سازساز

2023-05-09 07:39:49



د. شێركۆ عه‌بدوڵا تایبه‌ت به‌ (دره‌و) 

زلترین و خوانەناسترین تەلەبەی پۆل، کە چکێ لە خوار مودیرەوە بوو پێیان ئەوت چاودێر، چاودێر ئێستا شیکاری بۆ هەموو شتێک ئەکات چ دەڵب بێ چێ تەسک و تروسک. تەسکوتروکترین خاڵی جوگرافی سیاسی ناوچەکە تەنگەی هورمزە. هورمز لە ئەفسانە شقلی و پقلییەکانی یۆناندا خوایەکە زۆرترین دەسەڵات و ئیختیصاصی هەبووە. تەنانەت بۆی هەبووە لە جیاتی ئەپۆلۆش ئیمزا بکات. ئیمزا جۆرە خەتێکی شەڕەپشیلە ئاسایە کە تەزویرکردنی تاوانە. تاوان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەکەتی تێ ئەکەوێ. ئەو بەرەکەتە نیشانەی زەعیفبوونی قانونە. قانون لەهەموو عیلمێکدا هەیە. مەسەلەن ئەوەی مامۆستای فیزیا ئەیگو قەمسەڵە وەکو وزە وایە نافەوتێ بەڵکو لە بەری براگەورەوە نەقڵ ئەکرێ بۆ برا بچوک. بچوک سیفەتێکە ئەگەر مەوسوفەکە موشکیلە بێ مەعنای وایە مەملەکەت ها لە نیعەمەتدا. نیعمەت ناوێکی کۆنی ژنانەیە کە زۆر جار لە خۆشەویستیدا بە مەحمودی مێردی ئەڵێ خولە. خولەکانی کوردستان سەریان لە شەعب تێک داوە چونکە نازانێ کامیان خولە چەخماخەیەو کامیان خولەی چەخماخساز. ساز پاشگرێکە یەعنی سنعاتکارو وەستای ئەو شتەی پێوەی نوساوە. کەواتە ئەوەی ساز دروست ئەکات پێی ئەڵێن چی؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand