دادگای فیدراڵی یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستانی چۆن گۆڕی ؟

Draw Media

2024-02-21 15:52:10



(دره‌و):
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڵبژاردنەكانی هەرێمی سپارد بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، به‌گوێره‌ی بڕیاری دادگا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌مه‌ودوا هه‌موو هاوڵاتییه‌ك بۆی هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌شێوه‌ی تاكه‌كه‌سی خۆی كاندید بكات، ئه‌مه‌ له‌پاڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (11) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان و گۆڕینی شێوازی هه‌ڵبژاردن بۆ فره‌ بازنه‌یی.

هه‌شت مانگ له‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاردا!
دواجارو دوای زیاتر له‌ (8) مانگ تاوتوێكردن، دادگای فیدراڵ عێراق بڕیاری خۆی له‌باره‌ی ئه‌و سكاڵایه‌ ده‌ركرد كه‌ یه‌كێتیی  نیشتمانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماریكردبوو.
لەم سكاڵایەدا، سكاڵاكارەكان دوو كەس بوون، یەكێكیان (زیاد جەبار) سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان (ئێستا ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتییە)‌، ئەوی تریان (ئامانج نەجیب شەمعون) سەرۆكی فراكسیۆنی (رافیدەین)ه‌ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی. 
دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی یەكخست، سكاڵاكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماركرابوون. زیاد جەبارو ئامانج نەجیب شەمعون لە سكاڵاكەیاندا داوا لە دادگای فیدراڵی كردبوو حوكم بدات بەوەی ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، نادەستورییە.

ئه‌و ماددانه‌ی سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركرا
كرۆكی ئەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردن كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە ئەمانەن:
ماددەی یەكەم: پەرلەمانی كوردستان- عێراق لە 111 ئەندام پێكدێت.
ماددەی نۆیەم: هەرێمی كوردستان- عێراق بەیەك ناوچەی دەنگدان دادەنرێت‌و، دابەشدەكرێت بەسەر چەندە مەركەزێكی دەنگداندا.
ماددەی پازدە: بۆ هەرێمی كوردستان، تۆماری دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی مەركەزەكانی هەڵبژاردن ئامادە دەكرێن‌و بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەكان رێكدەخرێن كە پیشەو ناونیشان‌و بەروارو جێگەی لەدایكبوونیان تێدا تۆماركراوە. ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بكرێ، ئەوكاتە دەستەی باڵا بۆی هەیە رێگەیەكی تری لەبارتر بۆ وەدیهێنانی مەبەستی پێویست دیاری بكات.
ماددەی بیست‌و دوو:
1-    هەر  كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان- عێراقدا بۆی هەیە لیستێكی تایبەت بەناوی پاڵیوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان- عێراق بكات كە رێژەیەك ئافرەتی تێدا بێت كە لە (30%) كەمتر نەبێت‌و، ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەندكرابن كە نواندی رێژەی ناوبراوی ئافرەتان لە پەرلەمان زامن بكات، بەمەرجێ ژمارەی باڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو كەمتر نەبن.
2- لیستی پاڵێوراوەكان لەماوەی (15) رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكی دەستەی باڵا دەكرێت‌و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە ماددەی 21دا داواكراون.
ماددەی سی‌و شەش:
1-    پێنج كورسی بۆ كلدان ‌و سریان‌و ئاشوری تەرخان دەكرێ پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
2-    پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.
3-  یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، باڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبركێی لەسەر دەكەن.

دادگای چۆن بڕیاریدا ؟
دادگای فیدراڵی عێراق ئه‌مڕۆ بڕیاری خۆی له‌سه‌ر مادده‌ سكاڵا له‌سه‌ركراوه‌كانی یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌ركرد، له‌ بڕیاره‌كه‌یدا ده‌ڵێ:
•    ده‌سته‌واژه‌ی 11 كه‌ له‌ مادده‌ی یه‌كه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبژاردنی كوردستاندا ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراودا هاتووه‌ ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه‌ به‌مشێوه‌ی لێ دێت:"په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 100 ئه‌ندام پێكدیت". به‌مشێوه‌یه‌ دادگای فیدراڵی (11) كورسی "كۆتا"ی پیكهاته‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.
•        ده‌سته‌واژه‌ی "به‌گوێره‌ی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی 4 له‌ مادده‌ی 2ی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره‌ 11ی ساڵی 2007 تا كاتی پێكهێنانی ده‌سته‌یه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستانی عێراق" كه‌ له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می دووباره‌كراوه‌ی یه‌كه‌م له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق ژماره‌ 1ی ساڵی 1992ی هه‌موار كراودا هاتووه‌، ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه‌ به‌مشێوه‌ی لێ دێت" له‌م یاسایه‌دا كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان شوێنی ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق ده‌گرێته‌وه‌ بۆ سه‌رپه‌ره‌شتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌بردنی. بڕگه‌ی چواره‌م له‌ مادده‌ی شه‌شه‌می یاساكه‌ ناده‌ستورییه‌". به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ دادگای فیدراڵی عێراق كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێمی كوردستانی به‌یه‌كجاری هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كۆمسیۆنێك كه‌ ساڵی 2014 په‌رله‌مانی كوردستان دروستیكردو له‌ماوه‌ی 10 ساڵی ته‌مه‌نی خۆیدا ته‌نیا سەرپەرشتی ڕاسییەکی گشتی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە 25ی ئه‌یلولی 2017و یەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی له‌ 30ی ئه‌یلولی 2018دا كردووه‌. 
•    مادده‌ی 9ی یاسای هه‌مواركراوی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستورییه هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی ده‌قی پێشوو كه‌ به‌گوێره‌ی مادده‌ی چواره‌می هه‌مواری سێیه‌می ساڵی 2004 هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌، ‌به‌جۆرێك ده‌قی جێبه‌جێكراو به‌مشێوه‌یه‌ بێت" هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردندا كه‌ له‌ چوار ناوچه‌ كه‌متر نه‌بێت".
•    مادده‌ی سێیه‌م له‌ یاسای ژماره‌ 15ی ساڵی 2013ی یاسای هه‌مواری حه‌وته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستورییه‌، كه‌ به‌پێی ئه‌م مادده‌یه‌ مادده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می یاسای ناوبراو هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌، ده‌بێت كار به‌ مادده‌ی ناوبراو بكرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ: هه‌موو هاوڵاتییه‌ك كه‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵی ته‌واو كردبێت فه‌رمانگه‌ی باری شارستانی كارتی ده‌نگدانی پێده‌دات به‌پێی چوارچێوه‌یه‌ك كه‌ دیاریده‌كرێت، به‌مه‌رجێك ده‌نگده‌ر له‌كاتی ده‌نگداندا ناسنامه‌ی خۆی بسه‌لمێنێت". 
•    هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌ی " له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی عێراق" هه‌روه‌ها ده‌سته‌واژه‌ی "به‌مه‌رجێك ژماره‌ی كاندیدی هه‌ر لیستێكی هه‌ڵبژاردن له‌ سێ كاندید كه‌متر نه‌بێت" كه‌ له‌ مادده‌ی بیست و دووی له‌ یاسای هه‌ڵبژاردندا هاتووه‌ ناده‌ستورییه‌و ده‌قه‌كه‌ به‌مشێوه‌ی لێدێت" هه‌موو قه‌واره‌یه‌كی سیاسی له‌ كوردستانی عێراق بۆی هه‌یه‌ لیستی تایبه‌ت پێشكه‌ش بكات كه‌ ناوی كاندیده‌كانی له‌خۆبگرێت و رێژه‌ی ژنان له‌ناو لیسته‌كه‌دا له‌ 30% كه‌متر نه‌بێت، ریزبه‌ندی ناوی كاندیده‌كان به‌وشێوه‌یه‌ ده‌بێت كه‌ گره‌نتی رێژه‌ی ناوبراوی ژنان بكات له‌ په‌رله‌ماندا". به‌گوێره‌ی ئه‌م ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئیتر هه‌موو هاوڵاتییه‌ك ده‌توانێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی لیستی حزبه‌كان، وه‌كو كاندیدی تاكه‌كه‌سیی "فردی" خۆی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كاندید بكات.   
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand