" پاسەوانەکەی بن لادن" لە ئەڵمانیا دەژی و مووچەشی هەیە

Draw Media

2018-04-24 18:50:17



پاسەوانی تایبەتی ئوسامە بن لادن سەركردەی پێشووی رێكخراوی قاعیدە لە ساڵی 1997 ەوە لە ئەڵمانیا دەژی، مانگانەش 1168 یۆرۆ وەك موچەی سۆسیال وەردەگرێت.
حكومەتی هەرێمی باکوری راین و ستڤالیا كە پاسەوانەكەی بن لادنی لێ دەژی لەسەر داوای پارتی " ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا" كە پارتێكی راستڕەوی توندەڕوە، مووچەی ئەو پاسەوانەی ئاشكراكرد و زانیاری لەسەر ئەو پاسەوانە ئاشكراكرد كە بە " سامی أ" ناودەبرێت و بە رەگەو تونسییە و میدیاكانی ئەڵمانیاش ناوی تەواوەتی ئەو پاسەوانەی بن لادنیان بە نهێنی هێشتوەتەوە.
پاسەوانەكەی بن لادن رەتیدەكاتەوە هیچ پەیوەندییەكی بە كردەوە جیهادییەكانەوە هەبێت و لەبەر مەترسی رووبەڕووبوونەوەی ئەشكەنجەش بۆ تونس دیپۆرت نەكراوەتەوە.
ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشووی رێكخراوی قاعیدە تیشكی سەوزی بۆ هێرشەكانی ییی سێپتەمبەر هەڵكربووە كە ساڵی 2001 ئەمریكایان كردە ئامانج و دواتر هێزێكی تایبەتی ئەمریكا ساڵی 2011 لە پاكستان توانیان بن لادن بكوژن، سێ‌ كەس لەو فڕۆكەوانانەی كە هێرشەكەی 11 سێپتەمبەریان جێبەجێكردن ئەندامەی شانەیەكی سەر بە رێكخراوی قاعیدە بوون كە بنكەی سەرەكیان لە شاری هامبۆرگی باكوری ئەڵمانیا بوو.
شایەدحاڵێك دەڵێت سامی ساڵی 2000 وەك یەكێك لە پاسەوانە تایبەتەكانی بن لادن لە ئەفغانستان كاریكردووە و ئەو خۆی رەتیدەكاتەوە پەیوەندی پێوە هەبێت، بەڵام دادوەرانی دادگایەتی شاری دوسڵدۆرف بڕوایان بە قسەی شایەدحاڵەكەیە و بە راستی دادەنێن.
سامی ئێستا لەگەڵ هاوسەرە ئەڵمانییەكەی و چوار منداڵی لە شاری بوخۆمی خۆرئاوای ئەڵمانیا دەژی و چەند خولێكی لە بواری تەكنۆلۆژیا بینیەوە و دوای ئەوەی ساڵی 1999 مانەوەی كاتی لە ئەڵمانیا پێبەخشراوە و پاشان ساڵی 2005 چووەتە شاری بوخۆم.
دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ساڵی 2007 رەتیانكردەوە مافی پەنابەرێتی بە سامی ببەخشن، لەبەرئەوەی ناوی لە لیستی ئەو كەسانەدا بوو كە مەترسی ئەمنییان هەیە، لەبەرئەوە پێویشتە رۆژانە لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ بەشی پۆلیسدا.
حكومەتی ئەڵمانیا دەڵێت جیهادییە گومانلێكراوەكانی خەڵكی وڵاتانی باكوری ئەفریقا مەترسی ئەوەیان لەسەرە رووبەڕووی ئەشكەنجەدان ببنەوە، لەبەرئەوە تونس و وڵاتانی عەرەبی دراوسێی لە لیستی ئەو وڵاتانەدا نیە كە پەنابەرانی بۆ دیپۆرت بكرێتەوە.
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
 سەرچاوە: تۆڕی بی بی سی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand