ڕووس و مووس 

2023-10-18 06:13:42



د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت به‌ (دره‌و)

*- جولەکە هەمیشە بۆت باس ئەکات چی بەسەر هاتووە، بەڵام ناڵێ بۆچی -پەندی ڕووسی
+ هەولێر دایمەی خوا ئەڵێ بەغدا لە بوجەدا غەدرم لێ ئەکات، بەڵام ناڵێ چۆن -پەندی ئیطاری
* وتم ئیسرائیل هەڕەشەی لە لوبنان کردوە ئەگەر ئاقڵ دانەنیشێت ئەیگێڕێتەوە بۆ عەصری حەجەری، وتی خۆزگەم بەخۆیان یەعنی ئیتر هەر صەمونی حەجەری ئەخۆن؟!   
* قەناعەتم وایە بایدن لە تاو هەڕەشەکانی خەمیس خەنجەرە وا بە پەلە خۆی گەیاندە ئیسرائیل.
* گەورەترین کارەساتی فەلەستین ئەوەیە بۆتە وسڵخانەی سیاسی، هەموو لەش پیسەکان ئەیانەوێ خۆیانی تێدا پاک بکەنەوە.
* - کەی وەزع چاک ئەبێ؟
+ هەر کاتێک ژنی ناو ڕیکلامەکەی ڕووداو دایبییەکی باشی دۆزییەوە.
* ئەمەیە ئاخر زەمان… لەباتی سەبەبکارەکە وا بڵێ، پلاسخارت ئەڵێ خەجاڵەتم.
* کوردستان باشترین شوێنە بۆ ئەوەی تەلەفزیۆن دەرت بخات، بەشەرتێ چای مەحمود بیت. 
* ئیعلامی کوردی لە مەسەلەکەی غەزەدا سەلماندی گەلان هەموو برای من نین. 
* عێراق مەسئولێکی تیا نییە لە دڵی خۆتدا جنێوی پێ بدەیت و دوایی هەست بە پەشیمانی و عەزابی ویژدان بکەی. 
* ئەجنەبی کە دێتە کوردستان، ئەوەڵجار سەری سوڕ ئەمێنێ لەو هەموو شوقەیە، پاش ماوەیەک تەعەجوبەکەی زیاتر ئەبێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand