Draw Media

ڕێوی و ژیشک

2023-09-13 06:35:18


د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت به‌ (دره‌و)

جیهانە ئازادە هەمەڕەنگەکەی ڕکابەری و زۆرانبازیی سیاسیدا سیخناخن لە پەندو عیبرەت. نموونەی ناکۆکیی مەعبێن فیل و نەهەنگ خۆشترین دەرسە. دوو دەعبای زلەحۆرتەی مەشهور کە هەرگیز چڕوچاوی یەکتری نابینن تا بیکەن بە شەڕ. ئەمیان لەجەنگەڵ و دەشت و دەرە دوور دەستەکاندا بە لمۆزی شۆڕەوە خوا خوای گەشتیارێکی ئەجنەبییەتی نوقڵێکی بداتێ و بچێتە کۆڵی، نەهەنگەکانیش لە ئۆقیانوسەکاندا وێڵ و سەرگەردانی بوتڵی پلاستیکی بەتاڵن کە ئەگەر دەستیان نەکەوێت حەیاتیان لێ ئەبێتە دۆزەخ و بڕیار ئەدەن بە کۆمەڵ خۆیان بکوژن. ئەم نمونەیە بۆ کورد دەست نادات، چونکە هەم خۆی مەخلوقێکی جیۆ ئابوریی جیقنەو هەم ڕۆژی سەد جاریش لووتی ئەتەقێ بە لووتی نەیارو ناحەزەکانیدا، لەبەر ئەوە شەڕەکە حەتمییە. شاندو باڵیۆز و وەزیرو سەرانەکان ناتوانن هەڵی بوەشێننەوە. نموونەکەی تر ئەوەی بەینی ڕێوی و ژیشکە.  ڕێوی هەزارو یەک فێڵ ئەزانێ، بەڵام فێڵەکان سەخیف و کۆپی پەیست و تیکرارین، بە عەکسی ژیشکەوە کە تەنیا یەک فێڵ ئەزانێ، یەک فێڵی گەورە کە هیچ پەیمانگایەکی کادیران و هیچ سەنتەرێکی ستراتیجیی ئەقڵیان پێی نەشکاوە. فێڵەکە چییە؟ لە عانی لێقەوماندا دێت خۆی بە نەوعێ گرمۆڵە ئەکات کە هەر دڕکە تیژەکانی بەدەرەوە بن. کورد قەت نەیتوانیوە پۆلی یەکی ڕێویی سەرەتایی ببڕێ، فەلەبەر ئەوە تاقە عیلاج ئەوەیە پەندێک لە هاوڕێ ژیشک وەربگرێت و سەرو قنگی خۆی نەخاتە بەر ڕەحمەتی دەعبا کەڵبەتیژەکانەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand