كێشە لە نێوان زانكۆی سەڵاحەدین و وەزارەتی خوێندنی باڵادا درووست دەبێت

Draw Media

2024-03-04 16:18:37




درەو:
لە كۆی (14) زانكۆی حكومی تەنیا زانكۆی سەڵاحەدین خولی فیربوونی زمانی لەسەنتەری زمانی ئینگلیزی نەكردووەتەوەو دەڵێن" تێبینیمان لەسەر رێنماییەكانی وەزارەت هەیەو هەركات تێبینیەكانمان وەڵامدرایەوە ئەوكات خولەكان دەكەینەوە"، وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر ئەو پرسە لیژنەی درووستكردووەو تا ئێستا كێشەكە لە نێوان زانكۆی سەڵاحەدین و وەزارەتی خوێندنی باڵادا بەردەوامە.
لە رۆژی 29/1/2024 ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەك رێنمایی دەركرد سەبارەت بە خولەكانی فێركردنی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان، لەدوای دەرچوونی رێنماییەكانەوە لە كۆی (14) زانكۆی حكومی لە (13) زانكۆی حكومی دەستكرا بە خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە سەنتەرەكانی زمانی ئێنگلیزی تەنیا لە زانكۆی سەڵاحەدین خولەكان راگیران و دەستبە خوێندن نەكرا.
د. كامەران یونس سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بە (درەو)ی راگەیاند:ئێمە هەندێك تێبینمان هەیە لەسەر رێنماییەكانی وەزارەت و داومانەبە وەزارەتی خوێندنی باڵا  چاوەڕوانین دیراسەبكرێت و تێبینیەكانمان وەڵام بدرێتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە، ئێمە ئەو خاڵانەی تێبینیمان هەیە، دەستنیشانمانكردووەو بە نوسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەت كراوەو چاوەڕێین وەزارەت وەڵامبداتەوەو دڵنیاییمان بداتێ، ئەگەر تێبینییەكانمان جێبەجێبكرێت ئەوكات دەستدەكەین بە خوێندن لەسەنتەری زمانی زانكۆی سەڵاحەدین.
تا ئێستا كێشەكە بەردەوامە لە نێوان زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵاو (درەو) زانیویەتی وەزارەتی خوێندنی باڵا سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت رێنماییەكان جێبەجێبكرێت و دەستبەكردنەوەی خولی زمان بكرێت لە زانكۆی سەڵاحەدین.
(درەو) بۆ ئەم پرسە قسەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا كرد ئەوان پێیان وایە رێنماییەكانی وەزارەت بە كۆدەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری لەسەر دراوەو سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدینیش ئامادەبووەو دەنگی پێداوە بۆیە دەبێت رێنماییەكان وەك خۆی جێبەجێبكرێت، بەسەرجەم زانكۆ حكومییەكانەوە، تێبینییەكانی زانكۆی سەڵاحەدینیش لەناو رێنماییەكاندا بەهەند وەرگیراوە، نەكردنەوەی  خولی زمان لە سەنتەری زمانی زانكۆی سەڵاحەدین تەنیا بیانووە، ئەو بەرپرسانەی وەزارەت تەركیز لەسەر بەڕێوەبەری سەنتەری زمانی زانكۆی سەڵاحەدین دەكەن كە ئەو نایەوێت خولەكە لەسەنتەری زمان دەستپێبكات چونكە خۆی سەنتەری ئەهلی زمانی ئینگلیزی هەیە.
(درەو) پەیوەندی سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین و سەنتەری زمانی زانكۆی سەڵاحەدینەوە كرد، ئەوان پێیان وایە رێنماییەكان كێشەو كەموكوڕی زۆری هەیەو پێویستی بە گۆڕانكاری هەیەو تێبینیەكانیش بە فەرمی ئاراستەی وەزارەت كراوە.
ئەوان پێیان وایە  ئەوەی وەزارەت باسی دەكات سەبارەت بەوەی بەرپرسی سەنتەری زمانی زانكۆی سەڵاحەدین سەنتەری ئەهلی هەیەو بەرژەوەندی لە رێنماییەكانی وەزارەتدا نیە، دەڵێن: ئەوە تەنیا بیانووە، چونكە ئەو سەنتەرانە ئاسایین تەنیا بۆ فێربوونی زمانەو بڕوانامەكەی ناخوات، تەنیا بڕوانامەی سەنتەرە حكومیەكان دەخوات هیچ سەنتەرێكی تر بڕوانامەكەی ناخوات و ئیعترافی پێناكرێت لە زانكۆكان، بۆیە ئەو سەنتەرە ئەهلیە هیچ پەیوەندییەكی بە سەنتەرەكانی زانكۆوە نیەو جیاوازە. ئەوان دەڵێن تێبینی و مولاحەزاتی زانستیمان لەسەر رێنماییەكانی وەزارەت هەیەو گرفتی گەورەن زۆربەی سەنتەرەكانی تر لە زانكۆ حكومییەكان تێبینییان هەیە بەڵام جێبەجێشیان كردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) سەنتەری زمانی زانكۆی سەڵاحەدین كۆمەڵێك تێبینی لەسەر رێنماییەكانی وەزارەت ئاراستەی سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدین كردووەو سەرۆكایەتی زانكۆش تێبینییەكانی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵاكردووە.
(درەو) زانیویەتی بەشێك لە تێبینییەكانی زانكۆی سەڵاحەدین لەسەر رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بریتین لە:
•    تێبینییان لەسەر ئەو كۆمپانیایە هەیە كە بەشدارە لە پرۆسەكەدا بەتایبەت لە خولی ئۆنلایندا (73%)ی پارەی بەشداربووان بۆ ئەو كۆمپانیایە دەچێت.
•    ئەگەر خولەكە لەرێگەی ئۆنلاینەوە بێت و بە زووم بێت پارەی تێناچێت بۆچی لەكۆی (150) هەزار دینار (110) هەزار دیناری بۆ كۆمپانیاكان دەچێت.
•    بەشداربوویەك دەچێت (150) هەزار دینار دەدات بۆ بەشداری لە خولەكە بەڵام وەسڵێكی (40) هەزاری دەدەنێ چۆن شتی وا دەبێت؟.
•    رێنماییەكان لەكاتێ جێبەجێكردندا رووبەرووی چەندین گرفت و كێشە دەبنەوە.
•    چەندین تێبینی تر
لە رۆژی 29/1/2024 ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ژمارەیەك رێنمایی دەركرد سەبارەت بە خولەكانی فێركردنی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان، بە شێوەی (ئۆن لاین و ناو پۆل)، ساڵانە ژمارەیەكی زۆری خوێندكاری خوێندنی باڵا لەو سەنتەرانە بەشداری دەكەن و تاقیكردنەوەی زمانی ئینگلیزی دەكەن، ماوەی بەشداری (100) كاتژمێرە واتا (هەشت هەفتەو لە هەفتەیەكدا (3) رۆژو لە رۆژێكدا (4) كاتژمێر دەبێت.
بەپێی رێنماییەكەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا:
• كرێی بەشداریكردنی كۆرسەكانی زمان لەناو پۆل و ئۆنلاین بڕی (150) هەزار دینارە بۆ هەر كۆرسێك.
• بەشداربوانی خولەكانی ئۆنلاین لە (150) هەزار دینارەكە بڕی (110) هەزار دیناری بۆ دامەزراوەی (Imperial English UK) دەبێت دەكاتە رێژەی (73%)ی پارەكەو بڕی (40) هەزار دینار بەرێژەی (27%)ی بۆ سەنتەرەكانی زمانی زانكۆ دەبێت.
• بۆ خولەكانی ناو پۆل بڕی (20) هەزار دینار بۆ دامەزراوەی (Imperial English UK) دەبێت، بەرێژەی (13%) و بڕی (130) هەزار دیناری بۆ سەنتەرەكانی زمانی زانكۆ كان دەبێت بەرێژەی (87%).
بەشداربوویەكی خولەكانی زمان لە یەكێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: من بەشداریم كردووە لە خولەكانی زمان (150) هەزار دینارییان لێسەندووم بەڵام وەسڵێكی (40) هەزار دیناریان پێداوم.
ئەمە لەكاتێكدایە لە مانگی ئابی 2023ەوە تاقیكردنەوەی دیاریكردنی ئاست ئەنجامدراوەو خوێندكاران تا ئێستا چاوەڕێی دەستپێكردنی خولەكان بوون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand