شەفطی نەفط

2023-11-15 08:57:56



د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت به‌ (دره‌و)

نەوت، پڵیتەی زۆپاو عەلادین ئەکا ڕەق، دوژمنمان بۆ دائەتاشێ بە ناهەق. ئەوەڵجار ویلادەکەی لە بابەگوڕگوڕ بوو، دوور لە ئێستا ئەوزاعی شڕ بوو. ئەم سەروەتە عەجیبە، ئەم مامانی تەعریبە، مەحبوبی ئیستیعمارە، کەرەسەی گەوجاندن و ئیستیحمارە. پەروەردەی دەستی ئاشتی هەورامییە، تەماعەتگاهی ئاری و سامییە. طۆرانی نازی ئەکێشێ، بەغدا لە تاویدا ئەشیخورێ و ئەشیدێشێ. سەرچاوەی کۆنی لەشیواشۆکە، ڕۆژێک باڵندەیە و ڕۆژێک خشۆکە. عەدالەت لە حزوریا ئەکا فجوق، حیزبە ناتەباکانیش دەگۆڕێن بۆ عاشق و مەعشوق. میللەت ئەکوژێ بە مەراقەوە، هەرێم ئەبەستێ بە جزیرەی واق واقەوە، باعیسی جۆرەها دەردو دووە، دوور لە ڕووتان دارێکە هەردوو سەرەکەی گووە. کام قامەت بەرزە بۆی ئەچەمێتەوە، کەچی هەموو ئەسرارەکەی لە لاپتۆپێکدا جێی ئەبێتەوە. لەبەر دەمیا صەف دەبەستن بەرمیل و بۆری و تەنکەر، قوەدرەتێکی وەهای هەیە ئایدلۆجیا لەمبەرەوە ئەگوێزێتەوە بۆ ئەوبەر، ئەیمەن ئەخاتە تەنیشتی ئەیسەر. لەگەڵ غازی سروشتیدا هەردووکیان جاشن، جاشی یەک ماکەر. مەولانا ئەمەلودینی عالی جەناب لە کتێبی لوبولئەلبابدا، دەفەرموێت ڕەبی خوا پەنامان دا لەم نیعمەتە لەعنەتییە کە کوردکوژەیەکی پێ پەتییە. قاسەکەی بەتاڵ کردین، بە دەردی سۆماڵی بردین. مەزعوجولدەولەش کە دیارییەکی ئاسمانی یە، چونکێکم ئاگاداری دنیای دەرەوەیە، قەناعەتەکەی بە عەکسەوەیە، دەڵێ ئەشهەدو بیللا حەلاوەتەکەی لە ئەقڵا نی یە، لەبەر ئەوە ماڵیکردنی فەرزەو سونەتەو کارێکی ئەقڵانییە. ئەگەرچی ڕۆنی دایناصۆرە، دایناصۆرێکی تس کەسکون، بەڵام بۆ دەماری دەوڵەت صەحیترە لە زەیتی زەیتون. ئای کە خۆشە سروودی نەوت و ئابوری سەربەخۆ لەسەر ئاوازی فەتەڕۆ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand