوە، سیناریۆی پاشەكەوتی موچە دوبارە بكاتەوە، سیناریۆیەك كە نێچیرڤان بارزانی لە كابینەی هەشتەمدا دەستی بۆبردو بەهۆیەوە حكومەتی قەرزاری موچەخۆران كرد.
(درەو) زانیویەتی لە كۆبونەوەكەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیراندا، هیچ یەكێك لە وەزیرەكان بە سەرۆكی حكومەتیشەوە، نەچوەنەتە ژێر باری سیناریۆی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچە یاخود كەمكردنەوەی موچەی موچەخۆران، لەبری دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران، بۆ گەڕاندنەوەی داهات بۆ حكومەت، باس لە چەند رێكارێكی تر كراوە، لەوانە:
•    زیادكردنی داهات لەڕێگەی ئەو بڕیارانەی كە پێشتر حكومەت داویەتی لەبارەی خاڵە سنورییەكان‌و وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان.
•    داوا لە كۆمپانیاكانی نەوت بەتایبەت كۆمپانیای (رۆز نەفت)ی روسی بكرێت وەرگرتنەوەی قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی سێ بۆ چوار مانگ دوابخات، بۆ ئەوەی سود لەو پارانە وەربگیرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە داراییە نوێیەكە. 
•    جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەو رێگەیەوە هەندێك داهاتی تر بۆ حكومەت بگەڕێندرێتەوە.
واتە بەشێوەیەكی گشتی حكومەت نایەوێت دەست بۆ كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەران ببات، بەڵام (درەو) زانیویەتی پێشنیازێك لەناو ئەنجومەنی وەزیران هەیە كە دەڵێ:" دەستكاری موچەی فەرمانبەران نەكرێت، بەڵام ئاساییە لە بری (30 رۆژ جارێك) موچە (40 رۆژجارێك) بەسەر موچەخۆراندا دابەشكرێت".


كورتهێنانەكەی حكومەت چەندە ؟
حكومەتی هەرێم كوردستان بۆ دابینكردنی پارەی موچە، مانگانە پێویستی بە (898 ملیار) دینارە، بۆ خەرجی بەكاربردن‌و وەزارەتەكانیش مانگانە (150 ملیار) دیناری دەوێت، واتە تەنیا بۆ خەرجی موچە‌و خەرجی بەكاربردن، حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (ترلیۆنێك‌و 50 ملیار) دینار داهات هەیە.
ئایا داهاتەكانی حكومەت بەشی پڕكردنەوەی ئەم دوو خەرجییە دەكەن ؟ بۆ خەرجی موچە كە مانگانە (898 ملیار) دیناری پێویستە، حكومەتی هەرێم بڕی (441 ملیار) دیناری ئەم پارەیە لە بەغداد وەردەگرێت، واتە بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكە پێویستی بە (450 ملیار) دیناری تر هەیە، بە خەرجی بەكاربردن‌و وەزارەتەكانیشەوە كە مانگانە (150 ملیار) دینارە، حكومەت بەشێوەیەكی گشتی (600 ملیار) دینار كورتهێنانی لە خەرجییەكانیدا هەیە.
ئەی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم ئێستا چەندن، ئەو داهاتانە دەتوانن رێژەی چەندی ئەو كورتهێنانە كە بڕەكەی (600 ملیار) دینارە، پڕبكەنەوە؟
ئێستا جگە لە پارەكەی بەغداد، داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیەیە:
•    داهاتی ناوخۆ/ ئەم داهاتە پێشترو بەر لە هاتنی كۆرۆنا، مانگانە نزیكەی (270 ملیار) دینار بوو، ئێستا بۆ نزیكەی (30 ملیار) دینار كەمیكردووە.
•    داهاتی نەوت/ ئەم داهاتەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕی جیهانیدا زۆر كەمدەكات، مانگی پێشووی (345 ملیار) دینار دراوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە، چاوەڕەوان دەكرێت مانگانە نزیكەی (150 ملیار) دینار بۆ خەرجی موچە بە وەزارەتی دارایی بدرێت‌و پاشماوەی پارەكە دەچێت بۆ قەرزو كرێی گواستنەوەو قەرزو كۆمپانیاكان، وەك بەرپرسانی حكومەت دەڵێن.
بەهەردوو داهاتی نەوت‌و ناوخۆوە، مانگانە نزیكەی (200 ملیار) دینار دەست حكومەتی هەرێم دەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدایە كورتهێنان (600 ملیار) دینارە، ئەگەر ئەو (200 ملیار) دینارەش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە خەرج بكرێت، هێشتا حكومەت مانگانە لە دابینكردنی داهات بۆ خەرجییەكانی خۆی، (400 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت.
ئێستا گفتوگۆكە ئەوەیە، حكومەت كورتهێنانەكەی خۆی هاوشێوەی كابینەی نێچیرڤان بارزانی لە موچەی فەرمانبەران دەربكات، یاخود لەو كۆمپانیاو سەرمایەدارانە وەریبگرێت، كە چەندین ساڵە خۆیان لە پێدانی باج‌و قەرزەكانیان بە حكومەت دەدزنەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand