بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرایە بارەگای ئەنجومەنی باڵا

Draw Media

2024-01-12 17:45:07




درەو:
بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی بە رەسمی كرایە بارەگای ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی كە جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوێتی  و تابلۆی سەر بارەگاكە گۆڕاوە، بەم زووانە ئەندامەكانی ئەنجومەنەكە دیاری دەكرێن، تا ئێستا هەریەك لە ( دلێر سەید مەجید، رزگار عەلی، جوتیار نوری، مستەفا چاوڕەش، روناك شێخ جەناب، نەرمین عوسمان، رابەر سەید برایم، سامان گەرمیانی .....) لەوانەن كە دەبنە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای یەكێتی.
بە پێی مادەی (54)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، دیاریكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی لەلایەن سەرۆكی یەكێتیەوە دیاری دەكرێن.
رۆژی چوارشەممە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی سەردانی جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی كرد.
لەم سەردانەدا بافڵ تاڵەبانی دڵنیایی بە جەعفەر شێخ مستەفا داوە كە ‌" هەموو ئەو بڕیارانەی دەدرێن لەچوارچێوەی بڕیارو راسپاردەكانی كۆنگرەی پێنج و لەژێر رۆشنایی پەیڕەوی نوێیە".
كۆتاییەكانی ئەیلولی 2023، یەكێتیی كۆنگرەی پێنجەمی خۆی بەست، لەم كۆنگرەیەدا بافڵ تاڵەبانی بە فەرمی وەكو سەرۆكی یەكێتیی هەڵبژێردرا، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی كۆنی یەكێتیی بەشداری كۆنگرەكەیان نەكرد.
كۆنگرەی پێنجەم ناوی (ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی) گۆڕی بۆ (ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی)، كۆسرەت رەسوڵ كە سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەی دەكرد، لە كۆنگرەی پێنجەمدا وەكو "سیمبولی یەكێتیی" ناوزەندكراو مەلا بەختیاریش دوای گفتوگۆیەك لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی نەگەیشتە رێككەوتن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە، بەم جۆرە پۆستەكە بۆ جەعفەر شێخ مستەفا مایەوە.
بەڵام دوای زیاتر لە سێ مانگ، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی تەنیا سەرۆكی هەیە كە جەعفەر شێخ مستەفاو هێشتا ئەندامەكانی دانەنراون و ئەنجومەنەكە ئەكتیڤ نەكراوە.
بەپێی مادەی (54)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی ئۆرگانێكی باڵای یەكێتییەو ئەركی رێنماییكردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئۆرگانەكانی تری یەكێتییە بۆ پرسە سیاسی و ستراتیژییەكان.
ژمارەی ئەندامەكانی لە (9 - 15) كەس پێكدێت و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پاش كۆنگرە ئەندامانی ئەنجومەنەكە دیاری دەكات.
لە ئێستادا تابلۆی سەر بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی گۆڕدراوە لە (مەكتەبی سیاسی یەكێتی)یەوە بۆ (ئەنجومەنی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی)، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، ئەم كەسانە لەوانەن كە وەكو كاندید بۆ ئەندامانی ئەنجومەنەكەی جەعفەر شێخ مستەفا قسەیان لەگەڵدا كراوە:
🔹 جەعفەر شێخ مستەفا
🔹 مستەفا چاوڕەش
🔹 رابەر سەید برایم
🔹 رزگار عەلی
🔹 جوتیار نوری
🔹 دلێر سەید مەجید

🔹 جەمیل هەورامی
🔹 فەرید ئەسەسەرد
🔹 روناك شێخ جەناب
🔹 نەرمین عوسمان
🔹 سامان گەرمیانی

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand