هیومان رایتس وۆچ وەڵامی وەڵامەكەی حكومەتی هەرێم دەداتەوە 

Draw Media

2018-04-05 17:32:42



لە روونكردنەوەیەكدا كە لەسەر سایتەكەیان بڵاویان كردوەتەوە رێكخراوی  هیومان رایتس وۆچ رایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان نكۆڵی لە بەڵگەكانی گولەبارانی بە كۆمەڵ دەكات سەرەڕایی هەبوونی بەڵگە لەوبارەیەوە.
هیومان ڕایتس وۆچ لە سەرەتای مانگی شوبات ڕاپۆرتێكی بەڵگەنامەیی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتبوو هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستابوون بە ئەنجامدانی گولەبارانی بە كۆمەڵی سەدان گومانلێكراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) كە لە مانگی ئابی ٢٠١٧خۆیان ڕادەستی هێزە سەربازییەكان كردبوو. حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامێكی ٢٤ لاپەڕەییدا نكۆڵی لە دەرەنجامەكانی ڕاپۆرتەكەمان كرد.
هیومان ڕایتس وۆچ  دەشلێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لایەنە سەرەكیەكانی ڕاپۆرتەكەمانی پشتگوێ خستووەو تا ئێستا ڕەتی دەكاتەوە مامەڵەیەكی مانادار لەگەڵ دەرەنجامەكانمان بكات.

بۆ نموونە، دەیان خێزانی عێراقی و ٢٧ ژنی بێگانە پێیان گووتین، لە نێوان ٢٢ بۆ ٢٩ی ئاب، هەزاران كەس لە نزیك ساحل الملح خۆیان ڕادەستی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە. لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە ٣٠ی ئاب لە چەندین سەرچاوەی میدیایی بڵاوكرابوویەوە دەردەكەوێ كە هێزەكانی پێشمەرگە پیاوان ڕیز دەكەن و ژنان و منداڵان كۆدەكەنەوە لەناوچەیەكی بیابانیدا. ڕاپۆرتەكەمان كە بەڵگەی دۆكیومێنتاری تێدایە--لە ووتەی شاهێدحاڵان و دیمەنی مانگە دەستكردەكان و گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی فۆتۆگرافی--نیشانی دەدەن لانی كەم هەندێك لەو‌ پیاوانەی خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە كردووە دواتر گولەباران كراون.

https://youtu.be/m5VgdBYi-ps?t=61

بەڵام، حكومەتی هەرێمی كوردستان بێباكانە نكۆڵی دەكات لەوەی هیچ چەكدارێكی داعش لەو ناوچەیەو لە كۆتایی مانگی ئاب خۆی ڕادەستی پێشمەرگە كردبێ و دەڵێ، ''ئەو گۆڕانەی گووندی باردیە كە هیومان ڕایتس ۆوچ باسیان دەكات ئەگەری زۆر هەیە لاشەی ئەو چەكدارانەی داعش بن كە لەكاتی ئۆپراسیۆن و شەڕەكاندا لەوێ كوژراون.''
دەشڵێن، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی ئەرێنی ناوە لە دروستكردنی كۆمیتەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە دەرەنجامەكانی ڕاپۆرتەكەمان، بەڵام وەڵامی داوایەكیان نەداوینەتەوە لە چاوپێكەوتن بە كۆمیتەكە. هەروەها هیچ هەنگاوێكی ئاشكرا نەنراوە لە پاراستنی بەڵگەكانی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی نزیك باردیە لە هەڕەشەی لافاوی وەرزی.

ئەگەر خواستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتەكانمان خواستێكی ڕاستەقینە بێت بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكاریەكان، ئەوا ئەم كۆمیتەیە دەبێ لاری نەبێت لە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئێمەو ئەو لایەنانەی تریش كە بەڵگەیان لەسەر ئەم كوشتارانە لەبەردەستە و هەستن بە بڵاوكردنەوەی دەرەنجامەكانیان بۆ ڕای گشتی وەك ئەوەی چ ڕێوشوێنێك گیراوەتەبەر لەدژی ئەنجامدەرانی ئەو كارە. جگەلەوەش، دەبێت كۆمیتەكە كاربكات بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەكان لەلایەن پسپۆڕی نێودەوڵەتی گۆڕی بەكۆمەڵ لەپێناو دیاریكردنی چارەنووسی پیاوە نێژراوەكان.  
https://www.hrw.org/ku/news/2018/04/05/316618

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand