شێوازێكی نوێ بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی شێرپەنجەی پرۆستات

Draw Media

2018-04-24 20:09:19



توێژەرانی زانكۆی داندی بەریتانیا رێگایەكی نوێیان بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی شێرپەنجەی پرۆستات دۆزییەوە.
زانكۆكە رایگەیاند شێوازی شەپۆلەكانی سەروو دەنگ (  Ultrasound ) " زۆر وردتر و متمانەیەكی بەهێزتری " هەیە لە گەیشتن بە ئەنجام لە رێگاكانی تر و هەروەها خەرجیشی زۆر كەمترە.
شێرپەنجەی پرۆستات یەكێكە لە بەربڵاوترین ئەو شێرپەنجانەی كە تووشی پیاوان دەبن لە بەریتانیا.
ستیڤن فرای راگری پێشووی زانكۆكە كە نەشتەرگەرییەكی بۆ لابردنی گرێیەكی شێرپەنجەی پرۆستات بۆ كراوە ئەو دۆزینەوەی بە " زۆر باش" وەسفكرد.
ساڵانە 47 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبون بە شێرپەنجەی پرۆستات لە بەریتانیا دەستنیشاندەكرێت و یەكێك لەو شێوازە باوانەی كە بۆ دەستنیشانكردنی دەگیرێتەبەر بریتیە لە پشكنینی خوێن،  تیشكی موگناتیسی و پشكنین بە پەنجە.
زانكۆی داندی دەڵێت هەموو شێوازێك لەو شێوازانە چەند كێشەیەكی لێدەكەەوێتە و ئەم شێوازە نوێیەش كە بریتیە لە بەكارهێنانی " شەپۆلی سەروو دەنگ" لەسەر 200 نەخۆش تاقیكراوەتەوە.

شێوازە نوێکە زۆر وردترەو لە شێوازەکانی تر و خەرجیشی کەمترە


خانە شێرپەنجەییەكان ئەوانەن كە زۆر چڕترن لە خانەی ئاسایی، بەڵام هێواشی شەپۆلی سەروو دەنگ دەتوانێت تێكیان بشكێنێت و ئەم تەكنۆلۆژیایە توانیوێتی 98%ی ئەو حاڵەتانە دەستنیشان بكات كە تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بوون و هەروەها چەند جۆرێكی تری شێرپەنجەی زۆر مەترسیدارتری دەستنیشانكردووە، بە تایبەتی ئەو جۆرە شێرپەنجانەی كە لە دەرەوەی پرۆستات بڵاودەبنەوە.
پرۆفیسۆر غوڵام نەبی مامۆستای نەشتەگەری لە زانكۆكە دەڵێت:" شێرپەنجەی پرۆستات، یەكێك لە و جۆرانەی كە زۆر قورس دەستنیشاندەكرێت، ئێمە ئێستا زۆر بە وردی دەستنیشانی ناكەین و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە چارەسەری ناپێویست بۆ زۆربەی نەخۆشەكان دابنێین".
پرۆفیسۆر نەبی بەم جۆرە ئەم شێوازە نوێیە وەسفدەكات "وەك ئەوەی ژوورێكی تاریك رووناك بكەیتەوە" و دەشڵێت:" چەند حاڵەتێكمان بۆهات كە لە رێگەی شەپۆلی سەروو دەنگەوە دەستنیشانكرابوون و ئەشیعەی موگناتیسی نیشانی نەدابوو، ئێستا دەتوانین زۆر بە وردی خانە شێرپەنجەییەكان ببینین، و شوێنەكەی دیاریبكەین و چارەسەری گونجاوی بۆ بكەین."

سەرچاوە: BBC

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand