توركیا.. رێگە نادرێت تاكە رۆژنامەی كوردی چاپبكرێت

Draw Media

2018-04-01 18:26:35



رۆژنامەی " زەمان"ی چاپی توركیا رایگەیاند دەسەڵاتدارانی توركیا رێگەیان نەدا بە رۆژنامەی " وڵات" كە تاكە رۆژنامەیە لە باكوری كوردستان بە زمانی كوردی، چاپبكرێت و دەستیشیانگرتووە بەسەر رۆژنامەی " دیموكراتیی ئازادیخوازی و چاپخانەی جۆن كە رۆژنامەكەی لێدەردەچێت.
بەوتەی رۆژنامەی " زەمان"  ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی توركیا  رۆژنامەنوسانی رۆژنامەی " وڵات"ی ناچاركرد رۆژی هەینی بە كامێرای فۆتۆگرافی تایبەت بە بەڵگەنامەكان ژمارە 217ی رۆژنامەكە چاپبكەن و بڵاوی بكەنەوە و پاشان لە بارەگای سەندیكای رۆژنامەنوسان لە ئامەد بەیاننامەیەكیان خوێندەوە.
زەینولعابدین بوڵوت یەكێك لە رۆژنامەنوسانی رۆژنامەی وڵاتە كە بەیاننامەكەی خوێندەوە وتی " توركیا بوەتە زیندانێكی نیمچە كراوە بۆ رۆژنامەنوسان و دەسەڵاتدارانی توركیا بەرگەی هیچ دەنگ یان زمانێكی جیاواز ناگرن و رۆشنبیری و زمانی كوردی بە ئامانج دەگرن".
ئاماژەیبەوەوەشدا كە رۆژانە ئەو كەسانەی رۆژنامەی وڵات بڵاودەكەنەوە و دابەشیدەكەن دووچاری هەڕەشە و دەستگیركردن دەبنەوە و رێگەنادرێت رۆژنامەكە ببرێتە ئەو شار و ناوچانەی زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن و لە بازگاكانی پۆلیس رۆژنامەكە دەسوتێنن و هەڕەشەش لە هاوبەشەكانی دەكەن.
بوڵوت راشیگەیاند لەمەولا ناچارن چاپكردن و بڵاوكردنەوەی رۆژنامەكە  رابگرن و تەنها بە شێوەی ئەلیكترۆنی كاربكەن.


وەرگێڕانی : نامیق رەسوڵ
رۆژنامەی زەمان
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand