دۆسیەی بەغداد لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم‌و بارەگای بارزانیدا

Draw Media

2020-02-11 18:21:03



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت هاوپەیمانی كوردستانیی لە بەغداد زیندوو بكاتەوە‌و خۆی سەرۆكایەتی وەفدی دانوستانكاری ئەمجارەی كورد بكات، بەپێی یاسا، دۆسیەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد لەدەستی سەرۆكی هەرێمدایە، بەڵام ئێستا بارەگای بارزانی ئەو دۆسیەیە بەڕێوەدەبات.

لەبارەی كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم
ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبووەوە.
كۆبونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بوو لە عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی.
لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق كە یەكێك بوو لەوانەی بەشداری كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كرد رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا سەرۆكایەتی هەرێم رەشنوسی پەیڕەوێكیان داوە بە فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی كوردستانی لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكان. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) رەشنوسی پرۆژەی پەیڕەوی دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستان لە بەغداد لە (8) خاڵ پێكدێت، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق لەناو خۆیاندا تاوتوێی دەكەن‌و دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت.
تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە پرسی چۆنیەتی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەت، بەپێی قسەی جەمال كۆچەر زۆربەی فراكسیۆنەكان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم سەرپەرەشتی دانوستانەكان بكات، بەڵام هەموو لایەنەكان بەشداربن لە وەفدی دانوستانكاردا.

لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم‌و بارەگای بارزانیدا
هەوڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بۆ سەرۆكایەتیكردنی وەفدی دانوستانكاری كورد لەگەڵ بەغداد لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، رۆژی یەكشەممە فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبونەوتەوە‌و بارزانیش بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ عەلاویدا كردووە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێمدا نوێنەری فراكسیۆنەكان بابەتی دەستپێكردنی گفتوگۆی پێشوەختەی پارتییان لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد باسكردووە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی رەتیكردوەتەوە‌و وتویەتی: پارتی بە فەرمی هیچ دانوستانێكی لەگەڵ بەغداد نەكردووە‌و هەركەسێك هەر كۆبونەوەیەكی كردبێت ئەوە بۆخۆی كۆبونەوەی كردووە.
بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبردنی دۆسیەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە، بەڵام ئێستا بارەگای بارزانی لە سەری رەش ئەم دۆسیەیە بەڕێوەدەبات، رەنگە ئەمە هەوڵی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستانیی لە بەغداد دوچاری كێشە بكات.
بەشداری كورد لە كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق كە بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕێوەدەبرێت‌و عادل عەبدولممەهدی سەرۆكایەتی دەكات، لەسەر بنەمای دانوستان‌و رێككەوتنێكی نێوان مەسعود بارزانی‌و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داڕێژرا، ئەوكات بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمدا نەمابوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەشداری كورد لە كابینەی نوێدا بەهەمان شێوە لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی پێشوەختە دەبێت كە بارزانی لەگەڵ عامریدا كردویەتی‌و لایەنە سیاسییەكان ئاگاداری وردەكاری رێككەوتنەكە نین.

كورد لە كابینەی عەلاویدا
لەكابینەی عەبدولمەهدیدا كورد سێ پۆستی وزاری وەرگرت، دوان لە پۆستەكان كە وەزارەتی دارایی‌و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەن پارتی وەریگرت‌و یەكێتیش پۆستی وەزارەتی دادی پڕكردەوە.
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێمدا پێشنیازێك كراوە بۆ ئەوەی لە كابینەی نوێدا كورد داوای چوار پۆستی وزاری بكات، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) محەمەد تۆفیق عەلاوی زیادكردنی پشكی كورد لە وەزارەتەكاندا رەتدەكاتەوە.
لایەن‌و پەرلەمانتارانی دەرەوەی پارتی‌و یەكێتی، كە لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 15 پەرلەمانتارن‌و ئێستا گروپێكیان پێكهێناوە بەناوی "گروپی 15"، بەشێوەیەكی سەربەخۆ دانوستانیان لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دەستپێكردووە‌و تائێستا دوو كۆبونەوەیان لەگەڵ كردووە.
"گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمان‌و ئێستا سەربە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقن).
محەمەد تۆفیق عەلاوی دەیەوێت كابینەیەكی كاتیی حكومەت لە عێراق پێكبهێنێت‌و دوای ساڵێك لە دەستبەكاربوونی كابینەكەی بانگەشەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پێشوەختە بكات، عەلاوی دەیەوێت بۆ كابینە كاتییەكەی پۆستە وزارییەكان لە خەڵكانی سەربەخۆ پڕبكاتەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، پێكهاتەی شیعە رازی بوون بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكاندا، بەڵام پێكهاتەی سوننە‌و مەسعود بارزانی دژی دانانی كەسانی سەربەخۆن.
بارزانی دەڵێ ئەوەی لە عێراق روودەدات پەیوەندی بە كوردەوە نییە، بۆیە نابێت لە كابینەی نوێی حكومەتدا وەزیرەكانی كورد بگۆڕدرێن‌و كەسانی سەربەخۆ لە شوێنەكانیان دابنرێت، بەڵام گروپی 15 پەرلەمانتارەكەی كورد پشتیوانی دانانی كەسانی سەربەخۆ دەكەن‌و بە عەلاوییان راگەیاندووە، ئەوانن دەتوانن لە هەرێمی كوردستان دەستنیشانی كەسانی سەربەخۆی بۆ بكەن بۆ ئەوەی لە پۆستە وزارییەكان دایان بینێت.
بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشمەكێشانە بڕیارە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆببێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتووە، عەلاوی بەر لەوەی خۆی بێت بۆ هەولێر، دەیەوێت لەڕێگەی هادی عامری‌و موقتەدا سەدرەوە، مەسعود بارزانی قایل بكات بەوەی كەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستە وزارییەكان كاندید بكات.
عەلاوی بە پاڵپشتی سەدرو عامری كاندید كراوە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی هەر بەربەستێك كە بێتە بەردەمی، پەنا بۆ سەدرو عامری دەبات.

پارتی‌و گروپی 15
گروپی 15 پەرلەمانتارە كوردەكە دەیانەوێت وەكو بەشێك لە نوێنەرایەتی كورد لە بەغداد مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت‌و گوێ بۆ داواكارییەكانیان بگیرێت، بەڵام ئەوەی تائێستا روودەدات ئەوەیە سەركردە سیاسییەكانی عێراق زیاتر مامەڵە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بەدیاریكراویش مەسعود بارزانیدا دەكەن.
بەمدواییە كە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دا، ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵا كە مایك پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە بوو لەگەڵ بارزانیدا قسەی كردو داوای لێكرد كورد بەشداری دەنگدانەكەی عێراق نەكەن، گروپی 15 پەرلەمانتارەكە پێشوەختە بڕیاریاندا لەسەر ئەوەی بەشداری كۆبونەوەكە نەكەن، بەڵام دواجار دەستكەوتە سیاسییەكە چووە گیرفانی بارزانییەوە.
ئەوانەی گروپی 15 پێكدەهێنن، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو گروپەكە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا نییە‌و لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنن، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتە‌و پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق.
لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا، لەبەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی كە لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیبوو، بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوە بوو لە سێ پۆستە وزارییەكەی كورد لە عێراق، یەكێك لە پۆستەكان وەربگرێت، بەڵام پارتی ئەم كارەی بۆ گۆڕان نەكرد، ئەمە نوێنەرانی گۆڕانی لە بەغداد نیگەران كرد.

یەكێتی چی دەكات
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم رۆژانە سەرقاڵی دانانی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتی، بۆیە ناپەرژێتەسەر دانوستانەكانی بەغداد‌و گۆڕەپانەكەی بۆ بارزانی چۆڵكردوەتەوە.
یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا كە تائێستا كاردەكات، یەك وەزارەتی وەرگرت كە وەزارەتی داد بوو، فاروق ئەمین شوانی كە لەسەر یەكێتی ماڵە، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتییەوە دوای شەش مانگ لە پۆستەكەی دەستبەكاربوو، پارتی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەزارەتی داد رەتدەكردەوە، ئەمە پڕكردنەوەی پۆستەكەی دواخست، فاروق ئەمین شوانی كە ئێستا لەسەر یەكێتی لە پۆستی وەزارەتی داد دانراوە، نزیكە لە پارتییەوە‌و لەناو یەكێتیدا زیاتر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری كاروبارەكانیەتی، سەرباری ئەمە، پۆستی وەزارەتی داد بەرلەوەی بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی لەلایەن بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی سەربە پارتییەوە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەنگین رێكانی كاتێك پۆستەكەی رادەستی فاروق ئەمین شوانی كردووە كە پۆستی بەڕێوەبەر گشتییەكانی وەزارەتەكەی لە خەڵكانی سەربە پارتی پڕكردوەتەوە، واتە وەزارەتێكی بەتاڵی رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی كردووە.
یەكێتی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand