لە قوڕگی شێردا

2023-09-06 06:38:07



د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت به‌ (دره‌و)

هەر زەوادێک کە لای بنیادەم زۆر بەلەزەت و دانسقە بێت پێی ئەڵێن (عەننابی)، عەننابی بە ئەمانەت لە (عینەب)ەوە وەگیراوە یەعنی ترێ، ترێ لە ئەسڵا (گرێ)یە چونکێکونێ هێشووەکانی وەکو گرێ وان بە پشتێن و بە پەتی تەزبیحی ئاڵۆزکاوە. ئینگلیزو لاتینەکانی دەورەبەری ماڵی (کریستیانۆ) شایەتی قسەکەن، چونکە لەسەر حسابە ئەسڵەکە ترێ لای ئەوان گرەیپە، یەعنی هەر (گرێ)کەیەو حەرفێکی بێ دەنگیان کردوە بەکلکییەوە (پ) کە وەکو ئۆپۆزیسیۆنەکەی خۆمان وایە هەبێ و نەبێ عەینی شتە. ترێ دوو باڵی سەرەکی هەیە، ڕەشکەو کشمیشی. ڕەشکە بۆیە ئەو ناوە مۆسیقیەی لێ نراوە چونکە هەر کەسێ بەهۆی کەم خوێنییەوە چاوی ڕەشکەو پێشکە بکات ئەم نەوعەیان عیلاجێتی. بەڵام نەوعە وردیلەکەی تر حسابی جودایە. ئەو تا خوا حەز کا شیرینە، شیرینتر لە شیرینی نەوت. لەبەر ئەوە دایم و دەرهەم مناڵێکیان بەدیارەوە کردوە بە حەرەس نەهێڵێت مێشی پێوە بنیشێت، هەر دەستی ڕاوەشاوندوەو وتویەتی کش میش. یەعنی مەخلەس مێشەکە بووە بە میش و حەوتەکەی قووت دراوە. ئەمەش لە مێژووی شکۆمەندو پڕ سەروەریماندا ئاساییە. یاما و یاما شۆڤڵ و چیرۆک و دیاریی مونەزەمات قووت دراون و کەسیش نەیکردوە بە خەم. کەچی جیۆلۆجییەکی عەگاڵ بەسەری پێ پەتی لەملاو لا شەکر ئەشکێنێ و ئەفەرموێ لە هیچ شوێنێکی دنیادا دەرهێنانی بەرمیلێک نەوت ٦ دۆلاری تێ ناچێت، ئەی بۆچی هەرێم ٣٢ دۆلارمان لەسەر حساب ئەکات ؟ برای ئەزیز، نەوتەکەی کوردستان جیاوازە، ئێمە لە قوڕگی شێرا دەری دەری ئەهێنین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand