ترەمپ 8 شوێنی لە سوریا دیاریكردووە بیكاتە ئامانج

Draw Media

2018-04-13 20:29:37



بەپرسێكی باڵای ئەمەریكا، بۆ كەناڵی "CNBC"، ئاشكرای دەكات، واشنتن هەشت شوێنی دیاریكردووە لە سوریا، بۆ ئەوەی بیكاتە ئامانجی گورزە مووشەكییەكانی.
كەناڵەكە بە پشت بەستن بەسەرچاوەكە رونیشی كردۆتەوە كە ئەو شوێنانەی ئەگەری هەیە لە وەشاندنی گورزە مووشەكییەكان بكرێنە ئامانج، بریتین لە دوو فڕۆكەخانەی سوریا، ناوەندێكی توێژینەوەی زانستی، كارگەیەكی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی.
بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو فڕۆكەخانانەدا بونی سەربازی روسی هەیە هێشتا ئەمریكا یەكلا نەبۆتەوە بۆ لێدانی ئەو فڕۆكەخانانە، بەڵام ئەگەری وەشاندنی گورزە سەربازیەكەی ئەمریكا بۆسەر چەند ئامانجێكی سوریا نزیكە.
كەناڵی "CNBC" لە زاری ئەو سەرچاوەیە بڵاویكردووەتەوە: "رەوشە گشتییەكە بە وردی تاووتوێ دەكەین و بە تەواوەتی لە هەموو لایەنەكان دەكۆڵینەوە، ئینجا دەزانین چی روودەدات".
ئەمە لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، لە رێگەی تویتەرەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بەمزووانە مووشەكە "نوێ و جوان و زیرەكەكانییان" دەگەنە سوریا و گورز لە رژێمەكەی ئەسەد دەوەشێنن.
ئامادەكردنی: سەفین ئازاد 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand