دەرهەق بە سولەیمانییە 

2023-11-10 11:46:52



د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت (دره‌و)

ئەم شاری سولەیمانییە، ئەم سیمبولی هەرزانییە، تانجەرۆکەی ئاوێکی زولالەو عەدالەت تیایدا لایەزالە، و سەرچنارەکەی مەخفیگای ڕیم و نەداو دەلالە. دائیمەن فرە کوێخا بووەو یوسفێکی بێ زڵێخا بووە. قیبلەی گەشتیاری و سیاحەتە، ئەگەر خۆشت بوێ قەباحەتە. دەگوترێت بەناوی والیەکی عوسمانییەوە ناوکیان بڕیوەو هومای سەعادەت بەسەریا تڕیوە. یادگاری ئالی بابانەو دیوەخانی ئەربابانەو گەنجینەی عالی جەنابانە. ئەهلەکەی یان شاعیرو موسەقەن یان ڕەسامن، ئەدمۆنس و ڕیچ و فرایزەر بەقەد هەموو دنیا پێی سەرسامن. صنعاتەکەی عیبارەتە لە کەلانەو کفتەو لەبزینە، ئیلهامبەخشی گالیلۆ و نیوتن و میرزا داروینە. مەراقەکەی ئیجبارییە، عەرزەکەی تیجارییە، مەسئولەکانی ساکینینی بورجی عاجن و ئاسەوارەکانیشی گەراجن. دنیای کردوە بە قەشمەری، سیخناخە لە پەیامنێرو ماتۆڕی دیلیڤەری، هەناردەکاری خریجی بێکارە، کوشتەی دەستی جیرانی نالەبارە. ڤیەننا ئەڵێ هەزار فاکم بە فیکێکی، تۆکیۆ بەشاگرد ڕاناگرێ لە ڕێک و پێکی. گۆڵچیی موشەک و درۆنە، دبێژن زۆنێکی عەبوس و مۆنە، قەولی زۆرترە لە کردار، بەئاسانی نایەتە ژێر بار. ئەهلەکەی عەجیبن هەر لە کۆنەوە، نوێژیش دەکەن و دەشخۆنەوە، هەم شەڕانین هەم زەریفن، هەم جمهوری فاروق ڕەفیق و هەم هی مەلا عەبدول لەتیفن. خاوەن مەوقیف و شەهامەتن، مەکتەب و خەستەخانەکانی ئەهلیی و تایبەتن. بەعزێك لێی کەوتونەتە عینادی، ڕقیانە لەخۆی و عیدی میلادی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand