مەترسییەكانی سەر رۆژئاوای كوردستان لەگفتوگۆكانی ئەردۆغان_پۆتن

Draw Media

2020-03-10 19:25:41



راپۆرتی: درەو
دوای كەمتر لەهەفتەیەك لەسەردانەكەی بۆ مۆسكۆ، (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆك كۆماری توركیا بەشێك لەنیەت‌و گفتوگۆكانی پشتی پەردەی لەگەڵ (ڤلادیمێر پۆتن)سەرۆكی ڕوسیا ئاشكراكرد. ئەردۆغان بەنیازە بە پشتیوانی ڕوسیا كێڵگە نەوتییەكانی (دەیرزور) لەژێر دەستی كورد لەرۆژئاوای كوردستان دەربهێنێت، ئەگەر لەڕێی ئەمریكاشەوە ئەمەی بۆ بكرێت كێشەی نییە، چونكە وەك (ئەردۆغان) خۆی دەڵێت، ئەو پێشنیازەی بۆ (ڤلادیمێر پۆتن)م كردووە، دەكرێت بۆ (دۆناڵدترەمپ)یشی بكات .
 (ئەردۆغان) لەكاتی گەڕانەوەی لە (برۆكسل) لەناو فرۆكەكەی بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: پێشنیازم بۆ سەرۆك (ڤلادیمێر پۆتن) كردووە، ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوتی (دەیرزور) لە خۆرهەڵاتی سوریا دابەشبكەین، لەبری ئەوەی "تیرۆرستان" لێی سودمەند بن.


جوڵە مەترسیدارەكان
ڕۆژی 5 ئەم مانگە‌و لەكاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی توركیاو ڕوسیا، لەمۆسكۆ، میدیاكانی توركیا ئاشكرایانكرد، سوپای توركیا هەزاران چەكداری سەر بە "سوپای نیشتمانی سوریی" ڕەوانەی (ڕیفی گرێ سپی) كردووە، كە هەندێكیان ژمارەكەیان بە 5 هەزار چەكدار خەمڵاند.
ئەو جموجۆڵە سەربازییە لەكاتێكدایە، (ئەنكەرە) ماوەیەكە باس لە ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دەكات دژ بە هێزەكانی سوریای دیموكرات و سوپای رژیمی سوریا.
لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا سوپای توركیا بەهاوكاری گروپە چەكدارەكانی سوریا هەردوو ناوچەی (گرێ سپی و سەرێكانی لە ڕیفی حەسەكەو ڕەقە) داگیركرد.


 پۆتن دیراسەی دەكات
 (ئەردۆغان) لەو لێدوانەیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان لەبارەی پێشنیازەكەی بۆ (پۆتن) وتویەتی: بە سەرۆكی ڕوسیام ڕاگەیاندووە، ئەگەر پشتیوانیمان بكات دەتوانین ژێرخانی ئابوری ببوژێینەوە، لەڕێی نەوتی ئەو ناوچەیەوە دەتوانین هاوكاری سوریای وێرانە بكەین لەسەرپێی خۆی ڕابوەستێت.
بەوتەی (ئەردۆغان)، سەرۆكی ڕوسیا دیراسەی ئەو پێشنیازەكە دەكات كە هەفتەی ڕابردوو لە مۆسكۆ پێشكشەی كردووە، جەختیشكردووە، ئامادەیە پێشنیازێكی هاوشێوەش پێشكەشی (دۆناڵد ترەمەپ) سەرۆكی ڕوسیا بكات.
سەرۆك كۆماری توركیا ڕاشیگەیاندووە: لەبری ئەوەی "تیرۆرستەكان"لێی سودمەندبن، دەرفەتی بنیاتنانەوەی سوریامان دەبێت لەڕێی داهاتی ئەو نەوتەوە، ئەوەش بۆ هەموو لایەك دەسەلمێنین كە كێ‌ هەوڵی پاراستن و یەكێتی خاكی سوریا دەدات و كێش دەیەوێت دەستی بەسەردابگرێت.


ڕۆیشتن‌و گەڕانەوە
هێزەكانی سوریای دیموكرات كەلەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن كۆنتڕۆڵی زۆربەی كێڵگە نەوتییەكانی خۆرهەڵاتی سوریایان كردووە، ڕوسیا حكومەتی واشنتۆن تۆمەتباردەكات بە هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی ناوچەی خۆرهەڵاتی سوریاو دروستكردنی نیمچە دەوڵەتێك لەو ناوچەیە .
لەگەل دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی "كانی ئاشتی"لەلایەن سوپای توركیاوە بۆ سەر خۆرئاوای كوردستان، سوپای ئەمریكا لە16 بنكەو پێگەی سەربازی كشایەوە. بەهۆی ئەوەی ئەوەی كشانەوەكە كاردانەوەیەكی توندی شەقامی ئەمریكی‌و نێوەندە جیاوازەكانی ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئیدارەی ترەمپ لەبڕیارەكەی پاشگەزبووەو، لەئێستادا لە 11 بنكەو بارەگای سەربازی لەخۆرئاوای كوردستان جێگربووتەوە، كە پێنج_یان لە حەسەكەن‌و چواریان لە دەیزور و دوانیان لە ڕەقەیە.
  پاساوی ئەمریكا بۆ گەڕانەوە هێزەكانی  بۆ خۆرئاوای كوردستان پاراستنی بیرە نەوتەكان‌و مەترسی كۆنتڕڵكردنەوەی بوو لەلایەن ڕێكخراوی داعشەوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە ساڵی 2015دا داعش مانگانە 40 ملیۆن دۆلاری لەفرۆشتنی ئەو نەتە دەستكەوتووە.
(دۆناڵد ترەمپ) سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دوای گەڕانەوەی سوپاكەی ڕایگەیاند: هەوڵدەدەین لەگەڵ كوردەكان بگەینە ڕێككەوتن كە زامنی دەستكەوتنی پارەیان بۆ بكات لەنەوتی ناوچەكە.


بایەخی دەیرزور
گەورەترین كێڵگەكانی نەوتی سوریا دەكەونە هەردوو پارێزگای دەیرزوروی خۆرهەڵاتی سوریا نزیك سنوری عێراق‌و، پارێزگای حەسەكە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا. 
هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنتڕۆڵی تەواوی كێڵگە نەوتیەكانی حەسەكەیان لەژێر دەستدایە، ئەو كیڵگانەشی واشنتۆن هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنیان دەدات دەكەوێتە پارێزگای دەیرزور. 
لەمانگی شوباتی ساڵی 2018دا، گروپێك لە بەكرێگیراوەكانی ڕوسیاو هێزەكانی سەربە رژێمی ئەسەد هێرشیان كردە لەسەر كێڵگەیەكی نەوت لەنزیك دەیرزور كە هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنتڕۆڵیان كردووە، بەهاوكاری هێزەكانی ئەمریكا  هێرشەكە تێكشكێنرا. 
ڕوسیا بەردەوام پێداگری دەكات لەوەی پێویستە حكومەتی سوریا كۆنتڕۆڵی سەرجەم دامەزراوە نەوتییەكانی سوریا بكاتەوە لەباكوری خۆرهەڵاتی سوریا.
ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لەكێڵگەكانی حەسەكە لە 150 هەزار بەرمیل نەوت تێپەڕناكات، لەكاتێكدا كێڵكەگانی دەیرزور بایەخێكی گەورەتریان هەیەو پێشتر ڕۆژانە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی لێدەردەهێنرا.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand