سێ عەیب 

2023-07-17 06:33:12



د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت به‌ (دره‌و)

زەمانی زوو، یەعنی ئەوکاتەی ئوتێلچییەکانی قاهیرەو شەمولشێخ ناویان ئەمحوتەب و هەتیهۆس بووە، یۆنانییەکان بە وڵاتی میسریان گوتوە بەخشیشی نیل. ئەمە لەقەناعەتەوە بووە. بەڵام هاوڕێی دامەزرێنەر، میشێل عەفلەق، لەتاو ڕۆحی خۆی بوو کە لەقەبێکی لەونەوعەی لە (صەدام)نا و فەرمووی ئەم زاتە دیاری خوایە بۆ عێراق. ئێمە شوکور نە ترسنۆکین و نە موجامەلەباز، بۆیە کاتێک کە عەینی وەسف دەرهەق بەم حیزبانە بەکاردەهێنین ئەوا صرف لەڕووی ڕۆشنگەرییەوەیە. بەڕاستی ئەمانە نیعمەتی کوردستانن و بەڕاستییش سەبەبەکە فەلسەفییە، چونکێکم بۆیان سەلماندوین دیالیکتیکەکەی هیگڵ هەقیقەتێکە ئاو لێڵ ناکات. لە کەفنەکوونێکدا دەتوانن سەبەب بکەن بە نەتیجەو نەتیجەکەش بەدەردێک ببەن بڵێیت کوڕە سەد ڕەحمەت لە سەبەبەکە. لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا گەورەترین موشکیلەت بۆ دەکەن بەسفرێکی بچکۆلانە، دەشتوانن هەر ئەو سفرە خنجیەلەیەت بۆ بگۆڕن بە بارێکی قورسی وا کە هیچ ڕۆستەمێک نەوێرێت بچێتە ژێری. ئەم نیعمەتە ڕێکخراوانە بە عەکسی ڕووبارەوەن. یەعنی بەحەیاتیان هەڵناسن و لافاو و مافاویان لێ ناکەوێتەوە. فەقیرانە ئەنواع و ئەشکاڵ تەلەڤزیۆن و ماڵپەڕو  مۆدێل و مەقەڕ بەخێو دەکەن بە خاتری ئەوەی خەڵکەکە لێیان هەڵنەسێ و خۆشبەختانە قەت شتی وا ڕووی نەداوە لە تەئریخی میللەتدا، بەڵام مەناعەتیان نییە لەسەر تەکلیفی جەماعەت بێن و سواری ناڕەزایەتی ببن و ناخونەک لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکان بدەن. سواربوونیش خۆتان ئەزانن لەم کەلتورەدا عەیبێکە کە دابەزینەکەی دوو عەیبە. سێ عەیبیش….  واز بێنن نایڵێم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand