لیستی (مامۆستایان و فەرمانبەران) بۆ هەڵبژاردن درووست دەكرێت

Draw Media

2024-01-30 15:00:58




درەو:
ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدان بۆ درووستكردنی لیستێك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی ئەو لیستە رەت دەكەنەوەو بە سیناریۆی دەسەڵاتی لەقەڵەم دەدەن.
ئالان حەمەخەسرەو، یەكێك لەو مامۆستایانەی كە سەرپەرشتی لیستی مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات، بە (درەو)ی راگەیاند: ئێمە كۆمەڵێك لە مامۆستایان و فەرمانبەران و چالاكوانانی مافی مرۆڤ هەوڵ دەدەین بۆ درووستكردنی لیستێك بەناوی (مامۆستایان و فەرمانبەران) بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەوڵێكی زۆرمان داوە بۆ كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازییەكان لە هەولێر، لە دهۆك ، لە زاخۆ ، سلێمانی، هەوڵ دەدەین بۆ بەدیهێنانی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران و بەڵێن دەدەین بەرگریكاری سەرسەختی مافەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران بین، ئێستا ئێمە بەردەوام هاوشان لەگەڵ مامۆستایان  وفەرمانبەران لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكاندا لە پشتی مامۆستایانین و بەرگریكاری مافەكانیانین، لیستەكەی ئێمە كاری سیاسی دەكەین و جیاواز لە كارو بەرنامەی ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی .
ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی سەرپەرشتی لیستی (مامۆستایان و فەرمانبەران) دەكەن:
•    ئالان حەمە خەسرەو مامۆستا
•    بەختیار لەتیف عەلی   مامۆستا
•    نەوزاد رەحیم فەتاح  فەرمانبەر
•    رەزا ئەحمەد مەحمود   فەرمانبەر
•    دڵشاد سلێمان بەكر  مامۆستا

لەبەرامبەردا ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازای دەڵێن:  پێكهێنانی لیستی (مامۆستایان و فەرمانبەران) بۆ هەڵبژاردن سیناریۆی دەسەڵاتە دژی خەباتی مامۆستایان
درەو:

🔹 ڕوونکردنەوەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەبارەت بە دروستکردنی لیست بۆ هەڵبژاردن
مامۆستایان کە ئێستا ڕابەرایەتی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەو شەقامی کوردی دەکەن، خەبات و شۆڕشە سپییەکەیان بووەتە جێگەی تێڕامانی هەموان و هەراسانکردنی دەسەڵات و هەم بوونەتە جێی ئومێدو متمانەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
سەرباری فشارو هەڕەشەی جۆراو جۆر، بۆ کۆتایهێنان بە خەباتی ڕەواو شۆڕشی مامۆستایان، بە هۆنینەوەی سیناریۆی جیاواز، دەسەڵاتی کوردی، بەردەوام هەوڵیداوە درزو بۆشایی لە نێوان مامۆستایاندا بسازێنێ و ڕیزی مامۆستایان پەرت بکات.
دواهەمین سیناریۆی دەسەڵات دژ بە خەباتی مامۆستایان، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دروستکردنی لیستە بۆ هەڵبژاردن بەناوی " لیستی مامۆستایان و فەرمانبەران"نەوە.
ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی، ئەو دەنگۆ و هەواڵە بەتەواوی ڕەتدەکەینەوەو بە هەموولایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەوە هەواڵێکی چەواشەکارانەو سیناریۆیەکی ناشیرینە دژ بە خەبات و داوا ڕەواکانی مامۆستایان.
هاوکات، ئەوەش ڕادەگەیەنین کە هەرکەس و گروپێک بەناوی مامۆستایانەوە لیست بۆ هەڵبژاردن دروست بکەن، ئەوە لێدانی ڕاستەوخۆیە لە خەبات و شۆڕشی سپی مامۆستایان و ئێمە دژی دەوەستینەوە.
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی
٣٠/١/٢٠٢٤


تا ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكراوە، بڕیارە لە 4ی شوباتی 2024 دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بدات و هەرێمی كوردستان بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، پرسی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستانیش هەڵدەوەشێتەوە یاخود دابەشدەكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.
چاوەڕوان دەكرێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان چەند لیستێكی نوێ درووست بكرێت، چاوەڕوان دەكرێت لیستە نوێیەكان زیاتر لە سنوری پارێزگای سلێمانی بێت ئەمەش كێبەركێی توند لە نێوان لیستەكانی هەڵبژاردن درووست دەكات و كورسیەكان زیاتر دابەش دەكات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand