ئەڵمانیا.. كڵێسا پەناگەی پەنابەرانە

Draw Media

2018-03-26 11:01:19



چەند كڵێسایەك لە ئەڵمانیا بونەتە پەناگەیەك بۆ ئەو كەسانەی داوای مافی پەنابەرێتییان رەتدەكرێتەوە و بە كاتی شوێنی مانەوە بۆ ئەو كەسانە دابیندەكەن، بەڵام ئایا كڵێساكان دەتوانن رێگە لە دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانە بكەن؟ یاسا لەو بارەیەوە چی دەڵێت؟


ئاینی مەسیحیی پێگەیەكی گرنگی هەیە لە كۆمەڵگەی ئەڵمانی هاوچەرخدا، لە ئەڵمانیا دوو كڵێسای سەرەكی هەن: كڵێسای كاسۆلیكی و كڵێسای پرۆتستانتی و هیچ گەڕەكێك یان شارێك یان شارۆچكەیەك نیە لەو وڵاتەدا كڵێسایەكی تێدا نەبێت و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەشێكی میحوەری ئاینی مەسحیی پێكدەهێنێت.
لە رابردوودا كڵێساكانی ئەڵمانیا بەهانای هەژاران و لێقەوماوانەوە چوون و ساڵی 2015 كاتێك شەپۆلێكی گەورەی پەنابەران رووی لەو وڵاتەكرد هەمان ئەركیان لە ئەستۆگرت.
بێرگت نۆیڤێرت لە رێكخراوی " پەنابردن بۆ كڵێسا" پەنابەری كڵێسا بەمشێوەیە پێناسەدەكات:" پێشكەشكردنی پشتگیری و راوێژكاری و پەناگەیە بۆئەو پەنابەرانەی كە لەبەردەم هەڕەشەی دیپۆرتكردنەوەدان بۆ وڵاتێك  كە دۆخی ژیان تێیدا نامرۆییانەیە و روبەروی ئەشكەنجەدان هەتا مردنیش دەبنەوە، پەنابەریی كڵێسا نێوەندگیرییەكە لە نێوان كاری خێرخوازی و سیاسەتدا."
ژمارە و زانیاری
تا 19ی شوباتی رابردوو لە ئەڵمانیادا 422 كڵێسا هەبوون پەنابەران دەیانتوانی رووی تێبكەن،  ئەوكات ئەو كڵێسایانە داڵدەی 627 كەسیان دەدا، لە ساڵی 2016دا بۆ سوككردنی قەیرانی پەنابەران 414 پەناگە بۆ پەنابەران لە كڵێساكاندا كرانەوە و كڵێساكان توانیان پارێزگاری لە 1139 كەس بكەن كە داواكاری مافی پەنابەرێتییان پێشكەشكردبوو، زۆرینەیان خەڵكی عێراق و سوریا و ئەریتریا و ئەفغانستان بوون.
پەنابردنە بەر كڵێسا و مانەوە تێیدا ئاسان نییە, ئەو پەنابەرەی كە پەنادەباتە بەر كڵێسا پێویستە لەكاتی مانەوەیدا لەوێ‌ چەند كارێك بكات، هەتا چەند كڵێسایەك داوا لە پەنابەرە نامەسیحییەكان دەكەن، ببنە مەسیحی.
" جێگەی مشتومڕ و پێچەوانەی یاسا"
راپۆرتێكی نوێی رۆژنامەی " واشنتۆن پۆست" تیشكی خستوەتە سەر پەنابردنی پەنابەران بۆ كڵێساكان و لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە هەندێك لە كڵێساكانی ئەڵمانیا بڕوایان وایە كە ئەو كەسانەی پەنایان بۆدەبەن مەسیحی راستەقینە نین و بە رێگایەك لە رێگاكان هەوڵدەدەن لە ئەڵمانیا بمێننەوە و لەم ساڵانەی دوایشیدا چەند كڵێسایەك  بە تایبەتی ئەوانەی كە كاسۆلیكی و پرۆتستانتی نین رووبەڕووی چاودێری بوونەوە بەهۆی لە خۆگرتنی ژمارەیەكی زۆر پەنابەر.
نۆیڤێرت دەڵێت كڵێسا هیچ مافێكی یاسایی نیە كە پەنابەران لە پۆلیس و دەوڵەت بپارێزێت، لەرووی دادوەرییەوە پەنابەرێتی كڵێسا وەك پێشێلكاری یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت دادەنرێت و رەخنەگران دەڵێن كڵێساكان لە دەرەوەی یاسا كاردەكەن كاتێك شوێنی مانەوە بۆ ئەو كەسانە دابین كە داواكاری مافی پەنابەرێتیان رەتكراوەتەوە، تۆماس دی میزیر وەزیری پێشووتری ناوخۆ چەندین جار رەخنەی لەوە گرتووە.
هەرچۆنێك بێت لە ساڵی 2015دا كڵێسا، رێككەوتنێكی لەگەڵ " نوسینگەی فیدراڵی كۆچ و پەنابەران" ئیمزاكرد، ئەو رێككەوتنە دەسەڵاتدارانی حكومەت پابەنددەكات ئاسانكاری بكەن لەگەڵ هەندێك حاڵەتی پەنابەرێتی كڵێسا و لەو ماوەیەدا دەستوەردان نەكەن كە داواكاری دیپۆرتكردنەوە لە دووبارە پێداچوونەوەدایە، لە بەرامبەریشدا كڵێسا پابەند دەبێت بە حەشارنەدانی هیچ داواكارێكی مافی پەنابەرێتی هەتا لە حاڵەتی دەرچوونی بڕیارێك بۆ دووپاتكردنەوەی رەتكردنەوەی داواكارییەكەی و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت ئاگاداربكەنەوە لە هەر كەسێك كە پەنایان بۆ دەبات. بە هەرحاڵ دەكرێت دیپۆرتكردنەوە جێبەجێ بكرێت ئەگەر بەهێزیش بێت و دژایەتیش بكرێت و رێككەوتنامەی دبڵن پەنابەر پابەنددەكات كە داواكاری مافی پەنابەرێتی پێشكەش بكات كاتێك دەگاتە یەكەم وڵاتی ئەوروپا، لێرەوە هەزاران كەس لە ئەڵمانیاوە رەوانەی وڵاتانی تری ئەوروپا كران.
" بەئاشكرا" و " بەنهێنی"
چەند كڵێسایەك بە ئاشكرا دەرگاكانیان بۆ داواكارانی مافی پەنابەرێتی دەكەنەوە و ئەوەش بەو واتایەی كە دەرگاكانی بۆ میدیاكان و بۆ خەڵكی گشتی دەكاتەوە بۆ هاوكاریكردنی پەنابەران، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداردەكاتەوە لەوەی كە بایەخ  بە پەنابەران دەدات و هەندێك كڵێساش بە نهێنی پەنابەر وەردەگرن و رێگە بە میدیاكان نادەن بچنە كڵێساكە و رێگەش بە خەڵك نادەن تێكەڵی پەنابەران ببن، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداردەكەنەوە.
دەربارەی ئەوروپا
هاوشێوەی ئەڵمانیا لە چەند وڵاتێكی تری ئەوروپاش هەمان كار بۆ پەنابەران دەكرێت وەك هۆڵەندا، تۆڕی بی بی سی بەریتانیی رایگەیاند ژمارەیەك لە پەنابەرانی ئێرانی كە پەنایان بۆ كڵێسا بردووە بوون بە مەسیحی و ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئێران روووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
كڵێساكانی ئیتالیاش لەم شەپۆلەی پەنابارانەی كە بەمدواییە رویی لە ئەوروپا كرد بەشداربوون لە پێشوازیكردن لە پەنابەران و ناوەندێكی هاوكاریكردنی پەنابەران دەڵێت تا رۆژی یەكی حوەزیرانی 2016 نزیكەی 5000 هەزار پەنابەر پەنایان بۆ كڵێساكان و  ئەو ماڵانە بردووە كە پەیوەندییان بە كڵێساوە هەیە.

وەرگێڕانی: نامیق رەسول

سەرچاوە: سایتی دۆچەڤێلە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand