ئاگر کەوتنەوە و مەترسییەکانی لەسەر ژینگە.
.jpg)
2025-05-17 20:03:25
درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت
ساڵانە لەگەڵ نزیک بوونەوەی وەرزی هاوین و بەرەو ووشکبوونی پووش و پاوەن لە هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی زیادبوونی ئاگر کەوتنەوە ڕوو لە زیاد بوون دەکەن، زۆرینەی کەوتنەوەی ئاگرەکان و هۆکارەکانی ۱۰۰% مرۆڤەکانن نەک ڕووداوە سرووشتییەکان.
دەبێ هەمووان ئەو ڕاستییە بزانین کە ئاگر تەنیا زیان بە دار و درەخت ناگەیەنێت، بەڵکو کاریگەری قووڵی لەسەر هەموو سیستەمی ژینگەیی و ژیانی مرۆڤایەتی هەیە.
یاسای تایبەت بە مەترسییەکانی ئاگر کەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان.
لە هەرێمی کوردستان یاسایەک بوونی هەیە تایبەت بە ئاگر کەوتنەوە کە بەم شێوەیە باس لە سزاکانی دەکات،سزاکان بەسەر لایەنی بەرپرس لە ئاگرکەوتنەوە لەناو دارستانەکان بەپێی یاسای دارستان (ماددەی ۲۱)
- ئەو کەسە سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت وە پێ بژاردنێک کە لە (٥۰۰۰۰۰۰) دینار کەمتر نەبێت ھەر کەسێک ھەستێت بە ئەنقەست ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە یان ئاگر تێبەردانی دارستان.
- سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە ۳ مانگ زیاتر نەبێت وە بە پێبژاردنێک کە لە (٥۰۰۰۰۰ پێنج سەد ھەزار دینار) کەمتر نەبێت ھەر کەسێک بەھەڵەکردن یان سەرپێچیکردنی حوکمەکانی ئەم بڕیارەیان ڕێنمایی بە دەرکراوەکان ببێتە ھۆی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوە لەناو دارستانەکان.
ڕێنمایییەکانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە و ڕێگە لێگرتنی لە ناو دارستانەکان.
ڕێنمایییەکانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە و ڕێگە لێگرتنی لە ناو دارستانەکان بەپێی یاسای دارستان ژمارە (۱۰) ی ساڵی ۲۰۱۳ (ماددەی بیستەم)
- ئاگرکردنەوە لە نێو سنووری دارستانەکان و دەوروبەری بە درێژایی ۲۰۰ مەتر لە سنوورەکانییەوە قەدەغەیە.
- نابێت ھیچ جۆرە دەزگایەکی پیشەسازی یان دامەزراوەیەک کە ئاگر یان ماددەی تیشکدەر بە کاردێنێت لە ناو دارستانەکان یان کەمتر لە ٥۰۰ مەتر لە سنووری دارستانەکان دروست بکرێت.
ئامارەکانی سوتانی دارستان و پاوان.
بە پێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، هەرێمی کوردستان خاوەنی، (۲ ملیۆن و ٥۰۰ هەزار )دارستانی سرووشتییە، هەروەها خاوەنی،(۳٥٤۹۰ دۆنم)، دارستانی دەستکردە.
تەنها لە ماوەی دەساڵی ڕابردوودا، ۲۰۱۰ تاوەکو ۲۰۲۰، (ملیوێنێک و ۲٦٥ هەزار و ۲٥٨) دۆنم دارستان سووتاون..
بە پێی ئەو ئامارە نزیکەی ٥۰%ی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان سوتان.
ئەمە لە کاتێکدایە، ساڵی حەفتاکان واتە پەنجا ساڵ پش ئێستا باشووری کوردستان، خاوەنی نزیکەی (٥ ملیۆن) دۆنم دارستانی سرووشتی و دەستکرد بووە.
بەپێی ئامارێک کە دەست کەوتووە، لە ساڵی(٢٠١٢-٢٠٢٢)، ڕێژەی ئاگر کەوتنەوەکان لە بەشێک لە شار و ئیدارە سەربەخۆکانی باشوری کوردستان بەم شێوەیە بووە، سوتانی دارستان و پاوەنەکان بە پێی دۆنم.
1. هەولێر ( ۷۱۰ ۲۹۷٫)دۆنم
2. دهۆک ( ۱۲٨٫۰۰۱) دۆنم.
3. سلێمانی (٥۷۲٫٦۲۲) دۆنم.
4. هەڵەبجە ( ٥٦٫۱۷۳) دۆنم
5. گەرمیان (۷٥٫۱۳٨) دۆنم.
کۆی گشتی(١٫١٢٩٫٢٨٤)دۆنم.
زۆرترین ئەو درەختانەی لە ساڵانی ۲۰۱۰ تاوەکو ۲۰۲۰ سووتاون و سووتێندراون بریتیبوون لە مازوو، بەڕوو، قەزوان، سنەوبەر، کالیپتۆس و گۆیز، رێژەی ۳۰% بۆ ۳٥%ی ئەو سووتانەی هەبووە، بەهۆی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانەوە بووە، وڵاتانی هاوسنورەوە بووە، چەند هۆکارێکی تریش بوونەتە زیادبوونی ئاگر کەوتنەوەکان لە باشووری کوردستان، لەوانە، کاتی گەشت و سەیرانی هاوڵاتیان، ئەویش بەهۆی جێهێشتنی ئاگر لە دوای خۆیان، ئەو ئاگرانە بۆ ئامادەکردنی خۆراک بێت یا، بەشێک لە پاشماوەی خەڵوزی نێرگەلەکانن، بەشێکی تری هۆکاری ئاگرەکان، فڕێدانی پاشماوەی جگەرەکان بەتایبەتی لەلایەن شۆفێران و سەرنشینانەوە بەتایبەتی لە کاتی هاتووچۆ لە نێوان شارەکان و نزیک لە پوشک و پاوەن و دارستانەکان و پاشماوە شووشەییەکان و هتد.
ئەرکی حکومەت لە کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە.
پێویستە، لە وەرزی بەهار و نزیک بوونەوە لە ووشک بوونی پاوان و گژ و گیا، هەوڵی ئاگر بڕ بدرێت لەو ناوچانەی مەترسی ئاگر کەوتنەوەیان لێدەکرێت، کە ساڵانە ئەو کارە دەکرێ بەڵام نەیتوانیوە مەترسییەکان کەمبکاتەوە، باشترین ڕێگە ئاگر بڕی نێوان دارستانەکانە بە ئامێرەکان بۆ ئەوەی لە کاتی ڕوودانی ئاگر کەوتنەوە کەمترین زیانی هەبێت.
ئەگەر ئاگر بڕی تەواو نەکرا، دەکرێ پشت بە مادە قڕکەرەکان ببەستێت، هەر چەندە تا دەکرێ ئەم کارە ئەنجام نەدرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی لە ناوچە گەشتیاری و دارستانەکان دابنێن، ئەویش بۆ هۆشیاری هاوڵاتیان، پێویستە ژمارەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی نزیکترین شوێنی لەسەر بنوسرێت، یا پێویسته ژمارەی خزمەتگوزاری(۱۱٥) بنووسرێت کە دەکرێ لە هەر شوێنێک ئاگر هەبوو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن.
ئاگر کەوتنەوە و مەترسیی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە.
لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆماندا چی لەسەر ئاسەی جیهانی و چی لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئاگر مەترسییەکی گەورەیە بۆ ژینگە و سرووشت، بە یەکێک لە مەترسییە گەورەکان دادەنرێت لەسەر نەمامی لەوەڕگاان، کەمبوونەوەی دارستانە دەستکرد و خۆڕوسکەکان، کە لە ماوەی ڕابردوودا کاریگەری گەورەی لەسەر ژینگەی باشووری کوردستان درووست کردووە بە پێی ئامارە فەڕمییەکان.
زیانگەیاندن بە دارستان و ڕوەکەکان.
-لەناوچوونی دارستانەکان، ئاگر دەتوانێت دارستانەکان بە تەواوەتی لەناوببات، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر گۆڕان و تێکدانی کەشوهەوا دەبێت.
- کەمبوونەوەی ڕووەک، لەناوچوونی ڕوەک و درەختەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین و زیانگەیاندن بە سیستەمی ژینگەیی.
زیانگەیاندن بە ئاژەڵ و گیانلەبەران، ئاگر دەتوانێت ببێتە هۆی لەناو بردن و مردنی ئاژەڵەکان یان لەناوچوونی شوێنی ژیانیان، ئەمەش دەبێتە هۆکاری تێکدانی سیستەمی بایۆلۆجییان.
کەمبوونەوەی خاک و تێکچوونی، گەرمی ئاگر دەتوانێت پێکهاتەی خاک بگۆڕێت و ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمێتی خاک.
گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی گازە زیانبەخشەکان، زیادبوونی CO₂ ئاگر گازی کاربۆن دایۆکسید (CO₂) دەردەکات، کە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەرمبوونی زەوی.
- دەردانی گازە ژەهراوەکان، ئاگر دەتوانێت گازە ژەهراوەکان وەک کاربۆن مۆنۆکساید (CO) و نایترۆجین ئۆکساید (NOx) بڵاو بکاتەوە.
کاریگەری لەسەر سەرچاوەکانی ئاو، خۆڵ و خاشاکی سووتاو دەتوانێت بچێتە ناو سەرچاوەکانی ئاو و پیسی بکات.
کاریگەری لەسەر مرۆڤ، کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان، ئاگر دەتوانێت سەرچاوەکانی وەک دار و خۆڵ لەناوببات، کە ئەمەش کاریگەری ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە، دووکەڵ و پاشماوەی ئاگر دەتوانن کێشە بۆ هەناسە و دڵ و سوڕی خوێن دروست بکەن.
ئەوەی بە کورتی لەم شیکارییەدا باسی لێوەکراوە، مەترسییەکانی ئاگر کەوتنەوەیە کە هۆکاری سەرەکی ئەو کارەش مرۆڤە، دەکرێ بە هەماهەنگی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەرزی هاوین ئەو مەترسیانە کەم بکرێتەوە.
